پێنی مۆردونت، وەزیری بەرگریی بەریتانیا

جیهان 12:52 - 21/05/2019

وەزیری بەرگریی بەریتانیا: ئامادەین هاوکاریی ئەمەریکا بکەین بۆ لێدانی ئێران

+ -

(سبەی):
وەزیری بەرگریی بەریتانیا رایگەیاند؛ نیگەرانی بارودۆخی کەنداون و لە ئەگەری گرژبونی دۆخەکەدا پشتیوانیی لە هەوڵەکانی ئەمەریکا دەکەن.

پێنی مۆردونت، وەزیری بەرگریی بەریتانیا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی نیگەرانی خۆی لە ئاڵۆزبونی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران دەربڕی و رایگەیاند؛ لە ئەگەری دروستبونی مەترسیی بۆ هاوپەیمانەکانمان پشتیوانیی ئەمەریکا دەکەین لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران.

ئاماژەی بەوەکرد؛ هێزەکانی بەریتانیا لە کەنداو جێگیر بون و لە ئەگەری هەر روداوێکدا بەرگریی لە بەرژەوەندییەکانی هاوپەیمانەکانمان بە تایبەت ئەمەریکا دەکەین، بەڵام لەندەن دوایین هەوڵەکانی خستوەتەگەڕ بۆ هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکە.

وەزیری بەرگریی بەریتانیا جەختی کردەوە؛ پێگەیەکی گرنگیان لە کەنداو هەیە و رۆڵیان دەبێت لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی و هاوپەیمانەکانی لە ئەگەری دروستبونی هەڕەشە و مەترسیی لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە.

ئەوە لەکاتێکدایە دوێنێ دوشەممە، جێرمى هەنتى وەزیرى دەرەوەى بەریتانیا لە پەراوێزى کۆبونەوەى کۆمەڵەى تەندروستى جیهانى لە ژنێف، لە وەڵامى رۆژنامەنوساندا و لەبارەى ئاڵۆزبونى دۆخى نێوان ئیران و ئەمەریکاوە وتى:"بە ئیرانییەکان دەڵێم سوکایەتى و هێرش نەکەنە سەر لایەنى ئەمەریکى، چونکە دەبێت هۆشدارى ئەوەیان بدرێتێ ئەگەر بەرژەوەندییەکانى ئەمەریکا هێرشیان بکرێت سەر ئەوا ئیدارەى ترەمپ بێ وەڵام نابێت".

هەنت جەختی کردەوە؛ ئەوان جەنگیان ناوێت لەگەڵ ئێران، بەڵام ئەگەر بەرژەوەندییەکانى ئەمەریکا روبەڕوى هێرش بونەوە، ئەوا کاردانەوە و وەڵامیان دەبێت، بۆیە پێویستە ئێرانییەکان بە وردى بیر بکەنەوە.