کوردستان 09:41 - 18/03/2019

ئەستێرەیەکی گەورەی هونەری کوردی کۆچی دوایی کرد

+ -

(سبەی):
شەوی رابردو، هونەرمەند سەردار ئەحمەد عەبدوڵا، ئەستێرەی گەورە و خاوەن ئەزمونی گۆرانی و موزیکی کوردی و یەکێک لە دامەزرێنەرانی تیپی باواجی کۆیە کۆچی دوایی کرد.

‎‎سەردار ئەحمەد لە ساڵى (1945) لەگەڕەکى بەفرى قەندى کۆیە لەدایک بوە، خوێندنى سەرەتایى و ناوەندى لە کۆیە تەواوکردوە و دواتر بۆ خوێندن لە پەیمانگاى هونەرەجوانەکان دەچێتە بەغدا و لەوێ پسپۆڕیەتى فلوت دەخوێنێ و یەکەم کەسە کە فلوتى هێناوەتە کوردستان.

لە دامەزراندنى تیپى مۆسیقاى هەولێر و باواجى کۆیە رۆڵی کاراى هەبوە و بۆ ماوەیەکیش سەرپەرشتى بەشى مۆسیقاى تیپى هونەرى هەولێرى کردوە، ماوەی چەند ساڵێک سەرۆکى تیپى مۆسیقاى باواجى کۆیە بوە و هەروەها جێگرى سەرۆکى تیپى مۆسیقاى شۆڕش بوە لەساڵى (1974)

هونەرمەند سەردار ئەحمەد، لەچەندین تیپى دیکە ئەندام بوە و لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندە رەسەن و گەورەکانی کورد بەژەنینى ئامێری فلوت یان شمشاڵ لە ئاهەنگەکانیاندا بەشدارى کردوە و چەندین خولی فێرکاریى لە ساڵانی حەفتاکان وهەشتاکانى سەدەى رابردودا لەکۆیە کردوەتەوە، بەدەیان خوێندکارى لەبوارى هونەرى مۆسیقادا پێگەیاندوە.

لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا کە چەند ساڵێک لەمەوبەر لەگەڵیدا ئەنجامدراوە، سەبارەت بە سەرەتای ئارەزوی بۆ دنیای هونەر رایگەیاندوە: سەرەتاى ئارەزوى هونەریم دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ساڵانەى کە کاتێک لە پۆلى چوار و پێنجى سەرەتایى بوم ئەوکاتە باوکم لە گەراجى کۆیە دەڵاڵ بو، پاس دەهات پاسى هاتوچۆى نێوان کۆیە و هەولێر و کەرکوک، پاسەکان سەکن (شاگرد)یان هەبو یەکێکیان ناوى عەبدۆک بو، نەى ودوزەلە و شمشاڵى لێدەدا لەو کاتەوە ئارەزوم چوە لێدانى ئەم ئامێرانە، چومە هەولێرێ لە کن خەنجەر فرۆشەکان شمشاڵەکى زەردى ئاسنم کڕى بە (100) سەد فلسى نەیەکی داریشم کڕى هەروەها بۆخۆم دوزەلەم دروست کرد، وردە وردە خەریک بوم تا پۆلى شەشى سەرەتایى خوالێخۆشبو مامۆستا حەمەدئەمین مەعروف زۆر جار پێى دەوتم (سەردار ئەگەر پۆلى سێی ناوەندیت تەواو کرد لەبەغدایێ مەکتەبەک هەیە هى مۆسیقایە لۆتو زۆر باشە)، کەچومە ناوەندى لە ساڵى (1957) شێوە هونەرییەکە دەستى پێکرد مامۆستا باکوریى مامۆستاى ئینگلیزى بو هاتەکۆیە، هاتە مەکتەبەکەمان دواتر لە پۆلەکان گەڕا وتى کێ مۆسیقاى دەزانى من گوتم دەزانم عەلى عەونى گوتى تەپڵ دەزانم عەبدولڕەحمان ئەسوەد وتى دوزەلەى دەزانم بۆ خۆشى کەمان وعودى لێدەدا لەگەڵ هەندێکى تریش ئەوەبو تیپەکى قوتابخانەمان پێکهێنا ئەو ساڵە ئاهەنگێکمان کرد لەناو قوتابخانەى ناوەندى کۆیە.

لە درێژەی گێڕانەوەکەیدا دەڵێت: بۆ هاوینەکەى ساڵى (1958) مامۆستا باکورى خولێکى مۆسیقاى کردەوە شەفیق سابیر بەڕێوەبەرى قوتابخانەى ناوەندى زۆر هاندەرو زۆر هاوکارى باکورى کرد هەندەک ئامێرى مۆسیقاى بۆ جێبەجێ کردین لەخولەکەى ئەوانەى بەشداربوین.

مامۆستا سەردار ئەحمەد، ‎ساڵی (1962) چوتە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەغد و دوای تەواوکردنی خوێندنی هونەر ئاوازی زۆری داناوە یەکێک لە بەناوبانگترینیان پارچە مۆسیقای زۆزانە.

ئەو هونەرمەندە ماوەیەکە بەدەست نەخۆشییەوە گرفتار بوە تا شەوی رابردو (17/3/2019) گیانی لەدەستدا و بریارە ئەمڕۆ بە رێوڕەسمی تایبەت لە شوێنی تیپی موسیقای باواجییەوە بە رێبكرێت بۆ دوا مەنزڵگەی خۆی و لە گۆڕستانی كەكۆن و لەوێ بەخاك بسپێردرێت.

کۆیە/ هەژار رەشید