گۆڕێکی بە کۆمەڵ لە شەنگال

کوردستان 09:47 - 21/05/2019

نزیکەی (200) گۆڕی بەکۆمەڵ لە شەنگال دۆزراونەتەوە

+ -

(سبەی):

تیمی لێکۆڵەری نێودەوڵەتی (12) گۆڕی بە کۆمەڵی دیکە لە شەنگال دەدۆزێتەوە و بەوەش ژمارەیان دەگاتە (200) گۆڕی بە کۆمەڵ، سەرۆکی تیمەکەش رەخنە لە سستی بەڕێوەچونی پڕۆسەی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش دەگرێت.

کەریم ئەسەد ئەحمەد خان، سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوەیەکگرتوەکان لە راپۆرتێکی تایبەتدا ئاشکرای کردوە؛ لەئێستادا تیمەکەیان لەسەر سێ ئاست کاردەکات، یەکەمیان کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان لەسەردەستی داعش لە ساڵی (2014) و دوەم تاوانەکانی داعش لە ساڵانی (2014-2016) و سێیەم کۆمەڵکوژیی سەربازانی عێراقی لە مانگی حوزەیرانی ساڵی (2014) لەسەر دەستی داعش.

ئەحمەد خان، رەخنەی لە سستی بەڕێوەچونی کارەکان گرت و داوایکرد چەندین کەناڵی دیکەی چالاک و گونجاو بکرێتەوە بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە لەسەر ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە لەسەر دەستی داعش ئەنجامدراون، تا وەک بەڵگەی تاوان بدرێتە دادگاکانی عێراق.

ساڵی (2017) لەسەر داوای نادیە موراد کچە کوردی ئێزدی قوربانیی دەستی داعش و براوەی خەڵاتی نۆبڵ و ساخارۆڤ و ئەمەل کلۆنی پارێزەری تایبەتی نادیە و شارەزای دۆسیەی مافەکانی مرۆڤ و یاسا نێودوڵەتییەکان، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاریدا بە پێکهێنانی تیمێکی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش و دادگایی کردنی تاوانبارانی جەنگ لە سوریا و عێراق.

مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی (2018) تیمە نێودەوڵەتییەکە دەستی بەهەڵدانەوەی یەکەم گۆڕی بە کۆمەڵ کرد لە گوندی کۆجۆی زێدی لە دایکبونی نادیە موراد لەنزیک چیای شەنگال و تائێستاش کارەکانیان لەو شارە زۆرینە ئێزدی نشینە بەردەوامە کە مانگی ئابی ساڵی (2014) لەسەردەستی داعش روبەڕوی کۆمەڵکوژیی بونەوە.

پێشتریش حکومەتی عێراق، داواکارییەکی نەتەوەیەکگرتوەکانی رەتکردنەوە بۆ پێشکەشکردنی بەڵگەی پێویست بۆ دادگایی کردنی تاوانبارانی جەنگ و کۆمەڵکوژی و ئەو (200) گۆڕە بە کۆمەڵەی لە موسڵ و دەوربەری دۆزراونەتەوە و بڕیاریدا لە دادگاکانی ناوخۆدا تاوانبارانی جەنگ دادگایی بکات.