کوردستان 09:02 - 17/04/2019

چوارشەممەى سور جەژنى ئێزدییەکان

+ -

(سبەى):
ئێزدییەکان لە کۆتا چوارشەممەى مانگى نیساندا  ئاهەنگی سەری ساڵ دەگێڕن کە بە (چوارشەممەی سور) ناسراوە، هەرچەندە ئەو یادە لە هەرێمى کوردستان کراوەتە پشو بۆئەوەى هەموان لەو بۆنەیەى ئێزدییەکاندا بەشداربن، بەڵام شەڕى داعش و ئەو نەهامەتییانەى لە چەند ساڵى رابردودا بەسەریاندا هات وایکردوە سەرى ساڵ بۆ ئێزدییەکان جیاواز بێت، بەڵام ئەوان بەردەوامن لە ژیان و بنیاتنانەوەى ئایندەیان.
 
جەژنی چوارشەممەی سور یان سەری ساڵی ئێزدییەكان، کۆتا چوار شەممەی مانگی نیسانى هەمو ساڵێکە (بەگوێرەی رۆژمێری خۆرهەڵاتی)، هەر لەبەرئەوەشە كە ئێزیدییەكان ئاهەنگ دەگێڕن، چونكە بەپێى بیروباوەڕى ئێزیدییەكان لەو رۆژەدا فریشتە "مەلیك تاوس" هاتوەتە سەر زەوی و گەردون بە سروشت و جوانی گوڵە سورەكانی مانگی نیسان رازاوەتەوە.

شەوانی سێ شەممە لە مەزارگە ئاینییەكانی ئێزدییەكاندا، بەتایبەتی پەرستگای لالش، مۆم دادەگیرسێنرێت و سروتەکان دەستپێدەکەن کە یەکێکیان رەنگكردنی هێلكەی كۆڵاو و ئامادەكردنی نان بە رۆن و كونجییە كە دواتر بەسەر فەقیر و هەژاراندا دابەشدەكرێت.

رۆژى چوارشەممەش ئێزدییەکان دەچنە پەرستگاى لالش له‌ قه‌زای شێخان و بەپێى نەریتى باوى خۆیان ئاهەنگى سەرى ساڵ دەگێڕن.

لە سێى ئابى ساڵى (2014) ئێزدییەکان کەوتنە بەر دڕەندەترین هێرشى چەکدارانى داعش کە هەزاران کەسیان لەلایەن چەکدارانى ئەو رێکخراوە تیرۆریستییەوە کوژران و هەزاران کچ و ژنى ئێزدییەکانیش رفێندران کە هێشتا نزیکەى سێ هەزاریان نەگەڕێندراونەتەوە بۆ زێدى خۆیان.