دیمانە 07:35 - 15/06/2019

د.شاهۆ سەعید: ئەگەر مرۆڤی ئازاد دروست بێت توانای مۆنۆپۆلی سیاسی کەمتر دەبێتەوە

+ -

(سبەی):

د.شاهۆ سەعید، مامۆستای زانکۆ و لێکۆڵەر لە زانکۆی جۆرج تاون لە ئەمەریکا، پێیوایە ئەگەر مرۆڤی ئازاد دروست بێت توانای مۆنۆپۆلی سیاسی کەمتر دەبێتەوە، بەڵام زۆرجار سروشتی دەسەڵات لە کۆمەڵگاکانی خۆماندا هانی ئەوەدات مرۆڤی ئازاد دروست نەبن.

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا و سەبارەت بە بیرکردنەوەی رەخنەگرانە، د.شاهۆ سەعید ئاماژەی بەوەکرد؛ مرۆڤ بونەوەرێکی ئازادە کە خاوەن بەهرەی بیکردنەوەیە و هەمو مرۆڤێک ئەم بەهرەی تێدایە، بەڵام بەهۆی سیستەمی کلتوری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە زۆرجار ئەم بەهرەیە مۆنۆپۆل دەکرێن، واتە کەسانێکی دیاریکراو ئەو بەهرانە بەکاردەهێنن بەشێوازێک بۆ پەیڕەوکردنی دەسەڵات بەسەر خەڵکی تردا.


+ بیرکردنەوەی رەخنەیی چییە؟

شاهۆ سەعید: بیرکردنەوەی رەخنەیی چەشنێکە لە بیرکردنەوەی ئامانجدار، بەمەبەستی لێکدانەوە و بەمەبەستی ئەنجامگیری، هەڵبەت مرۆڤ لە بنەڕەتدا بونەوەرێکی بیرکەرەوەیە، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە نازانێت چۆن بیربکاتەوە، بۆیە لە کەلەپوری فەلسەفییەوە لە سەردەمی سۆکراتەوە تائێستا باس لەوە دەکرێت چ رێوشوێنیک پەیڕەو بکەین بۆ بیرکردنەوە، لە سەردەمانی زودا بیرکردنەوە تەنها ئیشی خەڵکانی خوێنەوار و خەڵکە دەستەبژێرەکان بوە، دەستەبژێرەکانی بواری فەسلەفە و بواری تیۆلۆجی. بەڵام لە سەردەمی ئێستایە رۆژ بەڕۆژ ئەو داخوازییە زیاتر فراوان دەبێت کە هەمو مرۆڤێک توانای بیرکردنەوەی هەبێت، ئەگەر لە سەردەمانی کۆدا مرۆڤەکان هەندێکیان بیرکەرەوە بوبن و هەندێکیان وەرگربوبن، واتە هەندیکیان بیکردنەوەیان بەرهەمهێنابێ و هەندێکیان بریکردنەوەیان وەرگرتبێت، لە سیستەمی کلتوری و پەروەردەیی ئێستایە بەتایبەتی لە وڵاتە پێشکەوتەوەکاندا زۆر جەخت لەوەدەکرێتەوە کە هەمویان بیرکرەوەبن.

بیرکردنەوەی رەخنەیی بریتییە لە بیرکردنەوەیەکی مەبەستدار، بە مەبەستی بەرهەمهێنانی ئایدیایی نوی

بیرکردنەوەی رەخنەی دەکرێت بڵێین جۆرێکە لە بیرکردنەوە کە دەکەوێتە نێوان دو خوی خراپی مرۆڤەوە؛ یەکێکیان بیرنەکردنەوەیە ئێمە بە سروشت زۆرجار تەمەڵین لە بواری فیزیایی و جەستەییەوە، لەبواری زەینیشدا زۆر جار تەمەڵین بۆیە بیر ناکەینەوە، ئەمە خوە خراپەکەیە بەدیوەکەی تریشدا خویەکی تریش هەیە بریتییە لە بیرکردنەوەی هەڕەمەکی بە ئینگلیزی (overthinking) واتە زیادەڕۆیی لە بیرکردنەوەدا بەبێ هیچ پلان و میتیۆدێک.

بیرکردنەوەی رەخنەیی بریتییە لە بیرکردنەوەیەکی مەبەستدار، لە پەیڕەوکردنی میتۆم بە مەبەستی بەرهەمهێنانی ئایدیایی نوی.

+ ئەو بەرنامانە چین کە وادەکات بیرکردنەوەی بیرکردنەوە بە بەرنامەرێژی بێت؟

شاهۆ سەعید: گرنگترین شت دەبێت بزانین مرۆڤ بونەوەرێکی ئازادە کە خاوەن بەهرەی بیکردنەوەیە و هەمو مرۆڤێک ئەم بەهرەی تێدایە، بەڵام بەهۆی سیستەمی کلتوری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە زۆرجار ئەم بەهرەیە مۆنۆپۆل دەکرێن، واتە کەسانێکی دیاریکراو ئەو بەهرانە بەکاردەهێنن بەشێوازێک بۆ مومارەسەکردنی دەسەڵات واتە پەیڕەوکردنی دەسەڵات بەسەر خەڵکی تردا بۆیە وەکو چۆن لە روی سیاسی و لە روی ئابوریەوە خەڵکانێکی زۆر بێبەشدەکرێن لە ئیمتیازەتەکانی بواری سیاسی و ئابوری و پلەبەندی کۆمەڵایەتی. لە روی بیکردنەوەشەوە، بەشێکی زۆری سروشتی دەسەڵات لە بەشێکی زۆری کۆمەڵگە و وڵاتاندا بیرکردنەوەی مۆنۆپۆل دەکات بۆ کەسانێکی دیاریکراو. بۆیە گرنگە جەخت لەوە بکەینەوە کە مرۆڤ خاوەنی کەرامەت بێت و وەک مرۆڤی ئازاد پێناسەبکرێن و هەمویان توانای بیرکردنەوەیان هەبێت.

+ ئەم جۆرە بیکردنەوە لەژیانی مرۆڤدا لەکوێوە دەستپێدەکات؟

شاهۆ سەعید: لە مناڵییەوە دەستپێدەکات، لەو کاتەی کە توانای وردبونەوەی هەیە، واتا کاتێک دەتوانێت تەرکیزبکاتە خاڵیکی دیاریکراو. ئەم بەهرەیە لەوێوە دەستپێدەکات، بەڵام کێشەکە هەندێکی سایکۆلۆجیە و هەندێکی پەروەردەییە.

کێشەیەک هەیە لە منداڵدا پێیودەگوترێت ئیکۆسەنتریزم واتە (خود سەنتەری)، منداڵ کاتێک تەماشای شتەکان دەکات لە گۆشە نیگای خۆی تەماشای شتەکان دەکات، منداڵ خۆی لێدەبێت بە چەقی گەردون، ئەمەش شتێکی ئاساییە و رەنگە پێویستیش بێت، چونکە منداڵ پێویستە توانای فۆکسی هەبێت، بەڵام کێشەکە ئەوەیە مرۆڤ گەورە دەبێت، بەڵام توانای تەجاوزکردنی خود سەنتەری نامێنیت، واتا تەنها لە گۆشە نیگای خۆیەوە تەماشای شتەکان دەکات و تەرکیز دەکات. ئەمەش وادەکات کەسێکی خودگەر بێت.

بۆیە بەپێی سیستەمی پەروەردەیی باس لەوەدکات کە دەبێت مرۆڤ گۆشە نیگای خۆی جێبهێڵێت و توانای ئەوەی هەبێت گۆشەنیگای خەڵکی تر تاقیبکاتەوە بۆ نمونە من گۆشە نیگای خۆمەوە تەماشای تۆ دەکەم، بەڵام دەبێت لەهەمانکاتدا توانای ئەوەم هەبێت لە گۆشە نیگای تۆ وەربگرم بۆ تەماشاکردنی خۆم، واتە مرۆڤ لە یەککاتدا لێکدانەوە دەکات و لەیەککاتدا گۆشەنیگای  ئەوانی تر تاقیدەکاتەوە و خۆت بخەیتە جێی ئەوانەوە و لەپێگەی ئەوانی ترەوە تەماشای خۆتبکەیت.

بیرکردنەوەی رەخنەی لە قۆناغی یەکەمدا فێری ئەوەمان دەکات کە لەگەڵ تاکەکانی تردا پەیوەندییەکی دروستمان هەبێت

ئیگۆسەنتریزم لە تەمەنی (16) ساڵییەوە دەبێت بە گرفت بۆ مرۆڤ، واتە پێش تەمەنی (16) پێویست بێت بۆ مناڵ، بەڵام لە دوای ئەوە دەبێت بە گرفت لە کۆمەڵگە دواکەوتەوەکاندا، لە کۆمەڵگە رۆژهەڵاتیەکاندا زۆربەی خەڵکەکان گیرۆدەی ئیگۆسەنتریزمن، واتە گیرۆدەی ئەوەن لە گۆشە نیگای خۆیانەوە تەماشای شتەکان دەکەن. ئەم کێشەیە لە قۆناغێکی تردا دەبێت بە کێشەی کۆمەڵ سەنتەری (سیۆشیۆ- سەنتریزم) واتە لە دیدی کۆمەڵگەکەی خۆتەوە تەماشای هەمو دونیا دەکەیت، بۆ نمونە لە حیزبە سیاسییەکەی خۆتەوە تەماشا دەکەیت، لە خێڵەکەی خۆت لە ئاینەکەی خۆت، لە نەتەوەکەی خۆت و لە شارەکەی خۆت. راستە بازنەی خود گەورە دەبێت، لە خودەوە دەبێت بە کۆمەڵگە، بەڵام کێشەیەکی تر دروست دەکات، ئەوەیش ئەوەیە فرەی قبوڵ نەکەیت ، فرەی کۆمەڵایەتی و کلتوری قبوڵنکەیت.

بۆیە بیرکردنەوەی رەخنەی لە قۆناغی یەکەمدا فێری ئەوەمان دەکات کە لەگەڵ تاکەکانی تردا پەیوەندییەکی دروستمان هەبێت، واتە لە پێویستییەکی لۆجیکییەوە دەبێت بە پێویستییەکی کۆمەڵایەتی و پێویستییەکی ئاکاری. لە قۆناغی دوەمدا فێری ئەوەمان دەکات چۆن بایەخ بە کلتورەکان و شارەکان و نەتەوەکان و  ئاینەکان و ئایدۆلۆجییەکانی تر بدەین.

کەواتە بیرکردنەوەی رەخنەی تەنها بایەخێکی  مەعریفی  کۆگنەتیڤی نییە، بەڵکو بایەخێکی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی و ئاکاری هەیە و لە قۆناغەکانی تردا بایەخی تر پەیدادەکات بۆ دروستکردنی پەیمانی کۆمەڵایەتی.

+ ئایە شوێنیک هەیە بیرکردنەوەی رەخنەی تێیدا بوەستێت وەکو بەرنامە؟

شاهۆ سەعید: ویلیام پیری پسپۆر لەم بوارە باس لە سێ قۆناغ دەکات کە مرۆڤەکان پێیدا تێدەپەڕن. کاتێک بەراورد لە نێوان دنیای خۆمان (رۆژهەڵاتی) و رۆژئاوایی دەکەیت، هەست دەکەیت ئەوان لە قۆناغی سێهەمدان. ئێمە لەنێوان قۆناغی یەکەم و دوەمداین.

قۆناغی یەکەم ئەوکاتەیە کە مرۆڤ چ وەکو منداڵ و چ وەکو کۆمەڵگەی منداڵ، ئێمە هەندێک جار وەکو کۆی منداڵ بیردەکاتەوە، منداڵ لە قۆناغێکدا دنیا دابەش دەکات لەنێوان رەش و سپیدا، بەسەر دۆست و دوژمندا، بۆیە ئێمە وەکو لە رۆژهەڵات هەست بەو جیاوازییە دەکەین لە نێوان حیزبە سیاسییەکاندا، لە ناو نەتەوە و ئاین و ئادۆلۆجیاکاندا. دەبینین چ توندوتیژییەک هەیە کاتێک دونیا بەسەر رەش و سپیدا دابەشدەکەیت.

هەندێکمان زۆر توندڕەوین و دنیامان دابەشکردوە لەنێوان رەش و سپیدا کە ئەمەش لە سیستەمی پەروەردەیی و ئاینی و کلتوری و سیاسی رەنگی داوەتەوە

لە قۆناغی دوەمدا قۆناغێکی دیکە پەیدا دەبێت، ئەو قۆناغەیە کە بێ ئومێد  دەبیت لە رەش و سپی، بێ ئومێد دەبیت لەوەی تۆ نوێنەرایەتی یەزدان دەکەیت و ئەوانی دیکە نوێنەری شەیتانن، تۆ نوێنەرایەتی خێر دەکەیت و ئەوانیش شەڕ. ئەمەش دەبێت بە قۆناغی خۆڵەمێشی، واتە هەمو شتێک وەکو یەک دەبینیت، ئەم قۆناغە چەند لەڕوی مەعرفییەوە گرنگە، بەڵام لەروی کۆمەڵایەتییەوە ترسناکە، چونکە بێ بەهایی دروستدەکات، واتە هیچ شتێک بەهای نامێنێت و هەموی وەکو یەکە.

دەتوانم بڵێم ئێمە لەنێوان قۆناغی یەکەم و دوەمین، واتە هەندێکمان زۆر توندڕەوین و دنیامان دابەشکردوە لەنێوان رەش و سپیدا کە ئەمەش لە سیستەمی پەروەردەیی و ئاینی و کلتوری و سیاسی رەنگی داوەتەوە. هەندێکیشمان لە قۆناغی دوەمداین کە بەتەواوەتی بێ ئومێد بوین و هیچ شتێک بەهای نییە.

قۆناغی سێهەم کە کۆمەڵگە پێشکەوتوەکان پێی گەیشتون، کۆمەڵگەی کۆنتێکستە یاخود دیدی نێو کۆ واتە لە نێو کۆدا شت دەبینین، هەمو شتێک رەنگی هەیە، بەڵام لەناو سیاغەدا رەنگی هەیە. ئەمەش لە رێگەی بیرکردنەوەی رەخنەیدا دەگەین بەمە. واتە ناتوانین بڵێین شتەکان بێ بایەخن شتەکان بایەخ و مانایان هەیە بەڵام لەناو کۆنتێکستدا.

کێشەی ئێمە ئەوەیە توانای دەستنیشانکردنی کۆنتێکستمان نییە، بۆیە زۆر گرنگە بیرکردنەوەی رەخنەی لە کۆمەڵگەکانی خۆماندا فێرخواز، مرۆڤ، هاوڵاتی و تەنانەت بەرنامەکانی گەشەپێدانی مرۆیی بەرەو ئەو ئاستە بەرێت کە مرۆڤ توانای بینینی شتەکانی هەبێت لەناو نێوکۆدا واتە لەناو کۆنتێکسدا.

+ هیچ جیاوازییەک هەیە لە بیرکردنەوەی رەخنەی لە نێوان کۆمەڵگەی رۆژئاواییدا و کۆمەڵگەیەکی رۆژهەڵاتیدا؟

شاهۆ سەعید: لە کۆمەڵگە رۆژئاواییەکان زۆر بایەخی بیرکردنەوە دەزانن بەتایبەتی لە نیوەی دوەمی سەدەی بیستەمدا، پسپۆڕە کۆمەڵگەیی و کلتورییەکانی ئەمەریکا باسیان لەوەکرد کە چیتر سیستەمی پەروەردەی کلاسیک توانای ئەوە نییە فێرخوازێکی بیرکردنەوە بەرهەمبهێنێت، فێرخواز ئەو کەسەیە زانیاری مامۆستا دوبارە دەکاتەوە. وتیان پێویستمان بە فێرخوازێکە ئیزافەی هەبێت. بۆیە کەسێکی وەکو بنجامین بلوم پلەبەندییەکی داناوە و دەڵێت منداڵ یاخود فێرخواز تەنها زانیاری وەردەگرێت، ئێمە زۆربەی فێرخوازەکان هان دەدەین کە تەنها زانیاری وەربگرن، پێویستە پلەکانی تری وەکو تێگەیشتن و لێکدانەوە و هەڵسەنگاندن و داهێنان پەرەپێبدەین. تەنانەت رەخنەی لە سیستەمی ئەمەریکا گرت کە توانای ئەوەی نییە گەشە بە توانا زیهنییەکانی فێرخواز بدات. تەنانەت لەدوای ئەوەش سەرباری ئەوەی پسپۆڕە پەروەردەییەکان گرنگی ئەوەیان زانی کە دەبێت فێرخوازی داهێنەر پێکبهێنرێت، بەڵام زانکۆیەکی گرنگ وەکو هارڤەرد توانای ئەوەی نەبو فێرخوازێکی وەکو بیڵ گەیتس لەخۆ بگرێت، بۆیە بیڵ گەیتس خوێندنی تەرککرد و لەدەرەوەی زانکۆی هارڤەرد دەستیکرد بە کار و داهێنانەکانی خۆی. ئەمەش ئەوەدەگەیەنێت تەنانەت لە ئەمەریکاش نێوەندەکانی پەروەردە توانای پێگەیاندنیان نییە، بۆیە ئێستا لە ئەمەریکا بایەخ بە داهێنان دەدرێت.

بەپێی پلەبەندییەکەی بلوم، مامۆستا نمونەی باڵای کەسی خوێندەوار بو بەڵام لەئێستادا مەرج نییە مامۆستا نمونەی باڵابێت. مامۆستا نمونەی باڵای کەسێکە کە توانای هەڵسەنگاندنی هەبێت نەک کەسێک توانای داهێنان. بۆیە ئێستا کەسی داهێنەر ئەگەر فێرخوازیش بێت پێگەی لەروی مەعرفییەوە لە مامۆستا گرنگترە، بۆیە ئێستا جۆرێک لە دیموکراسی پەیدابوە؛ دیموکراسی پەروەردەیی. لە زانکۆکان و لە نێوەندەکانی پەروەردەدا، پەیوەندی نێوان مامۆستا و فێرخواز، پەیوەندی نێوان کەسێکی باڵا و کەسێکی نزم نییە، تەنانەت دیزاینی پۆلەکان و تەنانەت پەیوەندی کۆمەڵایەتی نێوان مامۆستا و فێرخوازدا پەیوەندییەکی زۆر دیموکراتە، پەیوەندییەکە لەسەر بنەمای خاکی بونیاتنراوە. ئەمەش وادەکات ناوەندوکانی فێربون و زانکۆکان دەبن بە ژینگەیەکی گرنگ بۆ پێگەیاندنی کەسی بەهرەمەند و کەسی داهێنەر.

بەڵام لە کۆمەڵگەی خۆماندا جگە لەوەی ئەم گرفتانەمان هەیە، گرفتێکی دیکەش هەیە ئەوەیە لەروی تەفسیری ئاینی و تەفسیری کلتورییەوە زۆر بایەخ بە بیرکردنەوە نادرێت. تەنانەت پێیانوایە ئەوانەی بیربکەنەوە توشی جۆرێک لە سەرگەردانی دەبێت. واتە لە کۆمەڵگەی خۆماندا هێشتا پێیان وایە بیرکردنەوە لە جۆری زیادەڕۆی کردن لە بیرکردنەوە (overthinking) تەعریف دەکەن لەکاتێکدا ئێمە دەتوانین بیربکەینەوە لەشێوازی رەخنەیی.

بۆیە لە کۆمەڵگەی خۆماندا کێشەمان زۆرە، هەندێکیان پەروەردەیین و هەندێکیان کلتوریین هەندێکیان پەیوەندەی بە تەفسیری ئاینەوە هەیە سەبارەت بە مرۆڤی بیرکەرەوە و هەندێکیانیش سیاسیین، زۆرجار سروشتی دەسەڵات لە کۆمەڵگاکانی خۆماندا هانی ئەوەدات مرۆڤی ئازاد دروست نەبن و وەکو ژمارە تەماشا دەکات و پێی وایە تاوەکو مرۆڤەکان وەک ژمارە بن توانای کۆنترۆڵکردنیان ئاسانترە، ئەگەر مرۆڤی ئازاد دروستبێت توانای مۆنۆپۆلی سیاسی کەمتر دەبێتەوە.

ئەوەی دەیبینین لە کوردستاندا دەسەڵات سروشتێکی سانای هەیە واتە یەک سەرۆکمان هەیە، دەبێت یەک تێڕوانینی سیاسیمان هەبێت

+ لە کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتدا بیرکردنەوەی رەخنەیی چەندێک دەتوانێت مەسەلەی دیموکراتی و مەسەلەی خوێندنی لیبڕال پێکەوە گرێیان بدات؟

شاهۆ سەعید: لە رۆژهەڵات پەیوەندییەکی تۆکمە لەنێوان خوێندنی لیبراڵ و سیستەمی دیموکراتیدا هەیە، بەڕای من بیرکردنەوەی رەخنەی دەبێتە هەڵقەی پەیوەندی نێوان خوێندنی لیبراڵ و سیستەمی دیموکراسیدا، لەبەر ئەوەی ناتوانین ببین بە خاوەنی خوێندنی لیبراڵ ئەگەر خاوەنی سیستەمی دیکتاتۆری بین، یاخود خاوەنی سیستەمێک بین کە بونیادی دەسەڵات بەشێوازێکی سانا پێناسەبکات، ئێستا ئەوەی دەیبینین لە کوردستان و  لە خۆرهەڵاتدا بەگشتی دەسەڵات سروشتێکی سانای هەیە واتە یەک سەرۆکمان هەیە، دەبێت یەک تێڕوانینی سیاسیمان هەبێت و یەک حیزبمان هەبێت. ئەگەر یەک حیزبمان نەبێت دەبێت حیزبەکانی تر پاشکۆبن پاشکۆی حیزبی دەسەڵات، واتە جۆرێک لە عەقڵییەتی هەرەمیمان هەیە و لە جیاتی هەموکەس بیردەکاتەوە و بڕیاردەدات و تەنانەت هەڵەکانیشی دەبێت بە حیکمەت. لەخواریشەوە جۆرێک لە پلەبەندیمان هەیە؛ حیزبەکانی تر و حکومەت و پەرلەمان و بنکەی کۆمەڵایەتی تا دەگاتە هاوڵاتی کە لە بنی هەرەمەکەدایە.

بەڵام سروشتی دەسەڵات لە سیستەمی دیموکراسیە سروشتێکی لێکدرا واتە یەک سەرۆکمان نییە، راستە لەروی رەسمییەوە یەک سەرۆکمان هەیە بەڵام تەنها بڕیاردەر نییە، لەپاڵ سەرۆکدا کۆمەڵێک دامودەزگامان هەیە کە دەسەڵاتی سەرۆک سنوردار دەکەن. دەزگای یاسادانانمان هەیە کە دەسەلاتی هیچ کەمتر نییە لە دەسەڵاتی حکومەت و راپەڕاندن. دەزگای دادوەریمان هەیە. لەپاڵ کایەی سیاسیدا چەندین کایەی ترمان هەن کە زۆر گرنگن، بۆنمونە کایەی ئەکادیمی و کایەی هونەری و کایەی ئابوری و کایەی جوان ناسی. هەمو ئەمانە گرنگ و رێگرن لەوەی یەکێک لە کایەکان توانای مۆنۆپۆلی هەبێت، بەڵام سروشتی دەسەڵات لای ئێمە ئەوەیە تەنها یەک کایەمان هەیە ئەویش کایەی دەسەڵاتی سیاسییە کایەکانی دیکە پاشکۆن و ئەگەر نەبن بە پاشکۆ بە ئاسانی دەپوکێنەوە. پێشتر باسمان لە ئەزمونی رۆژنامەگەری ئازاد کرد لە کوردستاندا و بۆ رۆژنامەی ئازاد بەرو پوکانەوە دەڕوات، چونکە یادەبێت ببێت بە پاشکۆ یاخود نەمێنیت. لەبەر ئەوەی تۆ دەسەڵاتێکی سیاسییت هەیە توانای پاوانکردنی هەیە، توانای پاوانکردنەوەی پارە و چەک و تەنانەت پیرۆزیەکانیشی هەیە و تەنانەت پاوانکردنی مێژوی هەیە، دەتوانێت مێژو بنوسێتەوە و لەگەڵ بەرژەوەندی ئەودا بگونجێت.

هەمو ئەستێرەكان لە دنیای ئێمەدا ئەستێرەی سیاسیین، كەمجار تۆ ئەستێرەیەكی هونەری یاخود ئەستێرەیەكی وەرزشی تەنانەت كەسێك كە ئەستێرە بێت لە بواری ئابوری و پیشەسازی و بزنسدا دەربكەوێت

کەواتە ئەمجۆرە لە دەسەڵاتی سیاسی ئاسان، لە زمانی سیاسیدا پێیدەگوترێت دەسەڵاتى ئاسان و دەسەڵاتى لێکدراو  جۆرێک لە پەروەردەى کۆمەڵایەتى دەوێت کە لەگەڵ ئەم هەرێمى دەسەڵاتەدا بگونجێت و پێى گرنگە هەمو کایەکانى دیکە بپوکێنەوە، لەسەر ئاستى کلتورى سیاسى ئێمە کێشەیەکمان هەیە زۆر عاشقى سیسەتین.

هەمو ئەستێرەكان لە دنیای ئێمەدا ئەستێرەی سیاسیین، كەمجار تۆ ئەستێرەیەكی هونەری یاخود ئەستێرەیەكی وەرزشی یاخود تەنانەت كەسێك كە ئەستێرە بێت لە بواری ئابوری و پیشەسازی و بزنسدا دەربكەوێت، واتە ئێمە یەك كۆمەڵە خۆرمان هەیە و یەك خۆرمان هەیە ئەو خۆرەش دەسەڵات و سەرۆكە و ئەوانی دیكە بە دەوری ئەودا دەسوڕێنەوە، ئەم جۆرە لە پێناسەكردن ئەو جۆرە لە تێگەیشتن لە سروشتی دەسەڵات وایكردوە هەمو كایەكانی دیكە بە كایەی رۆشنبیری بە كایەی پەروەردەیی بە كایەی رۆژنامەوانی و كۆمەڵگەی مەدەنیشەوە ببنە پاشكۆی ئەو ستراكچەرەی دەسەڵات.

+ لە كۆمەڵگەی رۆژهەڵاتدا و لە كۆمەڵگای كوردیدا بە تایبەتتر چۆن بتوانرێت برەو بە بیركردنەوەی رەخنەیی بدرێت تا بتوانێت كۆمەڵگا لەم تەگەرانە كە لە ئایندەیەكە نزیكدا بێت یان دور كاریگەری دەكاتە سەر كۆمەڵگا چۆن بتوانرێت برەو بەو بیركردنەوە رەخنەییە بدرێت؟

شاهۆ سەعید: ئەوە كارێكی زەحمەتە، بەڵام بە راشکاوی گەر ئێمە نەتوانین بە شێوەیەكی سیستماتیك لەسەر ئاستی هۆشیاری كۆمەڵگا ئەوە دروست بكەین زۆر گرنگە لەسەر ئاستی تاكەكان ئەوە دروست ببێت چونكە سیستمی دیموكراتی سیستمی كۆمەڵگای مەدەنی یاخود ئەو سیستمەی پێویستی بە بیركردنوەەی رەخنەییە پێویستی بە جۆرێك لە پەیوەندی كۆمەڵایەتی هەیە كە لە شێوازی تۆڕدایە نەك لە شێوازی هەرەم پەیوەندی نێتۆركە لەنێوان بكەرە جیاوازەكاندا، زۆر گرنگە بكەری بیركەرەوە دروست ببێت بكەری بەرهەمهێن دروست ببێت، بكەرێك دروست ببێت كە توانای بیركردنەوەی هەبێت لە دەرەوەی ستراكچەرە باوەكانی دەسەڵات و سیاسەت و تەفسیركردنی ئاین و تەفسیری كۆمەڵایەتی ئەم بكەرانە ئەگەر دروست ببن كۆمەڵێك پنت دروست دەكەن لە قۆناغێكی ترا ئەم پنتانە دەگەن بەیەك رەنگە بیركردنەوەیەكی رەخنەیی لە كەلار دروست دەبێت یەكێك لە هەولێر یەكێك لە زاخۆ دروست دەبێت ئەم بكەرانە گەر برەو بە توانا فەردییەكانی خۆیان بدەن ئەكرێت لە قۆناغێكی دیكەدا جۆرێك لە تۆڕ دروست ببێت، جۆرێك لە نێتۆرك دروست ببێت لە نێوان بیركەرەوە رەخنەییەكاندا لە شوێنێكی وەك كوردستاندا، بەڵام ئەوەمان لەیاد نەچێت بیركردنەوەی رەخنەیی بیركردنەوەیەكی یونیڤێرساڵە واتە ئێمە تەنها نابێت بیر لەوە بكەینەوە بیركردنەوەی رەخنەییمان هەبێت تایبەت بە كورد، ئەبێت بزانین ئەو كەسەی بە شێوەیەكی رەخنەیی بیر دەكاتەوە دەبێتە بونەوەرێكی گەردونی، زۆر پێویستمان بەوەیە پنتی رەخنەیی لە شوێنەكانی دیكەشدا بدۆزینەوە لەناو توركدا لەناو عەرەبدا لەناو فارسدا بدۆزرێتەوە، چونكە چارەنوسی ئێمە وەك مرۆڤ لە روی جیۆپۆلیتەكنیكیشەوە كوردستان بەندە بە چارەنوسی دراوسێكانمانەوە واتە ئێمە ناتوانین دورگەیەكی دیموكراسی یاخود دورگەیەك لە بیركردنەوەی رەخنەیی لە كوردستان دروست بكەین كە چواردەورمان تەنراوە بە ئاگر بە سیستمی نا دیمۆكرات لە روی كلتوری لە روی ئاینی،  لە روی تەفسیری ئاینییەوە لە روی ئایدۆلۆژییەوە بۆیە زۆر گرنگە ئێمە گرەو لەسەر ئەوەش بكەین كە پەیوەندی رایەڵە دروست بكەین  رایەڵەی كلتوری رایەڵەی پەروەردەیی دروست بكەین لە نێوان ئەو پنتانەش كە لە نێوان نەتەوەكانی چواردەورمان دروست دەبن، بیركردنەوەی رەخنەیی دیدگایەكی گەردونیت ئەداتێ‌ بۆ ئەوەی جیاوازی ببینیت نەك جیاوازی بە تەنها لە كوردستاندا، بەڵكو جیاوازی لە نێوان كوردستان و ئەوانی دیكەشدا ببینین، ئەزمونی چەند ساڵی پێشوی كوردستان ئەوەی بۆ سەلماندین كە چەند چارەنوسی ئێمە بەندە بە چارەنوسی دراوسێكانمانەوە، تەنانەت ئەگەر ئیرادەی زۆر زۆریش هەبێت لەناو كوردستاندا بۆ تێپەڕاندان بۆ پیشكەوتن بۆ وەچەرخان ئەگەر دەنگدانەوەی ئەم ئیرادەیە لە ناو خۆمان و لە چواردەورمان نەبیستین توشی شكستی زۆر گەورە ئەبینەوە بۆیە بە رای من دەبێت لەسەر دو ئاست ئیش بكەین یەك، لەسەر ئاستی لۆكاڵ لەسەر ئاستی كوردستان بیر لەوە بكەینەوە پنت دروست بكەین بیر لەوە بكەینەوە پەیوەندی دروست بكەین رایەڵە دروست بكەین رایەڵە لەنێوان ئینسانە ئازادەكاندا دروست ببێت كە خاوەنی بیركردنەوەی ئازادن و لە هەمانكاتدا رایەڵە لەگەڵ ئەوانی دیكە دروست بكەین لەگەڵ نەتەوەكان و كلتورەكانی دیكەدا دروست بكەین ئەوەشمان لە یاد نەچێت ئێمە لە سەردەمێكدا دەچین لەو روەوە بەختمان هەیە كە توانای ئەوەمان هەیە كە رایەڵەی پەیوەندی ئە ئاسانتر دروست بكەین بە بەراورد لەگەڵ نەوەكانی پێش خۆماندا، بەڵام كێشەكە ئەوەیە لە كوردستان و لە رۆژهەڵاتدا بە گشتی تەنانەت ئامێرەكانی وەرگرتنی زانیاریش ئامێرەكانی دروستكردنی رایەڵەش لە بری ئەوەی رایەڵەی تیادا دروست بكەین بوەتە ئامێری دروستكردنی زانیاری بە شێوازێكی خراپ یەكێك لە فەیلەسوفە ئیتاڵیەكان كە ناوی ئیكۆیە باس لەو گرفتە دەكات ئەڵێت مرۆڤی هاوچەرخ بەهۆی ئامێرەكانی تەكنەلوچیا و وەرگرتنی زانیارییەوە توشی جۆرێك لە بەد زانیاری بوە وەك چۆن مرۆڤ توشی بەد خۆراكی دەبێت كاتێك مرۆڤ زۆر دەخوات توشی بەدخۆراكی دەبێت لە روی زانیاریشەوە كاتێك ئێمە زۆر زانیاری وەردەگرین بە بێ‌ فیلتەریشنی بیركردنەوەی رەخنەیی توشی بەد زانیاری دەبین، من ئێستا هەست دەكەم لە كوردستان و لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا لە وڵاتێكی وەك عیراقدا كە یەكێكە لەو وڵاتانەی زۆرترین ئەكسێسی هەیە بۆ ئەنتەرنێت زۆرترین پەیوەندیان هەیە لەگەڵ ئەنتەرنێتدا خراپترین زانیاری لە ئەنتەرنێت وەردەگرێت لەبەر ئەوەی ئێمە زانیاری لە ئەنتەرنێتەوە وەك بونەوەرێكی پاسڤ وەردەگرین نەك وەك بونەوەرێكی ئەكتیڤ، ئێمە تەنها وەردەگرین مێشك و لەشمان زانیاری وەردەگرێت بەبێ‌ ئەوەی فیلتەری بۆ بكەین لە روی رەخنەییەوە جا مەبەستم ئەوە بو بڵێم بیركردنەوەی رەخنەیی دەرفەتمان بۆ دەرەخسێنێت تارایەڵەكانی پەیوەندی لەگەڵ نەتەوەكانی تر و ئاینەكانی تر و كلتورەكانی ترا دروست بكەین، بەڵام لە هەمانكاتدا وریامان دەكاتەوە لەوەی ئامێرە زیرەكەكان بە شێوازێك بەكارنەهێنین كە ئێمە لە كەسێكی هەڵسەنگێنەرەوە بۆ زانیارییەكان بكات بە كەسێكی پاسڤ بۆ وەرگرتنی زانیاری خراپ.

+ هەر بیركردنەوەی رەخنەییە كە دەتوانێت كە ئەو هەڵە كوشندانە لە كۆمەڵگادا بوەستێنێت یاخود میكانیزمی تریش هەن كە یارمەتی دەدەن بۆ بیركردنەوەی رەخنەیی؟

شاهۆ سەعید: ئەوەمان لەیاد نەچێت بیركردنەوەی رەخنەیی ئایدۆلۆژیا نییە واتە عەقیدە نییە بیركردنەوەی رەخنەیی مەنهەجە میتۆدە دەكرێت بیركردنەوەی رەخنەیی لە هەمو بوارەكاندا بەكار بهێنین یەكێك لە گرفتەكان كە تەنانەت ئەمەریكییەكانیش هەستیان پێكردوە ئەوەیە ئێمە لە سیسیمی پەروەردەیی لە پەروەردەی خوێندنی باڵای كلاسیكیدا پەروەردەكانمان جیاواز دابەش كردوە ئەمە پزیشكییە ئەمە یاسایە ئەمە ئەندازیارییە ئەمە مرۆڤناسییە ئەوە زانستە كۆمەڵایەتییەكان و زانستە سیاسییەكانە ئەم دابەشكارییە لەنێوان زانستەكاندا مرۆڤی دابەشكردوە واتە مرۆڤ وەك بونەوەرێك قەوارەیەكی دابەشنەبوی هەیە واتە لە هەمانكاتدا تۆ مرۆڤێكی بەرهەمهێنیت و لە هەمانكاتیشدا مرۆڤێكی جوانی وەردەگریت تەماشای هونەر دەكەیت كتێب دەخوێنیتەوە ئەدەب دەخوێنیتەوە ئەندازیاری یاخود كەسێكی دیكە پزیشكە كەسێكی دیكە كرێكارە ئەو سیستمە كۆمەڵایەتییەی تا ناوەڕاستی سەدەی بیستەمیش لە خۆرئاوا بەرپا بوە سیستمێك بوە مرۆڤی دایەش كردوە پیشەی مرۆڤی دابەشكردوە ئەمەش وایكردوە كە مرۆڤەكان لەناو ئەشكەوتی جیا جیادا بژین بۆیە ئێستا پسپۆرەكانی بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا لە ئەمەریكا جەخت لەوە ئەكەنەوە كە جۆرێك لە مەیل دروست ببێت مەیلی (ئینتەر دیسیپلینەری) واتە چۆن توانای ئەوەت هەیە چەن پسپۆڕییەكی جیاواز جێبەجێبكەین تۆ پزیشكیت، بەڵام زۆر گرنگە ئاگات لە فەلسەفە و ئاگات لە مرۆڤناسی و كۆمەڵناسە هەبێت، تۆ كەسێكی سایكۆلۆجستی، بەڵام زۆر گرنگە ئاگات لە سیاسەت و لە بوارەكانی دیكەی ژیان هەبێت واتە بیركردنەوەی رەخنەیی دەرفەتێكمان بۆ دەرەخسێنێت نەك تەنها مرۆڤە جیاوازەكان لە كلتورە جیاوازەكان و ئاینە جیاوازەكان ئایدۆلۆژیا جیاوازەكان و حیزبە جیاوازەكان بەیەك بگەیەنێت بەڵكە دەرفەتمان بۆ برەخسێنێت، مرۆڤ لە پسپۆڕییە جیاوازەكانیشدا لە كایە جیاوازەكاندا بەیەك بگەیەنێت.

ئێمە توشی دەردێك بوین ئەویش دەردی پسپۆڕی وردە

+ زانكۆكان لە كومەڵگا رۆژهەڵاتییەكان با هەر نەڵێم كۆمەڵگای كوردی بەتەنها لە كۆمەڵگا رۆژهەڵاتییەكان چەندێك یارمەتیدەرن لەو فرە پسپۆڕییە یاخود رەخساندنی زەمینە بۆ ئەو فرە پسپۆڕییە؟

شاهۆ سەعید: لە راستیدا بەپێی ئەزمونی خۆم لە زانكۆكانی كوردستاندا ئێمە توشی دەردێك بوین ئەویش دەردی پسپۆڕی وردە پێیانوایە كە ئەگەر مرۆڤ ئەگەر كەسی لێكۆڵیار یەك پسپۆڕی وەرنەگرێت و هەمو پسپۆڕییەكانی دیكە پشت گوێ‌ نەخات توانای داهێنانی نییە ئەمە رێك بە پێچەوانەوە رەنگە لە زانستە سروشتییەكاندا زۆرجا پێویست بكات تۆ تەركیز بخەیتە سەر یەك خاڵ، تۆ كیمیا ناسیت ئەركی تۆ جیاوازە لە فیزیا ناسێك تۆ بەتەنها كار لەسەر رەگەزێكی كیمیایی كاردەكەیت، بەڵام كۆی ئەو كۆمپانیایەی كە تۆ ئیشی تیا دەكەیت سیستمە گەورەكە كە سیستمی خوێندنی باڵایە توانای ئەوەی هەیە ئەم پنتە جیاوازانە بگەیەنێت بەیەك توانای ئەوەی هەیە داهێنانی كیمیایی تۆ بگەیەنێتە داهێنانی كەسێكی دیكە لە فیزیادا بیگەیەنێت بە داهێنانی كەسێكی دیكە لە میكانیكدا داهێنانی كەسێك چۆن میكانیك دەگوێزیتەوە بۆ پزیشكی چۆن كۆمپیوتەر ئەگوێزیتەوە بۆ ناو پزیشكی واتە كۆمپانیا گەورەكان توانای ئەو بەیەك گەیاندنەیان هەیە، سیستمی خوێندنی باڵا زانكۆكان بۆ نمونە وشەی زانكۆ یونیڤێرس واتە گەردون لەوەوە هاتوە ئەقڵێكی مەركەزی هەیە كە توانای ئەوەی هەیە پسپۆڕییە جیاوازەكان بگەیەنن بەیەك، بەڵام تەنانەت لە ئەمەریكاش باس لەوە ئەكرێت مرۆڤناسی فەلسەفە زانستە كۆمەڵایەتییەكان نابێت لاسایی زانستە سروشتییەكان بكەنەوە بۆ نمونە تۆ كەسێكی لە بواری فەلسەفە لە بواری كۆمەڵناسی لە بواری رەخنی ئەدەبی ئیش دەكەیت نابێت لاسایی كەسێك بكەیتەوە لە بواری كیمیا كاردەكات.

ئەو پێویستی بە پنتێكی وردە پارچەیەكی وردی گەردون دەگرێت و لێی دەكۆڵێتەوە، بەڵام مرۆڤ وەك قەوارە دابەش نابێت سایكۆلۆژیای مرۆڤ جیا نابێتەوە لە رەهەندی كۆمەڵایەتی مرۆڤ لە رەهەندی جوانناسی مرۆڤ لە رەهەندی بیركردنەوە و فەلسەفەی مرۆڤ بۆیە گرنگە ئەوانەی لە بواری زانستە كۆمەڵایەتییەكان و زانستە مرۆییەكاندا كاردەكەن زۆر گرنگە خاوەنی ئەو مەیلە بن كە پێی دەوترێ‌ (ئینتەر دیسپلینەری) واتا بەیەكداچونی پسپۆڕییە جیاوازەكان ئەگەر تۆ كەسێكی مرۆڤناس بیت یاخود كەسێكی جواننس بیت كەسێكی كۆمەڵناس بیت ئەگەر ئاگاداری ئەوە بیت دراوسێكانت لە پسپۆڕییەكانی دیكەدا چۆن لەسەر هەمان بابەت كاریان كردوە دیدگای تۆ بۆ لێكۆڵینەوە بۆ بیركردنەوە فراوانتر دەبێت بۆیە ئەمە ئامانجی بیركردنەوەی رەخنەییە ئێمە چۆن توانای ئەوەمان هەیە زیاتر لە یەك دیدگا فەرز بكەین بۆ بیبنبنی تەنها یەك شت.

زۆر گرنگە ئەو دیدە بۆ مرۆڤ بگێڕینەوە مرۆڤ لە مەحكوم بون و كۆت و بەندی كۆمەڵایەتی رزگار بكەین و ئازادی بكەین و بیكەینە مرۆڤێك ئازاد بێت لە بیركردنەوەدا

+ ئەو مەیلەی كە ئاماژەت پێكرد پێش كەمێك ئەو مەیلە خۆڕسكانە دروست دەبێت یاخود پێویستی بەوەیە مرۆڤەكانی تر لە دەوروبەری بتوانن زەمینەیەك برەخسێنن تا ئەو مەیلە دروست بكەن؟

شاهۆ سەعید: خۆی بە خۆڕسكی مرۆڤ ئەو مەیلەی هەیە، بۆ نمونە پسپۆڕییەكانی بواری فینۆمینۆلۆجی پێیانوایە ئەم گەردونەی ئێمە تیایا ئەژین یەك دیاردەیە، بەڵام ئێمە دابەشی دەكەین ئەم دیاردانە دابەش ئەكەین، بۆ نمونە تۆ كیمیاگەریت من بە تەنها گرنگی بە رەگەزەكانی كیمیا ئەدەم  كەسێكی دیكە پزیشكە ئەڵێت من تەنها گرنگی بە نەخۆشەكان ئەدەم، بۆ نمونە لەناو ئەدیبیشدا كەسێك ئەڵێت من تەنها شاعیرم كەسێك دەڵێت من تەنها چیرۆكنوسم و ئەڵێت ئەمە پەرژینی منە و تۆ بۆت نییە پێ بخەیتە پەرژینەكەی منەوە واتا دنیامان دابەشكردوە جوانیمان دابەشكردوە، تۆ كاتێك بە دیدێكی دنیاگەرانەوە سەیری دنیا دەكەیت روانگەت زۆر فراوانتر دەبێت بۆ ئەوەی شتەكان ببینیت، واتا شتەكان لە چەندین گۆشە نیگای جیاوازەوە دەبینیت، بەڵام كاتێك فێرخواز دێتە خوێندنگاوە هەر لە سەرەتاوە فێری ئەوەی ئەكەین كە چۆن دنیا دابەش بكەین واتا ئەو دیدە گەردونییەی بۆ دنیا هەیەتی ئیمە دابەشی دەكەین بەپێی سیستمی پەروەردەیی هاوچەرخ ئیشی ئێمە ئەوە نییە كە سروشتی بیركردنەوە لەناو مرۆڤدا بكوژین، بەڵكو ئیشی ئێمە ئەوەیە بایەخ بدەین یاخود پێی بگەیەنین مرۆڤ خۆی وەكو تۆوێك وایە، زۆر گرنگە سیستمی پەروەردەیی ببێت بە شوێنێك بۆ چاندن نەك ببێت بۆ شوێنێك بۆ داتاشینی ئەو نەمامە ئەبێت دەرفەت هەبێت وا لە مرۆڤەكە بكرێت خۆی فێر ببێت، پسپۆڕانی بیركردنەوەی رەخنەیی دەڵێن كاری ئێمە ئەوە نییە فێری تۆ بكەم بیر بكەیتەوە ئیشی من ئەوەیە ئەو ژینگەیە برەخسێنم كە تۆ بتوانین بە ئازادانە بیر بكەیتەوە وە بە ئازادانە توانای داهێنانت هەبێت، گرنگترین شت ئەوەیە ئێمە چۆن وەك مرۆڤ ژیانمان دابەشكردوە لەروی كڵاسی كۆمەڵایەتییەوە بۆ نمونە ئەمە دەوڵەمەندە ئەمە هەژارە، ئەمە دەسەڵاتدارە ئەمە مەحكومە، ئەمە شێخە ئەوە موریدە، ئەو پلە بەندییە دروستمان كردوە لە نێوان مرۆڤەكاندا كە پلەبەندییەكی نا دیموكراتیانەیە، لە روی بیركردنەوەشەوە ئێمە پلەبەندییەكمان دروست كردوە دنیایەكمان دروست كردوە دەڵێین هەندێك مرۆڤ كاری بیركردنەوەیە هەندێك مرۆڤیش دوای ئەوانە بكەوێت كە بیر دەكەنەوە كە ئەوە زۆر زۆر هەڵەیە، هەمو مرۆڤەكان توانای بیركردنەوەیان هەیە بە بێ‌ جیاوازی، تەنانەت ئەو كەسانەش كە توشی كێشەی جەستەیی بونەتەوە لە روی عەقڵییەوە توانای بیركردنەوەیان هەیە مەگەر لە مێشكدا توشی شوکێک بوبێت و ئەو توانایەی لەدەست دابێت ئەگەر نا مرۆڤەكان هەمویان وەك یەك وان.

خاڵێكی دیكەش هەیە كە زۆر گرنگە و پێویستە گرنگە پێبدەین ئەویش چۆن دیموكراسی نابێت تەنها چەمكێك بێت لە سیاسەتدا باسی بكەین، بەڵكو لە بواری رۆشنبیری لە بواری پەروەردەیی لە بواری كۆمەڵایەتی پەیوەندی رەگەزەكان پەیوەندییە جیاوازەكان، زۆر گرنگە ئەو دیدە بۆ مرۆڤ بگێڕینەوە مرۆڤ لە مەحكوم بون و كۆت و بەندی كۆمەڵایەتی و ئاینی رزگار بكەین و ئازادی بكەین و بیكەینە مرۆڤێك ئازاد بێت لە بیركردنەوەدا.

هەواڵی پەیوەندیدار