راپۆرت 11:04 - 10/02/2019

ڤەنزوێلا؛ وڵاتی دو سەرۆک

+ -

(سبەی):
ئامادەکردن؛ هەڵمەت محەمەد

زیاتر لە (15) رۆژە، دانیشتوانی ڤەنزوێلا لەنێوان دو سەرۆك و دو شەرعییەتی جیاوازدا ژیان دەکەن، دو سەرۆك كە تەواوی دونیایان دابەشكردوە بەسەر دو بەرەی ناكۆك و دژ بەیەك و هەر یەكێكیان پاساو و بەهانەی خۆی هەیە بۆ درێژەدان بەدەسەڵاتی سەرۆكایەتی خۆی، ناكۆكی ئەم دو سەرۆكە سەرلەنوێ بەرجەستەكاری جەمسەرگیری كەشی جەنگی ساردە كە هەر دو زلهێزی جیهان ئەمەریكاو روسیا نماییندەی ئەكەن.

ڤەنزوێلا جگە لەوەی خاوەنی گەورەترین گەنجینەی نەوتە لە جیھاندا. دەوڵەمەندە بە بونی سەرچاوەیەکی زۆری ئاڵتون و خەڵوزو ئاسن و غازیش، بەڵام ئەمڕۆ دەوڵەتێکی شکستخواردوە و نەبونی خۆراک و پێداویستییە سەرەتاییەکان تەنگی بە زۆرینەی زیاتر لە (30)ملیۆن دانیشتوانی وڵاتەکە ھەڵچنیوە. لەپاڵ قەیرانی توندی ئابوری بەهۆی ناسەقامگیریی و نا ئارامی سیاسی و دوایین پێشهاتە نوێكانی وڵاتەكەیان و نادیاری بارودۆخەكە، رۆژانە پێنج هەزار هاوڵاتی ڤەنزوێلی وڵاتەكەیان بەجێدەهێڵن و پەنا بۆ بەرازیل و كۆڵۆمبیاو ئیكوادۆر و پیرۆ دەبەن.

 

دانیشتوانی ڤەنزوێلا لەنێوان دو سەرۆكدا ژیان ئەكەن

ڤەنزوێلا کە خاوەنی (297) ملیار بەرمیل یەدەگی نەوتەو بە یەكێك لە وڵاتە گەورەكانی هەناردەكاری نەوت دادەنرێت، بەڵام لەساڵی رابردوەوە روبەڕوی قەیرانێكی سیاسی قوڵ بوەتەوە، جگە لەوەش ماوەی چەند ساڵێكە هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە لە قەیرانێكی ئابوری سەختدان‌و لەئێستاشدا رێژەی لەسەدا (87)ی هاوڵاتیانی  ڤەنزوێلا لەژێر هیڵی هەژاریدا دەژین. وڵاتەکەش کەوتوەتە ژێر قەرزێکی (150) ملیار دۆلاری و سندوقی دراوی نێودەوڵەتیش هۆشداری خراپتربونی دۆخی دارایی‌و ئابوری ڤەنزوێلا دەدات ‌و پێشبینی دەكات رێژەی هەڵئاوسان لەو وڵاتە بۆ لەسەدا  (20) بەرز ببێتەوە.

وڵاتێک لە نێوان دو سەرۆکدا
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە (23-1-2019)، خوان گوایدۆ، سەرۆکی پەرلەمانی ڤەنزوێلا خۆی وەک سەرۆکی وڵاتەکەی بە وەکالەت، راگەیاند، ئەوە لەكاتێكدایە مادۆرۆش خۆی بە سەرۆك دادەنێ و تائێستا ئەو كێشەیە یەكلا نەبۆتەوە، واتە دانیشتوانی ڤەنزوێلا لەنێوان دو سەرۆكدا ژیان ئەكەن.

خوان گوایدۆ
سەرۆکی پەرلەمانی ڤەنزوێلا کە وەک سەرۆکی شەرعی وڵات خۆی ناساندو سوێندی یاسایی خوارد، ئەندازیاری پیشەسازییە. ساڵی (1983) لە ویلایەتی ڤارگاسی باکور لەدایک بوە.
بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە وڵاتەکەی خۆی و ماجستێری لە واشنتۆن بەدەستهێناوە.
ساڵی (2009) لە رێگەی بزوتنەوەی خوێندکارانی دژ بە دەسەڵاتەوە دەرکەوتوە و هەمان ساڵ پارتی ئیرادەی گەلی دروستکردوە.
لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ساڵی (2015) وەک پەرلەمانتار هەڵبژێردراوە.
کۆتایی ساڵی رابردو، وەک سەرۆکی لیژنەی پەرلەمانیی بۆ لێکۆڵینەوە لە گەندەڵییەکانی مادۆرۆی سەرۆک دیاریکراوە و سەرەتای ئەمساڵیش وەک سەرۆکی پەرلەمانی ڤەنزوێلا هەڵبژێردرا.
لەگەڵ دەستبەرکاربونی، شەڕی دژی گەندەڵیی و دەسەڵاتەکانی مادۆرۆ راگەیاند و ژمارەیەک یاسای بۆ روبەڕوبونەوەی سەرۆک و بلۆک کردنی سامانەکەی لە دەرەوەی وڵات دەرکرد.

نیکۆلاس مادۆرۆ
ساڵی (1962) لە کاراکاسی پایتەختی ڤەنزویلا لەدایک بوە.
لەماوەی نێوان 2006 بۆ 2013 وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی بوە.
مادۆرۆ لە مانگی کانونی یەکەمی ساڵی (2012) وەک جێگری سەرۆک کۆمار دیاریکرا.رۆژی هەشتی دیسەمبەری 2012 چاڤێز لەوتارێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند: باری تەندروستیی ناجێگیرە بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە.
هەمو دەسەڵاتەكانی سەرۆكی دایە نیكۆلاس مادۆرۆی جێگری تا كاتی هەڵبژاردنی داهاتو.
لە مانگی ئازاری ساڵی (2013) و دوای کۆچی دوایی هۆگۆ چاڤێزی سەرۆکی پێشوی وڵات دەسەڵاتی گرتوەتە دەست.

لە کەڵەکەبونی قەیرانی ئابورییەوە بۆ ململانێی قوڵی سیاسی
نیکۆڵاس مادۆرۆ کە بەسەرکردەی چەپڕەوەکان دێتە هەژمارو بەرەی روسیا پشتگیری دەکەن، ئامادە نییە دەستبەرداری پۆستەکەی بێت، خوان گوایدۆی راستڕەویش کە ئەمەریکا پشتیوانی دەکات رایگەیاندوە، چیتر نیکۆڵاس مادۆرۆ دەسەڵاتی سەرۆکایەتیی ڤەنزوێلای نەماو لەسەر کار لادراوە. دوای ئەو روداوە، هەریەکە لە ئەمەریکا و کۆڵۆمبیا و کەنەدا و ئیکوادۆر و پاراگوای و چیللی و بەرازیل و پەنەما و ئەرجەنتین و کۆستاریکاو گواتیمالاو هندۆراس و جۆرجیا و مەغریب و پیرۆ دانیان بە خوان گوایدۆ وەک سەرۆکی ڤەنزوێلا بە وەکالەت، دانا.

لە بەرامبەردا، روسیاو چین و مەکسیک و بیلاروسیاو کوباو ئێران و سوریاو تورکیاو یۆنان و ئۆرۆگوای و پۆلیڤیاو سڤادۆرو نیکاراگوا دان بە سەرۆکی ڤەنزوێلا بە وەکالەت نانێن و تا ئێستاش نیکۆڵاس مادۆرۆی سەرۆکی وڵاتەکە، بە سەرۆک دادەنێت.
بەشێکی دیکەی وڵاتانیش تا ئێستا بە بێدەنگی ماونەتەوەو بەشێکیش داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەو وڵاتە دەکەن.

لەسەر ئاستی ناوخۆی وڵاتیش وەزارەتی بەرگریی ڤەنزوێلا رایگەیاندوە، کە سوپای وڵات پارێزگاریی لە رژێمی حوکمڕان دەکات و خۆ بە سەرۆک ناساندنی خوان گوایدۆ رەت دەکاتەوە.

ئەو روداوانە دوای داتەپینی باری دارایی و رەوشی ئاسایشی ڤەنزوێلا و کوژرانی (13) خۆپیشاندەر بە گولەی هێزە ئەمنییەکان دروست بون و زۆرینەی خەڵکی وڵاتەکە داوای دەست لەکار کێشانەوەی سەرۆکەکەیان دەکەن.

هەروەک ئاژانسە جیهانییەکان بڵاویان کردوەتەوە، دوای خۆپیشاندانەکان و خۆ بە سەرۆک ناساندنی سەرۆکی پەرلەمان و داننانی ئەمەریکا پێی، نیکۆڵاس مادۆرۆ مۆڵەتی (72) سەعاتی بۆ دیپلۆماتکارانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە کاراکاسی پایتەختی وڵاتەکەی دانا، بۆ جێهێشتنی ڤەنزوێلا.

لە قەیرانی ناوخۆییەوە بۆ دەستێوەردانی نێودەوڵەتی
لەمێژە پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و ڤەنزویلا بارێکی تەندروستی بەخۆوە نەگرتوەو ئەو دابەشبونەی وڵاتانیش بەسەر دو گروپی جیاوازدا لەبارەی داننان بە خوان گوایدۆ وەک سەرۆکی بەوەکالەت و مانەوەو شەرعییەتی مادۆرۆدا دەرخەری ئەو راستییەن فەنزوێلاش کەوتوتە نێوان ململانێیەکی گەورەتر کە روسیاو ئەمەریکا لە پشتییەوەن، دور نییە دۆخی سوریا لەوێش دوبارە نەکەنەوە، چونکە دوای گوتارەکەی گوایدۆ و سوێندخواردنی وەک سەرۆکی وڵات، ترەمپ دەستبەجێ دانی پێدانا وەک سەرۆکی فەرمی ڤەنزوێلا. بە راگەیەندراوێكی فەرمی کۆشکی سپییەوە، ترەمپ وتی "ئەمڕۆ من بە فەرمی دان بە خوان گوادیۆ، سەرۆکی پەرلەمانی ڤەنزوێلا وەک سەرۆکی کاتی ئەو وڵاتەدا دەنێم".

لە وەڵامی ترەمپدا، نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا بڕیارێكی دەرکرد بەبڕینی پەیوەندییە دیپلۆماسی و سیاسییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ حکومەتی "ئیمپریالی ترەمپ" و دەرکردنی سەرجەم ستافە دیپلۆماسی و کۆنسوڵگەرییەکانیان لە ڤەنزوێلا، ئەوان (72) سەعاتیان هەیە تاوەکو بڕۆنە دەرەوە.

لای خۆشییەوە جۆن بۆڵتۆن، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی كۆشكی سپی رایگەیاند، بەو پێیەی واشنتۆن خوان گوایدۆی وەك سەرۆك كۆماری شەرعی ڤەنزویلا بە فەرمی ناساندوە، پێویستە سەرچاوەكانی داهات لە دەست مادۆڕۆ دەربهێنرێن و بكەونە دەستی گوایدۆوە.

بۆڵتۆن باسی لەوەشكردوە، پڕۆسەی دەرهێنانی سەرچاوەكانی داهاتی ڤەنزوێلا لە دەست مادۆرۆ و گواستنەوەی بۆ بەردەستی گوایدۆ ئاسان نییە و لە ئێستادا ئیدارەی ئەمەریكا تاوتوێی چۆنێتی بە ئەنجام گەیاندنی ئەو پرسە ئاڵۆزە دەكات. لەبارەی میکانیزمی دەستێوەردانی راستەوخۆی ئەمەریکا لە ڤەنزویلا رۆژنامەی (The Times)ی بەریتانی بەئاماژەدان بە هەڕەشەکانی ئەمەریکا پەیوەست بەهێرشکردنە سەر ڤەنزوێلا نوسیویه‌تی، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ڤه‌نزوێلا پێویستی بە ئامادەبونی (25) هه‌زار سەربازی ئەمەریکی هه‌یه‌.

هێشتا کاریگەرییەکانی جەنگی ساردی نیوەی دوەمی سەدەی رابردو ئاسەوارەکانی بەردەوامە

رۆژنامه‌كه‌ راپۆرته‌كه‌ی له‌ ژێر ناونیشانی "سودبردن لە هێز دژی ڤەنزوێڵا پێویستی بە 25 هەزار سەربازی ئەمەریکییە" بڵاوكردوه‌ته‌وه‌، لەبارەی هەڕەشەکانی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئەمەریکاوه‌ پەیوەست بە هێرشی سەربازی ئەمەریکا بۆ سەر ڤەنزوێلا، نوسیویه‌تی، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمەریکا دەڵێت، تەواوی بژاردەکان لەبارەی ڤەنزوێلاوە بەردەست و ئامادەن، ئەوەش لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە وا خوێندنەوەی بۆ كرا كە چەكداریان دەكات یان ئەمەریكا سەربازیانە دەست لەو وڵاتە وەردەدات بۆ لابردنی مادۆرۆ لە دەسەڵات، كە ئەوەیش توڕەیی رژێمە نەیارەكانی واشنتۆن زیاد دەكات لە سەرویانەوە روسیا و مەكسیك كە ئەوانیش بەڵێنیان داوەتە مادۆرۆ بۆ رێگرتن لە روخاندنی رژێمەكەی، ئەوە مانای ئەوەیە كە روبەڕوبونەوەكە لەو وڵاتە نیمچە مسۆگەرە یان لە شەقامەكان یان لە نێوان گەورە وڵاتان كە ئەوانە چارەنوسی مادۆرۆ یەكلا دەكەنەوە.

لەماوەی رابردوشدا وێنەیەکی جۆن بۆڵتن، راوێژکاری ئەنجومەنی نیشتیمانیی لەدوای کۆبونەوەیەک بەهۆی راگەیاندنەکانەوە بڵاوکرایەوە، کە لەو وێنەیەدا لە دەفتەرێکی دەستنوسی ئەم راوێژکارە نوسرابو، "ناردنی پێنج هەزار هێز بۆ کوڵۆمبیا" کە ئاماژەی ناردنی هێز بۆ سنورەکانی نزیک ڤەنزوێلای لێ دەکرێت، چونکە کۆڵۆمبیا دراوسێی ڤەنزوێلاو هاوپەیمانی ئەمەریکایە.

لای خۆشییەوە روسیا هاوکارێکی مادیی و مەعنەوی حکومەتی ڤەنزوێلایەو هەر گۆڕانکارییەکش بە قازانجی ئەمەریکا رەتدەکاتەوە.

ئەم ململانێیەی ئەمەریکاو روسیا لە فەنزوێلا ئەوەمان پێ دەڵێت هێشتا کاریگەرییەکانی جەنگی ساردی نیوەی دوەمی سەدەی رابردو ئاسەوارەکانی بەردەوامەو بەردەوامیش دەبێت، هەروەک چۆن لە سوریا رەنگی دایەوە و تا رادەیەکیش بۆ ئێران راستە.

ڤەنزوێلا بەهۆی تاکڕەوی و قۆرخکردنی دەسەڵات و پەیڕەوکردنی سیاسەتی هەڵەوە، لە ریزی ئەو وڵاتانە پۆلێنکراوە کە نادیموکراسین و گوزەرانی هاوڵاتییانی سەختە.

ئەگەرچی ڤەنزوێلا یەکێکە لە ئەندامانی رێکخراوی ئۆپێک و (300) ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگی هەیە و رۆژانە نزیکەی (3) ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات و لەسەر ئاستی جیهان دەیەمین وڵاتە لەڕوی هەناردەی نەوتەوە، بەڵام قەیرانی ئابوریی سەختی هەیە و ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتییان خاکەکەی جێدەهێڵن و رو لە هەندەران دەکەن. بۆیە ئەگەر بەراوردی ئەو وڵاتەش بکرێت لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا، دەبینرێت کە لە چەند رویەکەوە خاڵی هاوبەشیان هەیە، کە دیارترینیان پێشێلکردنی بنەماکانی دیموکراسی و گەندەڵی ئابورییە. لەڕوی ئابورییەوە هەردولا دەوڵەمەندن و خاوەنی سامانێکی زۆری نەوتن، لەلایەکی تریشەوە بەهۆی ناشەفافییەت لە فرۆشتن و دیارنەمانی زۆربەی داهاتەکەی، گەلەکانیان سودی لێ نابین، ئەمە جگە لەوەی پشت بەست بە تاکە سەرچاوەیەکی وەکو نەوت وەک سەرچاوەی سەرەکی داهاتی وڵات کە بە ئابورییەکی شکستخواردو ناودەبرێت.

لەلایەکی ترەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ماوەی (28) ساڵە لەلایەن هەردو دەسەڵاتی پارتی و یەکێتییەوە قۆرخکراوە، نەیتوانیوە لەئاست هیوا و خواستی هاوڵاتییانی بێت و، قەیرانی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک پێویست بۆ هاوڵاتییان دابینبکات، لەبری ئەوە خۆی نوقمی قەرزێکی زۆر کردوە.

هەرچی ڤەنزوێلاشە بە هەمان شێوە، قەرزێکی زۆر لەسەری کەڵەکەبوە، بە جۆرێک نزیکەی (150) ملیار دۆلار قەرزارەو زۆربەی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانیش تیایدا پەکیان کەوتوە و،  (87%)ی دانیشتوانەکەی لەژێر هێڵی هەژاریدان.

لەڕوی سیاسییەوە پەرلەمانی ڤەنزوێلا لە ئێستادا پەکخراوە و رێگە لە خوان گوایدۆ سەرۆکەکەشی گیراوە گەشت بۆ دەرەوەی وڵات بکات، دوای ئەوەی دەسەڵاتی نیکۆلاس مادۆرۆی بە ناشەرعی ناوبرد و خۆی بە سەرۆکی کاتی ناساند و، داوای دوبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کردەوە.

ئەزمونی حکومڕانی ڤەنزوێلا دەرخەری ئەوەیە، سەرچاوەی سروشتی و نەوت مەرج نییە خۆشگوزەرانی بهێنێت

لە هەرێمیش دوایین پرۆسەی هەڵبژاردن بە خراپی بەڕێوەچو، تیایدا ساختەکاریی زۆر کرا و، دۆخەکە گەیشتە رادەیەک کە بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان داوای دوبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکانیان کرد، زیاتر لە چوار مانگ بەسەر هەڵبژاردنەکاندا تێپەڕیکرد کەچی ململانێ سیاسییەکان رێگرە لە پێکهێنانی کابینەی نوێ.

لەلایەکی ترەوە سیاسەتە هەڵەکانی حکومەتی ڤەنزوێلا وایکردوە لە چەند ساڵی کەمی رابردودا زیاتر لە (3) ملیۆن و (200) هەزار کەس بەهۆی هەژاری و بێکارییەوە بچنە وڵاتانی دراوسێوە، هەمان دیاردە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستانیش راستە.

ماوەتەوە بوترێت ئەزمونی حکومڕانی ڤەنزوێلا جارێکی تر ئەو راستییە دەسەلمێنێت بونی سەرچاوەی سروشتی و دەوڵەمەند بەنەوت و زێڕ مەرج نییە خۆشگوزەرانی ئابوری و سەقامگیری سیاسی بەدوای خۆیدا بهێنێت، بەڵکو ئیدارەدان و حکومڕانی تەندروست لەتوانایدایە ئەو سەرمایە گرنگانە لەلایەک بپارێزێت و لەلایەکی ترەوە بەگەڕیانبخات و بیکاتە سەرچاوەی خۆشگوزەرانی بۆ گەلەکانیان.

ئەمە سەرەڕای دوپاتکردنەوەی ئەو راستییەی پشتبەستن بە نەوت و لاوازیی کەرتی کشتوکاڵ و بەرھەمھێنانی ناوخۆیی و ھاوردەکردنی زۆربەی پێداویستییە سەرەتاییەکان وەک خۆراک و پێداویستی تەندروستیی لە وڵاتانی دیکەو زۆربونی فەرمانبەرانی حکومەت بە بێ پلانی تۆکمە هەڵەیەکی کوشندەیە.


سەرچاوەکان
1.    بۆڵتۆن: پێویستە سەرچاوەكانی داهاتی ڤەنزوێلا لەدەست نیكۆلاس مادۆرۆ دەربهێنرێن، ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی؛
https://www.radionawa.com/ku/all-detail.aspx?jimare=13861
2.    خاڵی هاوبەشى نێوان ڤەنزوێلا و هەرێم، ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی؛
http://www.nrttv.com/News.aspx?id=12192&MapID=1
3.    رۆژنامەیەکی بەریتانی: ئۆپەڕاسیۆنی سەربازی دژی ڤەنزوێلا 25 هه‌زار سه‌ربازی پێویسته،‌ ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی؛
https://www.sharpress.net/all-detail.aspx?Jimare=137008
4.    قەیرانی ڤەنزوێلا بوەتە قەیرانێکی نێودەوڵەتی، ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی؛
http://www.rudaw.net/sorani/world/260120191
5.    گەنجێک کودەتای سپی لە ڤەنزوێلا ئەنجامدا، ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی؛
https://www.sbeiy.com/Details.aspx?jimare=11671