وتار                                
یاداشته‌کانم له‌ مه‌جلیسی حوکمدا

نه‌وشیروان مسته‌فا
به‌شی دووه‌م
به‌شی سێیه‌م
به‌شی چواره‌م
به‌شی پێنجه‌م
به‌شی شه‌شه‌م
به‌شی حه‌وته‌م
به‌شی هه‌شته‌م
به‌شی نۆیه‌م
به‌شی ده‌یه‌م
به‌شی یانزه‌یه‌م
به‌شی دوانزه‌یه‌م

 

1


ده‌رگایه‌ک بۆ ناو باسه‌که‌

رۆژی‌ 9 ی‌ 4 ی‌ 2003 هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا گه‌یشتنه‌ ناوشاری‌ به‌غداد. وه‌كو نیشانه‌ی‌ كۆتایی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ به‌عس گه‌وره‌ترین په‌یكه‌ری‌ صه‌دام كه‌ له‌ ساحه‌ی‌ فیرده‌وسدا به‌ پێوه‌بو داگیرا.
صه‌دام و رژیمی‌ به‌عس گه‌لی‌ عیراقیان ئه‌وه‌نده‌ لاواز و كه‌ساس كردبو، به‌بێ‌ یارمه‌تی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا، نه‌یانتوانی‌ ئه‌و په‌یكه‌ره‌ بشكێنن، یا دايبگرن.
رۆژی‌ 21 ی‌ 4 ی‌03 سه‌رۆك بوش جه‌نه‌راڵی‌ خانه‌نشین (جای‌ گارنه‌ر)ی‌ به‌ به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگایه‌ک دانا، بۆ به‌ڕێوه‌بردنی کاروباری عیراق به‌ ناوی:
‌"مكتب اعادة الاعمار والمساعدات الانسانیة": ئۆرها
(Office of Reconstruction and Humanitarian Assistance)
بۆ سه‌رپه‌رشتی‌ كاروباری‌ عیراق، گارنه‌ر هاته‌ عیراق و ده‌ستی‌ به‌كار كرد. جه‌نه‌رال برۆس، نوێنه‌ری‌ بریتانیا، به‌ یاریده‌ده‌ری‌ دانرا.
دوای‌ دانانی‌ گارنه‌ر نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌كانی‌ عه‌ره‌ب به‌ توندی‌لة دژی ئةو‌ كه‌وتنه‌ خوێندن. بةوة تاوانباریان ئةكرد كة ‌ سه‌هیۆنييه‌ و دۆستی‌ ئیسرائیله‌. راستيیه‌كه‌شی‌ ئه‌وه‌ بو: گارنه‌ر ئه‌مه‌ریكی‌ بو، وه‌كو هه‌مو ئه‌مه‌ریكییه‌كی‌ تر دژایه‌تی‌ جو و ئیسرائیلی‌ نه‌ئه‌كرد، ئه‌گینا خۆی‌ جو نه‌بو، مه‌سیحی‌ بو.
جای‌ گارنه‌ر ساڵی‌ 1991 له‌ گه‌ڵ‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی‌، له‌ چوارچێوه‌ی‌ "چه‌كوشی‌ ئاماده‌" دا: ‎(poised hammer) هاتبوه‌ عیراق بۆ دامه‌زراندنی‌ "په‌ناگای‌ ئه‌مین": (save heaven) و "ناوچه‌ی‌ نه‌فڕین": ‎(no-fly zone). ماوه‌یه‌ك له‌ كوردستان ژیا بو. دۆستایه‌تی‌ له‌ گه‌ڵ‌ زۆر له‌ سه‌رانی‌ سیاسی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و رۆشنبیری‌ كورد دامه‌زراند بو، شاره‌زایی‌ له‌ كاروباری‌ كورد و عیراقدا په‌یدا كردبو.

جای گارنه‌ر سه‌ردانی‌ كوردستانی‌ كرد. پێشوازی‌ گه‌رمی‌ لێكرا. داوای‌ له‌ دۆسته‌ كورده‌كانی‌ كرد بچنه‌ به‌غداد. به‌ كاریگه‌ری‌ له‌ دامه‌زراندنی‌ عیراقی‌ نوێدا به‌شدار بن. ئامۆژگاريی‌ گروپی‌ 5 ی‌ كرد بنكه‌ی‌ جه‌ماوه‌ريی‌ خۆیان فراوان بكه‌ن. له‌ باتی‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌و ژماره‌ كه‌مه‌ بمێننه‌وه‌ 20 تا 25 گروپی‌ تری‌ عیراقی‌ به‌شدار بكه‌ن. كۆنگره‌یه‌كی‌ فراوان له‌ نوێنه‌رانی‌ حیزب و رێكخراو و كه‌سایه‌تی‌ سیاسی‌ و ئاكادیمی‌ و دینی‌ و عه‌شائیری‌ عیراق ببه‌ستن. له‌و كۆنگره‌یه‌دا وه‌زاره‌تێك هه‌ڵبژێرن بۆ به‌ڕێوةبردنی‌ كاروباری‌ عیراق.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ ئه‌مه‌ریكی‌ ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵێ‌ بو له‌ گه‌ڵ‌ موعاره‌زه‌ی‌ عیراقی‌ به‌ ئاشكرا گفتوگۆ و هاوكاری‌ ئه‌كرد. له‌ قانونی‌ رزگاركردنی‌ عیراقدا، كه‌ كۆنگرێسی‌ ئه‌مه‌ریكی‌ ده‌ری‌ كردبو، ناوی‌ 5 له‌ رێكخراوه‌كانی‌ موعاره‌زه‌ی‌ عیراقی‌ هاتبو، كه‌ ئه‌مه‌ریكا ره‌فتاریان له‌ گه‌ڵ‌ بكا، ئه‌و 5 رێكخراوه‌ش: (المؤتمر الوطني‌ العراقی‌، حركه‌ الوفاق الوطني‌، المجلس الاعلی‌ للثورة‌ الاسلامیة‌ فی‌ العراق، پارتی‌ دیمۆكراتی‌ كوردستان، یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ی‌ كوردستان) بون. ئه‌م 5 رێکخراوه‌ دواتر به‌ گروپی‌ 5 ناسران.
له‌ نێوان گروپی‌ 5 و كاربه‌ده‌ستانی‌ ئه‌مه‌ریكييدا چه‌ندین كۆبونه‌وه‌ و گفتوگۆ كرا، هه‌ر لایه‌ك به‌ ته‌نیا و هه‌ندێجار نوێنه‌رانی‌ گروپی‌ 5 له‌ لایه‌ك و نوێنه‌رانی‌ ئه‌مه‌ریكا و بریتانیا له‌ لایه‌كی‌ تره‌وه‌.
هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان ئامۆژگاريی‌ گروپی‌ 5 یان كرد، پارت و رێكخراو و لایه‌ن و كه‌سایه‌تی‌ تری‌ عیراقی‌ به‌شدار بكه‌ن و بنكه‌ی‌ سیاسيی‌ خۆیان فراوانتر بكه‌ن. نوێنه‌رانی‌ گروپی‌ 5 زیاتر له‌ 20 رۆژ له‌ به‌غداد كۆبونه‌وه‌ی‌ به‌رده‌وامیان كرد بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ پرۆژه‌كه‌ی‌ گارنه‌ر سه‌باره‌ت به‌ فراوان كردنی‌ گروپی‌ 5 و كۆكردنه‌وه‌ی‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ نیشتمانی‌ فراوان و پێكهێنانی‌ وه‌زاره‌ت، له‌ هه‌ندێ‌ كۆبونه‌وه‌دا هه‌ردو سه‌ركرده‌: تاله‌بانی‌ و بارزانی-‌یش به‌شدار ئه‌بون. ئه‌و ده‌م، هه‌مو ئه‌ندامه‌كانی‌ گروپی‌ 5 مافی‌ ڤیتۆیان هه‌بو، ئه‌بو هه‌مو بڕیاره‌كان به‌ گشتيی‌ ده‌نگ بدرێن. نوێنه‌رانی‌ "المجلس الاعلی‌ للثورة‌ الاسلامیة‌ فی‌ العراق" كه‌ تازه‌ له‌ ئێرانه‌وه‌ هاتبونه‌وه‌و له‌ ناو خه‌ڵكدا بنكه‌یه‌كی‌ جه‌ماوه‌ریی‌ ئه‌وتۆیان نه‌بو، دژی‌ پرۆژه‌كه‌ی‌ گارنه‌ر وه‌ستان. له‌ پاش مشتومڕێكی‌ چه‌ند حه‌فته‌یی‌ ئینجا رازی‌ بون دو گروپی‌ تر به‌شدار بن: حیزبی‌ ده‌عوه‌ی‌ ئیسلامی،‌ باڵی‌ د- ئیبراهیم جه‌عفه‌ری‌ و حیزبی‌ وه‌ته‌نی‌ دیمۆكراتی‌ نه‌سیر چادرچی‌.

له‌و ماوه‌یه‌دا عیراق بێ‌ حكومه‌ت بو. عیراق وه‌كو ده‌وڵه‌ت و وه‌كو گه‌ل له‌ بۆشاييدا ئه‌ژیا. نه‌ ئه‌مه‌ریكا ئه‌و بۆشاييه‌ی‌ پڕ كردبوه‌وه‌، نه‌ گروپی‌ 5، كه‌ دۆستی‌ ئه‌مه‌ریكا بون، گه‌یشتنه‌ هیچ ئه‌نجامێ‌ بۆ جۆری‌ پڕكردنه‌وه‌ی‌. ئه‌مه‌ریکا پێویستی به‌ ده‌سه‌ڵاتێکی قانونيی هه‌بو له‌ عیراقدا تا بتوانێ نه‌وت بفرۆشێ و له‌ داهاتی عیراق موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بداو خه‌رجی کاروباری خزمه‌تگوزاريی دابین بکا. هه‌ندێ‌ ناوه‌ندی‌ بڕیاردانی‌ ئه‌مه‌ریكی‌ گه‌یشتنه‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی‌ عیراقيیه‌كان خۆیان، به‌ تایبه‌تی‌ سه‌رانی‌ موعاره‌زه‌ی‌ عیراقی‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵاته‌وه‌ گه‌ڕابونه‌وه‌، جارێ‌ توانای‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ عیراقیان نیيه‌. به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ ئه‌مه‌ریكی‌، به‌ ئامۆژگاری‌ دیپلۆماته‌كانی‌ ئینگلیز، پرۆژه‌یه‌كیان ئاماده‌كردو خستیانه‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایش، كه‌ خۆیان وه‌كو "ده‌سه‌ڵاتی‌ داگیركه‌ر" كاروباری‌ عیراق به‌ڕێوه‌ببه‌ن.
زۆری‌ پێنه‌چو ئۆرها هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه‌و گارنه‌ر لابرا، چونكه‌ له‌و ئه‌ركه‌دا كه‌ پيی‌ سپێردرا بو سه‌ركه‌وتو نه‌بو. ئه‌مه‌ریکاش سیاسه‌تی خۆی گۆڕی له‌ "رزگارکه‌ر" ه‌وه‌ بو به‌ "داگیرکه‌ر".

پێكهێنانی‌ "سلطة‌ الائتلاف المؤقتة‌"

رۆژی‌ 6 ی‌ 5 ی‌ 03 له‌ باتی‌ ئۆرها "سلطة‌ الائتلاف المؤقتة‌: لێره‌ به‌ دواوه بۆ کورتکردنه‌وه‌ ئه‌نوسم:‌ سام  (سلطة الأتلاف المؤقتة)  " (Coalition Provisional Authority) بۆ به‌ڕێوه‌بردنی‌ كاروباری‌ عیراق دامه‌زرێنرا و  سه‌رۆك بوش سه‌فیر (پۆل بریمه‌ر)ی‌ دانا به‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌. بریمه‌ر له‌ گه‌ڵ‌ هێنری‌ كیسینگه‌ر كاری‌ كرد بو، گۆیا پسپۆڕی‌ به‌ره‌نگاری‌ تێرۆره‌.
رۆژی‌ 3 ی‌ 5 ی‌ 03 بریمه‌ر گه‌یشته‌ به‌غداد و ده‌ستی‌ به‌ كار كرد. له‌ جیگه‌ی‌ جه‌نه‌رالی‌ بریتانی‌ برۆس، سه‌فیر جۆن ساوه‌رز بو به‌ یاریده‌ده‌ری‌ بریمه‌ر.
ئه‌م ئاڵوگۆڕانه‌ تا ئه‌ندازه‌یه‌كی‌ زۆر پێوه‌ندی‌ به‌ ململانێی‌ نێوان پێنتاگۆن و وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا و سیاوه‌ هه‌بو. هێشتا ده‌زگا جیاوازه‌كانی‌ ناوه‌ندی‌ بڕیاردان له‌ ئه‌مه‌ریكا سیناریۆیه‌كی‌ هاوبه‌شیان نه‌بو بۆ جۆری‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ عیراق.
بڕیاری‌ ژماره‌ 1483 ی‌ 2003 ى ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایش هێزی‌ هاوپه‌یمانانی‌ له‌ عیراقدا وه‌كو "ده‌سه‌ڵاتی‌ داگیركه‌ر" ناساند، ئیتر خۆیان راسته‌وخۆ به‌ڕێوه‌بردنی‌ كاروباری‌ عیراقیان گرته‌ ئه‌ستۆ.
ئه‌م پرۆژه‌یه‌ بۆ هه‌مو هێزه‌ عیراقيیه‌كان جۆرێ‌ بو له‌ "خیبه‌ أمل" به‌رامبه‌ر سیاسه‌تی‌ ئه‌مه‌ریكاو به‌ڵێنه‌كانی‌ بوش و كاربه‌ده‌ستانی‌ تری‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌رباره‌ی‌ رزگاركردنی‌ عیراق له‌ دیكتاتۆریه‌تی‌ صه‌دام و كردنی‌ عیراق به‌ نمونه‌یه‌كی‌ دیمۆكراتی‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا.
له‌و كاته‌دا مام جه‌لال له‌ به‌غداد بو. بۆ یه‌كترناسین و گفتوگۆ كاربه‌ده‌ستانی‌ نوێی‌ سوڵته‌ی ئیئتیلافی‌ به‌ جیا ده‌عوه‌ت كرد بۆ ماڵه‌كه‌ی‌ خۆی‌.
رۆژی‌ 19 ی‌ 5 ی‌ 03 له‌ قه‌سری‌ موئته‌مه‌رات كۆبونه‌وه‌ی‌ هاوبه‌شی‌ كاربه‌ده‌ستانی‌ سوڵته‌ی ئیئتیلاف و به‌رپرسه‌كانی‌ گروپی‌ 7 كرا.
له‌ لایه‌ن هێزی‌ هاوپه‌یمانيى‌ ناوده‌وڵه‌ت‌ييه‌وه‌: سه‌فیر پۆڵ‌ بریمه‌ر (ئه‌مه‌ریكی‌)، سه‌فیر راین كرۆكه‌ر (ئه‌مه‌ریكی‌)، سه‌فیر ساوه‌رز (ئینگلیزى‌) و چه‌ند جه‌نه‌رالێكی‌ ئه‌مه‌ریكی‌ و ئینگلیزی‌ و هه‌ندێ‌ له‌ كاربه‌ده‌سته‌كانی‌ تریان و
له‌ لایه‌ن هێزه‌ عیراقييه‌كانه‌وه‌: لایه‌نه‌كانی‌ موعاره‌زه‌ی‌ عیراقی‌ جاران. له‌ یه‌كێتی‌ جه‌لال تاڵه‌بانی و حه‌مه‌ تۆفیق و من، له‌ پارتی‌ مه‌سعود بارزانی و هوشیار زێباری، له‌ موئته‌مه‌ر ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی‌ و گۆران تاڵه‌بانی‌، له‌ ویفاق ئه‌یاد عه‌لاوی‌ و نوری‌ به‌دران، له‌ مه‌جلیس عادل عه‌بدولمه‌هدی و حامید به‌یاتی‌، له‌ وه‌ته‌نی‌ دیمۆكراتی‌ نه‌صیر چادرچی‌، له‌ ده‌عوه‌ ئیبراهیم جه‌عفه‌ری.
له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ پرۆژه‌كه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكاو بریتانیا كرا كه‌ درابو به‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایشی‌ رێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و له‌و پرۆژه‌یه‌دا خۆیان به‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ داگیركه‌ر ناساندبو. ئه‌م پرۆژه‌یه‌ بۆ هه‌مو هێزه‌ عیراقييه‌كان جۆرێ‌ بو له‌ (خیبه‌ أمل) به‌رامبه‌ر سیاسه‌تی‌ ئه‌مه‌ریكا و به‌ڵێنه‌كانی‌ بوش و كاربه‌ده‌ستانی‌ تری‌ ئه‌مه‌ریكا.

هه‌مو لایه‌نه‌كان ناڕه‌زایيان ده‌ربڕی‌ له‌ هه‌مویان زیاتر تاڵه‌بانی.
تاڵه‌بانی له‌ قسه‌كانیيدا وتی‌: "به‌ پێی‌ ئه‌م بڕیاره‌ عیراق سیاده‌ و سه‌ربه‌خۆیی‌ نامێنێ‌، ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر داهاتييدا نامێنێ، نوێنه‌رایه‌تی‌ دیپلۆماسی‌ نامێنی‌... ئه‌مه‌ش له‌ گه‌ڵ‌ به‌ڵێنه‌كانی‌ هاوپه‌یمانان یه‌ك ناگرێته‌وه‌ كه‌ به‌ ناوی‌ رزگاركردنه‌وه‌ جه‌نگیان ده‌سپێكردو هاتنه‌ عیراقه‌وه‌. عیراق وڵاتێكی‌ زۆر ئاڵۆزة و حوكم كردنی‌ زۆر زه‌حمه‌ته‌ به‌عیراقی‌ نه‌بێ‌ حوكم ناكرێ‌ و ئێوه‌ توشی‌ گیروگرفتی‌ زۆر گه‌وره‌ ئه‌بن.
"ئێمه‌ دۆست و هاوپه‌یمانی‌ ئێوه‌ین. ئێوه‌ سه‌ركه‌وتنێكی‌ جه‌نگيی‌ زۆر گه‌وره‌تان به‌ ده‌س هێناوه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ یه‌ك لایه‌نی‌ سه‌ركه‌وتنه‌ و بێ‌ سه‌ركه‌وتنی‌ سیاسی‌ ناته‌واو ئه‌بێ‌. پێمان خۆشه‌ كاتێ‌ عیراق به‌جێئه‌هێڵن سه‌ركه‌وتنی‌ ته‌واوتان به‌ده‌س هێنابێ‌، ئه‌وه‌ش هه‌ر به‌وه‌ ئه‌بێ‌ كاروباری‌ عیراق بده‌نه‌ ده‌س عیراقييه‌كان خۆیان و ئێوه‌ یارمه‌تييان بده‌ن".
له‌ ناوه‌ڕاستی‌ قسه‌كانييدا من چرپانم به‌ گوێی‌دا وتم: "چ قازانجێكی‌ ئێمه‌ی‌ كورد له‌ به‌ربه‌ره‌كانی‌ بڕیاری‌ ئه‌مه‌ریكی ‌دایه‌، ئه‌مه‌ ئیشی‌ عیراقييه‌كانه‌ داكۆكی‌ له‌ مافه‌كانی‌ خۆیان بكه‌ن، با ئێمه‌ له‌ سه‌ر شتی‌ كوردی‌ به‌ ده‌نگ بێین." به‌ڵام گوێی‌ لێ‌ نه‌گرتم له‌ سه‌ر ره‌خنه‌كانی‌ به‌رده‌وام بو.
بریمه‌ر و ساوه‌رز هه‌ردوكیان داكۆكييان له‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایش كرد. زۆر مه‌غرور و بێمنه‌ت بون. بایه‌خێكی‌ ئه‌وتۆیان به‌ ره‌خنه‌ و ناڕه‌زایی‌ ئاماده‌بوان نه‌دا.

×

له‌ پشتی‌ په‌رده‌وه‌ گفتوگۆ ده‌ستیپێكرد. بۆ پشتیوانی‌ و هاوكاری‌ "سلطة‌ الائتلاف المؤقتة‌: سام" بریمه‌ر پێشنیازی‌ كرد ده‌زگایه‌ك له‌ عیراقييه‌كان  پێك بهێنن به‌ ناوی‌ "المجلس الاستشاری‌" ه‌وه‌. چه‌ند رۆژێ‌ باسی‌ ئه‌م مه‌جلیسه‌ و ئیشه‌كانی‌ و ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ كرا. گروپی‌ 5 قبوڵیان نه‌كرد و ئاماده‌ نه‌بون به‌شداری‌ تێدا بكه‌ن.
بریمه‌ر ناوه‌كه‌ی‌ گۆڕی‌ به‌ "المجلس السیاسی‌" چه‌ند رۆژێكیش باسی‌ ئه‌م مه‌جلیسه‌ و ئیشه‌كانی‌ و ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ كرا. گروپی‌ 5 ئه‌وه‌شیان قبوڵ‌ نه‌كرد.
پێكهێنان و پێكهاته‌ی‌ "مجلس الحکم"
پاش گفتوگۆو هێنان و بردنێكی‌ زۆر له‌ سه‌ر پێكهێنانی‌ ده‌زگایه‌ك پێكهاتن به‌ ناوی‌ "مجلس الحكم، لێره‌ به‌ دواوه‌ بۆ کورتکردنه‌وه‌ ئه‌نوسم: مح  (مه‌جلیسی‌ حوكم) ". مح ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ زۆر نه‌بو. له‌ سه‌ره‌تاوه‌ باس له‌ "ڤیتۆ"ی‌ بریمه‌ر ئه‌كرا. بریمه‌ر خۆی‌ و ئه‌ندامانی‌ مح ئه‌یانوت "ڤیتۆ" له‌ گۆڕێ‌ نيیه‌، به‌ڵام راستييه‌كه‌ی‌ ئه‌وه‌بو بریمه‌ر ده‌سه‌ڵاتی‌ په‌كخستنی‌ هه‌مو بڕیاره‌كانی‌ مح- ی‌ هه‌بو، چونكه‌ هه‌ر بڕیارێكی‌ مح ئه‌گه‌ر بریمه‌ر موافه‌قه‌تی‌ له‌ سه‌ر نه‌كردایه‌ و ئیمزای‌ نه‌كردایه‌ جێبه‌جێ‌ نه‌ئه‌كرا.
رێك كه‌وتبون له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ ژماره‌ی‌ ئه‌ندامانی‌ مح 25 كه‌س بێ‌... پێك بێ‌ ‌: 13 ئه‌ندام له‌ شیعه‌ی‌ عه‌ره‌ب و 5 ئه‌ندام له‌ سوننه‌ی‌ عه‌ره‌ب و 5 ئه‌ندام له‌ كورد و 1 ئه‌ندام توركمانی‌ سوننه‌ و 1 ئه‌ندام مه‌سیحی‌. له‌ سه‌ر چ بنچینه‌یه‌ك ئه‌م ژماره‌یه‌ و رێژه‌ی‌ به‌شداربونی‌ نه‌ته‌وه‌ و دین و مه‌زه‌به‌كان و له‌ سه‌ر چ بنچینه‌یه‌ك ناوی‌  ئه‌ندامه‌كان دیاری‌ كرابون، له‌ راستييدا من ئاگادارييه‌كی‌ دروستم به‌ ده‌سته‌وه‌ نیيه‌، ئه‌وه‌ مه‌گه‌ر هه‌ر بریمه‌ر و چه‌ند که‌سێکی که‌ بتوانن‌ وه‌ڵامی‌ بده‌نه‌وه‌.
بریمه‌ر، له‌ كوردستان به‌ جیا سه‌ردانی تاڵه‌بانی‌ و بارزانی‌ كرد بو بۆ ئه‌وه‌ی‌ قانعیان بكا به‌وه‌ی‌:
یه‌كه‌م: به‌شی‌ كورد له‌ مح دا 5 ئه‌ندام، واته‌ پێنجیه‌ك بێ‌، به‌ر له‌ جه‌نگ موعاره‌زه‌ی‌ عیراقی‌ له‌ هه‌مو داووده‌زگاكاندا چواریه‌كیان بۆ كورد سه‌لماند بو. ئه‌مه‌ به‌شی‌ كوردی‌ كه‌م كردبوه‌وه‌.
دوه‌م: هه‌ردوكیان، تاڵه‌بانی‌ و بارزانی‌ وه‌كو دو كه‌سایه‌تی‌ سیاسی‌، نه‌ك وه‌كو نوێنه‌ری‌ دو حیزب به‌شداری‌ بكه‌ن. ئه‌مه‌ش ده‌وری‌ سیاسی یه‌كێتی‌ و پارتی‌ له‌ ده‌زگاكه‌دا كه‌م كردبوه‌وه‌.
سێیه‌م: 3 ئه‌ندامه‌ كورده‌كه‌ی‌ تر له‌ دو حیزبه‌كه‌ نه‌بن، به‌ڵكو له‌ كه‌سایه‌تی‌ سه‌ربه‌خۆ و له‌ حیزبه‌ كوردييه‌كانی‌ تر بن.
هه‌ردوكیان داواكانی‌ بریمه‌ریان قبوڵ‌ كردبو.
له‌و رۆژانه‌دا من له‌ به‌غداد بوم و مام جه‌لال له‌ کوردستان بو له‌ نامه‌یه‌کدا که‌ 30 ی 6 ی 2003 له‌ قه‌ڵاچوالانه‌وه‌ بۆی نوسیوم، باسی هه‌ندێ لایه‌نی گفتوگۆکانی خۆی و بریمه‌ر و به‌رنامه‌ی سه‌فه‌ره‌که‌ی ئه‌کا، به‌ڵام نه‌چۆته‌ ناو ورده‌کاریيه‌کانه‌وه‌.

×

تاڵه‌بانی، د. مه‌حمود عوسمان و سه‌لاحه‌دین به‌هادینی‌ له(‌ یه‌كگرتوی‌ ئیسلامی‌) پێشنیار كرد بو. پارتی‌ ئیعتیرازیان نه‌گرت بو. سام موقابه‌له‌ی‌ كردبون و قبوڵی‌ كردبون. ساوه‌رز د. مه‌حمودی‌ به‌ دڵ‌ نه‌بو، به‌ڵام كه‌ ئێمه‌ پێمان داگرت، له‌ سه‌ری‌ نه‌رۆیشت.
بارزانی،‌ عه‌زیز محه‌مه‌دی پێشنیار كرد بو. دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ سام بينيبویان پێيان وابو هه‌م پیر بوه‌و هه‌م جۆری‌ بیركردنه‌وه‌ی‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ به‌ كه‌ڵكی‌ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی‌ عیراق نایه‌ت. موافه‌قه‌تیان له‌سه‌ر نه‌كرد بو.
وه‌زیرێكی‌ ژنی‌ بریتانی‌، ئاڵا تاڵه‌بانی‌ ئه‌ناسی‌، داوای‌ له‌ ساوه‌رز كردبو، بۆ ئه‌ندامه‌تی‌ مح پێشنیاری‌ بكا. پارتی‌ موافه‌قه‌تیان نه‌كرد. من و به‌رهه‌م له‌ گه‌ڵ‌ وشیار زێباری خه‌ریك بوین ئیعتیراز نه‌گرن رازی‌ نه‌بو، به‌ بریمه‌ر و ساوه‌رزی‌ وت كه‌ ئه‌وان رازی‌ نابن ئاڵای‌ تێدابێ‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌م تاڵه‌بانيية‌و دوه‌م یه‌كێتیيه‌. بریمه‌ر و ساوه‌رز داوایان كرد یه‌كێكی‌ كه‌ پێشنیار بكه‌ین. له‌گه‌ڵ‌ وشیار راوێژمان كرد ئافره‌تێكی‌ بێلایه‌ن بدۆزینه‌وه‌. كه‌سمان بۆ نه‌دۆزرایه‌وه‌. پێشنیارمان كرد یان د. كه‌مال مه‌زهه‌ر یان دارا نوره‌دین. پارتی، دارای‌ پێ‌ باش بو. دارامان پێشنیار كرد قبوڵیان كرد.

×

هه‌رچه‌نده‌ مام جه‌لال لای‌ من هیچ جۆره‌ ناڕه‌زاييه‌كی‌ له‌ مح و جۆری‌ پێكهێنان و پێكهاتنی‌ نه‌دركاندوه‌، به‌ڵام پێئه‌چىَ‌ خۆی‌ لابدا له‌ ئاماده‌بونی‌ كۆبونه‌وه‌كانی‌. مام جه‌لال له‌ 1 ی‌ 7 ی‌ 2003 ه‌وه‌، له‌گه‌ڵ‌ عومه‌ری‌ سه‌ید عه‌لی‌ و جه‌لال جه‌وهه‌ر، گه‌شتێكی‌ دیپلۆماسی‌ له‌ سوریاوه‌ ده‌سپێكردوه‌. رۆژانی‌ 1 بؤ 7 له‌ سوریا و له‌ 7 بؤ 10 له‌ مۆسكۆ بوه‌، به‌ ته‌مایه‌ رۆژانی‌ 15 بؤ 16 له‌ پاریس و 17 بؤ 19 له‌ رۆما بێ‌، به‌ تایبه‌تی‌ چونكه‌ له‌ رۆژانی‌ 17 بؤ 18 كۆنفره‌نسێكی‌ تایبه‌تی‌ سۆسیالیست ئینته‌رناسیۆنال له‌ رۆما ئه‌به‌سترێ‌، رۆژێكی‌ بۆ پاشه‌رۆژی‌ سیاسی‌ عیراق ته‌رخان كراوه‌.
سام روژی‌ 13 ی‌ 7 ی‌ 03 ى دیاری‌ كردبو كه‌ رۆژی‌ یه‌كه‌مین كۆبونه‌وه‌ی‌ مح و رۆژی‌ راگه‌یاندنی‌ پێكهێنانی‌ بێ‌. به‌لایانه‌وه‌ زۆر گرنگ بو كه‌ هه‌مو ئه‌ندامه‌كان، به‌ تایبه‌تی‌ مام جه‌لال و كاك مه‌سعود، له‌ یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌دا به‌شداربن و له‌ به‌رده‌م كامێرای‌ ده‌زگاكانی‌ راگه‌یاندنی‌ جیهانييدا ده‌ربكه‌ون. هه‌وڵێكی‌ زۆریان له‌ گه‌ڵ‌ مام جه‌لال دا كه‌ له‌و رۆژه‌دا ئاماده‌ بێ‌، سه‌ره‌نجام رازی‌ بو بێته‌وه‌ به‌غداد بۆ ئاماده‌بون له‌ كردنه‌وه‌ی‌ كۆبونه‌وه‌كانی‌ مح دا، به‌و مه‌رجه‌ی‌ رۆژی‌ دواتر به‌ فڕۆكه‌ بیبه‌نه‌وه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عیراق بۆ ئه‌وه‌ی‌ فریای‌ مه‌وعیده‌ دانراوه‌كانی‌ بكه‌وێ‌.
بۆ شوێنی نیشته‌جێبون:
من خانویه‌کم ئاوه‌دانکردۆته‌وه‌ پێشتر میوانخانه‌ی جیهازی موخابه‌رات بوه‌ به‌رامبه‌ر باره‌گای سه‌ره‌کی جیهازی موخابه‌رات له‌ سه‌ر شاڕێیه‌ک له‌ نێوان ساحه‌ النسور – ساحه‌ 14 رمضان. باره‌گه‌که‌ی موخابه‌رات بۆردومانی ئه‌مه‌ریکی وێرانی کردوه‌و ئه‌وه‌ی ئێمه‌ش خه‌ڵک تاڵانیان کرد بو، سه‌رله‌نوێ خۆمان نۆژه‌نمان کردۆته‌وه‌. دیشی سه‌ته‌لایت و ته‌له‌فۆنی سوره‌یاو جه‌نه‌ره‌یته‌ری کاره‌بامان تێدا داناوه‌. جگه‌ له‌ مه‌فره‌زه‌یه‌ک که‌ بۆ پارێزگاری له‌ سلێمانیيه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ خۆم هێناومن، توانای فایه‌ق هۆشیاریش بۆ راپه‌ڕاندنی ئیشه‌کانم یارمه‌تیمان ئه‌دات.
نما و چیا و دانای شازاد سائیب لێره‌ن له‌ گه‌ڵ خۆم.
د مه‌حمود عوسمان، ئه‌ندامی مح له‌ هه‌مان خانودا له‌ گه‌ڵ ئێمه‌ ئه‌ژی.
حه‌مه‌ تۆفیق له‌ مجمع القادسیه‌ که‌ خانوی وه‌زیره‌کانی سه‌دام بوه‌ 18 خانوی به‌ گرێبه‌ست به‌ کرێ له‌ (CPA) وه‌رگرتوه،‌ تاڵانکراون و تێکدراون، خه‌ریکی چاککردنه‌وه‌یانن.
خانوه‌که‌ی ئه‌حمه‌د حسێن، سه‌رۆکی دیوانی ریئاسه‌تی سه‌دام، تا ئه‌ندازه‌یه‌ک به‌باشی ماوه‌، ‌ بۆ مام جه‌لال و سکرتاریه‌ته‌که‌ی ته‌رخانکراوه. که‌ دێته‌ به‌غداد له‌وێ دائه‌به‌زێ.

 

10-29-2007
  
    Print     Send this link     Add to favorites
 
بیروڕا
د. به‌هزاد عه‌لی‌ ره‌شید
 سڵاو به‌‌ڕێز كاك نه‌وشیروان، سه‌ره‌تا ده‌ست خۆشی‌ له‌ به‌ڕێز كاك نه‌وشیروان ده‌كه‌م، به‌دلنیاییه‌وه‌ یاداشته‌كانی‌ كه‌ زاده‌ی‌ قۆناغێكی‌ هه‌ستیاری‌ سیاسی‌ كه‌لی‌ كوردن ده‌بنه‌ سه‌رچاوه‌و به‌لكه‌نامه‌یه‌كی‌ میزووی‌ كرنك بۆ ئاینده‌ سه‌ركه‌وتوبیت، تكام وایه‌ به‌رده‌وام بیت له‌ ده‌رخستنی‌ راستیه‌یه‌ مێژوویه‌كاندا هه‌ر
به‌هار خانه‌قینی
 جیفارا به‌ راستییه‌كانی راكه‌یاندنه‌وه‌ ده‌ستی كرد به‌ سیاسه‌ت و بووه‌ نموونه‌ی سیاسه‌تمه‌دارانی جیهان ده‌ست خۆشیت لێ ئه‌كه‌م بۆ بلاوكردنی راستییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی دوا ڕۆژی گه‌له‌كه‌مان له‌ پێشكه‌وتنێكی به‌ر چاوی پێوه‌ دیار بێت و هیوادارم له‌ سیاسه‌تمداره‌ به‌ناوبانگه‌كانی جیهان بیت بو خسته‌ ڕووی یاداشته‌ راسته‌قینه‌كان به‌ به‌ڵگه‌یه‌كی ڕوون
به‌شی‌ ڕاكه‌یاندنی‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ 11ی‌ كه‌لار
 ده‌ست خۆش بۆ كاك نه‌وشیروان, به‌دلنیاییه‌وه‌ یاداشته‌كانی‌ كه‌ زاده‌ی‌ قۆناغێكی‌ هه‌ستیاری‌ سیاسی‌ كه‌لی‌ كوردن ده‌بنه‌ سه‌رچاوه‌و به‌لكه‌نامه‌یه‌كی‌ میزووی‌ كرنك بۆ ئاینده‌
ئه‌له‌ند مه‌حوی‌
 سه‌ره‌تا ده‌ست خۆشی‌ له‌ به‌ڕێز كاك نه‌وشیروان ده‌كه‌م، نوسینه‌وه‌ی‌ یاداشت له‌ هه‌موو جیهاندا به‌شێكه‌ له‌ ئه‌ركی‌ ڕۆژانه‌ی‌ زۆربه‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ پێیان وایه‌ ئه‌گه‌ر له‌داهاتوودا یاداشته‌كانیان خه‌ڵك بیبنێت، مشتێك زانیاری‌ ده‌خاته‌ سه‌ر خه‌رمانی‌ زانیاریه‌كانیان، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌م هه‌سته‌ لای‌ كه‌سایه‌تی‌ كورد زۆر كاله‌‌و هه‌ندێك كه‌سایه‌تیش ئه‌و هه‌سته‌ی‌ هه‌ر نییه‌. له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ له‌ نوسینه‌وه‌ی‌ یاداشتدا زۆر ڕاستگۆیانه‌‌و بێترس هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی‌ كه‌ بینراوه‌‌و گرنگن بنوسرێنه‌وه‌‌و ئاشكرا بكرێن. كاك نه‌وشیروان پێم وایه‌ ده‌بێته‌ یه‌كێكی‌ تر له‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ له‌ڕێگه‌ی‌ یاداشته‌كانیه‌وه‌ خزمه‌تێكی‌ تر به‌خوێنه‌رانی‌ یاداشته‌كانی‌ ده‌كات. ئه‌وه‌ی‌ زۆر گرنگ بوو به‌لای‌ منه‌وه‌ ئه‌وه‌بوو، كه‌ یاداشته‌كانی‌ كاك نه‌وشیروان له‌هه‌موو كه‌س زیاتر خزمه‌تی‌ به‌ ڕۆژنامه‌نوسان ده‌كات، له‌ڕێگه‌ی‌ ئه‌و هه‌موو زانیاریانه‌ی‌ كه‌ له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌و كه‌سایه‌تی‌و شوێن و جێگه‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ حوكم و حكومه‌تی‌ عێراق له‌دوای‌ پڕۆسه‌ی‌ ئازادی‌ عێراق باسی‌ كردووه‌. چونكه‌ به‌داخه‌وه‌ ڕۆژنامه‌نوسی‌ كورد له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان زۆر به‌ ئه‌سته‌م ده‌تونێت ده‌ستی‌ بگات به‌ زانیاری‌ له‌م شێوه‌یه‌. له‌كۆتایدا هیوای‌ شادی‌ بۆ به‌ڕێز كاك نه‌وشیروان‌و هه‌موو خوێنه‌رانی‌ ئه‌م یاداشتانه‌ ده‌خوازم
شام حه‌مید -هه‌مه‌وه‌ندی‌
  سڵاو كاك نه‌وشیروان، بۆ گێڕانه‌وه‌ی‌ ئه‌و رۆژه‌ مێژویانه‌ و ئه‌و رووداوانه‌ی‌ كه‌ ئاگادارنه‌بووین، خه‌ڵك له‌ نیگه‌رانییه‌كی‌ زۆر دایه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ كوردی‌ به‌و هیوایه‌ی‌ به‌ڕێزتان بتوانن گۆڕانكاری‌ له‌ حكومه‌ت و حزبدا بكه‌ن، دڵنیابن ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ ئه‌ندامانی‌ ی‌.ن.ك و پ.د.ك یش چاوه‌ڕێی‌ ده‌ستی‌ ئێوه‌ن كه‌ له‌ گه‌نده‌ڵی‌ رزگاریان بكه‌ن
هه‌نگاو حه‌مه‌ -له‌نده‌ن
 سڵاو نوسینه‌كه‌ت پێمان ده‌ڵێت كه‌ له‌ عێراقی‌ عه‌ره‌بی‌ چی‌ روویداوه‌، به‌ هه‌ر حاڵ كه‌ڵكی‌ به‌سودی‌ هه‌یه‌ هیوادارم ژیاننامه‌ی‌ خۆت و هه‌ندێك له‌ رووداوه‌كان بڵاوبكه‌یته‌وه‌ چونكه‌ ئێمه‌ نه‌وه‌ی‌ دوای‌ راپه‌ڕینین ئاگاداری‌ زۆر شت نین
به‌ ختیار مه‌حمد_به‌ریتانیا
 سڵاو مامۆستا نه‌وشیروان. دووباره‌ ده‌ستت خۆشبیت.هه‌ رئه‌وکاتی نه‌وت به‌رامبه‌ر خۆرک که‌ ئیکرد هیچ که‌ پرسیاری به‌رێزته‌ وه‌ڵامه‌کی به‌ ئاشکرا دراوه‌ته‌ به‌رێزت .ئای هه‌ر ئه‌وکاته‌ له‌ (مح) دا سه‌رکرداێتی کورد (ئنسحاب)بکردایه‌ باشتر نه‌بوو .که‌ تا ئیستا (مح) هیچ ئه‌نجامێکی بۆ سودی کورد نه‌بووه‌
هه‌ڤاڵ ڕه‌ووف يحيا زه‌نگه‌نه
 ده‌ست خۆش كاك نه‌‌وشیروان یاداشته‌کانت‌ زانیاریو بنه‌مایه‌كی‌ گرنگه‌ بۆ تێگه‌یشتن له‌ سیاسه‌ت و حوکمی عیراقی دوای صدام حسین دووباره‌ ده‌ست خۆش.
پشكۆحمه‌فرج _هه‌له‌بجه‌
 سلاو به‌خویندنه‌وه‌ی‌ هه‌رلاپه‌ره‌یه‌ك له‌میژووی‌ ئه‌م میلله‌ته‌ مرۆڤ گریانی‌ دیت بۆنه‌زانین و خۆشباوه‌ری‌ وسازشكاری‌ سه‌ركرده‌كانی‌ له‌به‌رامبه‌ر نه‌یارانی‌ كورددا كورد ئه‌گه‌ر له‌میژووی‌ خۆیدا شه‌ركاری‌ باش و جه‌ربه‌زه‌ی‌ هه‌بوبیت ئه‌وا به‌ده‌گمه‌ن دبلۆماسی‌ كاراو شاره‌زای‌ هه‌بوه‌ ئه‌گه‌ر هه‌شی‌ بوبیت ئه‌وا له‌لایه‌ن خودی‌ سه‌ركرده‌كانی‌ كورده‌وه‌ دژایه‌تی‌ كراوه‌و په‌راویزخراوه‌ كاك نه‌وشیروان یه‌كیكه‌ له‌وانه‌ . له‌به‌ر ئه‌مه‌شه‌ ئه‌وه‌ی‌ كورد به‌شه‌رو قوربانیدان ده‌ستی‌ خستوه‌ له‌سه‌رمیزی‌ دیالۆگ دۆراندویه‌تی‌ . شه‌فاف نه‌بونی‌ سیاسیه‌كانی‌ كورد كۆمه‌لگای‌ كوردی‌ كردوه‌ته‌ كۆمه‌لگه‌یه‌كی‌ نه‌زان و بیئاگاله‌چاره‌ی‌ ره‌شی‌ خۆی‌ ئه‌گه‌روانیه‌ بۆده‌بیت عادل عبدالمهدی‌ و حاچم حسنی‌ مان لی‌ بكه‌ن به‌شیری‌ پشتیوان له‌داواكانی‌ خه‌لكی‌ كورد له‌كاتیكدا ئه‌وانه‌ له‌ریوی‌ ریویتر بوون به‌رامبه‌ر به‌كورد. ده‌بیت تاكی‌ كورد بیته‌گۆو بپرسیت ئه‌م هه‌موه‌ سازشه‌ له‌سه‌ر كه‌ركوك,سامانی‌ سروشتی‌, پیشمه‌رگه‌,سنور,ده‌سه‌لاته‌كانی‌ سه‌ركۆمار,دینی‌ ده‌وله‌ت له‌پای‌ چی‌ وله‌به‌رچاوی‌ ره‌شی‌ كی‌؟ پیدانی‌ ئه‌وهه‌مووه‌ ده‌سه‌لاته‌ به‌سه‌رۆك وه‌زیر بۆ؟ئه‌ی‌ رچاوكردنی‌ فتواكانی‌ سیستانی‌ له‌به‌رچی‌؟ من دلنیام كاك نه‌وشیروان له‌به‌رئه‌مانه‌ بوه‌ته‌ هۆی‌ بنبه‌ستی‌ مح .قیرسچمه‌یی‌ له‌پیناو داواره‌واكانی‌ خه‌لكی‌ كورددا جیگایی‌ فه‌خره‌.به‌لام لانه‌رمه‌بوون له‌گه‌ل كیداوله‌پیناوی‌ چی‌ و له‌به‌ركی‌؟بریمه‌ر له‌یاداشته‌كانیدا وه‌سفی‌ سیاسیه‌كانی‌ كوردی‌ وه‌ك خۆی‌ كردوه‌ نوسیویه‌تی‌ خه‌لكی‌ سلیمانی‌ خۆش مه‌شره‌بن !ره‌نگه‌سیاسیه‌كانمان ته‌نها وه‌سفی‌ شه‌رابی‌ سلیمانیان بۆ بریمه‌ر كردبی‌ گه‌روانیه‌ بۆباسی‌ قاره‌مانی‌ كوران و كچانی‌ سلیمانی‌ نه‌كردوه‌ له‌به‌رامبه‌ر به‌عسدا ؟لیره‌دا مجالی‌ ئه‌وه‌نیه‌ هه‌موو سلبیاته‌كانی‌ كورد له‌ناو یاداشته‌كانی‌ بریمه‌ردا باس بكه‌م به‌س داواله‌خوینه‌ری‌ به‌ریزده‌كه‌م بۆبینینی‌ سیاسیه‌كانی‌ خۆمان له‌چاوی‌ ئه‌مریكیه‌كاندا (عام فی‌ العراق) بریمه‌ر بخویننه‌وه‌. گه‌نجی‌ كورد ئیستا سه‌یری‌ قسه‌وبه‌لینی‌ سیاسیه‌كان ناكات به‌لكو سه‌یری‌ سه‌رئه‌رزده‌كات رچاوی‌ ئامۆژگارییه‌كه‌ی‌ (ئه‌لیزابین رۆبین)ده‌كات . له‌مه‌ودوا ده‌روانین بۆبه‌لینی‌ جیبه‌جیكراو نه‌ك وتراوونوسراو ! سالی 1976 گه‌رانه‌وه‌ له‌ ئه‌ورپاو جیهیشتنی‌ زانكۆ و هاتنه‌وه‌ بۆچیاكانی‌ برادۆست و قه‌ندیل شه‌ره‌فیكی‌ گه‌وره‌یه‌ . به‌لام ده‌ستدانه‌ ئه‌م كاره‌ی‌ ئیستا كه‌مهامی‌ ریفۆرمیكی‌ گشتگیره‌ له‌كۆمه‌لگای‌ كوردی‌دا شه‌ره‌فیكی‌ گه‌وره‌تره‌ له‌وه‌ی‌ سالی‌76 زۆربه‌ی‌ میلله‌تی‌ كورد چاوی‌ له‌ده‌ست وقه‌لمته‌و چاوه‌روانی‌ هه‌نگاوه‌كانته‌ بۆ چاكسازی‌ و پاكسازی‌
سه‌فین مه‌لا سابیر
  هه‌ر سه‌ركه‌وتوبیت، تكام وایه‌ به‌رده‌وام بیت له‌ ده‌رخستنی‌ راستیه‌یه‌ مێژوویه‌كاندا بۆ به‌رچاوی‌ هه‌موومان
یاسین
  ده‌ستخۆش زۆر به‌سوده‌ هیوادارم نه‌یارانت بیخوێننه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ پێخاوسی‌ چونه‌ ناو راستییه‌كان تاوانبارت نه‌كه‌ن
لوقمان
 ده ست و ده مت خوش ئه ى به ديهينه رى هيواو ئاواتى شيخ سه عيدى بيران وشيخى نه مرو قازى و هه موو شه هيدان هيوادارم له (كردىبيروز) وه به نده ى به س زمان ببيته به نده ى شورشيكى كه وره بو ته واو رامالينى هه مو ناعه دا له تى و كه نده لى يه كان به ئوميدى كردنه وه ى به خشى ته له فزيونه كه مان ته له فزيونى جاوو دلى هه موو كورد
جه‌لاده‌ت به‌دره‌دین
 تازه‌ترین میتۆدی نوسینه‌وه‌ی مێژوو، بایه‌خێکی زۆر به‌ بیره‌وه‌ری که‌سه‌کان و پاڵه‌وانه‌کانی ناو روداوه‌کان ئه‌دات. به‌و پێیه‌ ئه‌م بیره‌وه‌رییانه‌ی کاک نه‌وشیروان که‌ڵکی باشیان بۆ مێژوو نووس هه‌یه‌. له ئه‌ڵقه‌ی یه‌که‌مه‌وه‌، هه‌موو رۆژێک به‌ په‌رۆشه‌وه‌ چاوه‌ڕێی ئه‌ڵقه‌ی داهاتوو بووم. یاداشتی وه‌ها تا ته‌واو نه‌بێ‌ هه‌رچی له‌سه‌ر بڵێی هه‌قی خۆیی ناده‌یتێ، به‌ باش یان به‌خراپ. کاک نه‌وشیروان له‌و 12 ئه‌ڵقه‌یه‌دا، سه‌دان روداوو کۆبونه‌وه‌ی یاداشت کردووه‌. به‌شی هه‌ره‌ زۆریان بۆ ئێستا بایه‌خێکی ئه‌وتۆیان نییه‌. به‌ڵام ئه‌و شته‌ که‌مانه‌ی وتونی، ده‌لاله‌تی زۆریان هه‌یه‌. هه‌ندێک له‌و شته‌ گرنگانه‌ی له‌ زاکیره‌ما تۆمار بوون، له‌ خواره‌وه‌ بۆ ئه‌و خوێنه‌رانه‌یان تۆمار ئه‌که‌م که به‌باشی نه‌یانخوێندۆته‌وه‌: 1- کاک نه‌وشیروان له‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌ مناقه‌شه‌ی قانوونی جنسیه‌ی عێراقی و ره‌شنووسی (قانون إدارة الدولة العراقية للفترة الإنتقالیة) دا به‌شدار بووه‌. نه‌خۆشییه‌که‌ی بۆته‌ رێگر له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غدا، به‌ڵام بۆچوونه‌کانی خۆیی به‌ ده‌م و به‌ نووسین به‌ سکرتێری گشتی یه‌کێتی داوه‌. به‌ نوسینیش هه‌م له‌ کوردستانی نوێ دا (ژ3264، 7/1/2004) و هه‌م له‌ رۆژنامه‌ی (الشرق الأوسط) ژماره‌کانی (9182 و 9215) هی رۆژه‌کانی (18/1 و 20/2 ی 2004) دا بڵاویکردونه‌ته‌وه‌. واته‌ زیاتر له‌ 2 مانگ به‌رله‌وه‌ی قانونه‌که‌ ئیمزا بکرێ، ئه‌م سه‌رنجه‌کانی خۆی له‌سه‌ر قانونه‌که‌ و له‌سه‌ر خواسته‌کانی کورد، به‌ سه‌رکردایه‌تی کورد و رای گشتی عێراقی، عه‌ره‌بی و عاله‌می داوه‌. که‌ قانونه‌که‌ ده‌رچوو ئه‌م 2 مانگ زیاتر بوو له‌ به‌غدا نه‌مابوو. 2- سه‌رکردایه‌تی کورد له‌ به‌غدا ئه‌وه‌نده‌ کۆک نه‌بوون. ئه‌م راستی یه‌ له‌و په‌ره‌گرافانه‌دا ئه‌خوینیته‌وه‌ که‌، کاتێ تاڵه‌بانی سه‌رۆکی نۆره‌یی مح بووه‌، مه‌سعود بارزانی نه‌ خۆی و نه‌ نوێنه‌ره‌کی به‌شداری کۆبوونه‌وه‌کانی مح یان نه‌کردووه‌. له‌ رۆژه‌کانی دوایی دا چوون ئه‌ویش له‌سه‌ر داوای برێمه‌ر که‌ ئیشی پێیان هه‌بووه‌ چونه‌ته‌وه‌ بۆ به‌غدا. 3- تاڵه‌بانی له‌ هیچ شتێکدا، چه‌ند چاره‌نوسسازیش بوبێ پرسی به‌ حیزبه‌که‌ی نه‌کردووه‌. ئه‌م راستییه‌ له‌ زۆر شوێنی یاداشته‌که‌دا ده‌رکه‌وتووه‌، به‌ڵام 2 دانه‌یان باس ئه‌که‌م: یه‌که‌م: رێکه‌وتنه‌که‌ی 15/11/2003 ی له‌گه‌ڵ برێمه‌ر ئیمزا کردووه‌، که‌س ئاگای لێ نه‌بووه‌. له‌م رێکه‌وتنه‌دا باسی فیدراڵی نه‌کراوه‌، که‌چی بۆ چاوبه‌سته‌کێ له‌ گه‌لی کورد له‌ به‌یانه‌که‌دا باسی فیدراڵی کراوه‌ که‌ هیچ نرخێکی قانوونی نه‌بووه‌. دووه‌م: رۆژی 18/3/2004 کاتێ سه‌فیر رۆناڵد نیومان چووه‌ بۆ سه‌ردانی سلێمانی، له‌وێ کاک نه‌وشیروان، کاک کۆسره‌ت، د. که‌مال فوئاد و کاک عومه‌ری سه‌ید عه‌لی دیوه‌. ئه‌م چواره‌ یه‌کێکیان جێگری سکرتێری گشتی و 3 که‌ی تریان ئه‌ندامی (م.س)ی یه‌کێتی و له‌ قوتبه‌ به‌هێزه‌کانیش بوون، که‌چی له‌ گێڕانه‌وه‌که‌ی کاک نه‌وشیروانا ده‌رئه‌که‌وێ ئه‌و چواره‌ هیچیان به‌ قانوونه‌که‌ رازی نه‌بوون و پێشتر تاڵه‌بانی پرسی پێ نه‌کردوون. 4- کاک نه‌وشیروان له‌کاتی نه‌خۆشییه‌که‌یا نامه‌ی بۆ تاڵه‌بانی نووسیووه‌. له‌نامه‌که‌یا باری سه‌رنجی خۆیی له‌سه‌ر پرسه‌کانی به‌غدا بۆ باسکردووه‌. هه‌مان رۆژ (3/1/2004) تاڵه‌بانی وه‌ڵامی نامه‌که‌ی نه‌وشیروانی داوه‌ته‌وه‌ و بۆی نووسیووه: له‌گه‌ڵ هه‌موو بۆچونه‌کانتم، کاتێ (وقفة مع الصدیق) هاتووه‌. که‌چی که‌ چۆته‌وه‌ بۆ به‌غدا کاری به‌ ناوه‌ڕۆکی نامه‌که‌ی کاک نه‌وشیروان و وه‌ڵامه‌که‌ی خۆی بۆ کاک نه‌وشیروان نه‌کردووه‌. له‌وه‌ش خراپتر: کاک نه‌وشیروان ناوه‌ڕۆکی نامه‌که‌ی پێشویی کردووه‌ به‌ وتارێک و له‌ ژماره‌ی رۆژی 7/1/2004 ی کوردستانی نوێدا بڵاویکردۆته‌وه‌. وتاره‌که‌ ئه‌م ناونیشانه‌ی هه‌بووه‌ ( کورد و قانونی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تی عێراق له‌ماوه‌ی گواستنه‌وه‌ دا). مسته‌فا صاڵح که‌ریمی رۆژنامه‌نووس ئه‌م وتاره‌ی کردوه‌ به‌ عه‌ره‌بی و ناردویه‌تی بۆ رۆژنامه‌ی الأتحاد ی یه‌کێتی له‌ به‌غدا بۆ بڵاوکردنه‌وه‌، که‌چی سکرتێری گشتی رێگه‌ی نه‌داوه‌ بڵاوببێته‌وه‌. وتویه‌تی ئه‌وه‌ باری سه‌رنجی نه‌وشیروان مه‌سته‌فا خۆیه‌تی هینی یه‌کێتی نییه‌. تاڵه‌بانی له‌ماوه‌ی 3 رۆژدا ئه‌و دوو شته‌ ناکۆکه‌ی کردووه‌. به‌ نامه‌ پشتیوانی له‌ بۆچونه‌کانی نه‌وشیروان کردووه‌، که‌چی رێگه‌ی نه‌داوه‌ وتاره‌که‌ی به‌عه‌ره‌بی بڵاوببێته‌وه‌. ئه‌مه‌ی له‌گه‌ڵ جێگره‌که‌ی خۆی کردوه‌، جاوه‌ره‌ کوردی قوڕبه‌سه‌ر چه‌ند شتت لێ شاردرابێته‌وه‌؟ 5- پیته‌ر گالبرێس، کۆنه‌ باڵوێزی ئه‌مه‌ریکا، سیاسه‌تمه‌دار و 14 ساڵ ئه‌ندامی لیژنه‌ی ده‌ره‌وه‌ی کۆنگرێسی ئه‌مه‌ریکی بوه‌. گالبرێس دۆستێکی زۆر به‌وه‌فای کورده‌. له‌ دڵسۆزیی و دۆستایه‌تی دا بۆ کورد ئه‌کرێ بشوبهێنرێ به‌ دڵسۆزی لۆرانسی عه‌ره‌ب، بۆ عه‌ره‌ب‌. ئه‌م دۆسته‌ دڵسۆزه‌ی کورد دورایی هه‌زاران کیلۆمه‌تری بڕیوه‌، له‌ئه‌مه‌ریکاوه‌ به‌ پرۆژه‌ی نووسراوی خۆیه‌وه‌ هاتوه‌ به‌ کورد بڵێ چۆن چۆنی دانوسه‌ندن له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکا، یانی له‌گه‌ڵ حوکمه‌تی وڵاته‌که‌ی خۆی بکا بۆ ئه‌وه‌ی مافه‌کانی کورد زامن بکرێن. ئه‌و گالبرێسه‌ چۆته‌ لای مام جه‌لال پرۆژه‌که‌یی بداتێ، که‌چی ئه‌و نه‌ پرۆژه‌که‌ی لێوه‌رگرتووه‌ و نه‌ گوێی بۆ ئامۆژگارییه‌کانی شل کردووه‌. راوێژکاری وه‌ها، هی ئه‌وه‌یه‌ به‌ ملێونان دۆلار به‌کرێی بگری بۆ پیشاندانی ڕێگا، که‌چی به‌ نان و پیازی خۆشییه‌وه‌ هاتووه‌ مامجه‌لال گوێی لی نه‌گرتوه‌. ئه‌مه‌ له‌ یاداشتی 4/2/2004 دا بخوێنه‌ره‌وه‌. 6- له‌هه‌موو دنیادا باوه‌: که‌سه‌ تووند، شاره‌زا و دڵسۆزه‌کان له‌گه‌ڵ ته‌ره‌فی به‌رامبه‌ردا گفتوگۆ ئه‌که‌ن به‌خاتری ئه‌وه‌ی زۆرترین ماف مسۆگه‌ر بکه‌ی. هه‌رکه‌س ده‌رباره‌ی گفتوگۆی، گفتوگۆکارانی کۆسۆفۆ، که‌له‌گه‌ل ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وروپا، له‌سه‌رده‌می مادلین ئۆلبرایت دا دانوسه‌ندنیان کردوه‌، خوێندبێتییه‌وه‌، ئه‌زانێ هونه‌ری مفاوه‌زات یانی چی. نوێنه‌رانی کۆسۆفۆ که‌ میله‌ته‌کیان له‌ چه‌ند قۆڵه‌وه‌ له‌شه‌ڕدا بوو، پێویستیان به پشوو هه‌بوو، له‌گفتوگۆدا مادلین ئۆلبرایتیان تا لێواری شێت بوون بردووه‌. که‌چی کورد له‌و کاتانه‌دا که‌سانی وه‌کو نه‌وشیروان پشتگوێ ئه‌خا و ئه‌وانه‌ ئه‌به‌ن بۆ گفتوگۆ که‌ به‌شه‌رمه‌وه‌ چاو هه‌ڵئه‌هێنن!!! 7- کاک نه‌وشیروان به‌ئاشکرا له‌ رۆژێکی بیره‌وه‌رییه‌کانیا نوسێوێتی: تاڵه‌بانی و بارزانی خۆیان ئه‌چن بۆ گفتوگۆ، له‌ حاڵێکدا راست ئه‌وه‌یه‌ نوێنه‌ره‌کانیان گفتۆگۆ بکه‌ن و خۆیان دوایی بچن بۆ ئیمزا. بۆئه‌وه‌ی بواری مانۆڕیان هه‌بێ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانی تر. ئه‌مه‌ ئاماژه‌یه‌کی ئاشکرایه‌ بۆ نه‌ناسینی هونه‌ری گفتوگۆ له‌لای سه‌رکرده‌کانی کورد. 8- ره‌ئی نه‌وشیروان سه‌باره‌ت به‌ سیستانی و مقتدی صدر و مه‌لاکانی سوننه‌ و ده‌سوه‌ردانیان له‌ساسه‌ت به‌ رۆشنی دیاره‌. هه‌روه‌کو ئه‌وه‌شی بۆ رونکردوینه‌ته‌وه‌ که‌ سیاسییه‌کانی عه‌ره‌ب به‌ شیعه‌ و سوننه‌یانه‌وه‌ چه‌ند دژی داوا ره‌واکانی کورد بوون. سه‌باره‌ت به‌ ئاشکراکردنی ئه‌م راستیانه‌ ده‌ستخۆشیت لێ ئه‌که‌م. هیوادارم کوردستانی نوێ و نه‌زانه‌کانی یه‌کێتی زوو زوو توڕه‌ت بکه‌ن، بۆئه‌وه‌ی تۆش بیره‌وه‌رییه‌کانی خۆتمان بۆ بگێڕیته‌وه‌.
په‌رۆش موحه‌ڕه‌م
  له‌ كۆتایی‌ بیره‌وه‌ریه‌كانتدا چه‌ند پێشنیارێك ده‌خه‌مه‌ به‌رده‌متان هیوادارم ئێوه‌ی‌ خوێنه‌ریش له‌ پێشنیاره‌كانم تێبگه‌ن، * هه‌قه‌ كاك نه‌وشیروان له‌ وتارێكدا وه‌ڵامی‌ هه‌موو ئه‌و نوسه‌رانه‌ بداته‌وه‌ كه‌ راو بۆچونی‌ خۆیان بۆ نوسیووه‌. *داوا له‌ پسپۆڕانی‌ قانونی‌ ده‌كه‌م له‌ رووی‌ قانونییه‌وه‌ یان شاره‌زای‌ نوسینی‌ ده‌ستورن لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی‌ جدی‌ بكه‌ن له‌سه‌ر وتاره‌كه‌ی‌ كاك نه‌وشیروان بكه‌ن و بڵاویبكه‌نه‌وه‌. *ئه‌وانه‌ی‌ له‌مه‌و دوا به‌شداری‌ چالاكیه‌ سیاسیه‌كانی‌ ناو عێراقیانكردووه‌ بێ‌ موجامه‌له‌ی‌ كه‌س بێنه‌ وه‌ڵام. *هه‌موو ئه‌و بیروڕایانه‌ی‌ له‌لایه‌ن كه‌سانی‌ پسپۆڕه‌ نوسراوه‌و شیكراوه‌ته‌وه‌ بڵاوبكرێته‌وه‌، دڵنیام له‌وه‌ی‌ كۆمپانیای‌ وشه‌ به‌وكاره‌ هه‌ڵده‌ستێت، به‌ڵام له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پسپۆڕه‌كانت بێلایه‌نی‌ ره‌چاوبكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی‌ راستیه‌كان بگاته‌ خه‌ڵك. *هیوادارم له‌ نوسیندا ناوی‌ لایه‌ن و كه‌سی‌ كه‌م ته‌رخه‌م ئاشكرا بكه‌ن ده‌ستی‌ مانوو بونتان ده‌كوشم هاوڕێیانی‌ رۆژنامه‌ و سبه‌ی‌
نه‌به‌زعبدولره‌حمان
 زورسوباس بوبه‌ریزت كه‌ئه‌م روونكردنه‌وانه‌ به‌ ئه‌وبه‌ری‌ شه‌فافیه‌ته‌وه‌باس ده‌كه‌یت خوینه‌ری‌ كوردی‌ لی به‌ئاكادینیت بیویسته‌كورد ئه‌وه‌ باش بزانیت هه‌میشه‌ مافه‌ره‌واكانی‌ له‌سه‌ر میزی‌ كفتوكو دوراندوه‌ به‌هیواین ئه‌وزه‌مه‌نه‌ به‌سه‌رجوبی‌ وسه‌ركردایه‌تی‌ سیاسی‌ كورد یه‌ك ده‌نك ویه‌ك هه‌لویست بیت مساوه‌مه‌ له‌سه‌ر بستیك خاكی‌ كوردستان نه‌كریت ئه‌بیت هه‌موكورد ئه‌وه‌ بزانیت ناسیونالست وشوفینی‌ ومه‌زهه‌بی‌ عه‌ره‌ب له‌یه‌ك سه‌نكه‌ردان بوبه‌كزداجونه‌وه‌ی‌ مافه‌ره‌واكانمان
په‌ڕه‌ی -1- له‌ کۆی -17- په‌ڕه‌
12345678910...کۆتایی

بیروڕای خۆت بنێره‌

تکایه‌ له‌ ناردنی هه‌ر سه‌رنج و بۆچونێکدا ره‌چاوی ئه‌م تێبینیانه‌ بکه‌:

1 – با نوسینه‌که‌ت 1000 پیت زیاتر نه‌بێت.

2 – نوسینه‌که‌ت دووربێت له‌ ناو زراندن.

3 – سبه‌ی بۆی هه‌یه‌ ئه‌و برگانه‌ لا بدات که‌ بڵاوکردنه‌وه‌یان سایته‌که‌ روبه‌روی لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی ده‌کاته‌وه‌.

4 – سبه‌ی بۆی هه‌یه‌ راوبۆچونه‌کان له‌ شوێنی دیکه‌دا بۆ مه‌به‌ستی رۆژنامه‌وانی و توێژینه‌وه‌ به‌کاربهێنێته‌وه‌.

 
ناو :
 
ئیمه‌یڵ :
   
  
بیروڕا :
   
  
    
نوسینه‌کانی تری نوسه‌ر
 به‌ ده‌م رێگاوه‌ گوڵچنین
 کوردستان له‌ ناو بازنه‌ی قه‌یران دا
ئاشتی کۆمه‌ڵایه‌تی
بێمنه‌تی ده‌سه‌ڵات له‌ خه‌ڵک
خۆپیشاندان و شه‌ڕی ناوخۆ
ئێمه‌ ئه‌زانین چیمان ئه‌وێ!
 له‌ هاوخه‌باتیه‌وه‌ بۆ ته‌خوین
 له‌ نێوان مام جه‌لال و من دا
ئازاری 1999 - شوباتی 2001
 خه‌ون یان مۆته‌که‌
دیوی ناوه‌وه‌ی روداوه‌کانی کوردستانی عیراق
 خوێندنه‌وه‌یه‌کی کوردی‌ بۆ رێکه‌وتنی ئه‌مه‌ریکی – عیراقی
 پرۆژه‌ی ئاواکردنه‌وه‌ی دێهاتی کوردستان
  پرسی که‌رکوک: کورد له‌ گه‌ڵ تورکمان چی بکات؟
 دوای ئه‌م هه‌مو ره‌خنه‌یه‌ ئینجا چی؟
 نوینه‌رایه‌تی کورد
له‌ ده‌زگای بڕیاردانی سیاسی عیراق دا:
چی کردوه‌ و ئه‌بو چی بکردایه‌؟
 هه‌لێكی مێژویی به‌ڵام له‌ ده‌س چو !
 ئێمه‌ و ئه‌وان: ناکۆکیه‌کانمان له‌ سه‌ر بێدادی له‌ دابه‌شکردنی موچه‌دا
 ته‌نیا بۆ بیر هێنانه‌وه‌: پرسی ده‌ستور
 رونکردنه‌وه‌یه‌ک له‌ نه‌وشیروان مسته‌فاوه‌
 حیزب و حوکم: ئه‌زمونی کوردستان
 مفاوه‌زاتی به‌ره‌ی کوردستانی - به‌عس (1991)
 کێشه‌ی نه‌وت: له‌ نێوان حکومه‌تی ناوه‌نـدی و حکـومه‌تی هـه‌رێم دا
 ئه‌م پارله‌مانه‌ی ئێمه‌: له‌ خه‌می کێ دان جگه‌ له‌خۆیان؟
 دیسانه‌وه‌ ماده‌ی 140:
هه‌ڵسه‌نگاندنێکی جیاواز
  كێ به‌‌رپرسه‌‌ له‌‌ جێبه‌‌جێ نه‌‌بونی ماده‌‌ی 140؟ئه‌‌مریكا، عه‌‌ره‌‌ب‌ یان كورد؟
 عه‌‌ره‌‌ب له‌‌ كوردستاندا مه‌‌ترسی دروستده‌‌كه‌‌ن یان له‌‌ ئاوه‌‌دانكردنه‌‌وه‌‌دا به‌‌شداریی ده‌‌كه‌‌ن؟
 گۆڕان لێره‌وه‌ ده‌س پێ ئه‌کا: جیاکردنه‌وه‌ی حیزب له‌ حکومه‌ت
 

Sbeiy.com © 2007-2011 All rights reserved    
ئه‌مه‌ریكا: له‌گه‌ڵ ئێران په‌یوه‌نده‌ی‌ راسته‌وخۆمان هه‌یه‌ مامۆستایانی هاوبه‌ش ستایشی سه‌رجه‌م مامۆستایانی‌ كوردستان ده‌كات به‌غدا؛ به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی دو بۆمبه‌وه، 70 كه‌س بون به‌ قوربانی‌ به‌هۆی‌ كوشتنی‌ خوشكه‌زاكه‌یه‌وه‌، میرێكی كوه‌یتی‌ له‌ سێداره‌ ده‌درێت چوارقوڕنه‌؛ كارمه‌ندانی به‌شی سیانه‌ی كاره‌با مانیانگرت بۆ وه‌رگرتنی خوێندكارانی هه‌رێم، نوێنه‌ری‌ 22 زانكۆی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌ولێرن سوریا؛ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، 14 كه‌س كوژراون هه‌ولێر؛ چه‌ندین كه‌س ناویان له‌ناو ليستى (دامه‌زراوان) و (دانه‌مه‌زراوان)دا نه‌هاتوه‌ته‌وه‌ سه‌ركرده‌یه‌كی شۆڕشگێڕانی‌ لیبیا: قه‌زافی له‌ شاری‌ سیرته‌ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان: حكومه‌تی‌ توركیا گفتوگۆكانی‌ له‌گه‌ڵ كورد وه‌ستاندوه‌ هۆشیار زێباری‌: بونی په‌كه‌كه‌ له‌سه‌ر خاكی عێراق ناشه‌رعیه‌و جێگه‌ی‌ قبوڵكردن نیه‌ 5 هه‌زار یه‌كه‌ی‌ نیشته‌جێبون له‌ شاره‌كاندا بۆ هێزه‌كانی ناوخۆ دروستده‌كرێت ئه‌ڵمانیا؛ تارا جاف و داریوشی‌ ئیقبالی‌ كۆنسێرتێك كۆیان ده‌كاته‌وه‌ سلێمانی؛ به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌ناڵی ئاسمانی په‌یام بانگهێشتی دادگا کراو به‌ به‌ڵێننامه‌ی شه‌خسی ئازاد کرا شانۆگه‌ری‌ گێژه‌ن نمایش ده‌كرێ