کوردستان 07:08 - 18/03/2019

فراکسیۆنەکان لەسەر سەرۆکایەتی لیژنەکان رێککەوتن

+ -

(سبەی):
فراکسیۆنەکانی پەرلەمان لەسەر دابەشکردنی سەرۆکایەتی لیژنەکان رێککەوتن و سبەینێ سێشەممە دانیشتنی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت.

پەیامنێری (سبەی) رایگەیاند؛ کەمێک لەمەوبەر (سەعات 7:00)ی ئەمشەو کۆبونەوەی سەرۆکی فراکسیۆنەکان تایبەت بە دابەشکردنی سەرۆکایەتی لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمان کۆتایی هات و تێدا لێکتێگەیشتن و رێککەوتن هاتوەتە ئاراوە، بەوپێیەش سبەینێ سێشەممە (19/3/2019) دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچێت و تێیدا سەرۆکایەتی لیژنەکان پەسەند دەکرێت.

 

دوای کۆتاییهاتنی کۆبونەوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سەرۆکی فراکسیۆنەکانی (گۆڕان و پارتی و یەکێتی و کۆمەڵی ئیسلامی) ئەوەیانخستەڕو؛ کە فراکسیۆنەکان گەیشتونەتە رێککەوتن و بەپێی بەرکەوتی هەڵبژاردن سەرۆکایەتی لیژنەکان دیاریکراوە و سبەینێ لەدانیشتنی پەرلەماندا دەنگی لەسەر دەدرێت و پەسەند دەکرێت.

 

هەرچەندە هیچ کام لە سەرۆکی فراکسیۆنەکان ئاماژەیان بەو لیژنانە نەکرد کە وەک بەرکەوتەی هەڵبژاردن پێیان دراوە، بەڵام عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان ئەوەی خستەڕو؛ کە وەک فراکسیۆنەکەیان پێیان وایە کە مافی خۆیان وەرگرتوە.

 

رۆژى (12)ى ئەم مانگە دەنگ لەسەر ئەندامانى (14) لیژنەى هەمیشەیى پەرلەمان درا و بەپێى پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمان دەبێت تا رۆژى سێشەممە دەستەى سەرۆکایەتى لیژنەکان (سەرۆک، جێگر و بڕیاردەر) یەکلابکرێنەوە، پەرلەمان (15) لیژنەى هەمیشەیى هەیە کە لە (165) ئەندام پێکدێن بەپێی رێژەی نوێنەرایەتی لە پەرلەمان، ئەندامانی لیژنەكان دابەش كراون بەسەر سەرجەم فراكسیۆنەكاندا کە لە (108) ئەندامى پەرلەمان پێکدێن.

 

هەولێر/ هەژار ئەنوەر