کوردستان 10:05 - 18/03/2019

بۆ پرسەی مامۆستا سەردار ئەحمەدی هونەرمەندی گەورەی گەلەکەمان

+ -

 (سبەی):

بۆ پرسەی مامۆستا سەردار  ئەحمەدی هونەرمەندی گەورەی گەلەکەمان

بە خەمو پەژارەیەکی زۆرەوە دڵە گەورەکەی مامۆستا سەرداری هونەرمەندو سیمبوڵی تیپی مۆسیقای باواجی‌و کەسایەتی ناوداری شارەکەی حاجی قادری کۆیی‌و گەلەکەمان، لە لێدان کەوت.

کاک سەردار هەمو ژیانی، لە رێی هونەرو مۆسیقای رەسەنی کوردییەوە، بۆ خزمەتی گەلەکەمان‌و دۆزە رەواکەی تەرخان کرد، خوالێخۆشبو هەمیشە لە بەرەی گەل‌ بوەو هەرگیز سەری بۆ دوژمنانی کورد دانەنەواندوە. بە پەنجەکانی‌و بە زەوقی هونەری جوانی‌و بە چریکەی شمشاڵەکەی نەک تەنیا بیری نەتەوەیی‌و هەستی نیشتیمانپەروەری بە زیندویی راگرت بەڵکو برەویشی پێدا. ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان بە گشتی‌و شاری کۆیە بە تایبەتی، مۆسیقاژەنێک‌و شۆڕەسوارێکی بواری هونەرو هزری نەتەوەیی لەدەستدا.

کارە هونەرییەکانی مامۆستا سەردارو رۆڵی ئەو هونەرمەندە مەزنە لە فێرکردن‌و پێگەیاندنی نەوەیەکی نوێی هونەرمەندو مۆسیقاژەن لە کوردستان گەواهی بەئەمەکی کاک سەردارن بۆ کاروانی نەپساوەی خەباتی نەتەوەیی کورد.

هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی مامۆستا سەردار
سەرەخۆشی گەرمی خۆم ئاراستەی  خانەوادەو هاوڕێ‌و کەسوکاری کاک سەردارو هەمو گەلی کورد دەکەم.

د. شۆڕش حاجی
ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان

17/3/2019