جیهان 08:44 - 20/05/2019

ئێران به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ ئاستی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ یۆرانیۆمی‌ راگه‌یاند

+ -

(سبه‌ی‌):

به‌هرۆز كامه‌لوه‌ندی‌ وته‌بێژی‌ رێكخراوی‌ وزه‌ی‌ ئه‌تۆمی‌ ئێران رایگه‌یاند، حكومه‌تی‌ تاران ئاستی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ یۆرانیۆمی‌ پیتێنراوی‌ به‌رز كردوه‌ته‌وه‌ به‌ رێژه‌ی‌ (3.67%).

ئاژانسی‌ ته‌سنیمی‌ ئێران بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، كه‌مالوه‌ندی‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیدا له‌سه‌ر زاری‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ دامه‌زراوه‌ (نه‌زنه‌ز) بۆ پیتاندنی‌ یۆرانیۆم بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، به‌هۆی‌ بڕیاری‌ كۆتایی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ ئێران بۆ ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌، ئێران به‌رهه‌مهێنانی‌ یۆرانیۆمی‌ پیتێنراوی‌ زیادكردوه‌. 

به‌پێی‌ هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانی‌ كۆشكی‌ سپی‌، ئێران به‌رله‌ ته‌موزی‌ (2015)، خاوه‌نی‌ كۆگایه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ یۆرانیۆمی‌ پیتێنراو بو له‌گه‌ڵ نزیكه‌ی‌ (20) هه‌زار ده‌زگای‌ سێنته‌ر فیوجی‌ تایبه‌ت به‌ پیتاندنی‌ یۆرانیۆم كه‌ ئه‌وه‌ش بڕێكی‌ پێویست بو بۆ به‌رهه‌مهێنانی‌ نزیكه‌ی‌ هه‌شت بۆ (10) بۆمبی‌ ئه‌تۆمی‌. 

به‌پێی‌ رێككه‌وتننامه‌ی‌ ئه‌تۆمیی‌ كه‌ له‌ ساڵی‌ (2015)دا ئیمزا كرا، تاران ره‌زامه‌ندبو كه‌ بۆ ماوه‌ی‌ (15) ساڵ بۆ راگرتنی‌ زیادكردنی‌ یۆرانیۆمی‌ پیتێنراوی‌ عه‌مباركراو كه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی‌ سوته‌مه‌نی‌ وێستگه‌ ئه‌تۆمییه‌كان و به‌رهه‌مهێنانی‌ چه‌كی‌ ئه‌تۆمی به‌رهه‌م ده‌هێنران، هه‌روه‌ها ئێران ره‌زامه‌ند بو بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ ده‌زگای‌ سێنته‌ر فیوج بۆ ماوه‌ی‌ (10) ساڵ.