کوردستان 06:11 - 04/02/2019

هەرێم؛ توشبون بە شێرپەنجە رو لە زیادبونە

+ -

(سبەی):
ئەمڕۆ دوشەممە چواری شوبات هاوکاتە لەگەڵ رۆژی جیهانی شێرپەنجە، بە مەبەستی پشتیوانیکردنی توشبوانی ئەو نەخۆشییە و هەروەها گرتنەبەری رێکار و هەنگاوی گرنگ بۆ هاوکاریکردنی توشبوان، ئەمساڵیش لە ژێر دروشمی (I am and I will) لە جیهاندا یادی رۆژی جیهانی شێرپەنجە کرایەوە، بەپێی ئامارەکانیش لە هەرێمی کوردستان ساڵ بە ساڵ توشبوانی نەخۆشی شێرپەنجە رو لە زیادبون دەکات.

رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژە بەوە دەکات، شێرپەنجە زاراوەیەکی گشتییە و ژمارەیەک زۆر لە نەخۆشی لە خۆ دەگرێت کە لەوانەیە توشی سەرجەم بەشەکانی جەستە بێت، یەکێک لە سیماکانی ئەو نەخۆشییە ئەوەیە، کە ژمارەیەک خانەی نائاسایی لە سنوری خۆیان تەشەنە دەکەن و دەچنە بەشەکانی دیکەی لەشەوە.

بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، شێرپەنجە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی مردن لە جیهاندا و تەنها لە ساڵی (2015)دا، هەشت ملیۆن و (800) هەزار کەس بەو نەخۆشییە گیانیان لەدەستداوە، هەروەها لە کۆی شەش حاڵەتی مردن لە جیهاندا، یەکێکیان بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوەیە.

بەپێی توێژینەوەکان، ئەو وڵاتانەی داهاتی تاکەکەس تێیدا نزم و ماوناوەندە، (70٪)ی کۆی حاڵەتەکانی مردن بەهۆی شێرپەنجەوە پێکدەهێنێت. جگەوەش یەک لەسەر سێی حاڵەتەکانی مردن بەهۆی خراپی جوڵە و خۆراکەوەیە، کە خۆی دەبینێتەوە لە:-

* زۆری کێشی مرۆڤ
* نەخواردنی میوە و سەوزەوات
* کەمی جوڵەی جەستەیی
* کێشانی جگەرە و مادە کحولییەکان
* توشبون بە ڤایرۆسی هەوکردنی جگەرە (B)
* پیسبونی ژینگە لە ناوچە شارستانییەکان
* هەڵمژینی دوکەڵی سوتەمەنی رەق لەنێو شوێنە داخراوەکان
* هەروەها توتن و بابەتەکانی جگەرە بەرپرسی سەرەکییە لە مردنی (22٪)ی توشبوانی نەخۆشی شێرپەنجە.

دیارترین جۆرەکانی نەخۆشی شێرپەنجە
شێرپەنجەی سییەکان (1.69) ملیۆن حاڵەتی مردن
شێرپەنجەی گەدە (788) هەزار حاڵەتی مردن
شێرپەنجەی قۆڵۆن (774) هەزار حاڵەتی مردن
شێرپەنجەی مەمک (571) هەزار حاڵەتی مردن

هەروەها جۆرەکانی هەوکردن، وەک هەوکردنی ڤایرۆسی جگەر و ڤایرۆسی وەرەمی حلیمی، بەرپرسە لە رێژەی (25٪)ی حاڵەتەکانی توشبون بە نەخۆشی شێرپەنجە لە وڵاتانی داهات نزم و مامناوەند.

رێکخراوی تەندروستی جیهانی باس لەوە دەکات کە دەتوانرێ سنورێک بۆ مردن بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە دابنرێت، ئەگەر بێت و لە سەرەتای توشبوندا دەستنیشان بکرێت و چارەسەر وەربگیرێت و توێژینەوەکانیش سەلماندویانە کە رێژەی چاکبونەوە لە نەخۆشییەکانی شێرپەنجەی رەحم و دەم و قۆڵۆن و مەمک، ئەگەر لە قۆناغەکانی سەرەتا دەستنیشان بکرێت، زۆر بەرزە و توشبوان دەتوانن بە شێوەیەکی سەردەمییانە چارەسەر وەربگرن و چاک ببنەوە.

ئامارەکان: توشبوانی شێرپەنجە لە هەرێم زیادی کردوە

بەپێی ئامارێک توشبوانی نەخۆشی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان رویان لەزیادبون کردوە و هاوکات لەگەڵ رۆژی جیهانی ئەو نەخۆشییە، وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماری توشبوانی نەخۆشیەكەی بۆ ساڵی (2018)ی بڵاوكردەوە، کە بەپێی ئامارەكە پێنج هەزار و (658) حاڵەتی نوێ‌ تۆماركراوە، ئەمەش بە بەراورد بەساڵی (2017) زیادیكردوە لەو ساڵەدا چوار هەزار‌و (991) حاڵەت بوە.

بەپێی ئامارەكە، رێژەی توشبوان بە نەخۆشی شێرپەنجە لە ژناندا زیاتر وەك لە پیاوان، شێرپەنجەی مەمك و سییەكان لە پێشەوەی هەمو جۆرەكانی شێرپەنجەوە دێن، كە هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ جگەرەكێشان و خواردنەوەی كحلوییەكان و قەڵەوی و وەزرش نەكردن و پیسبونی ژینگە.

بۆ چارەسەری توشبوانی نەخۆشی شێرپەنجە، هەرێمی کوردستان پشت بە دو نەخۆشخانە دەبەستێت، ئەوانیش نەخۆشخانەی (هیوا)‌ لە سلێمانی و نەخۆشخانەی (نانەكەلی) لە هەولێر کە تایبەتن بە چارەسەری شێرپەنجە‌و نەخۆشییەكانی خوێن، نەخۆشخانەی هیوا لە ساڵی (2007)ەوە كراوەتەوە و ساڵانە پێویستی بە (800 ملیۆن) دۆلارە، قەیرانی دارایی بەرێوەبەرانی نەخۆشخانەكەی ناچاركردوە، پشت بە كۆمەك‌و هاوكارییانە ببەستێت كە ناوبەناو لەرێگەی كەمپینەكانەوە كۆدەكرێنەوە.