 |
|
Tuesday, March 10, 2009 |
|
لایه‌نه كوردییه‌كانی سوریا به‌نیازن داواكارییه‌كانیان یه‌كبخه‌ن و پێشكه‌شی ئیداره‌ی نوێی ئه‌مه‌ریكای بكه‌ن |
(سبه‌ی):
ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستانی سوریا كه له ساڵی 2006 له شاری برۆكسل دامه‌زراوه و له ده‌ره‌وه درێژه به كار و چالاكییه‌كانی ده‌دات، داوای ئه‌نجامدانی كۆبونه‌وه‌یه‌كی فراوان ده‌كات له نێوان لایه‌نه كوردییه چالاكه‌كانی سوریا له پێناو یه‌كخستنی داواكارییه‌كان و پێشكه‌شكردنیان به ئیداره‌ی نوێی ئه‌مه‌ریكا.
ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی كوردستانی سوریا كه له‌لایه‌ن شێركۆ عه‌باسه‌وه سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت، له به‌یاننامه‌یه‌كدا كه ئاژانسی هه‌واڵی (ئاكی)ی ئیتالی بڵاویكرده‌وه، رایانگه‌یاندوه: گفتوگۆكانی رابردوی نێوان ئه‌نجومه‌ن و ئیداره‌ی نوێی ئه‌مه‌ریكا و داموده‌زگا ئه‌مه‌ریكییه‌كان، به‌گشتی ئه‌نجامی باشیان لێكه‌وتۆته‌وه و ته‌ئكیدیش له‌سه‌ر ئه‌وه كراوه‌ته‌وه كه له‌و كۆبونه‌وانه‌دا كۆمه‌ڵێك مه‌رج دیاریكراوه، گه‌ربێتو ئه‌و مه‌رجانه به‌دی بهێنرێن، ئه‌وا نه‌ك ته‌نیا كورده‌كانی سوریا، به‌ڵكو سه‌رجه‌م هاوڵاتیانی سوریا لێی سودمه‌ند ده‌بن.
هه‌ر له‌و كۆبونه‌وه‌ی نێوان ئه‌و ئه‌نجومه‌نه و ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكادا مه‌رجی ئه‌وه دانراوه كه پێویسته كورده‌كان كۆببنه‌وه و ئامانج و داواكارییه‌كانیان یه‌كبخه‌ن و پێشكه‌شی ئیداره‌ی نوێی ئه‌مه‌ریكای بكه‌ن تاوه‌كو له دانوستانه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و سوریادا ره‌چاو بكرێن.
هه‌ر له به‌یاننامه‌كه‌دا ئاماژه به‌وه‌شكراوه كه پێشتر ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستانی سوریا به‌شێوه‌ی نهێنی ئه‌و داواكارییه‌كانی ئاراسته‌ی لایه‌نه كوردییه‌كانی سوریا كردوه بۆ ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن حكومه‌تی سوریاوه روبه‌ڕوی سزا نه‌بنه‌وه، به‌ڵام له ئێستادا به‌شێوه‌یه‌كی ئاشكرا داواكارییه‌كان ئاراسته‌ی لایه‌نه كوردییه‌كان ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م هاوڵاتیانی كوردیش لێی ئاگادار بن.
جێی ئاماژه‌یه له سوریا نزیكه‌ی 12 حیزبی كوردی هه‌ن كه سه‌رجه‌میان رێگه‌پێنه‌دراون و هه‌ندێكیان ژماره‌ی ئه‌ندامه‌كانیان له 10 كه‌س تێپه‌ڕ ناكه‌ن، ئه‌و حیزبه كوردییانه‌ش به‌زۆری هاریكاری لایه‌نه ئۆپۆزسیۆنه‌كانی سوریا ده‌كه‌ن
|
|
|
|