(سبەی):
عێراق لیژنه‌ی بۆ ئاماده‌كردن و رێكخستنی پڕۆژه بودجه‌ی
ساڵی (2020)ی وڵاتەکەی پێکهێناوەو زیادبونی رێژەی کورتهێنان و موچەخۆری بندیوار بە مەترسی و گرفت لەبەردەم پرۆژەی بودجەکە دادەنرێت، پەرلەمانتارێکی کوردیش داوا دەکات، هەرچی زوە حکومەتی هەرێم پرۆژەی بودجەی خۆی
رەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکات بۆ ئەوەی مەترسی نەکەوێتە سەر بودجەکەی.
بەرزبونەوەی رێژەی کورتهێنان
وه‌زاره‌تی دارایی عێراق سه‌رقاڵی داڕشتن و ئاماده‌كردنی
پڕۆژه بودجه‌ی ساڵی (2020)ی عێراقە، راپۆرت و زانیارییه سه‌ره‌تاییه‌كانی به‌رده‌ستی
وه‌زاره‌ت نیگەرانی بۆ دروستکردون، به‌تایبه‌ت پاش بونی مه‌ترسی لەسەر به‌رزبونه‌وه‌ی
ئاستی كورتهێنانی بودجه‌كه بۆ نزیكه‌ی (70) تریلیۆن دینار به‌هۆی زیادكردنی زیاتر
له (30) هه‌زار ئه‌ندامی حه‌شدی شه‌عبی وه‌كو موچه‌خۆر و چه‌ند هۆكارێكی دیكه‌ش.
پڕۆژه بودجه‌ی (2020)ی عێراق ره‌نگه یه‌كێكی دیكه بێت
له‌و پرسانه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی بشڵه‌ژێنێت و له‌نێو په‌رله‌ماندا
زۆرترین مشت‌ومڕ له‌سه‌ر بڕگه‌كانی دروست ببێت، به‌تایبه‌ت له بونی ئه‌و كورتهێنانه
زۆره‌ی چاوه‌ڕوانی ده‌كرێت.
لیژنەیەکی پێنج کەسی
ئه‌حمه‌د سه‌فار، بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی و ئابوری
له په‌رله‌مانی عێراق بە ئاژانسی ئانادۆڵی راگەیاندوە؛ بۆ ئاماده‌كردن و رێكخستنی
پڕۆژه بودجه‌ی ساڵی داهاتوی عێراق، وه‌زاره‌تی دارایی لیژنه‌یه‌كی پێنج كه‌سیی پێكهێناوه
كه ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقیشی تێدایه. وتی:
"بڕیاره تا ناوه‌ڕاستی مانگی ئه‌یلولی داهاتو ئه‌و لیژنه‌یه كاره‌كانی كۆتایی
بكات و پڕۆژه‌كه ره‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بكات".
وتی: "عێراق ده‌یه‌وێت ئه‌و كورتهێنانه زۆره‌ی له
بودجه‌دا هه‌مو ساڵێك هه‌یه‌تی له‌ساڵی ئاینده كه‌میبكاته‌وه، به‌تایبه‌ت كه به‌شێكی
زۆری بودجه‌ی عێراق بۆ موچه ده‌چێت بۆ نمونه له‌مساڵدا نزیكەی (46) تریلیۆن دیناری
بۆ ئه‌م بابه‌ته ده‌چێت".
سه‌باره‌ت به‌نرخی نه‌وتیش له پڕۆژه بودجه‌ی ساڵی (2020)
عێراق، ده‌ڵێت: به‌پێی ئه‌وه‌ی هه‌یه عێراق نرخی هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وتی فرۆشراوی
له پڕۆژه بودجه‌ی ساڵی ئاینده به بڕی له نێوان (50 بۆ 56) دۆلار ده‌خه‌مڵێنێت.
گۆڕانكاریی له په‌یكه‌ربه‌ندیی پڕۆژه‌ی بودجە
عێراق به‌نیازه له پڕۆژه بودجه‌ی ساڵی ئاینده پشت
به پڕنسیپێكی نوێ ببه‌ستێت ئه‌ویش به "بودجه‌ی به‌رنامه و ئه‌داكان"
ده‌ناسرێت و به‌نده له‌سه‌ر ته‌رخانكردنی بڕه پاره بۆ پرۆژه و ئه‌و به‌رنامه
وه‌زارییانه‌ی كه له‌كۆتاییدا پێویسته بزانرێت به‌رهه‌می ئه‌و پڕۆژه و به‌رنامانه
چیین و ئه‌و پارانه‌شی كه بۆی ته‌رخانكراوه.
لەوبارەیەوە، بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی ئاماژەی بەوەکرد،
به‌پێی ئه‌وه‌ی عێراق ده‌یه‌وێت ئه‌و پڕۆژه‌یه به‌شی زۆری بۆ بودجه‌ی وه‌به‌رهێنان
ده‌بێت، وتیشی: ''عێراق بڕیاری هه‌یه پڕۆژه‌كه به‌پێی بڕگه و به‌رنامه‌ی ئه‌دای
فه‌رمانگه‌كان بێت نه‌وه‌ك بودجه‌ی وه‌زاره‌ته‌كان، واته به‌پێی پڕۆژه‌كان و ئاستی
جێبه‌جێكردنییان پاره بۆ پڕۆژه‌كان ته‌رخان بكرێت، ئه‌مه‌ش له بودجه‌ی ساڵی
داهاتو و ساڵی (2021) ره‌نگده‌داته‌وه".
هەروەک دەڵێت: عێراق به‌نیازه گۆڕانكاریی له په‌یكه‌ربه‌ندیی
پڕۆژه بودجه‌ی (2020)دا به‌گشتی بكات و زیاتر پشت به بودجه‌ی به‌رنامه و ئه‌دای
وه‌زاره‌ته‌كان ده‌به‌ستێت نه‌وه‌ك به دیاریكردنی بودجه به‌شێوه‌ی وه‌زاره‌ت وه‌زاره‌ت".
بندیوار؛ مەترسییەک لەسەر بودجە
هاوکات بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت
بودجه‌ی ساڵی ئاینده‌ی عێراق كورتهێنانی زیاتر بێت و وه‌زاره‌تی دارایی عێراق بۆ
ئه‌م مه‌به‌سته راپۆرتێكی له‌سه‌ر بودجه ئاماده‌كردوه و بۆی ده‌ركه‌وتوه به‌هۆی
بونی فه‌رمانبه‌ر و موچه‌خۆری بن دیواری زۆر، جێگیر نه‌بونی نرخی نه‌وت، گه‌نده‌ڵی
و به‌هه‌ده‌ردان، كورتهێنانی بودجه‌كه بۆ نزیكه‌ی (70) تریلیۆن دیناری عێراق زیادبكات،
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته پێشنیاری كه‌مكردنه‌وه‌ی موچه‌خۆران و فرۆشتنی موڵك و زه‌ویی
گرانبه‌های ده‌وڵه‌ت کراوە.
بودجه‌ی ساڵی (2019) عێراق بریتی بو له (111) ملیار و (500)
ملیۆن دۆلار، كورتهێنانی بودجه‌كه‌شی بریتی بو له (23) ملیار دۆلار، داهاته‌كانی
عێراق له‌م ساڵه‌دا به‌پێی یاسای بودجه (88) ملیار دۆلار ده‌بێت و نرخی به‌رمیلێک
نه‌وتی فرۆشراویش به بڕی (56) دۆلار خه‌مڵێندرا و به‌و پێیه‌ی عێراق له رۆژێكدا
سێ ملیۆن و (880) هه‌زار به‌رمیل نەوت هه‌نارده‌بكات، كه له‌نێویدا (250) هه‌زار
به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه‌ی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه و تا ئه‌م ساته سەرەڕای دەربڕینی
ئامادەیی، بەڵام بەهۆی ناکۆکی نێوانیان، ئەو بڕە رادەست نەکراوە.
"گۆڕانکاری رونادات"
لەلایەکی دیکەوە، شیروان میرزا، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی
و ئابوری له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، به‌پێی یاسای ئیداره‌ی
دارایی ده‌بێت پێش سه‌ره‌تای مانگی تشرینی یه‌كه‌م پڕۆژه بودجه‌ی عێراق بگاته ئه‌نجومه‌نی
نوێنه‌ران و دواتر په‌رله‌مان بۆ وتوێژكردن له‌سه‌ری كۆببێته‌وه.
دەڵێت: "له‌و باوه‌ڕه‌دانیم كه گۆڕانكارییه‌كی ئه‌وتۆ
له پڕۆژه بودجه‌ی ساڵی 2020ی عێراقدا روبدات، به‌ڵكو به‌شی هه‌ره زۆری وه‌كو ساڵانی
دیكه ده‌مێنێته‌وه، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌شێكی باشی بودجه‌كه بۆ موچه ده‌چێت،
هه‌روه‌ها نرخی نه‌وتیش جێگیر نییه".
بودجەی هەرێمی کوردستان
ئەو پەرلەمانتارە بەپێویستی دەزانێت، حكومه‌تی هه‌رێمی
كوردستانیش زو له‌خه‌می ئه‌وه‌دابێت پڕۆژه بودجه‌ی خۆی ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی
كوردستان بكات بۆ په‌سه‌ندكردنی به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ عێراق و وتی: "ئه‌گه‌ر
تا (1)ی تشرینی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌و بودجه‌یه په‌سه‌ند نه‌كات
ئه‌وا مه‌ترسی ده‌كه‌وێته سه‌ر بودجه‌ی هه‌رێم به‌پێی یاسای ئیداره‌ی دارایی".
ئاماژەی بەوەشکرد، به‌پێی پڕۆژه بودجه‌ی ساڵی (2020)ی
عێراق ئه‌م وڵاته بۆی نییه هیچ قه‌رزێك بكات وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌ساڵانی رابردو به‌تایبه‌ت
بۆ پڕكردنه‌وه‌ی بڕی كورتهێنانی له بودجه‌دا ده‌یكرد، به‌ڵام له ساڵی ئاینده ئه‌مه
نامێنێت، چونكه عێراق قه‌رزێكی زۆری كردوه و جگه له‌وه‌ش عێراق خاوه‌نی یه‌ده‌گێكی
زۆره ده‌توانێت له‌و یه‌ده‌گه به‌شێك له كێشه داراییه‌كانی چاره‌سه‌ر بكات.
لەلایەکی دیکەوە، عه‌بدولهادی سه‌عداوی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی
دارایی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق داوا دەکات، وه‌زاره‌تی دارایی عێراق ده‌ستوبرد
بكات بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی بودجه و موچه‌ی هه‌رێمی كوردستان و دەڵێت:
"ناكرێت هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر راده‌ستنه‌كردنی نه‌وته‌كه‌ی به‌رده‌وام بێت،
ده‌بێت ئه‌م پرسه به‌زوترین كات یه‌كلایی بكرێته‌وه، چونكه زیانی گه‌وره له
سامانی عێراق ده‌دات".
عێراق یه‌كێكە له وڵاتانی به‌رهه‌مهێنه‌ری نه‌وت، رێژه‌ی
(90٪)ی بودجه‌كه‌ی پشت به فرۆشتن و هه‌نارده‌كردنی نه‌وت ده‌به‌ستێت و ساڵانه ملیاره‌ها
دۆلاری بۆ موچه‌خۆران ده‌چێت كه نزیك به چوار ملیۆن كه‌س ده‌بن له كۆی (38) ملیۆن
عێراقی، سه‌رباری ئه‌وه‌ش ده‌یان ملیار دۆلاری له‌كڕینی پێویستییه سه‌ره‌تاییه‌كان
ده‌ڕوات ئه‌وه‌ش به‌هۆی پشت نه‌به‌ستن به‌كه‌رتی كشتوكاڵی و پیشه‌سازی و فه‌راهه‌م
كردنی ئه‌م دو كه‌رته سه‌رباری ته‌رخانكردنی ده‌یان ملیار دۆلار بۆی له‌چه‌ند ساڵی
رابردو، به‌رده‌وامی شه‌ڕیش له (2003) و گه‌نده‌ڵی، وایكردوه هێشتا عێراق بۆ
ساده‌ترین پێویستییه‌كانی پشت به وڵاتانی دیكه به‌تایبه‌ت دراوسێ ببه‌ستێت.