خۆپیشاندەرێکی کورد لەبەردەم کۆشکی سپی ئەمەریکا وێنەی ئۆجەلانو ئاڵای کوردستانی هەڵگرتوە

راپۆرت 11:01 - 15/02/2019

"هێشتا ئۆجالان کلیلی چارەسەرە"

+ -

(سبەی):

دوای (100) رۆژ لە مانگرتن، دۆخی تەندروستی لەیلا گوڤەن پەرلەمانتاری هەدەپە تێکچو و گەیەندرایە نەخۆشخانە، بەڵام ئامادەنییە چارەسەری پزیشکی وەربگرێت .

دژی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، رۆژی هەشتی تشرینی دوەمی ساڵی (2018) لەناو گرتوخانەی ئامەد، لەیلا گوڤەن هاوسەرۆکى کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە) و پەرلەمانتاری جۆلەمێرگى پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) مانی لە خواردن گرت، دوای (79) رۆژ مانگرتن لە خواردن، رۆژی (25)ی مانگی رابردو دادگا بڕیاری ئازادکردنیدا، بەڵام ئەو لەناو ماڵەکەی خۆی بەردەوام بو لە مانگرتن و بەوهۆیەوە تادێت باری تەندروستی بەرەو خراپ بون دەچێت و بەهۆی بەرزبونەوەی فشاری خوێن و دروستبونی ئازای توند لە سنگ و سییەکانیدا گەیەندرایە بەشی چاودێریی چڕی نەخۆشخانەی ئامەد، گوڤەن ئامادەنییە چارەسەری پزیشکی وەبگرێت و سورە لەسەر بەردەوامییدان بە مانگرتن.

رۆژنامەی (العرب)ی چاپی بەریتانیا بڵاوی کردەوە؛ عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (20) ساڵی رێکە لە زینداندایە، بەڵام هێشتا یاریکەری سەرەکییە لە گۆڕەپانی تورکیا و ناوچە کوردییەکانی ئەو وڵاتە و تەنانەت وڵاتانی ناوچەکە و کلیلی چارەسەری کێشەی کورد لە تورکیا و تەنانەت سوریا و عێراقیش لەلای ئەوە.

گوڤەنی تەمەن (55) ساڵ، (100) رۆژە مانی لە خواردن گرتوە، دوێنێ پێنجشەممە لە چەندین شار و شارۆچکەی باکوری کوردستان خۆپیشاندان و گردبونەوە بۆ پشتیوانیی گوڤەن ئەنجامدرا، دەسەڵاتدارانی تورکیا دەیان کەسیان دەستگیرکرد، بەڵام پەرلەمانتاران و لایەنگرانی هەدەپە سورن لەسەر ئەنجامدانی پاڵپشتی و گردبونەوە بۆ پشتیگریی لە "بەرخۆدانی گوڤەن".

عەبدوڵا ئۆجالان، ساڵی (1978) لەگەڵ ژمارەیەک خوێندکار و چالاکوانی کوردی هاوڕێی جوڵانەوەیەکی بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کورد لە تورکیا پێکهێنا، ساڵی (1984) جوڵانەوەکەی گۆڕی بۆ بزوتنەوەیەکی چەکداریی بەناوی "پارتی کرێکارانی کوردستان" نزیکەی (35) ساڵە ئەو پارتە لە شەڕ و روبەڕوبونەوەدایە لەگەڵ تورکیا.

پێش دەستگیرکردنی لە ساڵی (1999)، ئۆجالان لە سوریا دەژیا، ساڵی (1998) دیمەشق و ئەنقەرە رێککەوتن لەسەر ئەوەی ئۆجالان خاکی ئەو وڵاتە بەجیبهێڵێت، سوریا ئۆجالانی ناچار کرد کە خاکی وڵاتەکەی بەجێبھێڵێت بێئەوەی رادەستی تورکیای بکات، دواتر ئۆجالان رویکردە روسیا و پاشان چەند وڵاتێکی دیکە لەوانە ئیتاڵیا و یۆنان، لە ساڵی (1998) لەوکاتەی لە یۆنان بو، حکومەتی تورکیا داوای رادەستکردنی ئۆجالانی کرد، ئەو وڵاتەش داوای لە ئۆجالان کرد وڵاتەکەی بەجێبهێڵێت.

لە سەروبەندی گەڕانەوە بۆ چیاکانی کوردستان، یان هەڵبژاردنی وڵاتی سێیەم بۆ بەردەوامییدان بە خەباتەکەی لە (15)ی شوباتی (1999) لە نایرۆبی پایتەختی کینیا و لە دەرەوی باڵیۆزخانەی یۆنان لەو وڵاتە لەلایەن هەواڵگریی ژمارەیەک وڵات و بۆ پاڵپشتی میت دەستگیرکرا، لە (28)ی نیسانی ساڵی (1999) بە تۆمەتی خیانەتی گەورە و بەپێی ماددەی (125)ی یاسای سزاکانی تورکیا، سزای لەسێدارەدانی بەسەردار سەپێنرا، لە (29)ی حوزەیران ساڵی (1999) دوەم سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا بە تۆمەتی دروستکردن و بەڕێوەبردنی رێکخراوی تیرۆریستی چەکداریی، دواتر لە ساڵی (2002) سزاکەی گۆڕدرا بۆ زیندانی هەتا هەتایی، ئەوەش لە چوارچێوەی گۆڕانکاریی لە سزای لە سێدارەدان وەک بەشێک لە رێککەوتنی بە ئەندامبونی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا.

لەوکاتەوە ئۆجالان لە گرتوخانەیەکی تاکە کەسی لە ئیمراڵی کە دورگەیەکی دەریای مەڕمەڕەی نزیک ئیستانبوڵە بەندکراوە، ماوەیەکی زۆرە گۆشەگیریی خراوەتە سەرو لە (27)ی تەمموزی ساڵی (2011)ەوە رێگەی پێنەدراوە پارێزەرەکانی ببینێت، لە مانگی ئەیلولی ساڵی (2016)ەوە رێگە بە خانەوادەکەی نەدراوە سەردانی ئیمراڵی بکەن، تەنها رۆژی (12/1/2019) رێگە بە محەمەدی برای درا دیدارێکی کورتی نیو سەعاتی لەگەڵدا ئەنجامبدات تەنها بەمەبەستی ئاگاداربون باری تەندروستی، لە ساڵی (2011)ەشەوە پارێزەرانی ئۆجالان (790) جار بە فەرمیی داواکارییان بۆ دیداری ئۆجەلان پێشکەش کردوە، سەرجەمیان رەتکراونەتەوە.

ئەلیزا مارکۆس، نوسەری کتێبی (خوێن و باوەڕ: پارتی کرێکارانی کوردستان و خەباتی کورد لە پێناو سەربەخۆیی) پێیوایە؛ شێوازی دەستگیرکردن و بەندکردنی ئۆجالان لەسەرەتاوە گورزێکی گەورە بو بۆ حیزبەکەی و خەباتە چەکدارییەکەی، بەڵام دواتر پێچەوانە بوەوە ئێستا سەرجەم کلیلەکانی چارەسەری کێشەی کورد لەو وڵاتە بەدەست ئۆجالانەوەیە.

دواتر ئۆجالان لە رێگەی نوسین و کتێبەکانی (زیاتر لە 16 کتێبی نوسیوە)و بەشێک لە پەیامەکانییەوە، کاریگەریی گەورەی هەبو لەسەر بوژانەوەی پڕۆسەی ئاشتی و دواتریش جوڵانەوەی چەکداریی، بۆیە تورکیا گۆشەگیریی خستەوە سەر ئۆجالان.

ساڵی (2013) جارێکی دیکە ئۆجالان لە رێگەی دیداری لەگەڵ پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراتی گەلانەوە داوای ئاگربەست و راگرتنی شەڕی چەکداریی و پەنابردن بۆ دانوستانی کرد، بەڵام تورکیا وەڵامدەرەوەی خواستەکانی کورد نەبو لەو بەشەی کوردستان، بۆیە ساڵی (2015) جارێکی دیکە شەڕ و روبەڕوبونەوەی چەکداریی دەستیپێکردەوە.