راپۆرت 04:53 - 16/04/2019

ژینگە چییە و چۆن پارێزگاری لێبکەین

+ -

(سبەى):

ژینگە (Environment)؛ هەمو ئەوانەى لە دەوروبەرماندایە و هەستی پێدەکەین ژینگە پێکدەهێنن، جا دەکرێت گیانداربێت یاخود بێگیان و هەروەها لە کۆمەڵێک هێزی بایۆلۆجی، کیمیایی و فیزیایی و چەند هێزێکی دیکەی سروشتی پێکدێت.

زیندەوەرەکان لەناو ژینگەی خۆیاندا دەژین و بەبەردەوامی ئاوێتەی یەکتر دەبن و خۆیان لەگەڵ بارودۆخی ژینگەی چواردەوریاندا دەگونجێنن، لە ژینگەدا چەند جۆرێکی جیاواز کاروکاردانەوە لە نێوان ئاژەڵ، دارودرەخت، زەوی، ئاو و بێگیان و گیانداراندا هەیە.

بەهۆی ئەوەی هەمو شتێک بەشێکە لە ژینگە، مرۆڤ وشەی "ژینگە" لە چەندین بوار و چەند شوێنێکی جیاجیا بەکاردەهێنێت، بۆ نمونە مەبەست لە ژینگەی ئەستێرەیی و حاڵەتی نێوان ئەستێرەکانە، یان لە بواری سایکۆلۆژی و پزیشکیدا ژینگەی مرۆڤ، خەڵک و تەن و شوێنەکانی دەوروبەرێتی کە ئەو کەسەی تێدا دەژی و چواردەورەکەشی کاریگەریی زۆری لەسەر هەڵسوکەوت و هزر و جەستە و دڵی ئەو کەسەدا هەیە.

لە بواری بایۆلۆژی و ئیکۆلۆژی، ژینگە بریتییە لە هەمو  مادە سروشتی و زیندەوەرەکان و تیشکی خۆر، ئەگەر ئەو شتانە سروشتی بن ئەوا پێی دەوترێت ژینگەی سروشتی.

ژینگە پێکدێت لە گیاندار و بێگیان کە زیندەوەران لەگەڵیاندا کاروکاردانەوە دەکەن یاخود کاریگەریان لەسەریاندا هەیە، ئەو گیاندارانەی کە زیندەوەران لەگەڵیاندا کاروکاردانەوەیان هەیە پێیان دەگوترێت یەکەی زیندو(biotic elements): ئاژەڵ و دارودروخت و هاوشێوەکانی و یەکە بێگیانەکانیش دەگرێتەوە کە پێکدێن لە؛ هەوا، ئاو، تیشکی خۆر و هاوشێوەکانی.

توێژینەوە و لێکۆڵینەوە لەسەر ژینگە واتا لێکۆڵینەوە لەسەر پەیوەندی نێوان ئەم شتە هەمە چەشنانە، نمونەیەک لە کاروکاردانەوە و پەیوەندی نێوان بێگیان و گیاندار، بریتییە لە روەک، کاتێک کانزا و مادەکانە لە زەوی وەردەگرێت و لە رێگەی تیشکی خۆرەوە خۆراک بۆ خۆی دروستدەکات.

ئەو شتانەش لە ژینگەی سروشتیدا هەن و لەلای ئێمە نرخ و بەهایان هەیە پێی دەگوترێت سەرچاوە سروشتییەکان، وەک ماسی، مێروەکان و دارستانەکان، ئەمانە سەرچاوەیەکن کە دەتوانن نوێببنەوە، چونکە کاتێک بەکاریاندەهێنین بە سروشتی جارێکی تر سەرهەڵدەدەنەوە و دروستدەبنەوە و ئەو سەرچاوانەی کە نوێ نابنەوە گرنگییەکی زۆریان لە ژینگەدا هەیە، چونکە سنوردارن، بۆ نمونە کانزای خاو و سوتەمەنی بەردین.

ژینگەپارێز
ژینگەپارێز (environmentalists) ئەوکەسانەن بەهۆی خۆشەویستییان بۆ ژینگە بە گشتی و ژینگەی وڵاتەکەیان بە تایبەتی هەوڵێکی زۆر دەدەن بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵکی لە پاراستنی ژینگە و هەروەها لە چوارچێوەی رێکخراوێکدا کاردەکەن بۆئەوەی رێنمای و ئەو هەنگاوانە بخەنەڕو کە دەبێت تاکی کۆمەڵگە لە چالاکییەکانی رۆژانەیاندا پابەندبن پێیانەوە بۆ ئەوەی ژینگەی کۆمەڵگەکەی بپارێزێت و پیسی نەکات.

چۆن ژینگە بپارێزین؟
پاراستنی ژینگە بریتییە لە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و کۆمەڵگە و دەوروبەرەکەی و مێژویەکی کۆنی هەیە، سوقراتى فەیلەسوفی یۆنانی وتارێکی لەژێر ناونیشانی (لە هەوا و ئاو و شوێنەکان) لە سەدەی پێنجی پێش زایین نوسیوە کە ئەم وتارە بە یەکەم بیرۆکەی پاراستن و پشتگیریکردن لە ژینگە دادەنرێت و هەروەها گرنگیدان بە ژینگەی ئاوهەوا بایەخێکی سەرەکی هەبوە لە نوسینەکانی فەیلەسوفی فەڕەنسی (مۆنتیسیکۆ).

بایەخ و گرنگیدان بە ژینگە لە سەردەمی نوێدا بەهۆی چەند فاکتەرێکەوە روی لەزیادبون کرد، لەوانەش درک کردن بە گرنگی ژینگە لە ژیانی مرۆڤدا و سەرهەڵدانی چەندین کێشە و کارەساتی ژینگەیی کە ئەمەش سەرنجی خەڵک و جیهانی بۆ لای خۆی راکێشا و هاوسۆزی و هاوخەمی کۆمەڵگەکان بۆ ژینگە لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی (1970)دا بە رونی دەرکەوت و دواتر زۆرێک لە رێکخراوەکان خۆیان تەرخانکرد بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵکی و لێکۆڵێنەوەی ورد بۆ دۆزینەوەی رێگاکانی پاراستنی ژینگە.

رێگاکانی پاراستنی ژینگە

ریسایکلین
ریسایکلین پڕۆسەیەکە لە گۆڕینی پاشماوەی بەفیڕۆدراو بۆ مادە و بەرهەمی نوێ.
ئەمەش ئەلتەرناتیڤێکە بۆ پرۆسەی فڕێدانی "تەقلیدی" و دەتوانێت مادە بپارێزێت و هاوکاری بکات لە کەمکردنەوەی دەردانی گازی گوڵخانە، ریسایکلین دەتوانێت رێگریی بکات لە بەفیڕۆدانی مادە و کەرەستەی بەسود و کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کەرەستەی خاو و تازە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی وزە و کەبونەوەی پیسبونی هەوا و ئاو.

پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکان
ئاو بە کۆڵەکەی ژیانی هەمو زیندەوەران بە هەمو شێوەکانییەوە دادەنرێت و رۆڵێکی کاریگەری بینیوە لە مانەوەی زیندەوەرەکانی سەر زەوی و هەروەها بە چەندین فۆرمی جیاواز ژیانی مرۆڤی باشترکردوە وەکو لە بوارەکانی کشتوکاڵکردن و شۆردنی خواردن و بەکارهێنانی وەکو هۆکارێکی هاتوچۆی گرنگ، بۆیە زۆر گرنگە پارێزگاری لە ئاو بکەین لە رێگەی گرتنەبەری چەند هەنگاوێک وەک کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی ئاو لە ژیانی رۆژانەدا و رێگەنەدرێت خۆڵ و خاشاک فرێبدرێتە نێو ئاوەکان.
هاوکات رێگری بکرێت لەوەی مادەی کیمیای بگاتە مەجارییەکان. چەندین رێگە و رێگەچارە هەیە بۆ پاراستنی ژینگە و لێرەدا باس لە هەندێکیان دەکەین.

کەمکردنەوەی بەکارهێنانی پلاستیک
مادەی پلاستیکییەکان وەکو کیسە و بوتڵ و کە دەتوانرێت لەناوببرێت، بە یەکێک لە هۆکارە هەرە باوەکانی پیسبونی ژینگە دادەنرێت و کاریگەرییەکی خراپی هەیە لەسەر سیستمی ئیکۆلۆجی، بۆ نمونە ساڵانە نزیکەی (8) ملیۆن تۆن پلاستیک فرێدەدرێتە نێو زەریاکانەوە ئەمەش هاوشێوەی ئەوەیە کە بارهەڵگرێک هەمو خولەکێک پلاستیک فڕێبداتە نێو دەریاکانەوە، بۆیە گرنگە ئەم مادەیە کەمبکرێتەوە و جێگرەوەى بۆ بدۆزرێتەوە.

کاریگەرى دار و درەخت
زیاتر ناشتنی دارو درەخت چەند لایەنێکی باشی هەیە لە پاراستن و گەشەسەندی ژینگە، درەختەکان دەبنە هۆی کەمکردنەوەی گۆڕینی کەشوهەوا، چونکە دەتوانێت (دوانە ئۆکسیدی کاربۆن) هەڵمژێت کە کاریگەرییەکی خراپی هەیە لە پیسبونی ئاوهەوا و هەروەها دەتوانرێت وەکو سەرچاوەیەکی وزە دابنرێت کە دەکرێت نوێبکرێتەوە، چونکە ئەو سەرچاوانەی نوێ نابنەوە یەکێکە لە گەورەترین کێشەکانی زەوی و بۆیە دارودرەخت دەتوانێت جێی ئەم سەرچاوانە بگرێتەوە و لەهەمان کاتیشدا ئەم وزەیە بە دۆستی ژینگەش دادەنرێت.

هۆکارەکانی پیسبونی ژینگە
ژینگەی دەوروبەرمان رۆژانە روبەڕوی چەندین شێوازی پیسبون دەبێتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو چالاکییانەی لەگەڵ ئەو شوێنەی تێیدا دەژین ناگونجێت و دەبێتە هۆی نا هاوسەنگی لە ژینگەدا لە پیسبونی ئاووهەوا و خاک و خۆڵ، کە ئەمانەش هۆکارێکن بۆ توشبونی مرۆڤ و ئاژەڵ و روەکەکان بە چەندین نەخۆشی جیاواز.

هۆکاری سەرەکی و بنەڕەتی پیسبونی ژینگە مرۆڤە، چونکە هەر مرۆڤێک کەرەستە و ئامێر بۆ ئاسانکاری ژیانی رۆژانەی دروستدەکات کە دەبێتە هۆی پیسبونی ژینگە و دواتر کاریگەرییە خراپەکانیشی پشتگوێ دەخات، هەروەها کارگەکان و بەرهەمەکانیان هۆکارێکی دیکەی پیسبون و کاریگەرین لەسەر ژینگە بەهۆی بەکارهێنانی لە رادەبەدەری سەرچاوە سروشتییەکان کە دەبێتەهۆی ناهاوسەنگی سیستمی ئیکۆلۆجی.

ئەو پاشماوەنەی مرۆڤ بەرهەمی دەهێنێت یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی پیسبونی ژینگە، لە گرنگترین و کارگەیرترینیان پاشماوەی تیشکدەری ناوەکی وەکو چەکی ئەتۆمی، کە کاریگەری لەسەر تەندروستی مرۆڤ دروستدەکات و دەبێتە هۆی پیسبونی خاک و ئاوی ژێرزەوی و هەروەها کاریگەری دەبێت لەسەر ژیانی مرۆڤ لەرێگەی تێکشکاندنی جیناتەکانییەوە.

جۆرەکانی پیسبونی ژینگە

* پیسبونی هەوا، ئەمەش بەهۆی مادەی زیانبەخشەوە دەبێت کە لە بەرگەهەوادا بڵاودەبێتەوە و کاریگەریی لەسەر تەندروستی مرۆڤ و ژینگەی چواردەوری هەیە، مرۆڤیش دەبێت پارێزگاری لێبکات، چونکە هەمو زیندەوەرەکان بەهۆی هەواوە دەژین، پیسبونی هەوا بەراورد بە جۆرەکانی تری پیسبونی ژینگە هۆکاری (2%)ى گیانلەدەستانە لە جیهاندا.

پیسبونی ژینگە دەکرێت ببێت بە دو بەشەوە؛ سەرچاوە سروشتییەکان وەکو خۆڵبارین و سەرچاوەی دەستکرد وەکو ئەو ماددانەی لە  دەرچەی دەرچونی دوکەڵ و پاشماوەی سوتەمەنی بزوێنەری ئۆتۆمۆبیلەکان دەردەچێت.
* پیسبون و بەژەهراویبونی خۆڵ و خاشاک
* پیسبونی ئاو
* پیسبونی خاک
* پیسبونی دەنگ، وەکو ژاوەژاوی ناو بازاڕەکان و شوێنە پیشەسازی و قەڵەباڵغەکان.