(سبه‌ی):
پرۆژه‌ی ئاودێری ناوده‌شت كه كه‌وتۆته ده‌ڤه‌ری پشده‌ر له سنوری شارۆچكه‌ی سه‌نگه‌سه‌ر، به گه‌وره‌ترین پرۆژه‌ی ئاودێری كشتوكاڵی له‌سه‌ر ئاستی پارێزگای سلێمانی داده‌نرێت و نزیكه‌ی 10 هه‌زار دۆنم زه‌وی كشتوكاڵی به‌راو ده‌كات، به‌مه‌ش بهروبومێكی زۆری جۆراوجۆری كشتوكاڵی له ته‌واوی وه‌رزه‌كانی لێ به‌رهه‌م ده‌هێنرێت، به‌ڵام به‌هۆی كه‌مته‌رخه‌می و ئاوڕلێنهدانهوهی حكومه‌ت، ئه‌و پرۆژه گرنگه به‌ره‌و له‌ناوچون و وێرانبون چوه و جوتیارانی ناوچه‌كه‌ش به‌و هۆیه‌وه نیگه‌رانن و حكومه‌ت به كه‌مته‌رخه‌م ده‌زانن.
له‌وباره‌یه‌وه ئه‌حمه‌د حسێن كه یه‌كێكه له جوتیارانی ناوچه‌كه به‌سبه‌ی راگه‌یاند: ئه‌و پرۆژه‌یه گه‌وره‌ترین پرۆژه‌ی ئاودێریه له سنوری پارێزگای سلێمانی، ته‌نانه‌ت له سه‌رده‌مانی حكومه‌تی عێراقیشدا به‌روبومی كشتوكاڵی ئه‌و ناوچه‌یه به‌هه‌مو جۆراكانیهوه زۆر و به‌ناوبانگ بو، به‌تایبه‌تی توتنی ئه‌و ناوچه‌یه به‌باشترین توتن داده‌نرا له‌سه‌ر ئاستی هه‌مو پارێزگاكانی عێراق، به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌ئێستادا و له‌سه‌رده‌می حكومه‌تی خۆماڵیدا، ئه‌و پرۆژه گه‌وره‌یه كه‌یه‌كێكه له سه‌رمایه به‌نرخه‌كانی وڵاته‌كه‌مان به‌ره‌و له‌ناوچون و وێران بون ده‌چێت و به‌مه‌ش جوتیارانی ده‌ڤه‌ره‌كه ناتوانن به‌روبومی كشتوكاڵیی له‌به‌ر بكه‌ن، به‌مه‌ش وازیان له پیشه‌ی جوتیاری هێناوه خه‌ریكی كاسبی و كاری دیكه‌ن.
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه محه‌مه‌د هه‌مزه مه‌حمود لێپرسراوی فه‌رمانگه‌ی ئاودێری سه‌نگه‌سه‌ر هه‌واڵه‌كه‌ی پشتڕستكردهوه و له‌لێدوانێكدا بۆ سبه‌ی رایگه‌یاند: له راستیدا ئه‌و پرۆژه ئاودێرییه به‌گه‌وره‌ترین و فراوانترین پرۆژه‌ی ئاودێری كشتوكاڵی داده‌نرێت له پارێزگای سلێمانی، به‌ڵام هۆكاری وێرانبون و تێكچونی ئه‌و پرۆژه گه‌وره و به‌نرخه بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه حكومه‌تی هه‌رێم نه‌یتوانیوه خزمه‌ت به‌م سه‌رمایه گشتییه‌ی وڵاته‌كه‌مان بكات.
وتیشی: ئێمه وه‌ك فه‌رمانگه‌كه‌مان چه‌ندین جار له‌مباره‌یه‌وه داوای ئاوڕلێدانه‌وه و چاككردنمان كردوه بۆ ئه‌وه‌ی كێشه و گیروگرفته‌كانی ئه‌و پرۆژه‌یه چاك بكرێن، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا لایه‌نی به‌رپرس به‌ده‌نگمانه‌وه نه‌هاتوه و هیچ هه‌وڵێك بۆ چاككردنه‌وه و ئاوڕلێدانه‌وه‌ی پرۆژه‌كه له‌ئارادا نیه.
هۆگر عومه‌ر