راپۆرت 06:27 - 16/01/2019

وردەکاریی ناوچەی ئارام لە رۆژئاوای کوردستان

+ -

(سبەی):

راپۆرت: بەهادین یوسف

"ناوچەیەکی ئارام بە درێژایی 20میل لەسەر سنوری تورکیا و سوریا دادەمەزرێنین"، بەم پەیامە تویتەریەی رۆژی دوشەممە دۆناڵد ترەمپ پرسی دروستکردنی ناوچەیەی ئارامی لەسەر سنوری رۆژئاوای کوردستان تورکیا هێنایە ئاراوە.

بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە رۆژئاوای کوردستان و باکوری سوریا، کاردانەوەی ناوخۆیی و جیهانیی بەدوای خۆیدا هێنا، ترسی سەرەکی هەڕەشەکانی ئەردۆغان بو بۆ هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان و شەڕڤانانی هەسەدە کە قوربانییەکی زۆریان لە شەڕی داعشدا داوە.

بەرپرسانی ئەمەریکا لەسەر ئاستی وەزارەتی بەرگری و دەرەوە و کۆنگرێسی ئەو وڵاتە داوایان لە ترەمپ کرد، کورد کە هاوپەیمانی سەرەکییە لە شەڕی تیرۆر لە هەڕەشەی و هێرشەکانی تورکیا بپارێزێت، دوای پەیامی ترەمپیش هەڕەشەی لەناوبردنی ئابوری تورکیا و دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام بو بە درێژایی (20) میل لەسەر سنورەکانی سوریا و تورکیا، وەک چارەسەرێک بۆ پاراستنی کورد و رۆژئاوای کوردستان لە هەر پەلامارێکی چاوەڕوانکراوی تورکیا.

ناوچەی ئارام کوێ دەگرێتەوە؟

  

بەپێی چەند سەرچاوەیەکی هەواڵ، ناوچەی ئارام شار و ناوچەکانی حەڵەب و ئیدلەب و رەققە دەگرێتەوە بەدریژایی (460) کیلۆمەتر و بە قوڵایی (32) کیلۆمەتر.

بەپێی ئەو روماڵە، ناوچەی ئارام لە مەنبجەوە دەستپێدەکات و بەدرێژایی سنورەکانی رۆژئاوای کوردستان تادەگاتە سنوری عێراق و ناوچەکانی قامیشلۆ، سەرێکانی، تەلتەمر، درباسییە، عامودا، وەردیە، تەلحەمیس، قەحتانییە، یەعریبیە، مالکیە لە سنوری حەسەکە و کۆبانی لە حەڵەب و ناوچەی گرێ سپی لە پارێزگای رەققە دەگرێتەوە.

مەترسی هەیە تورکیا کۆنتڕۆڵی بکات

رامی‌ عه‌بدولڕه‌حمان به‌ڕێوه‌به‌ری‌ روانگه‌ی‌ سوری‌ بۆ مافه‌كانی‌ مرۆڤ رونی کردەوە؛ ناوچه‌ی‌ ئارام كه‌ به‌ قوڵایی‌ زیاتر له‌ (30) كیلۆمه‌تر ده‌بێت بۆ ناو خاكی‌ سوریا، له‌ بنه‌ڕه‌تدا داواكاریی‌ توركیایه‌ بۆ دورخستنه‌وه‌ی‌ هێزه‌ كوردییه‌كان له‌سه‌ر سنورەکانی و مەترسییش هەیە هەر لە بنەڕەتدا ئەو ناوچەیە بکەوێتە ژێر کۆنتڕۆڵی تورکیاوە.

بەپێی پێشبنییەکانی روانگەی سوریی، ناوچه‌ی‌ ئارام له‌ شارۆچکەی مه‌نبجەوە‌ درێژ ده‌بێته‌وه‌ و ده‌گاته‌ سنوره‌كانی‌ سوریا و عێراق و به‌ناوچه‌ی‌ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری‌ رۆژئاوادا تێده‌په‌ڕێت كه‌ له‌لایه‌ن ئەنجومەنی سوریای دیموکراتەوە به‌ڕێوه‌ده‌برێت.

سەبارەت بەو پرسەش رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند: لە دوای پەیوەندیی تەلەفۆنیدا کە رۆژی سێشەممە (15/1/2019) لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ ئەنجامیداوە لێکتێگەیشتن دروست بوە بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام لە باکوری سوریا بۆ رەواندنەوەی گرژییەکان و دورخستنەوەی مەترسیی پێکدادان.

لە وتەیەکیشدا کە لەبەردەم فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا پێشکەشی کرد، ئەردۆغان رایگەیاند: لەسەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ روسیا، ئەو پرسە لەگەڵ ڤلادیمێر پۆتن تاوتوێ دەکات و ئامانجیان ئەوەیە بە درێژیی (32) کیلۆمەتر ناوچەیەکی ئارام لەناو خاکی سوریا و سەرسنورەکانی تورکیا دروست بکەن و مەترسی "تیرۆر" لە وڵاتەکەیان دروبخەنەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی ئەنادۆڵ؛ مانگی ئایاری ساڵی (2013) و لەکاتی سەردانەکەی بۆ واشنتۆن، ئەردۆغان پێشنیازی دروستکردنی ناوچەی ئارامی داوەتە بەرپرسانی واشنتۆن بۆ پاراستنی ئەو ئاوارانەی لە ناو سوریا لە ترسی شەڕ لەو وڵاتە هەڵدێن.

رۆژئاوای کوردستان مەرجی هەیە

بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستان گومانیان لە ناوچەی ئارام هەیە و داوا دەکەن رێگە بە تورکیا نەدرێت کۆنتڕۆڵی ئەو ناوچەیە بەدەستەوە بگرێت و ناوچەکە بخرێتە ژێر چاودێریی نێودەوڵەتییەوە.

ئاڵدار خەلیل بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی تەڤگەری کۆمەڵگەی دیموکراتی (تەڤدەم) رایگەیاند: تورکیا دەیەوێت کۆنتڕۆڵی ناوچەی ئارام لە سنوری نێوان سوریا و تورکیا بگرێتەدەست و ئامانجەکانی بۆ داگیرکردنی ئەو ناوچانە بهێنێتەدی.

راشیگەیاند: ئەگەر ئەمەریکا پشتیوانیی لە پێکهێنانی ناوچەی ئارام دەکات دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرێت کە هێزێکی نێودەوڵەتی ئەو ناوچانە بپارێزن، چونکە ئەگەر ئەو ناوچەیە بکەوێتە ژێر دەستی تورکیا ئەوا مەترسیی بۆ رۆژئاوای کوردستان و باکوری سوریا دروست دەبێت.

هەر لەوبارەیەوە، ساڵح موسلیم بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی یەکێتی دیموکراتی سوریا (پەیەدە) رایگەیاند: هەڵوێستی بەرپرسانی ئەمەریکا لەسەر دانوستانەکان و پێکهێنانی ناوچەی ئارام  رون نییە و پێکهێنانی ئەو ناوچەیە وەک رازیکردنی ئەنقەرەیە لەلایەن واشنتۆنەوە.

رونی کردەوە؛ دروستکردنی ناوچەی ئارام بە قوڵایی (30) کیلۆمەتر لە سنورەکانی نێوان سوریا تورکیا رون نییە، بەڵام تورکیا بە بەردەوامی ئامانجی داگیرکردنی رۆژئاوای روباری فورات و باکوری سوریا بوە، بۆیە دروستکردنی ئەو ناوچەیە ئەگەر لەسەر خواستی کورد بێت و لەلایەن هێزەکان کورد، یان هێزى نێودەوڵەتییەوە بەڕێوەببرێت لە بەرژەوەندییان دەبێت.

هەسەدە: لەژێر چاودێریی نێودەوڵەتیدا بێت

هەر سەبارەت بە پرسی ناوچەی ئارام لەسەر سنورەکانی تورکیا و باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) جەختی کردەوە؛ لەسەرەتای شەڕی داعشەوە بە پشتیوانیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەرکیان پاراستنی سەرجەم پێکهاتەکانی باکور و باکوری رۆژهەڵاتی سوریا بوە، ئەو ناوچانەش ئارامترین و تاکە ناوچەیە کە سەرجەم پێکهاتەکانی سوریا پێکەوە و بە ئاشتی تێدا دەژین و هیچ مەترسییەکیان بۆ سەر دراوسێیەکانیان دروست نەکردوە.

هەسەدە؛  ئامادەی هاوکاریی و پاڵپشتی نیشانداوە بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام لە باکور و باکوری رۆژهەڵاتی سوریا بۆ پاراستنی سەرجەم نەتەوە و پێکهاتە ئیتنییەکان لە مەترسیی کۆمەڵکوژیی و بە گرەنتی و چاودێریی نێودەوڵەتی لەپێناو بەرقەرارکردنی ئارامی و سەقامگیریی و رێگریی کردن لە دەستوەردانی دەرەکی.

"داگیرکاریی تورکیایە بەناوێکی دیکەوە"

بەدران چیاکورد، راوێژکاری خۆبەڕێوەبەری کورد لە باکوری سوریا، دانانی ناوچەیەکی ئارام لەناو خاکی سوریا رەتدەکاتەوە رادەگەیەنێت: دروستکردنی ئەو ناوچەیە بەمانای داگیرکاریی تورکیایە بەڵام بە ناوێکی دیکەوە.

وتیشی :"خۆبەڕێوبەریی رۆژئاوای کوردستان دروستکردنی ئەو ناوچەیە رەتدەکاتەوە تەنها لە حاڵەتێکدا ئەگەر لەژێر چاودێریی نەتەوەیەکگرتوەکان و جێگیرکردنی هێزێکی نێودەوڵەتیدا نەبێت، یان هێزەکانی سوپای سوریا لەو ناوچانە جێگیر بکرێن".