سەربازێکی ئەمەریکا لەگەڵ شەڕڤانان لە رۆژئاوای کوردستان

جیهان 09:03 - 21/05/2019

کۆنگرێس داوای مانەوەی هێزەکانیان لە سوریا دەکەن

+ -

(سبەی):

سەدان ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا داوا لە ترەمپ دەکەن لە سوریا بمێنێتەوە بۆ رێگرتن لە چالاکیی و سەرهەڵدانەوەی گروپە توندڕەوەکان.

لە پەیامێکدا کە ئاڕاستەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکایان کردوە، ئەو ئەندامانەی کۆنگرێس داوایان کردوە، ئەمەریکا بەردەوامی بە رۆڵی خۆی بدات لە سوریا، چونکە ئەوان "ئەوپەڕی نیگەرانن" لە چالاکیی گروپە توندڕەوەکانی ناوچەکە.

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوی کردەوە؛ یاداشتەکە لە کۆی (535) ئەندامی کۆنگرێس، ئیمزای (400) ئەندامی هەردو ئەنجومەنی نوێنەران و پیرانی لەسەرە، کە تیایدا ئاماژەیان بەوەکردوە؛ لەکاتێکدا بەشێک لە هاوپەیمانە نزیکەکانی وڵاتەکەیان لە ناوچەکە روبەڕوی هەڕەشە و مەترسی دەبنەوە، پێویست دەکات ئەمەریکا رۆڵی سەرکردایەتی و یەکلاکەرەوەی خۆی بگێڕێت و لەناوچەکە بمێنێتەوە و پابەندی پەیمان و بەڵێنەکانی بێت.

دوای بڕیارە لەناکاوەکەی دۆناڵد ترەمپ، لە مانگی کانونی یەکەمی ساڵی رابردو بۆ کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە سوریا، کاردانەوەی ئەندامانی کۆنگرێسی بەهەردو بەرەی دیموکراتی و کۆمارییەکان لێکەوتەوە، هەر ئەوکات برێت مەکگۆرک نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و جەیمس ماتیس وەزیری بەرگری ئەمەریکا و ژمارەیەک کاربەدەستی ئەو وڵاتە دەستیان لەکارکێشایەوە.

دواتر و لە ژێر فشاری ئیدارەکەی و وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، مانگی شوباتی ئەمساڵ ترەمپ لە بڕیارەکەی پاشگەزبوەوە و بڕیاریدا ژمارەیەک سەربازی ئەمەریکا لە سوریا بهێڵێتەوە تا ئەوکاتەی مەترسی داعش و گروپە توندڕەوەکان و گروپەکانی سەر بە ئێران لە سوریا دەمێنێتەوە.

لە ساڵی (2014)ەوە ئەمەریکا سەرکردایەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دەکات و پاڵپشتی سەربازی پێشکەشی شەڕڤانان دەکات لە رۆژئاوای کوردستان بۆ روبەڕوبونەوەی داعش، هەردولا پێکەوە لە مانگی ئازاری ئەمساڵ کۆتا مۆڵگەی داعشیان لە سوریا کۆنتڕۆڵ کردەوە و بەفەرمی کۆتایی ئەو گروپەیان راگەیاند.