کوردستان 02:12 - 04/05/2019

سبەینێ رێککەوتنی کۆتایی لەسەر پێکهێنانی حکومەت ئیمزا دەکرێت

+ -

(سبەی):
بڕیارە سبەینێ وەفدی پارتی سەردانی سلێمانی بکات و سەرەتا لەگەڵ گۆڕان و دواتر لەگەڵ یەکێتی کۆدەبنەوە و رێککەوتنی کۆتایی لەسەر پێکهێنانی حکومەت یەکلایی دەکرێتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە (سبەی) راگەیاند: پێشنیوەڕۆی سبەینێ یەکشەممە وەفدێکی پارتی دیموکراتی دیموکراتی کوردستان سەردانی سلێمانی دەکات و سەرەتا سەردانی مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان دەکات و ئەو گۆڕانکارییانەی لە رێککەوتنەکەی پێشوی نێوانیان کراوە بڕیاری کۆتایی لەسەر دەدەن.

بڕیارە هەر سبەینێ وادەی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکرێت بۆ هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، کە خوێندنەوەی دوەمی بۆ کراوە و لیژنەی یاسایی راپۆرتی کۆتایی خۆی لەسەر ئامادەکردوە.

لەلایەکی ترەوە لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەکێتیی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بڕیارە سبەینێ لە رێوڕەسمێکدا لە شاری سلێمانی یەکێتی و پارتی رێککەوتنامەی نێوانیان بۆ پێکھێنانی حکومەتی ھەرێم ئیمزا بکەن.

سەرچاوەکەی (سبەی) رایگەیاند: بزوتنەوەی گۆڕان پێداگریی لەسەر ئەنجامدانی چاکسازیی لە کابینەی نوێی حکومەت کردوە  لەسەرجەم بوارەکاندا و بڕیارە دوای هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم، پڕۆژە یاسای چاکسازیی و چاکسازیی موچە و خانەنشینی ئەولەویەتی کاری پەرلەمانی کوردستان بێت.

رۆژی (28)ی ئازاری (2019)، بە واژۆی (68) پەرلەمانتار پڕۆژە یاسای هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم پێشکەشی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرا و رۆژى (31/3/2019) لیژنەی یاسایی پەرلەمان راپۆرتی پڕۆژه هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێمى پەسەند کرد، رۆژی (3/4/2019) لە دانیشتنى پەرلەماندا خوێندنەوەى دوەمى بۆکرا.

 

سلێمانی/ بڕیار نامیق