راپۆرت 08:33 - 17/07/2019

كێن ئەوانەی دەیانەوێت جەنگ هەڵبگیرسێنن؟

+ -

(سبەی):
راپۆرتی شیکاریی: د.سەنگەر سەیدقادر

لە نوێترین لێدوانیدا دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەکردبو کە لەگەڵ ئێران هەنگاوی باشیان بڕیوە لە گفتوگۆ و دانوستان و ئەمەریكا نایەوێت رژێمی ئیسلامی ئێران بروخێنێت، بەڵام ئایا ترەمپ گوتارەكەی رەنگداوەی كردارەكانیەتی لە ئێستادا یان تەواو پێچەوانەیە؟

ترەمپ دەیەوێت جەنگەكە دوابخات:
دۆناڵد ترەمپ هەر لە سەرەتای هەڵمەتی هەڵبژاردنەوە شەڕی راگەیاندن و دەرونی دژی ئێران دەستپێكرد و لە دوای دەستبەكاربونیشی هەڕەشەكانی دژی ئێران كرد بەكردار و لە (8/5/2018) لە رێكەوتنامەی ئەتۆمی ئێران كشایەوە و لە (5/11/2018) سزای ئابوری بەسەر ئێراندا سەپاند و لە (4/5/2019) گەمارۆی ئابوری بەتەواوەتی خستە سەر ئێران.

لە وەڵامدا ئێران هێرشەكانی بۆسەر سوپای ئەمەریكا و بەرژەوەندیەكانی لە عێراق و گەروی هورمز و دەریای عومان دەستپێكرد و بنكەی سەربازی ئەمەریكی لە شارۆچكەی بەلەد و باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا و كەشتیەنەوتیەكانی كەنداوی كردە ئامانچ و لە دواین هێرشیدا لە (20/6/2019) فڕۆكەیەكی ئەمەریكی خستە خوارەوە.

كێن ئەوانەی پشتیوانی شەڕ دەكەن؟
 هەرچەندە ترەمپ دژی شەڕی ئێرانە لە ئێستادا بەڵام لەسەر ئاستی ناوخۆی ئەمەریكا و ئیدارەكەی ترەمپ چەند بەرەكی بەهێز پشتیوانی شەڕ دەكەن لەوانە:

1- لە ناو ئیدارەكەی ترەمپدا هەڵۆكانی كۆشكی سپی كە جۆن بۆڵتنی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوە پشتیوانی شەڕن، بۆڵتن كە ئەندازیاری شەڕی عێراقە پێشنیاری كردوە (١٢٠) هەزار سەرباز رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكرێت و بە (٥٠٠) موشەك توانای سەربازی ئێران لەناو ببرێت.

بەڵام پلانی مایك پۆمپیۆ جیاوازترە و پێشنیاری كردوە سزاكان توند بكرێن و هاوپەیمانی سەربازی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێكبهێنرێت بەوەش ئێران كاردانەوەی دەبێت و ئەوكات ئەگەر هێرشی سەربازیش بكرێتە سەر ئێران لە روی سەربازی و دارایی و بەرپرسیاریتی نێودەوڵەتیشەوە ئەمەریكا بەرپرسیارێتی و ئەركی ناكەوێتە ئەستۆ.

2- لەسەر ئاستی ناوخۆیش هەر سێ سەرمایەداری ئەمەریكی ئەدیسۆن شیڵدۆن و پۆڵ سنجەر پشتیوان و هاندەری سەرەكی ڕوخانی ئیرانن، ئەم سێ سەرمایەدارە كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر ترەمپ و پارتی كۆماری هەیە پشتیوانی شەڕن و (259) ملیۆن دۆلاریان بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی ترەمپ تەرخانكردوە.

3- لەسەر ئاستی ناوەندەكانی لێكۆڵینەوە و دروستكردنی بڕیاریش هەریەكە لە ناوەندەكانی ( FDD- JINSA-ناوەندی لێكۆڵینەوەی رۆژهەڵاتی دور- لۆبی یەهودی) رایگشتی ئەمەریكا بەئاراستەی شەڕ و روخانی ئێران دەكەن.

لەسەر ئاستی ئێران كێن ئەوانەی پشتیوانی شەردەكەن؟
1- لەسەر ئاستی ناوخۆی ئێران باڵی توندڕەوی دەسەڵات، كە خۆی لە عەلی خامەنەئی و حسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسداران و عەلی ئەكبەر ویلایەتی، سەرۆكی ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندیەكانی ئێران و قاسمی سولەیمانی پشتیوانی وەڵامدانەوەی ئەمەریكان و پێیان وایە ئامانجی سزاكان لاوازكردن و دواتر روخاندنی كۆماری ئیسلامی ئێرانە.

2- گروپی دوەمی پشتیوانانی شەڕ سوپای پاسەوانانی شۆڕش (الحرس الثوريه) چونكە ئەم هێزە دەستی بەسەر سەدا (43%) ئابوری ئێراندا گرتوە و سزاكان راستەوخۆ كاریگەری لەسەر ئەم هێزە هەبوە و سەرچاوە داراییەكانی وشك كردوە.

بەڵام بەرەی میانڕەوی ئێران كە بریتین لە عەلی لاریجانی و حەسەن رۆحانی و محەمەد جواد زەریف و هۆشەنگ زەنگەنەی وەزیری نەوت، پشتیوانی دانوستان و گفتوگۆن و پێیان وایە هەر هەڵەیەك دەبیتە هۆی كیشەیەكی گەورە و ئێران دەخاتە شەڕێكی نابەرامبەرە و بۆیە نەرمی نواندن و دانبەخۆداگرتن باشترین رێگای خۆپارێزیە لە مەترسیەكان.

تائێستا بەرەی دژە شەڕ لە هەردو لایەنی ئەمەریكی و ئێرانی سەركەوتو بون لە رێگری لە جەنگ، بەڵام رونەدانی جەنگ لە ماوەیەكی درێژدا گرەنتی كراو نیە، چونكە هیشتنەوەی ئاڵۆزی و ململانێكان بەم شێوەیەی ئێستا رەنگە لە هەر كاتێكدا ببێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگیكی نەخوازرا و نەویستراو.