راپۆرت 09:47 - 27/08/2019

كورد چی بۆ عادل عەبدولمەهدی دەکات؟

+ -

(سبەی):

راپۆرتی شیکاری: د.سەنگەر سەیدقادر

حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی تەمەنی تەنها (10) مانگ و (3) رۆژە، بەڵام هەتیو كەوتوە و هیچ پشتیوانێكی نەماوە بە جۆرێك تەنانەت حیزبەكەی خۆشی كە رەوتی حیكمەیە، ئۆپۆزسیۆن بونی دژی حكومەت راگەیاند و موقتەدا سەدریش لە هەفتەی رابردودا بەیانامەیەكی چوار خاڵی دژی حكومەت دەركرد و هێرشی توندی كردە سەر عادل عەبدولمەهدی، بڕیاریشە لە دوای پشوی پەرلەمان کە رۆژی سێی ئەیلولی داهاتو تەواو دەبێت، عەبدولمەهدی و حكومەتەكەی بانگێشتی پەرلەمان بكرێن و بۆ لێپرسێنەوە و ئەگەری ئەوەش هەیە متمانەی لێ بسەنرێتەوە.

تاكە هێزێك كە دەستی بە حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدیەوە گرتوە، كوردە، چونكە (10) مانگی رابردو حكومەتی هەولێر و بەغداد لە مانگی هەنگوینیدا بون و عادل عەبدولمەهدی تاڕادەیەكی باش هاوكاری حكومەتی هەرێم بو تا جارێكی تر لەسەر پێی خۆی بوەستێت كە لە دوای ریفراندۆم توشی قەیران و ئیفلیج بون بو، بەڵام. ئەوەی جێگای پرسیارە ئایا مانگی هەنگوینی هەولێر و بەغدا بەردەوام دەبێت یان كە حكومەت تەمەنی گەشتە ساڵێك ئیتر كاتی جیابونەوە و دەستپێكردنەوەی خولیكی نوێی گرژی و ئاڵۆزیە لە نێوان هەولێر و بەغدا؟

دو مانگی تر مۆڵەتی عەبدولمەهدی تەواو دەبێت و رەنگە سەدر شەقام لە دژی بجوڵێنێ

ئەگەری دەستلەكار كێشانەوە یان لەكارلادانی عادل عەبدولمەهدی:

 عادل عەبدولمەهدی ماوەی زیاتر لە دو مانگە لە ژێر گوشارێكی زۆری شەقام و لایەنە سیاسیەكاندایە ئاماژەكانی ئاوابونی خۆری عادل عەبدولمەهدی دەركەوتون لە گرنگترن ئەو ئاماژانە:

1-حكومەتی عادل عادل عەبدولمەهدی لە (10) مانگی رابردودا نەیتوانیوە سەركەوتوبێت لە جێبەجێكردنی بەڵێن و كارنامەی حكومەتەكەیدا كە بەپێی راپۆرتی لیژنەی چاودێری پەرلەمان حكومەت لەشەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا تەنها بەڕێژەی (36.5٪) پرۆژەكانی جێبەجێكردوە لە كاتێكدا حكومەت رایگەیاندبو (79٪)ی پرۆژەكان تەواوبون.

2-بودجەی عێراقی ساڵی (2019) كە بە نزیكەی (112) ملیار دۆلار دیاری كرابو لە سەر بنەمای ناردنە دەرەوەی سێ ملیۆن و (880) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە كە نرخی هەر بەرمیلێك نەوت بە (56) دۆلار دیاری كرابو بەڵام عێراق نەیتوانیوە ئەو رێژەیە هەناردە بکات و حكومەتی هەرێمیش (250) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی رادەستی بەغدا نەكردوە، ئەوەش بوەتە هۆی كورتهێنان لە بودجەدا بە رێژەی (23٪) كە ئەمەش بارگرانیەكی زۆری بۆ عادل عەبدولمەهدی دروستكردوە.

3-بەهۆی ئەوەی ئێستا سەرەتای هەڵمەتی رانەگەیەنراوی هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراقە كە بڕیارە یەكی نیسانی ساڵی داهاتو ئەنجامبدرێت، بەو هۆیەوە زۆرینەی لایەنە سیاسیەكانی عێراق سەرەڕای ئەوەی لە حكومەتدا بەشدارن بەڵام بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی كەموكورتیەكانی حكومەت، هەمو بەرپرسیارێتیەكە دەخەنە ئەستۆی عادل عەبدولمەهدی، ئەمەش خۆشاردنەوەیە لە ناڕەزایەتی و توڕەیی جەماوەر و دەنگدەرانیان.

4-موقتەدا سەدر بەیانامەیەكی چوار خاڵی دژی عادل عەبدولمەهدی دەركردو تۆمەتباری كرد بەوەی حكومەت بێ لایەن نیە و دۆخی ئەمنی خراپە و خزمەتگوزاریەكان بەتەواوی لەناوچون و حكومەت نەك روبەڕوی گەندەڵی نەبوەتەوە، بەڵكو ئاسانكاریشی بۆ كردوە.

ئەم بەیاننامەیەی موقتەدا سەدر ئاگادار كردنەوەیەكی پێشوەخت بو بۆ عادل عەبدولمەهدی چونكە موقتەدا سەدر لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردودا كاتێك پشتیوانی عادل عەبدولمەهدی كرد بۆ سەرۆكایەتی حكومەت، تەنها مۆڵەتی ساڵێكی پێدا بۆ جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی، بۆیە دو مانگی تر مۆڵەتی عەبدولمەهدی تەواو دەبێت و رەنگە سەدر شەقام لە دژی بجوڵێنێ.

5-هێرشەكانی مانگی رابردوی سەر بنكە سەربازیەكانی حەشدی شەعبی عادل عەبدولمەهدی خستوەتە بەردەم شەرمەزاری و فشارێكی گەورە، چونكە توانای پاراستنی ئاسمانی عێراقی نیە، نیگەرانیەكی زۆری لە شەقامی عێراقی دروستكردوە و عادل عەبدولمەهدی بە لاواز و كەمتەرخەم دەزانن.

لەلایەكی دیکەوە ئێران پشتیوانی سەرەكی دانانی عادل عەبدولمەهدی بو چونكە دەیویست حكومەتێكی لاواز بێت و لەژێر كۆنترۆڵی ئێراندا بێت، بەڵام لە هەمانكاتدا چەترێك بێت بۆ پاراستنی گروپەكانی حەشدی لایەنگری ئێران، بەڵام دوای هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر بارەگاكانی حەشدی شەعبی، چیتر ئێران پشتیوانی عادل عەبدولمەهدی ناكات.

6-ئێران دەستی لە عێراق كەشف بوە و هەمو حەشارگە موشەكیەكانی ئاشكرا بون و ململانێكانیشی لەگەڵ ئەمەریكادا گەشتوەتە لوتكە، بۆیە دەیەوێت لە رێگەی ئاڵۆزكردنی دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراقەوە ئەمەریكا سەرقاڵ بكات و لەهەمان كاتدا دەرفەت بڕەخسێنێت بۆ گروپە چەكداریەكانی هاوپەیمانی تا خۆیان رێكبخەنەوە.

هەمو ئەم هۆكارانە ئاماژەن بۆ ئەوەی كە تەمەنی حكومەتی عادل عەبدولمەهدی كورتە و رەنگە كۆتایی ئەمساڵ لەژێر فشاردا دەست لەكار بكێشێتەوە، بەڵام ئەگەری دوەم لەكارلادانی عادل عەبدولمەهدیە لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراقەوە، چونكە هێزە سیاسیەكانی عێراق دەیانەوێت پێش هەڵبژاردن هەمو كێشە و كەموكوڕیەكان بخنە ئەستۆی عادل عەبدولمەهدی و وەك بانگەشەی هەڵبژاردن هێرش بكەنە سەر حكومەت.

لایەنە عێراقیەكان ئامادەنین ئەوەی لە بودجەی ساڵی (2019) رویدا دوبارەی بكەنەوە

ئایندەی كورد لە بەغدا:
گرنگترین پرس بۆ ئێستای كورد لە بەغدا، پرسی ناوچە جێناكۆكان و موچەی فەرمانبەرانی هەرێمە كە هەردوكیان لە بەردەم مەترسیدان:

یەكەم: موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ژێر مەترسیدایە چونكە كەمتر لە دو مانگی ماوە بۆ پەسەندکردنی بودجەی عێراق، بەڵام تا ئێستا لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقە و هۆكاری سەرەكی دواكەوتنی ئامادەكردنی پرۆژە یاسای بودجە كێشە داراییەكانی هەرێم و بەغدایە، چونكە لایەنە عێراقیەكان بە هیچ شێوەیەك ئامادەنین ئەوەی لە بودجەی ساڵی (2019) رویدا دوبارەی بكەنەوە و بەبێ رادەستكردنی نەوت، موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرن، بۆیە چەند سیناریۆیەک لەبەردەم حكومەتی هەرێم و بەغدایە ئەوانیش بریتین لە:

1-حكومەتی هەرێم (250) هەزار بەرمیل رادەستی بەغدا بكات لە بەرامبەردا حكومەتی ناوەند بودجەی هەرێم بنێرێت، بەڵام زۆرینەی هێزە سیاسیەكانی پەرلەمان ئەمە رەتدەكەنەوە چونكە عێراق تەنها دان بە (670) هەزار فەرمانبەری هەرێمدا دەنێت لەكاتێكدا حكومەتی هەرێم نزیكەی یەک ملیۆن و (300) هەزار موچە خۆری هەیە.

2-سیناریۆی دوەم بریتیە لەوەی حكومەتی هەرێم نەوتی خۆی بفرۆشێت و هیچ موچەیەك لە عێراق وەرنەگرێت، ئەمەش زیانە لە حكومەتی هەرێم، چونكە هەناردەی نەوتی هەرێم كەمترە لە (400) هەزار بەرمیل و كوردستان دەكەوێتەوە قەیران، چونكە حكومەتی عێراق ئامادەنیە لە نەوتی كەركوك پشكی حكومەتی هەرێم بدات.

3-سیناریۆی سێیەم بریتیە لەوەی كە حكومەتی هەرێم نەوتەكەی بفرۆشێت بە كۆمپانیای سۆمۆی عێراقی و لە بەرامبەردا پارەكەی لەسۆمۆ وەرگرێت، ئەمەش جارێكی تر حكومەتی هەرێم روبەڕوی قەیران دەكاتەوە، چونكە داهاتی هەناردەی نەوتی هەرێم بەشی بودجە ناكات و بەهۆی گەڕانەوەی داهاتی فڕۆكەخانە و بەشێك لە خاڵە سنوریەكانیشەوە بۆ بەغدا، حكومەتی هەرێم ناتوانێت نیو موچەش بدات.

دەبێت ئاسایشی نیشتمانی هەرێم و بەرژوەندی هاوڵاتیان و موچەی فەرمانبەران بخرێتە پێش بەرژەوەندی حیزبی

لەلایەكی دیکەوە حكومەتی هەرێم قەرزێكی زۆری ناوخۆیی و دەرەكی لەسەرە كە بڕەكەی نزیكەی (18) ملیار دۆلارە و حكومەتی عێراقیش بەهۆی ئەوەی دان بە بەشێك لە گرێبەستەكانی نەوتی هەرێمدا نانێت و ئامادەنیە ئەو خەرجی و پشكە زۆرەی كۆمپانیاكانی نەوت بدات، بۆیە لە هەمو ئەگەرەكاندا بودجەی هەرێم و موچەی فەرمانبەران لە ژێر مەترسیەكی راستەقینەدایە و دەبێت هێزە سیاسیەكانی هەرێم و حكومەت بێنە دەنگ و بكەونە جوڵە تا كار لەكار نەترازاوە و حكومەتی هەرێمیش سازش لە بەشێك لە داواكاریەكانی بكات و بەشێك لە نەوتەكەی رادەست بكات، بە جۆرێك ئاسایشی نیشتمانی هەرێم و بەرژوەندی هاوڵاتیان و موچەی فەرمانبەران بخرێتە پێش بەرژەوەندی حیزبی و عینادی سیاسیەوە.

دوەم: كێشەی ناوچە جێناكۆكەكان كێشەیەكی قوڵە و رەهەندێكی ناوچەیی و نێودەوڵەتی هەیە و چارەسەركردنی لە دۆخی ئێستادا ئەستەمە، بەڵام ئەوەی گرنگە رێوشوێنێكی كاتی بگیرێتەبەر بۆ دورخستنەوەی زیانەكان.

1-رێگری بكرێت لەئەنجامدانی سەرژمێری لە ساڵی داهاتو لە كەركوك، چونكە دۆخی ئێستا لە بەرژەوەندی كورد نیە و زیاتر لە (70) هەزار كەس ئاوارەن و بەشێكی زۆر لە عەرەبە هاوردەكان گەڕاونەتە و ژمارەیەكی زۆر لە ئاوارەی عەرەب لە كەركوك نیشتەجێكراون، كە ئەوەش رێژەی كورد بە شێوەیەكی بەرچاو كەم دەكاتەوە و سەرژمێریەكەش دەبێت بە بەڵگەیەكی یاسایی و سیاسی و زیان بە ئایندەی كورد دەگەیەنێت لە كەركوك.

2-كورد هەوڵبدات هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دوابخات، چونكە رێژەی كورد لە كەركوك كەمی كردوە و دۆخی سیاسی و ئەمنی كەركوك لە بەرژەوەندی كورد نیە و ئەنجامدانی هەڵبژاردن پێگەی كورد لە كەركوك لاواز دەكات.

لە روی ناوچەیی و نیودەوڵەتیشەوە، ناوچەكە بەتایبەت توركیا و ئێران لەبەردەم گۆڕانكاری گرنگدان و دوای هەڵبژاردنەكانی ساڵی (2020)ی ئەمەریكا و لەسەرەتای ساڵی (2021)، گۆڕانكاری گرنگ لەناوچەكەدا رودەدات كە لە بەرژەوەندی كوردە، بۆیە دواخستنی هەڵبژاردنی كەركوك بۆ (3 تا 4) ساڵ گرنگە.

كوردستان پێویستە چی بكات؟

وەك ستراتیژێكی كورتخایەنیش بۆ رێگری لە مەترسیەكان دەبێت چەند رێكارێكی خێرا و بەپەلە بگیرێتە بەر:

1-هەرچی زوە ئەنجومەنێكی باڵای بڕیاردان لە تەواوی هێزە سیاسیەكان دروست بكرێت و ئەم ئەنجومەنە چەند ناوەندێكی توێژینەوەی سیاسی و ئابوری تایبەتمەند بە بەڕێوەبردنی ململانێكان و دۆزینەوەی چارەسەر رابسپێرێت بۆ راوێژ و بەرچاورونی و لە هەنگاونان و بڕیاردا، هەوڵیش بدرێت لە ناوخۆی كوردستان گرنگی بە ناوەندەكانی توێژینەوە و دروستكردنی بڕیار بدرێت كە هاوكاری حكومەت و پەرلەمان و نوێنەرانی كوردبن لە بەغدا.

2-هەرچی زوە ئەنجومەن (فەرمانگە)ی پەیوەندیەكانی كوردستان - بەغدا دابمەزرێنرێت بۆ دەستكردن بە گفتوگۆ و دانوستان بە جۆرێك ئەو ئەنجومەنە دوربێت لە كاریگەری ململانێ ناوخۆییەكان و ئامانجێكی نەتەوەیی و نیشتمانی هەبێت و هێزی كورد لە بەغدا یەك بخات.

3-ئەندامانی كوردی پەرلەمانی عێراق ژورێكی چالاكی خێرا پێکبهێنن و رۆژانە و هەفتانە كۆبونەوە ئەنجامبدەن بۆ دیاریكردنی ستراتیژ و چۆنیەتی كاركردن و دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ حكومەتی هەرێمدا بۆ ئاگاداربون لە دواین گۆڕانكاری و بڕیار و هەڵوێستەكان.

لە كۆتایدا ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئەم دۆخە پڕ كێشە و قەیرانەی ئێستای هەرێمی كوردستان بەرهەمی سیاسەتی خراپ و نەزانانە و بڕیاری مەزاجی سیاسیەكانە، بۆیە ئەگەر بمانەوێت كێشەكان چارە سەربكەین و هەڵەكان راستكەینەوە، كاتی ئەوە هاتوە سیاسەت و ململانێ و بڕیارەكان بە زانستی بكرێن چونكە بڕیار نابێت بدرێت بەڵكو دەبێت بەچەند پڕۆسەیەك و قۆناغێكدا بڕوات و دیراسەت بكرێت، بەجۆرێك بەرهەمی توێژینەوە و لێكۆڵینەوە و عەقڵی بەكۆمەڵ بێت نەك بەرهەمی میزاج و عەقڵی تاكە كەسێك.