راپۆرت 05:54 - 23/08/2019

"ماڵەکەمان خەریکە دەسوتێت"

+ -

(سبەی):

راپۆرتی: باڵا ئاکۆ

ئەمازۆن، بە گەورەترین دارستانی باراناوی دادەنرێت لە جیهاندا و لە ریزبەندی نوێی حەوت سەرسوڕهێنەرەکەی دونیادایە، دارستانەكانی ئەمازۆن، دەکەوێتە باکوری ئەمەریکای باشور و زۆرینەی خاکەکەی دەکەوێتە وڵاتی بەرازیل و پیرۆ ، روبەری ئەم خاکە (5.5) ملیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و لەنێوان نۆ وڵاتدا دابەش بوە، کە (60%) خاکەکەی دەکەوێتە نێو وڵاتی بەرازیلەوە و لە (13%) خاکەکەی دەکەوێتە پیرۆ و (9%) دەکەوێتە کۆڵۆمبیا و (5%) دەکەوێتە ڤەنزوێلا.



ئەمازۆن خاکێکی پڕ لە ژیان
ئەمازۆن، لە جۆراوجۆرێتی ژیاندا لە ئاستی یەکەمدایە لە جیهاندا و تاکە خاکە هێندە ژیانی لەخۆ گرتبێت، بەجۆرێک بونی دار لە ئەمازۆن بە (390) ملیار دار خەمڵێنراوە و ئەم ژمارەیەش بەسەر (16) هەزار جۆری دار دا دابەش بوە، ئەو مێرو خشۆکانەی لە ئەمازۆن دەژین دو ملیۆن و (500) هەزار جۆری جیاوازن، لەپاڵ ئەمانەشدا دەیان هەزار جۆری گیا هەیە، هاوكات گیاندارە شیردەرەکان (40) هەزار جۆرن کە تا ئێستا بە شێوازێکیزانستی سەلمێنراون و لێکۆڵینەوەیان لەسەر نەکراوە، بە گشتی یەک لەسەر پێنجی هەمو باڵندەکانیجیهان لە دارستانەکانی ئەمازۆندا دەژین و یەک لەسەر پێنجی هەمو ماسییەکانیش لە روبارەکانیدانیدا دێن و دەچن.



ئەمازۆن؛ سییەکانی زەوی
ئەمازۆن بە سییەکانی زەوی دادەنرێت ئەویش بەهۆی ئەوەی (20%)ی ئۆكسجینی گۆی زەوی بەرهەم دەهێنیت، ئەم کارەش هەمان شێوەی ئەو کارەیە کە سییەکانی مرۆڤ ئەنجامیان دەدات لە پێدانی ئۆکسجیندا بە لەشی مرۆڤ و پاراستنی مرۆڤ لە زیانەکانی گازی دوانەئۆکسید و چەندان گازی کوشندەی دیکە.



سوتانی سەوزترین پارچەی زەوی و شەڕی سیاسییەکان
لە ئێستادا ئەم خاکە پڕ سودە بۆ ماوەی سێ هەفتەیە لە سوتانێکی بەردەوامدایە تا ئێستاش ئەو ئاگرە کۆنتڕۆڵ نەکراوە و بەهۆیەوە شاری (ساوپاولۆ) کە گەوەرەترین شاری بەرازیلە و دەکەوێتە باشوری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەوە بە دوکەڵ داپۆشروە و زاناکان رایدەگەیەنن؛ تا ئێستا هیچ جۆرە سوتانێکی لەم شێوەیەیان نەبینیوەو ئەگەری بەردەوامبونی ئەم ئاگرەش گەرمبونی گۆی زەوی لێدەکەوێتەوە.

 پەیمانگای نەتەوەیی بۆ لێکۆڵینەوە ئاسمانییەکان رایگەیاندوە؛ بە تەنها لەمساڵدا (74) هەزار ئاگر لەم دارستانە کەوتۆتەوە کە ئەمە بە گەورەترین ژمارە دادەنرێت کە لە ساڵی (2013)ەوە تۆمارکراوە، بە گشتی ئەمساڵ و ساڵی رابردو خراپترین ساڵەکانی ئەم دارستانە بوە و زۆرترین زیانێک کە لەم دارستانە کەوتۆتەوە لەم دو ساڵەی کۆتاییدا بوە، کە بە تێکڕای ئەو دو ساڵە (142) هەزار و (484) رودانی ئاگرکەوتنەوە رویانداوە، شارەزایان و زانایانیش ئەم ئاگرکەوتنەوانە بە شتێکی نا ئاسایی ناودەبەن.



ئیمانۆیل ماکرۆن نیگەرانە
بەهۆی ئەم ئاگرکەوتنانەوە چەندین جۆری ئاژەڵ و سەوزایی لەناوچون و ئەمەش بۆتە هۆی نیگەرانی زۆرینەی خەڵکی جیهان و لەو بارەیەوە (ئیمانۆیل ماکرۆن)ی سەرۆکی فەرەنسا دەڵێت "ماڵەکەمان خەریکە دەسوتێت، ئەمە قەیرانێکی نێودەوڵەتییە" و داوا لە ئەندامانی لوتکەی G7 دەکات کە بەزوترین کات لەسەر ئەم مەسەلەیە کۆ ببنەوە و بە زوترین کات داوای چارەسەر دەکات. لە بەرامبەردا (جێر بۆلسۆنارۆ)ی سەرۆکی بەرازیل لە وەڵامێکیدا بۆ ماکرۆن دەڵێت "ئەو داوایەی سەرۆکی فەرەنسا بۆ گفتوگۆکۆدن دەربارەی قەیرانەکانی ئەمازۆن لە لوتکەی (G7) بیرکردنەوەیەکی داگیرکارییە و ئەم جۆرە بیرکردنەوانە لە سەدەی بیست و یەکدا جێیان نابێتەوە.



سەرۆکی بەرازیل رێکخراوە ناحکومییەکان تۆمەتبار دەکات بە کردنەوەی ئاگرەکە و پێی وایە، دەیانەوێت کێشە بۆ حکومەتی ئەو وڵاتە دروست بکەن، ئەوەش لە کاتێکدایە لە ماوەی رابردودا حکومەتی بەرازیل بودجەی ئەو رێکخراوانەی بڕی، لە بەرامبەردا بەشێکی دیکە لە سیاسەتمەدارانی بەرازیل (جێر بۆلسۆنارۆ) تۆمەتبار دەکەن بە هەڵگیرسانی ئەو ئاگرە و پێیان وایە ئەو رێگای بە جوتیاران و داربڕەوەکان داوە بە بڕینەوەی دارەکان و زانایانیش پێیان وایە لە ماوەی هاتنە سەر حوکمی بۆلسۆنارۆ لەدەستدانی ناوچە سەوزاییەکانی ئەمازۆن خێراتر بوە.

بۆ هاوکاریکردنی ئەمازۆن سەرۆکی ئیکوادۆر (لینین مۆرنینۆ) رایگەیاندوە سێ گروپی پسپۆڕ لە بواری سوتانی دارستانەکاندا دەنێرێت بۆ چارەسەرکردنی خێرای ئەو ئاگرکەوتنەوانە و هاوکاری ئەمازۆنی باراناوی دەکەن لە دوبارە ژیانەوەی.



بۆچی ئەمازۆنی باراناوی هێندە گرنگە بۆ ژیان؟
لەبەر ئەوەی (20%)ی ئۆکسجین لە بەرگە هەوای زەوی دابین دەکات، هەروەها بە هۆکارێکی سەرەکی دادەنرێت لە دواخستن و کەمکردنەوەی گەرمبونی گۆی زەوی و بە ماڵێک دادەنرێت کە تێیدا هەزاران جۆری ئاژەڵ و روەک و زیندەوەری تێدا دەژی و بە گەورەترین دارستانی باراناوی دادەنرێت لە تەواوی گۆی زەوی و هەر زیانێک بەر ئەم دارستانە بکەوێت زیانێکە بۆ تەواوی گۆی زەوی و کاریگەری دەبێت لەسەر ژیان و کەش و هەوا.