جیهان 11:48 - 21/05/2019

ئێران نەتەوەیەکگرتوەکان لە بەرپابونی جەنگ ئاگادار دەکاتەوە

+ -

(سبەی):
نوێنەری ئێران هۆشداریی دەدات لە رودانی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نەتەوەیەکگرتوەکانیش داوای هێوربونەوەی دۆخەکە لە واشنتۆن و تاران دەکات.

مەجید تەخت رەوانچی، نوێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە رێکخراوی نەوتەوەیەکگرتوەکان لە نامەیەکدا بۆ ئەو رێکخراوە، هۆشداریی دەدات لە ئەگەری پەرەسەندنی تەنگەژەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جەنگ رو بدات و وڵاتەکەشی بە مافی خۆی دەزانێت، بەرگریی لە بەرژەوەندییەکانی بکات.

رەوانچی لە نامەکەیدا نوسیویەتی؛ بە راشکاوانە رایدەگەیەنین وڵاتەکەمان مافی خۆیەتی لە ئەگەری سەرهەڵدانی جەنگ بەرگریی بکات و وەڵامی هەر پەلامارێک بداتەوە و ئاگری ئەم جەنگەش جگە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جیهانیش دەگرێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان، داوای لە ئەمەریکا و ئێران کردوە ئاستی جەنگی زارەکی کەم بکەنەوە بۆ ئەوەی تەنگەژەکان پەرەنەسێنێت و نەبێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگ لە ناوچەکە و جیهاندا.