(سبه‌ی):
تائێستاش ناكۆكییه‌كانی نێوان لایه‌نه عێراقییه‌كان له‌سه‌ر یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان و هه‌ڵبژاردن له پارێزگای كه‌ركوك به‌رده‌وامه، كۆمسیۆنیش په‌رله‌مانی ئاگاداركردۆته‌وه كه تا پێنج شه‌ممه یاساكه په‌سه‌ند نه‌كرێت ناتوانن له كاتی خۆیدا هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بده‌ن، هاوكات توركمان و عه‌ره‌به‌كان سورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه پشت به ئاماری ساڵی 2004 ببه‌سترێت، كوردیش به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ك ئه‌وه ره‌نده‌كاته‌وه.
ئه‌حمه‌د مه‌سعودی په‌رله‌مانتاری عێراقی له كوتله‌ی سه‌در رایگه‌یاند: كوتله‌ی سه‌در رازی نییه یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان تێپه‌ڕێنرێت ئه‌گه‌ر بارێكی تایبه‌ت بۆ هه‌ڵبژاردن له‌كه‌ركوكی تێدا نه‌چسپێت، وتوشیه‌تی ئه‌وه ئاشكرایه كه كورده‌كان ده‌یانه‌وێت كه‌ركوك بخه‌نه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، هه‌ربۆیه‌ش ده‌سكاری تۆماری ده‌نگده‌ران له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌واندا كراوه.
پێشتریش په‌رله‌مانتارانی كورد ئه‌وه‌یان راگه‌یاندوه كه رازی نین كه بارێكی تایبه‌ت به‌سه‌ر كه‌ركوكدا بسه‌پێنرێت، مه
سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانیش له مه‌ڕاسیمی سوێندخواردنی كابینه‌ی نوێ‌دا رایگه‌یاند كه "به‌هیچ شێوه‌یه‌ك قبوڵ ناكه‌ین بارێكی تایبه‌ت به‌سه‌ر كه‌ركوكدا بسه‌پێنرێت، چیش ده‌بێت باببێت".
چه‌ند رۆژێكیش له‌مه‌وبه‌ر ئازاد چالاك په‌رله‌مانتاری عێراقی له‌سه‌ر لیستی هاوپه‌یمانی كوردستان به سبه‌ی راگه‌یاند: "هه‌مو ئه‌و پێشنیارانه‌ی كه له‌لایه‌ن كوتله‌یه‌ك له كوتله‌كانه‌وه ئه‌كرێت سودی نیه و سه‌رناگرێت، له به‌رئه‌وه‌ی زۆربه‌ی زۆری كوتله‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یان كه ئه‌م كێشه‌یه به مه‌سه‌له‌ی به‌یانێك یان ئیمزا كۆكردنه‌وه ته‌نانه‌ت ده‌نگدانیش له‌ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به زۆرینه سه‌رناگرێت، له به‌رئه‌وه‌ی ئه‌بێت هه‌مو پێكهاته‌كان و هه‌مو كوتله سیاسیه‌كان له سه‌ر سیغه‌یه‌ك رێك بكه‌ون، هه‌ر ئه‌وه‌شه كه وایكردوه كه یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق دوابكه‌وێت".
له‌لایه‌كی تره‌وه محه‌مه‌د مه‌هدی ئه‌مین به‌یاتی په‌رله‌مانتاری توركمان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به ئاژانسی (العراق بیتنا)ی راگه‌یاندوه: ئه‌و لێدوانه‌ی فه‌ره‌ج حه‌یده‌ری كه ده‌ڵێت، تۆماری ده‌نگده‌رانی ساڵی 2004مان لانه‌ماوه ئه‌وه رونه
كه مه‌به‌ستی سیاسی له‌پشته، چونكه حه‌یده‌ری پله‌ی حیزبی هه‌یه له یه‌كێك له حیزبه كوردییه‌كاندا.
وتوشیه‌تی: ده‌بێت بۆ هه‌ڵبژاردن له كه‌ركوك پشت به تۆماری ده‌نگده‌رانی 2004 ببه‌سترێت، ئه‌وه‌ی كه فه‌ره‌ج حه‌یده‌ریش ده‌یڵێت كه تۆماره‌كه‌یان نه‌ماوه ئه‌وه وه‌رقه‌یه‌كی سوتاوه، چونكه ئه‌و ئامارانه هه‌موی له وه‌زاره‌تی پلاناندانان و بازرگانی ماون و پارێزراون.
هاوكات عه‌بد موتڵه‌گ جبوری په‌رله‌مانتارێكی عێراقی له فراكسیۆنی عه‌ره‌بیی سه‌ربه‌خۆ بۆ دیالۆگ، رایگه‌یاند: كه سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان له‌كۆبونه‌وه‌دایه له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی یاسایی بۆ تاوتوێكردنی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان، رونیشیكرده‌وه كه له كۆبونه‌وه‌كه‌دا پێشنیاری پشتبه‌ستن به تۆماری ده‌نگده‌رانی ساڵی 2009 بۆ هه‌ڵبژاردنی پارێزگای كه‌ركوك تاوتوێ ده‌كرێت.
عه‌بد موتڵه‌گ جبوری به ئاژانسی (ئه‌سوات ئه‌لعیراق)ی وتوه: "ئێستا سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان له‌كۆبونه‌وه‌دایه له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی یاسایی بۆ تاوتوێكردنی یاسای هه‌ڵبژاردن‌و بابه‌تی كۆبونه‌وه‌كه‌ش تایبه‌ته به پێشنیاری پشتبه‌ستن به تۆماری ده‌نگده‌رانی ساڵی 2009".
جبوری ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه "ئه‌ندامانی عه‌ره‌ب‌و توركمان ئه‌و پێشنیاره ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه”، به‌دوریشی زانی "ئه‌ندامان ئه‌مڕۆ بگه‌نه رێكه‌وتنێك یان ته‌نانه‌ت یاساكه بخه‌نه به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌وه".
دوێنێش قاسم عه‌بودی سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی هه‌ڵبژاردن له كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان رایگه‌یاند: بۆئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌كاتی خۆیدا ئه‌نجام بدرێت، كۆمسیۆن رۆژی پێنج شه‌ممه‌ی داهاتوی وه‌ك دوا واده داناوه بۆ په‌رله‌مان كه یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان په‌سه‌ند بكات و بیداته كۆمسیۆن، ئه‌گه‌رنا كۆمسیۆن ناتوانێت هه‌ڵبژاردن له 16-1-2009 ئه‌نجام بدات.