راپۆرت 07:13 - 21/08/2019

ئەمەریکا و ئیسرائیل هەڕەشەکانیان کرد بە کردار... حەشدی شەعبی: وەڵاممان دەبێت

+ -

(سبەی):
"ئێران لە هەر شوێنێک بێت پارێزراو نابێت و لە عێراقش هێرش دەکەنە سەر ئەو شوێنانەی ئێران تێیدا رۆڵی سەربازی هەیە"، ئەمە وتەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلە کە دوای چەند سەعاتێک لەو لێدوانە، زنجیرەیەک تەقینەوە لە چەند کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە بەغدا و لە نزیک بنکەی ئاسمانی بەلەد لە سەڵاحەدین رویاندا، بەرپرسانی حەشدی شەعبی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی بە بە ئامانجگرتنی پێگەکانیان تۆمەتبار دەکەن.

ئەمەریکا و ئیسرائیل، دو نەیارە سەرسەختەکەی ئێران، کە هەمیشە ئەو وڵاتە بە پشتیوانی تیرۆر و هۆکاری ناسەقامگیری دۆخی ئەمنی و سیاسی وڵاتانی ناوچەکە دەزانن، هەندێک جاریش لە لێدوانەکانیاندا هەڕەشەی بەئامانجگرتنی پێگەکانی ئێران و ئەو هێزانە دەکەن کە راستەوخۆ ئەو وڵاتە پشتیوانییان دەکات..



هەڕەشەکان بون بە کردار
لە دو ساڵی رابردودا ئەمەریكا چەندین جار داوای لە حكومەتی عێراق كردوە هێزەکانی حەشدی شەعبی هەڵبوەشینێتەوە، بەڵام لەژیر فشاری ئێراندا حكومەتی عێراق نەیتوانیوە هیچ رێوشوێنك دژی حەشدی شەعبی بگرێتەبەر و زۆرجاریش بە ئاشكرا حەشدی شەعی تەحەدای حكومەتیان كردوە و هەڕەشەیان لە سوپای ئەمەریكا كردوە.

بەپێی ئامارەکانیش لەمساڵدا هێزەکانی حەشدی شەعبی حەوت هێرشیان كردوەتە سەر سوپای ئەمەریكا كە دیارترینیان هێرشی سەر باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا و تەقینەوەی ناوچەی سەوز كە بەرپرسێکی ئەمەریكی کوژرا و لە كۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵیشدا ئەو میلیشیایانە هێرشیان كردە سەر بنكەی سەربازی ئەمەریكا لە شارۆچكەی بەلەد لە سەڵاحەدین.

بەپێی راپۆرتی رۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)ی ئەمەریكی دەزگای هەواڵگری ئەمەریكا بەڵگەی تەواویان لە بەردەستدایە؛ كە هێرشەكانی سەر شەش كەشتیە نەوت هەڵگرەكەی بەندەری فوجەیرەی ئیمارات و تەقینەوەی بۆری سەرەكی نەوتی سعودیە لە مانگی حوزەیراندا، میلیشیا شیعەكانی عێراق ئەنجامیان داوە و ئەو فڕۆكەیەی كە هێرشەكەی سعودیەی پێ ئەنجامدرا لە باشوری عێراقەوە چوە.



پێشتریش ئیسرائیل هەڕەشەی ئەوەی كردبو كە ئێران (14) هەزار موشەكی رەوانەی عێراق كردوە و رادەستی ملیشیا شیعەكانی كردوە، بۆیە ئیسرائیل بە مافی خۆی دەزانێت هاوشێوەی سوریا ئەو میلیشیایانە لە عێراقیش بكاتە ئامانج، چونكە مەترسین بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائی دروستكردوە.

دواجاریش بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هۆشداری توندی دایە ئێران و وتی:  ئیسرائیل هەر کات و هەر شوێنیک بە پێویستی بزانێت بەرژەوەندیەکانی ئێران دەکات ئامانج. ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران لە هەر شوێنێک بێت پارێزراو نابێت و لە عێراقیش هێرش دەکەنە سەر ئەو شوێنانەی ئێران تێیدا رۆڵی سەربازیی هەیە.



دوای ئەو وتانەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ژمارەیەک تەقینەوە لە ژمارەیەک کۆگا و چەکی هێزەکانی حەشدی شەعبی رویدا، بەدیاریکراویش لە بەغدا و نزیک بنکەی ئاسمانی بەدر کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکای لێیە. ئەمەریکا لە ترسی کاردنەوەی حەشدی شەعبی، بە خێرایی فڕۆکە جەنگییەکانی لە بنکەی ئاسمانی بەلەد گواستەوە بۆ جێگایەکی دیکە، بەوتەی سەرچاوەیەکی ئەمنی "کشانەوەى سوپای ئەمەریکا لە بنکەکە کاتییە" بەبێ ئەوەی ئاماژە بە شوێنی جێگریکرنی ئەو هێزە بکات.

ئەمەریکا نزیکەی (500) راوێژکار و شارەزای سەربازیی لە بنکەی ئاسمانی بەلەد هەیە، ئەوە جگە لە دەیان فڕۆکەی جۆری (ئێف 16) کە لەو بنکەوە دەفڕن و ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدەن.


حەشدی شەعبی: وەڵاممان دەبێت
دوا بەدوای تەقینەوەکان، لەسەر ئاستی باڵا و بەرپرسانی حەشدی شەعبی، پەنجەی تۆمەتیان بۆ ئەمەریکا و ئیسرائیل درێژ کرد، مەهدی موهەندیس، سەرۆکى دەستەى حەشدی شەعبی دوای روداوەکە رایگەیاند؛ ئەوەى رودەدات لە بەئامانجگرتنی بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی بەهۆی ئاسانکاری سوپای ئەمەریکاوەیە لە بواریی ئاسمانی عێراق کە مۆڵەت دەدات بە فڕینی فڕۆکەکان.



وتیشی:"دوژمنانی عێراق بە چەند رێگایەکی جیاواز پیلانیان داڕشتوە بۆ بە ئامانجگرتنی حەشدی شەعبی و ئەمەریکا دەیەوێت بە شێوازی جۆراوجۆر سەروەری ئاسمانی عێراقی بەکاربهێنێت بۆ روبەڕوبونەوەی حەشد".

سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی رونیشیکردەوە، "زانیاریی ورد و پشتڕاستکراوەیان هەیە کە ئەمەریکییەکان لە ئەمساڵدا چوار فڕۆکەى بێفڕۆکەوانی ئیسرائیلییان لەرێگەى ئازەربایجانەوە گواستوەتەوە بۆ بۆردومانکردنیان لە عێراق، هەروەها زانیاریان لەبارەى نەخشە و تۆمار و جۆرەکانى فڕۆکەکان هەیە".

ناوبراو هۆشداریشیدا لەوەی کە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانیان ئاگادارکردوەتەوە لەوەی کە هەر فڕۆکەیەک بەبێ مۆڵەتی حکومەتی عێراقی بەسەر بارەگاکانیاندا بفڕێت، وەک دوژمن تەماشای دەکەن و هەمو هۆکارێک بەکاردەهێنین بۆ بەرپەچدانەوەی.