(سبەی): دوای حەوت ساڵ مانەوەی لە باڵیۆزخانەی ئیکوادۆر لە بەریتانیا، دواجار حکومەتی ئیکوادۆر مافی پەنابەرێتی لە دامەزرێنەری سایتی ویکیلیکس سەندەوە و لەلایەن پۆلیسی بەریتانیاوە دەستگیرکرا، کە بەوتەی سەرۆکی ئیکوادرۆ هۆکاری سەندنەوەی مافی پەنابەرێتی جولیان ئاسانژ بەهۆی سەرپێچی ناوبراوەوە بوە لە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان، دیاریش نییە چارەنوسی ئاسانژ بە کوێ دەگات، بەتایبەت کە ناوبراو لەلایەن ئەمەریکاوە بە تۆمەتی سیخوڕی و لەلایەن سویدەوە بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی داواکراوە. جولیان بە لای لایەنگرانییەوە یەکێکە لەو تێکۆشەرانەی کە دەیەوێت بە راستییەکان بگات، بەڵام بە بۆچونی رەخنەگران، ناوبراو کەسێکە کە بەدوای ناوبانگدا دەگەڕێت و ژیانی زۆر کەسی خستوەتە مەترسییەوە، ئەوەش بەهۆی بەدەستخستنی ژمارەیەکی زۆر لە زانیاری هەستیار. ئەو کەسانەی کاریان لەگەڵ ئاسانژ کردوە باس لەوە دەکەن، ئاسانژ کەسێکی زیرەکە و توانایەکی بەهێزی هەیە لە کردنەوەی کۆدی بەرنامەکانی کۆمپیوتەر. جولیان ئاسانژ ساڵی (2006) سایتی ویکیلیکسی دامەزراند کە تایبەت بو بە بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامە و وێنە، بەڵام لە مانگی نیسانی (2010) ئەو سایتە بو بە مانشێتی رۆژنامەکانی جیهان، کاتێک کە گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە کە سەربازانی ئەمەریکی (18) هاوڵاتی مەدەنی لە رێگەی فڕۆکەی هێلیکۆپتەرەوە لە عێراق دەکوژن. بەڵام کۆتاییەکانی هەمان ساڵدا بەریتانیا لەسەر داوای سوید و بە تۆمەتی دەستدرێژی سکێسی، ئاسانژی دەستگیرکرد. دەسەڵاتدارانی سوید ئاماژە بەوە دەکەن کە دەیانەوێت بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکەن کاتێک لە مانگی ئابی ساڵی (2010) لە ستۆکهۆڵم بوە و بەوتەی بەرپرسانی سوید دەستدرێژی سێکسی کردوەتە سەر دو ژن، بەڵام جولیان ئاسانژ دەڵێت: ئەو کارەی بە رەزامەندی ژنەکان کردوە. پەنابەری سیاسیی ئاسانژ ماوەی چەند مانگێک لە ململانێدا بو لەگەڵ دادگا، چونە رەتیکردبوەوە کە رادەستی سوید بکرێتەوە، ناوبراو لەو ماوەیەدا لەژێر مانەوەی ناچاریدا بو لە شارۆچکەیەکی بەریتانیا، بەڵام لە مانگی شوباتی ساڵی (2011) دادگای بەریتانیا بڕیاریدا بە رادەستکردنەوەی ئاسانژ بە سوید، بەڵام دامەزرێنەری ویکیلیکس تانەی لە بڕیارەکەدا و دواتر لە ساڵی (2012) دادگا بڕیارەکەی رەتکردەوە، دواجار ناوبراو پەنای بردە بەر باڵیۆزخانەی ئیکوادۆر دواتر ئەو وڵاتە لە مانگی ئابی (2012) مافی پەنابەرێتی پێبەخشتی. ئاسانژ ترسی لەوە هەبو کە سوید رادەستی ئەمەریکای بکاتەوە و لەوێ بەهۆی بڵاوکردنەوەی زانیارییە نهێنییەکانی ئەمەریکاوە دادگایی بکرێت. بەڵام داواکاری گشتی لە (13)ی ئابی ساڵی (2015) تۆمەتەکانی سەر جولیان ئاسانژی رەتکردەوە، بەڵام ناوبراو تۆمەتێکی دیکەی لەسەرە کە لە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی مەترسیدارترە. جولیان ئاسانژ کێیە؟ جولیان ئاسانژ سەرەتا وەک کەسێکی نامۆ دەرکەوت، بەڵام دواتر بەهۆی گرنگیدانی میدیاکان بە دەرکەوتنی ویکیلیکس، تیشک خرایە سەر دامەزرێنەرەکەی، جولیان لە ساڵی (1971) لە تاونسفێلی ویلایەتی کوینزلاند لە باکوری ئوسترالیا لە دایکبوە، گەشەکردنی ئینتەرنێت و پەیوندییەکان وایکرد ئاسانژ پەرە بە تواناکانی بدات، لە ساڵی (1995)دا لەگەڵ هاوڕێیەکی روبەڕوی دەیان تۆمەتی هاککردن بوەوە، کە دواتر بە مەرج و کەفالەتی هەزاران دۆلار ئازادکرا، دواتر لەگەڵ ئەکادیمیای سۆیلیت دریڤۆس کەوتە کارکردن کە تایبەتمەند بو بە بواری کۆمپیوتەر، پاشان چوە خولی بیرکاری و فیزیا کە زانکۆی ملبرۆن و دواتر بو بە یەکێک لە ئەندامە دیارەکانی بەشی بیرکاری. ئاسانژ لە ساڵى (2006) سایتى ویکلیکسى دامەزراند لەگەڵ کۆمەڵێک لەو هاوڕێیانەى کە بیرۆکەکانیان هاوبەش بو، بۆیە سایتێکیان بە ناوى (کارتۆنى نامە مردوەکان) دروست کرد بۆ ئەوەى هەرکەسێک کە بیەوێت هەواڵێکى دزەپێکراو بڵاو بکاتەوە. ئاسانژ لە ساڵى (2011) بە بى بى سى راگەیاند، لەپێناو پاراستنى سەرچاوەکانمان بە سەلامەتى دەبو سەرمایەى دەزگاکەمان جیابکەینەوە و کۆد بکەینە سەر هەمو شتەکانمان، وە هەمو پەیوەندییە تەلدار و بێتەلەکانمان بگوازینەوە و هەمو ئەندامان بە نادیارى بمێنینەوە لەسەرتاسەرى جیهان لەپێناو کاراکردنى یاساى پاراستن لەو وڵاتانەى کە یاسا دادوەرییەکانى جیاوازە. هەروەها وتى"ئێمە لەو کارەدا زۆر باش بوین هەرگیز رۆژێک دۆسیەیەک یان سەرچاوەیەکمان نەدۆڕاندوە، بەڵام چاوەڕێ ناکەین کە هەمو کەسێک ئەو هەوڵانەى ئێمە ببینن کە ئەنجامیان دەدەین". ئاسانژ لەپێناو بەرێوەبردنى ویکلیکس ژیانێکى کۆچەرى دەژیا لە هەندێک شوێنى کاتى و جیاوازەوە سایتەکەى بەڕێوە بردوە. پەیامنێرى گۆڤارى (نیویۆرکەر) رافى کچادۆریان دەربارەى ئاسانژ دەڵێت: ئاسانژ دەتوانێت چەندین رۆژ بێ خواردن بەسەر ببات و تەنها ئامانجى کار کردن بێت بەبێ ئەوەى بە شێوەیەکى رێک و پێک بخەوێت". هەروەها دەڵێت "لەڕێى دروستکردنى ئەو کەشەوە لە دەوروبەریدا وا لە کەسە نزیکەکانى چواردەورى دەکات کە حەز بکەن چاودێرى بکەن و ئاگایان لێى بێت تا ئەویش بتوانێت لە کارەکانى بەردەوام بێت، رەنگە هەر ئەمەش پەیوەندى بەو کەسایەتییە سەرنجراکێشەیەوە هەبێت کە هەیەتى". دانیال شمیت، یەکێک لە هاوبەشەکانى دامەزراوەکە دەڵێت "ئاسانژ یەکێکە لەو ژمارە کەمەى کە بەراستى لە خەمى چاکسازیدان لە جیهاندا،بە رادەیەک کە وات لێ دەکات کارێکى رادیکاڵى ئەنجام بدەیت کە رەنگە بتخاتە هەڵەوە، تەنها لەپێناو ئەوەى کارێک بکەیت کە بڕوات پێیەتى" سایتى ویکلیکس چەندین بەڵگەنامەى لە چەندین وڵاتى جیاوازەوە بڵاو کردۆتەوە بەڵام هیچیان هێندەى ڤیدیۆى ئەو کۆپتەرە ئەمەریکییە نەبوە جێى باسى میدیاکان کە لە نیسانى ساڵى (2007) تەقەى هاوڵاتى مەدەنى عێراقى دەکرد، ئەو دیمەنانەش کە دواتر میدیاکان بڵاویانکردەوە بوە شۆکێکى گەورە بۆ هەمو جیهان. ئاسانژ زیاتر کەوتە بەر چاو کە بەرگرى لە بڵاوکردنەوەى ئەو ڤیدیۆیە و ژماریەک بەڵگەنامەی نهێنى سوپاى ئەمەریکا کرد لە جەنگى عێراق و ئەفغانستان لە ئۆکتۆبەرى ساڵى (2010)، ئەم سایتە بەردەوام بو لە بڵاوکردنەوەى بەڵگەنامەى نوێ کە لە نێویاندا پێنج ملیۆن نامەى ئەلکترۆنى نهێنى کۆمپانیاى هەواڵگرى "ستراتفۆرد" هەبە کە بارەگاکەى لە ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمەریکایە، ئاسانژ لەدواى دەستگیرکردنى لە مانگى کانونى یەکەمى (2010)ەوە لە ململانێدایە لەگەڵ دادگا کە بەهۆیەوە ماوەى هەشت رۆژ بەندکرا بەبێ ئەوەى هیچ تۆمەتێکى بدرێتە پاڵ وە دواتر ئازادکرا. دواتر ئاسانژ پەناى بردە بەر سەرۆکى پێشوى ئیکوادۆر رافائیل کوریا بۆ هاوکاریکردنى، بەو پێیەى هەردوکیان لە رابردودا بۆچونى هاوبەوشیان هەبوە لەبارەى ئازادییەوە تەنانەت لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا سەرۆکى ئیکوادۆر ستایشى ویکیلیکس و چالاکیەکانى دەکرد. لە مانگى ئەیلولى ساڵى (2014) ئاسانژ ساکاڵاى کرد لەوەى کە ئەو بە شێوەى زۆرەملێ گیراوە، لەبەر ئەوەى ناتوانێت هیچ جوڵەیەک بکات بەبێ ئەوەى بگیرێت کە دواتر لیژنەى نێودەوڵەتى بڕیارێکى لە بەرژەوەندى ئاسانژ بڵاوکردەوە لە مانگى شوباتى (2016) و تێیدا هاتوە کە ئەو بەشێوەیەکى زۆرەملێ گیراوە و مافى ئەوەى هەیە کە بە ئازادى هاتوچۆ بکات و وە قەرەبوى ئەو کاتە بکرێتەوە کە لە ئازادى بێبەش بوە.
ئەو بڕیارە لە لایەنى یاساییەوە ناتوانێت بەریتانیا پابەند بکات بە جێبەجێکردنییەوە، هەربۆیە وەزارەتى دەرەوەى بەریتانیا رایگەیاند: ئەو بڕیارە هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت.
ئێران ئەمەریکاى شۆک کرد
کەناڵى سوێس .. مێژوى گرنگترین "رێڕەوى بازرگانى" جیهان
ئەجێنداى بایدن لە عێراق؛ حکومەتێک پشت بەخۆى ببەستێت
هیومان رایتس وۆچ ئەردۆغان تۆمەتبار دەکات بە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و پێوەرە دیموكراتییەكان
ریسكی قهدهغهكردنی ههدهپه
حکومەت پارەدار و هاوڵاتی هەژار
ئاو؛ لە سەر زەوی بەفیڕۆى دەدەن و لە مەریخ بەدواى دا دەگەڕێن
نەورۆز؛ ئەو جەژنەى گەل و ئاین و نەتەوەى جیاواز ئاهەنگى بۆ دەگێڕن
دادگاى باڵاى فیدراڵى "جیامان دەکاتەوە"