سیاسەت لەوە دەرچوە بەتایبەتی لەکۆمەڵگا پێشکەوتوەکاندا، بەتەنها رێکخراوەیەکی بەدسپلین بیبا بەڕێوە، یان کاری بێت. ئەو رێکخراوەیە ئیتر بەهرەمەد دەبێت لە پەیرە و پرۆگرام، کۆت و بەندی جۆراوجۆر.
دەکرێت هەر ئەو کارە بەدسپلینە بەبێ ئەوەی لەسەر پەیرەوپرۆگرام بڕوا، خۆرسکیانە، یان لایەنی کەم لەسەر چەند خاڵی هاوپەش بێت و پێک بێت. زۆر جاریش لەوانەیە گروپێکی هەڵسوڕاوی خەڵک یان کەناڵێکی راگەیاندن (وەک رۆژنامەی هاوڵاتی و ئاوێنە و.. ) ئەنجامی بدەن. ببێتە هۆی هەڵخراندنی بەشێکی زۆری کۆمەڵگا و سەرئەنجام گۆڕانکاری بخولقێنن. کەواتە وەک هەر دیاردەیەکی تر ئەوەی ناوی پارت یان حیزب گۆڕانی گەورەی بەسەردا هاتوە و لەجێی خۆیدا نەماوە.
لە وڵاتانی رۆژهەڵاتدا دیارەدەی حیزبایەتی لەچاو وڵاتینی ئەوروپا ناشیرین تر و دزێوتر خۆ دەنوێنێت، بەگشتی لەبەر ئەوەی ئەو ئامرازە، وەک هەر شتێکی تر بە خراپ و سەقەت بەکاردەهێنرێت، بۆتە ئامرازی دەستی خێڵ و عەشیرەت و بنەماڵە! وای لێدەکرێت ببێتە بەڵای سەر خەڵک! ئامرازێکە لە بناغەدا بۆ خزمەت و رێکخستنی خەڵک دروست بوە، کەچی بەپێچەوانەوە لەدژی خەڵک بەکاردەهێنرێت! بۆیە ناهەقی خەڵک ناگیرێت بەهەمو سیاسەتێک بڵێن درۆ و سیاسییەکانی ناو حیزبەکانیش بەیەکەم درۆزن سەیر بکەن، گومانیان لەڕاستگۆییان هەبێت.
کەواتە بیر لەوە کراوەتەوە کە بەدەر لەو ئامرازە، خەڵک یان ژمارەیەک هەڵسوڕاوی بوارێک لە بوارەکان، دەست بۆ سیاسەت لەدەرەوەی ئەو بازنەیەی ناشیرین کراوە، بەرن، کە پێی دەڵێن حیزب. لەو نمونانە لە میسری عەرەبی بزوتنەوەی بەسە یان دەئیتر بەسە بەرجەستەتریانە.
لەهەرێمی کوردستانیش پاش ساڵەهای ساڵ چەند هەوڵێکی پەرتەوازەی وا چێبوە، و خەمڵیوە، بەڵام زۆر بەهێز نەبوە، و ژیانی نەکردوە! دیارە هۆی بەسەرئەنجام نەگەیشتنی ئەو هەوڵانە زۆرە، کە جێی باسی هەنوکەی ئێمە نییە.
ئەوەی ئێستا لەهەرێمدا دەگوزەرێت، ئەوەی گروپێ یان بزافێک بەناوی گۆڕانەوە، بەهێز و وزەیەکی زۆرەوە هاتۆتە مەیدان، درێژکراوەی ئەو هەوڵانەی پێشوە، کە ئاماژەمان بۆکرد. بۆتە هەراسانکردنی هێزە تەقلیدییەکان هەرێم، بزوتنەوەکە بەهرەمەندە لە چەند خاڵی درەوشاوە؛ لەوانە:
١- کاریزامایی کەسێک و رویەکی ناسراو و لەمێژینەی بزوتنەوەی سیاسی وەک نەوشیروان مستەفایە.
خاڵی درەوشاوەی کەسایەتی رابەرایەتی بزوتنەوەکە، دوای ئەوەی لەناوخۆی کۆنە حیزبەکەیدا نەیتوانی بزوتنەوەی چاکسازی بەسەرکەوتن بگەیەنێت، هەنگاوێکی چاوەڕوان نەکراوی نا، سەپرایسی خولقاند، کە لەنێو سیاستمەدارانی کورددا نوێ بو، وەک چۆن سیاسەتمەدار، وەزیر، سەرەک وەزیرانێکی ئەوروپی دوای شکست لەهەڵبژاردن، دەرکەوتنی کاری گەندەڵی،... واز دەهێنن و ئیستیقالە دەکەن، هەمان گاڤی هەڵهنا، و لە هەمو پەلە و پایەی حیزبی و ماندو بون و مێژوی درێژخایەنی خۆی خۆش بو، هاتە دەرەوە.
٢- گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و ناکارایی بکەرانی سیاسی ئێستا و بێباکی لەئاست ناڕەزایەتی بەرفراوانی خەڵکی، تا ئەو ئاستەی کە قابیلی ئەوەیە لەهەر کاتێکدا بتەقێتەوە و زەرەر لەکۆی ئەزمونەکە بدات.
٣- دەست بردن بۆ ئامرازێکی نوێ کە لە هزری ئەوروپییەوە سەرچاوە دەگرێت. قابیلی پشتیوانی خەڵک و تەنانەت نوخبە - دەستبژێری کۆمەڵگا بە تایبەتی روناکبیران و نوسەر و ئەدیبان بو. ئەو توێژەی کە بەگرانی خۆ دەدەن بەدەستەوە.
٤- لەنێو گۆڕەپانی سیاسی کوردستاندا دو هێزی تەقلیدی زۆر لەمێژەوە، ململانێیانە، هەر یەکەیان بەستایلێک کاریان کردوە و دەیکەن. یەکێتی نیشتمانی کوردستان، درێژکراوەی هزرێکی جیاواز و هاوکات هەجین و ناکامل، بەماتریاڵی و وزەی کوڕوکاڵانی شارە و خاوەن شەهادەکان، پێکهاتوە. تایبەتمەندی و خەسلەتی شارنشینان ئەوەیە؛ گروپی جیاواز پێکەوە دەست لەدەست دەتوانن کاری هاوبەش ئەنجام بدەن.
ئەم رێکخراوە سکۆلار و ناسکۆلارە لەچەند خەسڵەت بەهرەمەندە؛ لەوانە هەر یەکەیان بەجیا لەنێو چینو توێژەکان کار دەکەن، دورونزیک هەلومەرجی کۆمەڵگا لەسەریان کاریگەری دروست دەکات. بۆیە هەردەم لەنێوخۆی ئەو رێکخراوەیەدا ململانێی بەردەم هەست پێکراوە و قابیل بەشاردنەوە و پەردەپۆشکردن نەبوە. ئەم ستایلە نوێیە لە شۆڕشی نوێی چەکداریدا، جەماوەرێکی زۆری لەدەور خۆ کۆکردەوە، بۆ ماوەیەکی دیاری کراو بوە یەکەم کایەکەر و پاڵەوانی گۆڕەپانی سیاسی ئەو کات.
لەقۆناغی راپەڕین، و دەسەڵاتدا، ئەمیش گۆڕا، لەجیاتی ئەوەی هێڵی بەیانی رو لەسەر بچێت، وردەوردە لەهەمو ئەو خاڵە پۆزەتیفانەی تێیدا بو پەشیمان بوە و سڕییەوە، بەشێوەی جۆراوجۆر کەوتە لاسایکردنەوەی باڵی راستی بزوتنەوەی کوردایەتی بەڵام بەشێوەیە کۆمیدییەکەی!
بەر لە چەند ساڵ، ئەو نادادپەروەرییە و فەوزایەی لەکۆمەڵگادا بونی هەبو، لەئاستی خۆی چوە دەرێ، بێتام و بێلەزەت بو، تەحەمول نەدەکرا، لەنێو ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیدا بەشێوەی جۆراو جۆر و تا رادەیەک درێژماوە رەنگی دایەوە، و گێنگڵی خوارد، سەرئەنجام تەقییەوە.
مێژو ئەوە بەخاڵێکی پۆزەتیڤ بۆ ئەو حیزبە و نمونەی وەک ئەو تۆمار دەکات.
بەپێچەوانەی باڵی راستی بزوتنەوەی سیاسی کورد، کە پارتی دیموکراتی کوردستان نوێنەرایەتی دەکات، هیچ جۆرە کاریگەرییەک لەنێو ریزەکانیدا رەنگیان نەدایەوە، وەک ئەوە وایە مێشیش میوانی نەبێت و گرفت و کێشە چارەنەسەرکراوەکانی خەڵکی بەلاوە هیچ و پەشمەک بێت!
٥ - لەهاوکێشەی سیاسیدا، باڵی ناسۆنالیستی ترسی خۆی لە تەوژمی ئیسلامی نەشاردۆتەوە، هەمێشە وەک هێزێکی نەیار و ترسناک بینیویەتی، بەڕێگای جۆراوجۆر لە هەوڵی بەرپێگرتنیدا بوە، بە پشتیوانی بەشێکی زۆری خەڵکی کوردستان و دەوڵەتانی زلهێزی دنیا و هێزە سکۆلارە جۆراوجۆرەکان.
ناکرێت لەکایەیەکدا کە بەرهەمی دنیای مۆدێرنەیە، هێزە گەلێکی نەیار لەدژی خۆی بەکاریبهێنێت، بۆ نمونە یەکێک لەپایەکانی سیستەمی دیموکراسی کە هەڵبژاردنە، لەو رێگایەوە و لەڕێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە دەسەڵات بگرنە دەست، دواتر زۆر بەگران بەقوربانییەکەی زۆرەوە لادەبرێن. کەواتە دروست بونی لیستی گۆڕان وێڕای چەند خاڵی پۆزەتیف، دەتوانرێت وا دابنرێت کە بۆ مژینی دەنگی هەمو ئەو ناڕازیانەیە کە ئیحتماڵە لە داخی ناشیرینییەکانی دەسەڵات دەنگ بەوان بدەن.