راپۆرت 09:50 - 19/08/2019

چیرۆکى تراژیدیاى ئەو مێرمنداڵەى لە بەنزیخانەکەدا کوژرا

+ -

(سبەی):

راپۆرت: لاوک ئەمجەد - هێمن ئەحمەد

زانا ئەو کوڕە (16) ساڵەى بە جزادنێکی بەتاڵەوە دەیویست بە رەنجى شانى خۆى ئایندەى بونیاد بنێت، بەڵام لە کاتی کارکردن و پەیداکردنی بژێوی ژیانی خۆی و خێزانەکەی، لە درەنگانێکی ئێوارەی رۆژی یەکشەممە "بێ بەزییانە" کوژرا و کۆتایى بە خەونەکانى هێنرا.

زانا کامیل لە دایکبوی ساڵی (2003)بو، ئەو دەیویست بەو تەمەنە کەمەیەوە هاوکارى خێزانەکەى بکات و بە رۆژانەى پێنج هەزار دینار لە بەنزینخانەیەک کاربکات و لە پاڵ کارکردنەکەیدا، سەعی دەکرد بۆ ئەوەی لە خولى دوەمى تاقیکردنەوەکاندا لەو دو وانەیەدا سەرکەوتوبێت و قۆناغێکی نوێی خوێندن دەست پێ بکات، بەڵام بۆ پارەیەکى کەم کە موڵکى خۆى نەبو، بە چەند فیشەکێک بێ بەزەییانە کۆتایی بە ژیان و خەون و خولیا و ئامانجەکانى هێنرا.



کامیل عوسمان باوکی زانا، بە چاوێکی پڕ فرمێسکەوە باسی کوژرانی کوڕەکەی دەکات و رەتی کردەوە کە هیچ جۆرە کێشەیەکیان لەگەڵ کەسدا هەبوبێت، ئەو بە (سبەى) وت: کوڕەکەم هێندە سەلار و سەنگین و قانع بوە، رۆژانە بە پێنج هەزار دینار کاری کردوە، کە کەم کەس هەیە لەم رۆژەدا بەو بڕە پارەیە کار بکات.

باوکی زانا دواى ئەو کۆستەى بەسەریدا هاتوە یەک داواکاری هەیە، ئەویش سەروەری یاسایە لە کەیسی کوژرانی کوڕەکەیدا دەڵێت:"دەمانەوێت دەستوەردانی تێدا نەکرێت، چونکە بەهیچ شێوەیەک ئامادەنین لەو تاوانە خۆش ببین".



باوکی لە درێژەی وتەکانیدا باسی لەوەکرد "زانا بڕیاریدابو لە پێناو سەعیکردن لەو دو وانەیەی کە کەوتبو، واز لە کارەکەی بهێنێت و خۆی بۆ خوێندنەکەى تەرخان بکات، بەڵام مەرگ مەودای نەدا و کۆتاییان بە خەونی کوڕەکەم هێنا".

زانا منداڵى نێوان سێ برا و سێ خوشکە، سەمیرە تۆفیقى دایکى "جەرگ سوتاوی" لەنێوان خەمى لەدەستدانى بەناهەق کوژراوى کوڕەکەى و سەردانى خزم و کەسەکانیدا بە ئاستەم دەنگى دەردێت و بە قوڕگێکى نوساوەوە دەستەکانی رو لە یەزدان بەرز دەکاتەوە دەڵێت: "کوڕەکەم زۆر عاقڵ بو، گوێڕایەڵی دایک و باوکی بو، بە ناحەق کوشتیان".

تاکە داواکاری ئەو دایکە ئەوەیە بکوژی کوڕەکەی نەخرێتە زیندانەوە و "قەڵەوی بکەن"، بەڵکو لەو شوێنەی زانای تێدا کوشت "بکوژرێتەوە".



عەدنان عەزیز، خاوەنی ئەو بەنزینخانەیەی کە زانا کاری تێدا دەکردن، باس لە مامەڵەی رۆژانەی ئەو مێرمنداڵە دەکات و بە (سبەی) وت: کاکە زانا ماوەی کەمتر لە ساڵێک لای ئێمە کاریکردوە، کوڕێکی لەسەرخۆ و سەلار بو، ئێمەش داواکارین یاسا سەروەر بێت و رێگری لە دوبارەبونەوەی ئەو جۆرە تاوان و روداوانە بکات و "رێگە نەدرێت چیتر جەرگی هیچ دایک و باوکێک بسوتێنن".

بکوژەکە چۆن دەستگیرکرا؟

پۆلیسی سلێمانی لە رونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردوە، دوای گەیشتنی‌ تیمەکانی‌ بەڵگەی‌ تاوان ‌و مەفرەزەکانی‌ بەشی‌ پۆلیسی‌ چەمچەماڵ بۆ شوێنی‌ روداوەکە و دەستپێکردنی‌ لێکۆڵینەوەکان، سەعات چواری‌ بەرەبەیانی‌ ئەمڕۆ لەلایەن مەفرەزەکانی‌‌ پۆلیسی‌ چەمچەماڵەوە توانرا تۆمەتبارەکە دەستگیر بکرێت‌ و دەستبگیرێت بەسەر ماتۆڕسکیلەکە و ئەو دەمانچەیەی‌ تاوانەکەی‌ پێ ئەنجامداوە.



پۆلیسی سلێمانی ئاشکرای کردوە؛ بکوژەکە ناوی‌ (س،م،ا) لەدایکبوی‌ ساڵی (2000) دانیشتوی‌ ناحیەی‌ رزگاری‌ سەر بەقەزای‌ کەلارە، بەمەبەستی‌ سەردانیکردنی‌ خوشکێکی‌ چوەتە چەمچەماڵ، لەئێستادا تۆمەتبار بەفەرمانی‌ دادوەرو بەپێی‌ ماددەی‌ (406) راگیراوەو دانی‌ بەتاوانەکەیدا ناوە.

بەپێی زانیارییەکانی (سبەی) بکوژەکە پێشینەی کاری تاوانکاری هەبوە و چەند جارێک لە قەزای کەلار لەسەر روداوی جۆراوجۆر دەستگیرکراوە، بەڵام دواتر ئازاد کراوە.

هەرلەوبارەیەوە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی بڵاوی کردەوە؛ دوای هەوڵ و ماندو بونێکی زۆری هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس و دوای بەدواداچونێکی زۆر و گەیشتن بە سەرچاوەی دیاریکراو، لە گەڕەکی چەرموسیتی لە ناحیەی شۆڕش، توانرا سەعات چواری بەرەبەیانی ئەمڕۆ تۆمەتباری سەرەکی کوشتنی (ز.ک) دەستگیر بکرێت، کە تەمەنی هەژدە ساڵە و دانیشتوی ناحیەی سمودی سەر بەقەزای کەلارە و بە میوانی سەردانی چەمچەماڵی کردوە.

ئاماژەی بەوەکردوە؛ بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتایەکان، تۆمەتبارەکە دانی بەتاوانەکەیدا ناوە کە بەمەبەستی دزینی پارەکەی دەستی کوشتویەتی کە بڕی (240) هەزار دینار بوە و لێکۆڵینەوەی زیاتر لەدۆسیەکە بەردەوامە.