کوردستان 01:33 - 18/03/2019

بریندارێکی دیکەی کیمیابارانی هەڵەبجە گیانی لەدەستدا

+ -

(سبەی):
بەرکەوتوییەکی دیکەی کیمیابارانی هەڵەبجە گیانی لەدەستدا و بەوەش ژمارەی ئەو بریندارانەی لە چاوەڕوانی چارەسەردا گیانیان لەدەستداوە گەیشتە (109) کەس.

کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە بڵاوی کردەوە؛ دوای ململانێیەکی سەخت لەگەڵ کاریگەرییەکانی کیمیاباران لەسەر جەستەی، ئەمڕۆ دوشەممە (18/3/2019) هاوڵاتی (کوبرا عەبدوڵا بارام) یەکێک لەبەرکەوتوانی کیمیابارانی هەڵەبجە شەهید بو.

کۆمەڵەی قوربانیان بڵاوی کردەوە؛ بە گیانلەدەستدانی ئەو بریندارە، ژمارەی ئەو بەرکەوتوانەی لەچاوەڕوانی چارەسەر و بەکاریگەریی چەکی کیمیایی گیانیان لەدەستداوە، بۆ (109) شەهید بەرز بوەوە.

رۆژی (16/3/2019) یادی (31) ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجە لە مۆنۆمێنتی شەهیدان کرایەوە، داواکاریی سەرەکیی کەسوکاری قوربانیان و برینداران، چارەسەرکردنی بریندارانی چەکی کیمیایی بو کە چەندین ساڵە بەدەست ئازارەوە دەناڵێنن.