راپۆرت 12:21 - 13/04/2019

دیپلۆماسیی پێشمەرگە؛ گۆڕانکاری و ئاڵنگارییەکان

+ -

(سبەی):
(دیپلۆماسی پێشمەرگە) پەیپەرێکی نوێی ژوری تویژینه‌وه‌ی سیاسیی بزوتنەوەی گۆڕانە، کە لەلایەن د.سەردار عەزیزەوە نوسراوەو تیایدا، بە ئاماژەدان بە هەستیاری دۆخی ناوچەکە، باس لە پێویستی رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و گۆڕینی دەکات بۆ هێزێکی فەرمی و رێکخراو، بۆ ئەوەی ئامادەباش بێت کە لە هەر ساتێکدا روبەروی قەیرانەکان ببێتەوە.

نوسەر وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە کە بۆچی ئێستا ساتەوەختێکی تایبەتە لە مێژوی جیهان و ناوچەکە، بۆ دروستکردنی پەیوەندی و بون بە پارتنەری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە رێگای پێشمەرگەوە، هاوکات پێشیوایە گۆڕینی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەوەی ببێتە هێزێکی هاوپەیمانی بەردەوام، کە ئامادەباش بێت لە هەر ساتەوەختێکدا لەگەڵ هاوپەیمان یان لە بری هاوپەیمانان روبەروی قەیرانەکان ببێتەوە، پرۆسەیەکی سەختە. یەکەم ئاڵنگاری بریتییە لە گۆڕینی پێشمەرگە لە هێزێکی نافەرمی، بە مانای رێکخراو بە شێوازێکی نافەرمی، بۆ سوپا، کە بە فەرمی رێکخراوە.

لە بەشێکی دیکەی پەیپەرەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، کورد دەبێت لە ئاڵۆزی ساتەوەختەکە و ئەرکەکەی تێبگات. کاتی ئەوە هاتوە کورد خۆی مۆدرێن بکات، هەتا بتوانێت هێزی پێویست بە دەست بهێنێت بۆ دیپلۆماسی کردن. چیدی هیچ بەهانەیەک نەماوە بۆ مۆدرێن نەکردنی هێزی پێشمەرگە. ئەم پرۆسەیە دژ بە هیچ لایەنێک و هێزێکی ناو کوردستان نیە، بەڵکو توانا دەبەخشێت بە هەموان. ئەوەی لێی دەترسێت، ترسەکەی راستەقینە نییە. چونکە ئەوەی دێتە ئاراوە نە مانای مەترسییە بە تایبەتی کە هاوپەیمانان ئامادەن بەشێک بن لە پرۆسەی بەڕێوەچونی ئەم هێزە.

هاوکات لە چەند خاڵێکدا ئاماژەی بە هەنگاوەکانی ئەو پرۆسەیە کردوەو بە پێویستی دەزانێت، خێرایی بکرێت لە رێکخستنەوەی هێزەکانی حەفتا و هەشتای پێشمەرگە، هێزی پێشمەرگە وەها رێکبخرێتەوە کە هێزێکی تۆکمەی، ئاسان جوڵاوی خێرای خاوەن شارەزایی بێت لە بواری چەک و تەقەمەنی و هونەری سەربازیدا. یاسایەک بۆ پێشمەرگە لە پەرلەمان دەربچێنرێت و بودجەی پێشمەرگە بە شێوەیەکی سەردەمیانه بۆ هەمو بوارەکانی کاری سەربازی تەرخان بکرێت، نەک زۆرینەی بۆ پێدانی موچە بەکار بهێنرێت، هەروەها ناوەندێکی داڕشتنی ستراتیژی سەربازی بونی هەبێت.

 

بۆ خوێندنەوەی تەواوی پەیپەرەکە