راپۆرت 06:51 - 10/02/2019

ململانێی ناوخۆیی حیزب پێکهێنانی حکومەت سڕ دەکات

+ -

(سبەی):
راپۆرت: بەهادین یوسف

هێشتا بەرکەوتەى لایەنەکان لە کابینەى نوێ یەکلا نەبوەتەوە، کێشەیەکى دیکە و داواکاریى گروپ و دەستە جیاوازەکانى نێو بەشێک لە حیزبەکان بوەتە لەمپەڕێکى دیکەى بەردەم دانیشتنى پەرلەمان و ئەو حکومەتە نوێیەى زیاتر لە چوار مانگە دەنگى بۆ دراوە.

سەرەڕای جەختکردنەوەى حیزبەکان لەسەر زو پێکهێنانی کابینەى نوێى حکومەت، بەڵام ناکۆکییە ناوخۆیییەکانیان لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان، هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتی دواخستوە و شارەزایانیش بەپێویستی دەزانن فشارەکان زیادبکرێن بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی سیاسی و یاسایی.

 

دیاریکردنی کاندید لەسەر بنەمار راگرتنی باڵانسی ناوخۆیی

زیاتر لە (133) رۆژ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و زیاتر لە (96) رۆژ بەسەر یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان تێپەڕیوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکی نێوان دو پارتی دەسەڵاتدار و ناکۆکی ناوخۆیی ئەو حیزبانە، تائێستا دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان هەڵنەبژێردراوە، تا کاندیدی فراکسیۆنی زۆرینە رابسپێردرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، کە بەهەمانشێوە ئەوەش پڕۆسەیەکی درودرێژە و کاتێکی زیاتری دەوێت.

دیاریکردنی کاندیدی پۆستە وزارییەکان و راگرتنی باڵانسی گروپەکانی ناو حیزب، گەڕی دوەمی ناکۆکی نێوان حیزبەکان و ناکۆکی نێوخۆی حیزبەکانە، کە پێشبینی دەکرێت هاوشێوەی کابینەکانی پێشو، پێکهێنان و راگەیاندنى کابینەی نوێش ماوەیەکى زۆری بوێت.

هەرچەندە یەکێتی و پارتی لە کۆبونەوەی رۆژی پێنجی ئەم مانگەدا رایانگەیاند کە رێککەوتون لەسەر ئەوەی رۆژی (18)ی شوبات، کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، کە بەپێی رێککەوتنەکە "سەرۆکی پەرلەمان بۆ یەکێتی و جێگرێک بۆ یەکێتی و ئەوی دیکەی بۆ پێکهاتەکان"، بەڵام تائێستا یەکێتی لەسەر کاندیدی سەرۆکی پەرلەمان یەکلایی نەبوەتەوە، کە بەپێی زانیارییەکان دو پەرلەمانتاری ژنى ئەو حیزبە کێبڕکێ بۆ وەرگرتنى ئەو پۆستە دەکەن.

 

ناکۆکی ناوخۆیی رێگرە لە یەکلاییکردنەوەی کاندیدەکان

رۆژی شەممە (9/2/2019) مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کۆبوەوە، تەوەرێکی کۆبونەوەکە دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکی پەرلەمان، بەڵام بەهۆی جیاوازی و ناکۆکییە ناوخۆییەکانەوە نەتوانرا ئەو پۆستانە یەکلایی بکرێنەوە.

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا نەیشاردەوە کە کاندیدەکانیان بۆ هەردو پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و پارێزگاری کەرکوک یەکلایی نەکردوەتەوە، بەبێ ئەوەی هۆکار و وردەکارییەکی ئاشکرا بکات و تەنها وتی: لە کۆبونەوەکانی داهاتو ئەو پرسە یەکلایی دەکەنەوە.

پێش کۆبونەوەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، (سبەی) بڵاوی کردەوە؛ چەند بەربەستێک دروست بوە لەبەردەم کۆبونەوەکانى پەرلەمان و ئەنجومەنى پارێزگای کەرکوک کە بڕیاریان لێدراوە (18)ى ئەم مانگە لە هەولێر بەڕێوەبچن، بەشێوەیەک؛ ئەگەر کۆبونەوەکە لە هەولێر بکرێت ناتوانرێت پارێزگار هەڵبژێردرێت ئەگەر نەشتوانرێت پارێزگار هەڵبژێردرێت یەکێتیش ئامادە نییە دەستەی سەرۆکایەتى پەرلەمان هەڵبژێردرێت.

بەپێی ئەو زانیارییانە؛ بەربەرستێکى دیکە لەبەردەم کۆبونەوەی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگا، کاندیدەکانى یەکێتین بۆ پۆستى سەرۆکایەتى پەرلەمان، بەوپێیەى ئەگەر لە مەکتەبى سیاسى یەکلا نەکرێتەوە دەبێت کۆبونەوەى سەرکردایەتى بۆ رێکبخرێت و ئەوەش چەند رۆژێکى دەوێت، بەوپێیەى ململانێکان توند دەبنەوە لەکاتێکدایە کە تەنها هەشت رۆژ ماوە بۆ کۆبونەوەکانى پەرلەمان و ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک.

پارتی دیموکراتی کوردستان، لایەنی براوەی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش بەدەر نییە لەو ناکۆکییانە، بەڵام ئەوان زوتر گەیشتنە چارەسەر، بە جۆرێک مەسرور بارزانی کاندیدکرا بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران و نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم، بەمەرجێک سەرۆکی هەرێم لەناو پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرێت و سیستمی سیاسی هەرێمی کوردستان بە پەرلەمانی جێگیر بکرێت و لە کۆبونەوە سەرەتاییەکانی پەرلەمان، یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کارابکرێتەوە و دواتر هەموار بکرێتەوە.

پێویستەهێزی مەدەنی و ئەو حیزبانەی پەرۆشی دامەزراوەی نیشتیمانیین فشار بکەن

فشاری ئۆپۆزسیۆن و شەقام

کاردۆ محەمەد؛ پەرلەمانتاری پێشوی کوردستان بە پێویستی دەزانێت سەرجەم لایەنە سیاسییەکان ئەوانەی بەنیازی بەشداریی حکومەتن، یان دەبنە ئۆپۆزسیۆن فشار بکەن بۆ پێکهێنانی حکومەت، چونکە ئەو پرسە پەیوەندی بە ژیانی گشتی و داواکاریی و پێویستییەکانی خەڵکەوە هەیە.

بەرپرسانی لایەنە سیاسییەکانیش نەیانشاردوەتەوە، کە بەشێکی کێشەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەت، دابەشکردنی پۆست و ئەو کەسانەیە کە پۆستەکان وەردەگرن.

فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ (بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا) رایگەیاند: پارتی پێی باشه‌ پۆستی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ یه‌كێتی بێت، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی بۆ قوباد تاڵه‌بانی بێت، چونكه‌ بەوتەی ئەو كێشه‌ی یه‌كێتی ئێستا پۆست نییه،‌ به‌ڵكو یه‌كێتی كێشه‌ی قوباد تاڵەبانی هه‌یه‌، ئەوانیش دەیانەوێت یارمه‌تی یه‌كێتی بده‌ین له‌ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه‌دا.

هەرچەندە یەکێتی و خودی قوباد تاڵەبانی ئەو لێدوانەیان رەتکردەوە، بەڵام ئەو راستییەی نیشاندا کە لایەنە سیاسییەکان کێشەی دیاری کردنی کەسەکانیان بۆ پۆستەکان هەیە.

بەرژەوەندی گروپی حیزبی، تەنانەت ناوچەییش زۆرجار زاڵە بەسەر بڕیاری سیاسی حیزبەکان

بەرژەوەندی گروپ و دەستە

کاردۆ محەمەد، پەرلەمانتاری پێشوی کوردستان پێیوایە؛ بەرژەوەندی گروپی حیزبی، تەنانەت ناوچەییش زۆرجار زاڵە بەسەر بیرکردنەوەیان لە شێوەی حوکمڕانی و بڕیاری سیاسی، "هەر کێشەیەک لەناوخۆی ئەو حیزبانە کاریگەریی هەیە لەسەر رەوتی ئاسایی هەڵبژاردن و رێزدانەنان بۆ بەهای دەنگ و بۆ ئەو یاسایایەی دەرکراون لە کوردستان".

بزوتنەوەی گۆڕان؛ لایەنی سێیەمی براوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سەربارى تێبینیەکانى لەسەر هەڵبژاردنەکە و ئەنجامەکانى، چەند کۆبونەوەیەکی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کردوە سەبارەت بە پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە لەسەر بەشداریی کردن، یان بون بە ئۆپۆزسیۆن و جەختی کردوەتە کە بەرنامەی حکومەت و پڕۆژەکانی چاکسازیی بەلای ئەوانەوە گرنگە بۆ بەشداریی کردن لە کابینەی نوێی حکومەت، نەک پۆست و پایە.

 

گۆڕان: بەرنامە نەک پۆست

د.شۆڕش حاجی، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان ئاشکرای کرد؛ بەشداریکردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە گفتوگۆکانی ئەم دواییەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوی هەرێمی کوردستان لەوەوە سەرچاوەی گرتوە کە لە هەر رێگایەکەوە بتوانرێت چاکسازیی ‌و گۆڕانکاری بکرێت گۆڕان ئەو رێگایە هەڵدەبژێرێت، ئەگەر رێژەیەکی باشی ئەو گۆڕانکارییەی بزوتنەوەی گۆڕان ئاڵاکەی بەرز کردوەتەوە و خەڵکی کوردستان داوای دەکات بە بەشداریکردنی گۆڕان لە حکومەتی هەرێم بێتە دی، ئەوا بزوتنەوەی گۆڕان بێ دودڵی ئەو رێگایە دەگرێتە بەر. ئەگەر نا، ئەوا لە بەرەی ئۆپۆزیسیۆنەوە درێژە بە خەبات دەدا بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی.

سەبارەت بە ناکۆکیی ناوخۆیی حیزبەکان و کاریگەریی لەسەر پێکهێنانی حکومەت، کاردۆ محەمەد پەرلەمانتاری خولی پێشوتری پەرلەمانی کوردستان بە (سبەی) راگەیاند: کۆسپەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەت زۆرن، لەوانە کێشەی حیزبەکانە، بەهۆی ئەوەی حیزبەکان بە بەردەوامیدان بە پێکهاتە و سەرکردایەتیان بەشێوە و نەریتێکی تەقلیدی لە حوکمڕانی بەردەوامن و ناکۆکی و بێتمانەییەکان گەیشتوەتە ناوخۆی حیزبەکان، بەپێی بەرژەوەندی حیزبی و کەسی بڕیار لەسەر پێکهێنانی حکومەت و تەنانەت پرسە چارەنوسییازەکانیش دەدەن.

کاردۆ محەمەد دەڵێت: نزیکەی (100) رۆژ تێپەڕیوە بەسەر یەکەم دانیشتنی پەرلەمان تائێستا دەستەی سەرۆکایەتی هەڵنەبژێردراوە و حکومەت پێکنەهێنراوە، لەبەرئەوەی بڕیارەکان لەدەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکانن و سەروەری یاساکان دەدرێن، بۆیە هەمیشە گرفت و ناکۆکی نێوان حیزبەکان و ناوخۆیی حیزبەکان دەبێتە گرفتی بەردەمی خەڵک کە پەیوەندی بە دامەزراوە یاسایی و تەنفیزی و قەزاییەکانەوە هەیە.

ئێستا هەرێم لە بۆشایی یاسایی و دامەزراوەییدایە، پێویستە حکومەت زو پێکبێت

پەرلەمان دەستەوەستانە

رۆژی (6/11/2018) یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی بە تەمەنترین پەرلەمانتار بەڕێوەچو، کە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەبو لەو دانیشتنەدا دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت و دواتر رێکارەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ دەستپێبکات، بەڵام دانیشتنەکان بە کراوەیی هێڵرایەوە تا ئەوکاتەی لایەنە سیاسییەکان دەگەنە رێککەوتن.

کاردۆ محەمەد، جەخت لەوە دەکاتەوە کە پەرلەمانتارانى نوێ دەبێت هەڵوێستیان هەبێت لەسەر ئەوەى بەرژەوەندی و پۆست دابەشکردن نەک گۆڕانکاریی بە ئاڕاستەی چاکسازیی، حیزبەکان کۆسپیان لەبەردەم حکومەت دروست کردوە و دەشڵێت:"ئێستا هەرێمی کوردستان لە بۆشایی یاسایی و سیاسی و دامەزراوەییدایە، پێویستە کەناڵەکانی خەڵک و هێزی مەدەنی و ئەو حیزبانەی پەرۆشی دامەزراوەی نیشتیمانیین فشار بکەن بۆ ئەوەی حکومەت بەزوترین کات پێکبهێنرێت".