جیهان 10:36 - 20/05/2019

(29) داعش لە زیندانێکدا کوژران

+ -

(سبەی):

لە زیندانێکی تاجیکستان (29) ئەندامی داعش کوژراون و ژمارەیەک پاسەوانیش دوای بە بارمتەگرتنیان بە چەقۆ کوژران.

ئاژانسی نۆڤستی روسیا لەسەر زاری وەزیری دادی تاجیکستانەوە بڵاوی کردەوە؛ ژمارەیەک چەکداری پێشوی داعش کە سزا دراون و ماوەی سزاکەیان لە زینداندا بەسەر دەبەن، هێرشیان کردوەتە سەر ژمارەیەک پاسەوانی زیندانەکەیان و دوای بەبارمتەگرتنیان سێ پاسەوانیان بە چەقۆ کوشتوە.

ئاماژەی بەوەکردوە؛ بەهۆی ئەو ئاژاوە و ئاڵۆزییەی لەناو زیندانەکەدا دروست بوە (29) ئەندامی داعش کوژراون، هەشت لەو کەسانەش لەلایەن هاوڕێ زیندانەکانی خۆیانەوە کوژراون.

وەزیری داد ئاشکرای کردوە؛ ئەوە دوەم روداوی هاوشێوەیە لەو زیندانە و سەرەتا ئەو ئەندامانەی داعش داوایان کردوە ئازاد بکرێن و دەستیان بە خۆپیشاندان کردوە، دواتر دەستیان بە ئاژاوە نانەوە و هێرش کردوە و بەهۆیەوە ئەو روداوەی لێکەوتوەتەوە.

ئەو زیندانەی کە ئاڵۆزییەکانی لێ دروست بوە دەکەوێتە دوری (15) کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی شاری دوشەممەی پایتەختی تاجیکستان و (1500) زیندانیی تێدا بەندکراوە.