(سبه‌ی):
محه‌مه‌د حسێن سه‌فار هه‌ره‌ندی وه‌زیری پێشوی رۆشنبیریی ئێران و ئه‌ندامی ئێستای ئه‌نجومه‌نی ده‌ستنیشانكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێران پێشنیاریكردوه كار به راسپارده‌كانی عه‌لی خامنه‌یی رابه‌ری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بكرێت له‌باره‌ی گۆڕینی سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی بۆ په‌رله‌مانی له وڵات.
له میانی چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ ته‌له‌فزیۆنی فه‌رمیی ئێران، هه‌ره‌ندی رایگه‌یاند: ئاستی جه‌ماوه‌ریی رۆحانی به‌ڕێژه‌ی (10%) دابه‌زیوه و باشتر وایه ئێران له‌ڕێی سه‌رۆك وه‌زیرانێكه‌وه به‌ڕێوه‌ببرێت كه له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه هه‌ڵبژێردرابێت.
وتیشی: له‌مڕۆدا كێشه‌كه ئه‌وه‌یه كه سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراو ده‌بێ هه‌تا لانی كه‌م (4) ساڵ چاوه‌ڕێی بكرێت و زۆر جاریش تا (8) ساڵ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ده‌ستكه‌وت و چالاكییه‌كانیشی لاواز بن یاخود ئه‌گه‌ر ئاستیی جه‌ماوه‌رییه‌كه‌شی ببێته كه‌متر له (10%).
هه‌ره‌ندی كه سه‌ر به ره‌وتی رادیكاڵه توندڕه‌وه‌كانی ئێرانه و فه‌رمانده‌یه‌كی باڵایه له سوپای پاسداران و یه‌كێكه له‌وانه‌ی نزیكه له عه‌لی خامنه‌یی، رایگه‌یاند كه هێشتاكه شێوازی سیسته‌مێكی سیاسیی نوێ پێكنه‌هێنراوه، به‌ڵام ده‌بێ شێوازێك هه‌بێت كه هاوشێوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیرانی تێدا جێگه بێته‌وه.
باڵی ریفۆرمخوازه‌كانی ئێران پێیان وایه كه پرسی گۆڕینی سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی، شه‌ڕێكی دیكه‌یه كه توندڕه‌وه‌كان به‌كاری ده‌هێنن بۆ لابردنی رۆحانی و هێنانه‌كایه‌ی حكومه‌تێكی توندڕه‌و كه به ئاگر و ئاسن حوكم بكات و هه‌رمو جۆره دانوستانێك له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا و رۆژئاوا ره‌ت بكاته‌وه و پشتیوانی له سیاسه‌تی ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی بكات له ناوچه‌كه، ته‌نانه‌ت باڵی ریفۆرمخوازه‌كان پێشنیاری چه‌ند ناوێكیان له نێو سوپای پاسداران‌دا كردوه بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌تێكی سه‌ربازی پێكبهێنن.
پلانی لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له رۆحانی
پێشتر و له مانگی رابردودا كۆمه‌ڵێك له په‌رله‌مانتاره توندڕه‌وه‌كان له په‌رله‌مانی ئێران پڕۆژه‌بڕیكیان خسته‌ڕو بۆ بانگهێشتكردنی حه‌سه‌ن رۆحانی به ئامانجی لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه، له‌و پڕۆژه‌بڕیاره‌دا داوای لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له رۆحانی كرابو له‌سه‌ر (14) پێشێلكاریی ده‌ستوری و یاسایی له‌وانه، خراپ ئیداره‌دانی قه‌یرانی ئابوری و شكستهێنانی حكومه‌ت له روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی دیارده‌ی بێكاری و زیانگه‌یاندن به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێران و شكستهێنان له كۆنترۆڵكردنی نرخی شتومه‌كه سه‌ره‌كییه‌كان.
هه‌روه‌ها له مانگی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی رابردودا ئه‌و په‌رله‌مانتارانه نه‌یانتوانی ئیمزای پێویست كۆبكه‌نه‌وه بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و پڕۆژه‌بڕیاره بۆ لادانی رۆحانی.
هاوكات له‌ئێستادا فشاره‌كان له‌سه‌ر حكومه‌ته‌كه‌ی رۆحانی له زیادبوندان له‌ژێر رۆشنایی گرانیی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵكی به‌تایبه‌ت دوای داڕمانی به‌های تمه‌ن كه به وته‌ی به‌رپرسان، توانای كڕینی دراوی ئێران له‌ماوه‌ی (6) مانگی رابردودا به رێژه‌ی (90%) دابه‌زیوه و هاوكات نرخی شتومه‌ك و خوارده‌مه‌نی زیادیكردوه و ئه‌وه‌ش بوه‌ته هۆی ناڕه‌زایی و مانگرتنی كرێكاران.
سیسته‌می په‌رله‌مانی
له رابردودا پڕۆژه‌ی گۆڕینی سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی بۆ په‌رله‌مانی له ئێران بۆ یه‌كه‌مجار له ساڵی (2012) له‌لایه‌ن رێبه‌ری باڵای شۆڕشی ئیسلامی پێشنیار كرا كاتێك سه‌ردانی شاری كرماشانی كرد و له‌وێ رایگه‌یاند: ئه‌گه‌ر له داهاتویه‌كی نزیك یان دور بۆچونێك هه‌بێت بۆ پێویستیی بونی سیسته‌مێكی په‌رله‌مانی، ئه‌وا هیچ رێگرییه‌ك نابێت بۆ ئه‌و بۆچونه.
به‌رله (22) ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، ئێران ره‌تیكرده‌وه كار به سیسته‌می په‌رله‌مانی بكات له‌و كاته‌ی كه میر حه‌سه‌ن موسه‌وی له پۆستی سه‌رۆكایه‌تیی وه‌زیران كۆتایی به كاره‌كه‌ی هێنرا، ئه‌مه‌ش پاش قوڵبونه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كانی نێوان عه‌لی خامنه‌یی سه‌رۆك كۆماری ئه‌وكات و میر حه‌سه‌ن موسه‌وی له‌سه‌ر شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی حكومه‌ت و دواتر ئه‌و ناكۆییانه بونه ناكۆكیی نێوان حكومه‌ت و په‌رله‌مان و دواجار پێداچونه‌وه به ده‌ستوری ساڵی (1989)دا كرا و پۆستی سه‌رۆكایه‌تیی وه‌زیران ره‌تكرایه‌وه و ده‌سه‌ڵاته‌كانی راده‌ستی سه‌رۆك كۆمار كران.
لە عەرەبییەوە: فەلاح حەسەن
سەرچاوە: العربیە