 |
|
Saturday, October 24, 2009 |
|
تۆڕی (عه‌ین) داوا له ئه‌نجومه‌نی سیاسی ده‌كات به تاوتوێكردنی مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوكه‌وه كات به‌فیڕۆنه‌دات |
(سبه‌ی):
تۆڕی (عه‌ین) بۆ چاودێریكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كان له عێراق رایگه‌یاند: كێشه‌ی كه‌ركوك له یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كاندا له‌لایه‌ن هه‌ندێك قه‌واره‌ی سیاسییه‌وه خوڵقێنراوه و مه‌به‌ست لێی گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ یاسای هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2005و پیاده‌كردنی سستمی لیستی داخراو، داواشی له ئه‌نجومه‌نی سیاسیی ئاسایشی نیشتیمانی كرد كات به تاوتوێكردنی مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوكه‌وه به‌فیڕۆنه‌دات.
له به‌یاننامه‌یه‌كی تۆڕی عه‌یندا هاتوه: له‌كاتێكدا په‌رله‌مان مشتومڕی دانانی یاسای هه‌ڵبژاردنی ئاراسته‌ی ئه‌نجومه‌نی سیاسیی ئاسایشی نیشتیمانی كردوه به‌هۆی كێشه‌یه‌كه‌وه كه له‌ژێر ناوی كێشه‌ی پارێزگای كه‌ركوكدا خوڵقێنراوه، تۆڕی عه‌ین بۆ چاودێریكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كان داوا له ئه‌نجومه‌نی سیاسی ده‌كات كه كات به تاوتوێكردنی ره‌وشی پارێزگای كه‌ركوكه‌وه به‌فیڕۆ نه‌دات.
به‌یاننامه‌كه له زاری موهه‌نه‌د نه‌عیم سه‌رۆكی ده‌زگای كارگێڕیی تۆری‌ِ ناوبراوه‌وه رایگه‌یاندوه: چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كه‌ركوك له رێگه‌ی ده‌قه ده‌ستورییه‌كانه‌وه ده‌بێت و پێویست ناكات له یاسای هه‌ڵبژاردندا تاوتوێ بكرێت.
موهه‌نه‌د ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه: ئه‌و قه‌یرانه‌ی له ژێر ناوی كێشه‌ی كه‌ركوكدا خوڵقێنراوه قه‌یرانێكی راسته‌قینه نییه و هه‌وڵی هه‌ندێك له قه‌واره سیاسییه‌كانه بۆ هێشتنه‌وه‌ی سستمی لیستی داخراو.
ناوبراو رونیشیكردۆته‌وه: ئه‌گه‌ر له ماوه‌ی چه‌ند رۆژی داهاتودا یاساكه په‌سه‌ند نه‌كرێت، ئه‌وا ده‌بێت كار به یاسای هه‌ڵبژاردنی ژماره 16ی ساڵی 2005 بكرێت كه تێیدا كێبڕكێ به لیستی داخراو ده‌بێت و هه‌ر پارێزگایه‌كیش به بازنه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن داده‌نرێت.
موهه‌نه‌د نه‌عیم داوای له په‌رله‌مان كردوه په‌له بكات له په‌سه‌ندكردنی یاسای هه‌ڵبژاردن به‌پێی سستمی لیستی كراوه و هێشتنه‌وه‌ی ژماره‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان به‌م شێوه‌یه‌ی كه ئێستا هه‌یه و پیاده‌كردنی سیستمی ده‌نگدانی جێگیر واته نه‌جوڵاو.
ناوبراو داواشی له هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تی كردوه لیژنه‌یه‌ك پیكبهێنن بۆ پێداچونه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران له پارێزگای كه‌ركوك كه به‌م دواییه نوێ كراوه‌ته‌وه.
|
|
|
|