(سبەی):
لە مێژە کورد وتەیەکی هەیە بۆ بەرزنرخاندنی جوانیی بەرامبەرەکانی و دەڵێت "ئەڵێی فەرشی کاشانە"، کاشان
شارێکی کوێستانی و بیابانییە کە لە ناوەندی وڵاتی ئێران هەڵکەوتوە و فەرش و کاشی و
بۆن و گوڵاوی بەناوبانگی جیهانیی هەیە.
کاشان بە
واتای شوێن و پێگەی دەسەڵاتداران دێت، هەندێکیش پێیانوایە ناوی کاشان بە واتای
خانوی هاوینەهەوارە کە بە دار و قامیش دروست دەکرێت و لەلایەن دانیشتوانییەوە بە
کاشون و کاشو ناوی دەهێنرێت و هاوکات بۆچونێکی دیکە هەیە کە نزیکترە لە راستییەوە،
ئەویش بە واتای شوێنی نیشتەجێبونی هۆزی کاسی، یان کاسییەکانە و بە شێوەزاری ئەو
ناوچەیە بە کاشی ناوی دەهێنرێت.
کاشان
لانکەی شارستانیەتێکی مێژویی
ژیان لەو
شارەدا بۆ (40) هەزار ساڵ پێش ئێستا و سەردەمی مرۆڤی نیاندەرتاڵ
دەگەڕێتەوە و نزیکەی پێنج هەزار ساڵە ئەو شوێنە ژیانی شارستانیی تێیدا بوە و سەر بە پارێزگای ئەسفەهانە لە ئێران
و دەکەوێتە (225) کیلۆمەتر لە
دوریی شاری تارانی پایتەختی ئەو وڵاتە.
فەرش
کۆنترین بەرهەمی دەستچنی کاشان
تەمەنی فەرش
لە ئێران بۆ (400) ساڵ پێش زایین
دەگەڕێتەوە و فەرشی کاشان یەکێکە لە بەناوبانگترین فەرشەکان لە جیهان و خواستێکی
زۆری لە روی نێودەوڵەتییەوە لەسەرە، چونکە دەستچنە و جوانییەکی سەرنجڕاکێشی هەیە،
بەڵام کاشان توانیویەتی تەکنەلۆجیا ئاوێتەی ئەم هونەرە دەستییە بکات و نزیکەی نیو
سەدەیە ئەو شارە لەگەڵ فەرشی دەستچن، فەرش بە ئامێری کارەبایی بەرهەمدەهێنن.
فەرشی کاشان
لە ئاستێکدا بوە کە تەنانەت شا عەباس سەفەوی شوێنی تایبەتی بۆ دروستکردنی فەرش لەو
شارە لە ساڵی (1628-1587) بونیاد ناوە و فەرشەکانیش بە فەرشی پاشایەتی ناوبانگیان
دەرکردوە و رەوانەی شارە گەورەکانی فەڕەنسا و روسیا و ژاپۆن دەکران و لە کۆشکی
دەسەڵاتداراندا وەک کارێکی دەستیی ناوازە نمایش دەکران، تەنانەت چەند جۆرێک فەرشی
ئاوریشمی بە رەنگی زێڕ و زیو لە کاشان دەچنرا کە بە فەرشی شاعەباسی یان فەرشی
عەباسی دەناسران و بە دەگمەنترین فەرشەکانی جیهان لەقەڵەم دەدرێن و تائێستاش
ژمارەیەک لەو فەرشانە لە مۆزەخانەکانی ئێران و فەڕەنسا و ژمارەیەک وڵاتانی جیهان
نمایش دەکرێن.
ئەگەرچی لە
ئێستادا (1600) کارگەی بچوک و گەورەی بەرهەمهێنانی فەرش لە ئێران هەن،
بەڵام هەرگیز نەیانتوانیوە ئاستی فەرشی دەستچنی کاشان تێپەڕێنن و تەنانەت نرخی هەندێک
لە فەرشە دەستچنەکانی ئەو شارە لە زیادکردنی ئاشکرادا دەگاتە یەک ملیۆن دۆلار.
کاشان جگە لە
فەرش، بەناوبانگە بە دەیان جۆری کاشی و تەنانەت ناوی کاشی لە ناوی ئەو شارە و
دانیشتوانییەوە وەرگیراوە و ئەمڕۆ زۆربەی جیهان ئەو جۆرە بەردە دەستکردە وەک
پێویستییەکی سەرەکی و جوانکاریی لە بینا و خانوەکانیاندا بەکار دەهێنن.
بە روانینێکی
خێرا لە مێژوی جوانی و ئاستی فەرشی کاشان، دەتوانین لەوە تێبگەین کورد بۆچی کە
ویستویەتی بە کەسێک بڵێت جوان و گەنج ماویتەتەوە، پێی وتوە : "دەڵێی فەرشی
کاشانیت".
کاشی
مۆرکی کاشانە
کاشیی کاشان
هاوشانی فەرشەکەی، ناوبانگی جیهانیی هەیە و ئەگەرچی ئەو جۆرە بەردە دەستکردە لە
سەردەمی بابلییەکاندا بەکارهاتوە، بەڵام لە کاشان کاری رەنگ و جوانکاریی بۆ کراوە
بەشێوەیەک کە ئەو بەردە و شێوازی رازاندەوەی بوەتە موڵکی کاشان و ئەمەش وایکردوە
بەردەکە پێی بوترێت کاشی و ئەو شارە مۆرکی خۆی بدات لەو بەردەی کە ئەمڕۆ لە
سەرتاسەری جیهاندا بەکاردەهێنرێت.
گوڵاوی
کاشان ناوبانگی جیهانیی هەیە
بۆنی گوڵاوی
کاشان دەگاتە هەمو جیهان و مێژوی بەرهەمهێنانی گوڵەباخ لەو شارە دەگاتە حەوت هەزار
ساڵ و نزیکەی هەزار ساڵیشە بۆن و گوڵاوی گوڵەباخ لە کاشان بەرهەم دەهێنرێت و
هەناردەی سەرتاسەری جیهان دەکرێت.
کاشان ساڵانە
زیاتر لە (40) هەزار تۆن گوڵاوی گوڵەباخ بەرهەم دەهێنێت و بەرهەمەکانیشی
رەوانەی وڵاتانی (ئەوروپا،
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاسیا) دەکات کە
فەڕەنسا و ژاپۆن و کەنەدا و ئۆسترالیا و ئیمارات کڕیاری سەرەکیی بۆن و گوڵاوی
کاشانن.