راپۆرت 12:28 - 19/08/2019

بە بڕیاری دادگای تەمیز سەدان دۆنم زەوی لە جوتیارانی سلێمانی وەردەگیرێتەوە

+ -

(سبەی):
بڕیارێكی دادگای تەمیز لە هەولێر، سەدان دۆنم زەوی لە سلێمانی لە ژمارەیەک جوتیار وەردەگرێتەوە كە نزیكەی دو سەدەیە خاوەندارێتی لەو زەوییانە دەكەن و دەیداتەوە بە كەسوكاری ئەو كەسانەی لەسەردەمی بەعسدا، دەسەڵاتدار بون و بە بڕیاری بەعس، ئەو زەوییانەیان لەوكاتەدا وەرگرتوە.

دادگای تەمیز لەهەرێمی كوردستان بڕیارێكی دەرکردوە لە بەرژەوەندی بەهادین ئەحمەد، سەرۆكی ئەنجومەنی یاسادانان لەسەردەمی بەعس و شێخ جەعفەر شێخ عەبدولكەریم، پارێزگاری سلێمانی لە سەردەمی بەعس لە ساڵانی (1980 تا 1988).

شێخ جەعفەر بەرزنجی و بەهادین ئەحمەد كاتێك دەسەڵاتدار بون، باشوری كوردستان و پارێزگای سلێمانی بەتایبەت روبەروی جینۆساید و هەمو جۆرێكی قڕكردن و توندوتیژی بوەتەوە. ئەم دو بەرپرسە كوردەی سەردەمی بەعس، بە بەكارهێنانی دەسەڵاتیان لەو كاتەدا لەبەرامبەر زەوییەكانیان لە قەرەداغ و قادر كەرەم كە زەوی موحەرەمە بون، سەدان دۆنم زەوییان لە سنوری شاری سلێمانی وەرگرتوە، كە خاوەنەكانیان ئەو جوتیارانە بون كە لە باو و باپیرانیانەوە بە گرێبەستی كشتوكاڵی لەو زەوییانەدا ژیاون.

دواتر و كاتێك بەعس روخا جوتیارەكان زەوییەكانی خۆیان وەرگرتەوە، بەڵام بەردەوام كەسوكاری بەهادین ئەحمەد و شێخ جەعفەر هەوڵیانداوە ببنەوە بە خاوەنی ئەو زەوییانە و لە جوتیارەكانی وەربگرنەوە، لە دواین هەوڵیشیاندا دادگای تەمیزی هەولێر لەبەرژەوەندی ئەوان بڕیاریداوە، لەكاتێكدا دادگای سلێمانی بڕیارەكەی پێچەوانەی ئەوە بوە.

هاوکات ژمارەیەک جوتیار و خاوەن زەوی، داوای راگرتنی ئەو بڕیارە نایاساییانە دەكەن و وەك خۆیان ئاماژەی بۆ دەکەن، ئەو زەویانە لەسنوری ماستەر پلانی سلێمانیە ناكرێت قەرەبوی زەوی گوندێكی قەرەداغ لەناوجەرگەی سلێمانی بكرێتەوە. هەروەک دەڵێن؛ كەی رەوایە كەسانێك لە قەرەداغ و قادر كەرەم زەوییان هەبێت، لەسلێمانی قەرەبوبكرێنەوە بە زەوییەك كە موڵکی ئەوان بوە.

جوتیارێک کە لەدایکبوی ساڵی (1932)ە، دەڵێت: ئەم زەویانەی گوندی قولەرەیسی لەسەردەمی باوباپیرانمانەوە بەدەست ئێمەوەیە.

یەكێكی تر لەو جوتیارانە رایگەیاند؛ بڕیارەكەی دادگای تەمیزی هەولێر پێچەوانەی سەرجەم ئەو بڕیارانەیە كە لەسەردەمی دو ئیدارەیی لە هەلێر و سلێمانی دراون و هاوتای بڕیارەكانی بەعسە.

لای خۆشیەوە، فریا خدر، لێپرسراوی هۆبەی یاسای بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی سلێمانی وتی: "ئەو بڕیارەی دادگای تەمیز پێچەوانەی بڕیارو رێنماییەكانی دادگای ئیستیئنافی سلێمانییە".

سلێمانی/ بڕیار نامیق