جیهان 03:57 - 18/03/2019

وێنە؛ روداوى تەقەکردن لە هۆڵەندا

+ -

(سبەى)
لە شارى ئۆترێختى هۆڵەندا تەقە لە ترامێک کرا و بەپێى زانیارییە سەرەتاییەکانى لانى کەم کەسێک کوژراوە و ژمارەیەک کەسى دیکە برینداربون، ئەنجومەنى وەزیرانى ئەو وڵاتەش تاوتوێى روداوەکە و گرتنە بەرى رێوشوێنەکان کۆدەبێتەوە بەتایبەت کە پۆلیس پێیوایە؛ پاڵنەرى تیرۆریستى لە پشت روداوەکەوەن.

پۆلیسى شارەکە گەمارۆى شوێنى روداوەکەى داوە لە وێستگەى ترامى ناوەندى شارەکە و تیمە فریاگوزارییەکانیش گەیشتونەتە شوێنى روداوەکە بۆ بەهاناوەچونى بەرکەوتوان کە بەپێى زانیارییە سەرەتاییەکان ژنێک لە روداوەکەدا کوژراوە و چەند کەسێک برینداربون.


لەو بارەیەوە پۆلیس رایگەیاند؛ لەناو ترامەکەدا روداوى تەقەکردن تۆمار کراوە و راپۆرتەکان ئاماژە بە بونى ژمارەیەک بریندار دەکەن".

ئاماژەى بەوەشکردوە پیاوانى پۆلیس بەدواى تەقەکەرەکەوەن بۆئەوەى دەستگیرى بکەن.

هاوکات ئەنجومەنى وەزیرانى ئەو وڵاتە رایگەیاند کۆ دەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنى دۆخەکە و گرتنە بەرى رێوشوینى پێویست.

 

روداوەکەى هۆڵەندا دوابەدواى هێرشە تیرۆریستیەکەى نیوزلەندایە بۆ سەر دو مزگەوت لەو وڵاتە کە کوژرانى (50) کەس و برینداربونى نزیکەى (40) کەسى لێکەوتەوە و بەوهۆیەوە پۆلیس و دەسەڵاتدارانى هۆڵەنداش گومانیان لە روداوەکەک هەیە و هەوڵەکانیان چڕ کردوەتەوە.