کوردستان 12:03 - 11/07/2019

رێواز فایەق بە سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا

+ -

(سبەی):

رێواز فایەق لە فراکسیۆنی یەکێتی بە سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا.

لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان، چوار پەرلەمانتاری نوێ سوێندی یاساییان خوارد و لە جێگەی چوار پەرلەمانتاری دیکە دەستبەکار بون، کە دوێنێ پۆستی وەزارەتیان لە کابینەی نوێی حکومەت وەرگرت.

هەریەک لە لەنجە ئیبراهیم جێگەی ڤالا فەرید و شیرین یونس عەبدوڵا لە جێگەی بێگەرد تاڵەبانی و هیمداد ساڵح بیلال لە جێگەی ئایدن مەعروف و باپیر کامەلا لە جێگەی عەبدوڵا حاجی مەحمود وەک پەرلەمانتاری نوێ متمانەیان وەرگرت و سوێندی یاساییان خوارد.

خاڵی دوەمی کارنامەی کۆبونەوەکە تایبەتە بە میکانزیمی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و دوای کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن، هەریەک لە د.رێواز فایەق لە فراکسیۆنی یەکێتی و شادی نەوزاد لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ خۆیان بۆ ئەو پۆستە کاندید کرد.

دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان، د.رێواز فایەق بە (72) دەنگ بە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرا، بەرامبەر (16) دەنگی شادی نەوزاد و نۆ دەنگی بەتاڵ و سپی.

لە دانیشتنی دوێنێ چوارشەممەی پەرلەمانی کوردستاندا متمانە بە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان درا و تیایدا ڤالا فەرید سەرۆکی پەرلەمان بو بە وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان و بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و عەبدوڵا حاجی مەحمود وەزیری شەهیدان و ئایدن مەعروف وەک وەزیری هەرێم، متمانەیان پێدرا و کورسی پەرلەمانیان چۆڵکرد.

 

رێواز فایەق حسێن
لە (1/7/1977) لە ناوچەی پێبازی سەر بە قەزای کەلار لە دایک بوە
 بڕوانامەی دكتۆرای هەیە لە یاساى تایبەت
پێشتر یاریدەدەرى دادوەرى بوە لە دادگاى بەرایى دەربەندیخان
لێكۆڵەرى دادى بوە لەدادگاى بەرایى دەربەندیخان
ئەندامی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان بوە.