گەلەری 07:22 - 19/11/2019

وێنە؛ ناساندنى پێگەیەک بۆ مێژ و بەڵگەنامەو کەلەپور

+ -

(سبەى):

بۆ پاراستنى مێژو و شوێنەوارى کورد، پێگەیەکى ئەلیکترۆنى بە حەوت زمان کراوەتەوە کە (45) هەزار بابەتى مێژوى و کەلەپورى و ئەندازیارى لە خۆیدەگرێت، خاوەنى پێگەکەش دەڵێت: ئامانج لەوە ناساندن و هێشتنەوەى مێژوى شوێنەوار و کەلەپور و ئەندازیارى کوردییە.

ئەمڕۆ سێ شەممە، لە گەلەرى ئورفەى شارى سلێمانى، بە ئامادەبونى پارێزگارى سلێمانى و بەڕێوەبەرى گشتى رۆشنبیرى و عەبدولرەقیب یوسف و ژمارەیەک لە خەڵکى شارەزایى مێژویی، ناساندنى پێگەیەکى ئەلیکترۆنى بەڕێوەچو کە تێیدا هەزاران بابەتى مێژوى و شارستانى کوردى لە خۆى گرتوە.

عەبدولرەقیب یوسف، خاوەنى پێگەکە بە (سبەى) وت: زیاتر لە (یازدە) ساڵە دەستم بەم پڕۆژەیە کردوە، کە پێگەیەکى ئەلیکترۆنیە و زیاتر لە (45)هەزار بابەتى مێژویی و کەلەپورى و ئەندازیارى و پەروەردەیى فەلەکى لە خۆى گرتوەو بە حەوت زمان بەڵگە دیکیۆمێنتى تێدایە.

وتیشى: "ئامانجمان لەو کارە پاراستن و ناساندنى مێژوى کەلەپور و شارستانیەت و ئەندازیارى کوردییە بە دونیاى دەرەوە و نەوەکانى ئایندەمان".

لاى خۆیەوە، هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگارى سلێمانى، پشتیوانى بۆ پڕۆژەکەى دەربڕى و رایگەیاند: لە رێگەى ئەم ماڵپەرەوە مێژ و شارستانیەت و تەلارسازى ئێمەى بە حەوت زمان بە جیهانەوە بەستۆتەوە ئەمە کارێکى گرنگ و گەورەیە پشتگیرى دەکەین.