ژمارەیەک کۆڵبەر لە نێوان سنوری باشور و رۆژهەڵاتی کوردستان

کوردستان 10:47 - 18/03/2019

کۆڵبەرێکی دیکەی کورد لە سەرما رەقبوەوە

+ -

(سبەی):

کۆڵبەرێکی کورد لە سنورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی سەرماوە گیانی لەدەست دەدات و بە پێی ئامارەکانیش لە سێ مانگدا (10) کۆڵبەر بەهۆی سەرماوە گیانیان لەدەستداوە.

ناوەندی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوی کردوەتەوە؛ دوێنێ یەکشەممە کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی (شاکر پورخالید) دانیشتوی ناوچەی مەرگەوەڕ لە شاری ورمێی رۆژهەڵات بەهۆی سەرماوە لە سنوری سەردەشت گیانی لەدەستداوە.

ئەو کۆڵبەرە خێزاندارە و باوکی دو منداڵ بوە و بۆ بژێوی ژیانی لە ورمێوە روی لە سنوری سەردەشت و باشوری کوردستان کردوە و بەهۆی سەرما و بەفری شاخەکانی ئەو ناوچەیەوە رەق بوەتەوە و دواتر بە هاوکاریی ژمارەیەک کۆڵبەری دیکە تەرمەکەی رەوانەی بنکەیەکی تەندروستی شاری سەردەشت کراوە.

بەپێی ئامارەکانی ناوەندی هەنگاو لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا (10) کۆڵبەر بەهۆی سەرما و بەفرەوە لە نێوان سنورەکانی رۆژهەڵات و باشوری کوردستان گیانیان لەدەستداوە.