ژمارەیەک مێردمنداڵی کۆڵبەر

کوردستان 10:02 - 12/03/2019

کۆڵبەرێكی (15) ساڵان گیانی لەدەستدا

+ -

(سبەی):
مێردمنداڵێکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنوری هەورامان لە شاخێک دەکەوێتە خوارەوە گیان لەدەست دەدات.

ناوەندی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویکردوەتەوە؛ مێردمنداڵێکی دانیشتوی شاری مەریوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە چیاکانی هەورامان لە نێوان رۆژهەڵات و باشوری کوردستان گیانی لەدەستداوە.

ئاماژە بەوە کراوە ئەو مێردمنداڵە ناوی (ئەفشار مەریوانی)یە و ئێوارەی دوشەممە بە مەبەستی کۆڵبەری روی لە سنوری هەورامان کردوە، بەڵام لە چیایەکی ئەو ناوچەیە کەوتوەتە خوارەوە گیانی لەدەستداوە.

بەپێی سەرچاوەکان باوکی ئەفشار خاوەن پێداویستی تایبەتە و بە رێژی (70%) کەمئەندامە، بۆیە ئەو مێردمنداڵە ناچاربوە بۆ بژێوی ژیانی خانەوادەکەی پەنا بۆ کاری کۆڵبەریی ببات.

بەپێی ئامارەکانی هەنگاو لە سەرەتای ساڵی (2019) تا ئێستا (نۆ) کۆڵبەری دانیشتوی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی سەرما و کەوتنەخوارەوە و هەرەسی بەفرەوە گیانیان لەدەستداوە.