راپۆرت 11:41 - 26/09/2019

ئاماده‌كارییه‌كانی عێراق بۆ سه‌رژمێری و مه‌رجه‌كانی كورد

+ -

(سبەی):

نوسینی/ د.محەمەد شوانی

حكومەتی عێراق بە بەرنامەو بە جدی كار بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتیی دەكات لە پایزی (2020)دا، ئەگەر چاوێك بە گرنگی ئەم پرسەدا بخشێنین لە دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی عێراقدا دەبینین، لە دوای روداوەكانی ئۆكتۆبەری (2017)ەوە پلانی بۆ دادەڕێژن و بە دامەزراوەیی كاری بۆ دەكەن.

لە ناوەڕاستی ساڵی (2018)دا وەزارەتی پلاندانانی عێراقی رایگەیاند كە لە بەرنامەیاندایە بۆ ساڵی (2020) سەرژمێری گشتیی لە عێراق ئەنجام بدەن، بۆ ئەم مەبەستەش لەسەر ئاستی ناوخۆ لیژنەو دەزگای تایبەتی بۆ دروست دەكەن و بۆ هاوكاری و سەرپەرشتیش، پەیوەندی بە وڵاتانی هەرێمیی و رێكخراوی نەتەوەیەكگرتوەكانەوە دەكەن.

لە پێنجی نۆڤەمبەری (2018) دكتۆر فوئاد حسێن لەگەڵ جەختكردنەوەی لەسەر گرنگی و بایەخی سەرژمێری رایگەیاند: لە بودجەی (2019)دا پشكی تایبەت بۆ سەرژمێری (2020) و ئامادەكارییەكانی تەرخان دەكرێ.

لە كانونی دوەمی (2019)دا كاتی سەرژمێری گشتیی دیاریكرا

هەر لە ساڵی (2018)و لە رۆژی سێشەمە (11)ی مانگی (12)دا كۆنفرانسێكی فراوان لە بەغدا بەڕێوەچو بۆ تاوتوێكردنی پرسی سەرژمێری و ئامادەكارییەكانی، لەو كۆنفرانسەدا وەزیری پلاندانانی هەرێمی كوردستان عەلی سندی بەشداری كردو جەختی لەسەر گرنگی و بایەخی سەرژمێری گشتیی كردەوە بۆ پەرەپێدان و گەشەپێدانی كۆمەڵگەی عێراقی. دواتر لە (2)ی كانونی دوەمی (2019)دا وەزیری پلاندانانی عێراقی نوری سەباح دلێمی، كاتی سەرژمێری گشتیی دیاریكردو رایگەیاند: لە چارەکی كۆتایی (2020)دا ئەنجام دەدرێ. لە رۆژی (23)ی ئاداری (2019)ەوە بە هەنگاوی كردەیی دەزگای باڵای سەرژمێری گشتییان بە سەرۆكایەتی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران عادل عەبدولمەهدی دامەزراند.

ئەم دەزگایە لە نوێنەری چەندین دامەزراوەی نیشتمانیی و دانیشتوان و ئاماری و پەرلەمان و بریكاری وەزارەتە پەیوەندیدارەكان و دو نوێنەری هەرێمی كوردستان و دیوانی وەقفی سوننی و شیعی و ئاینەكانی تر پێكهاتبو، رۆژی (31)ی ئاداری (2019) ژوری عەمەلیاتی تایبەت بە سەرژمێری گشتییان دامەزراند، عەلبدولزەهرە هنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراقی لە لێدوانێكدا وتی: خۆ ئامادەكردن بۆ سەرژمێری (2020) زۆر بە گورجوگۆڵی كەوتوەتە سەر راستەرێ و كارەكانی دەكات.

هەروەها رۆژی (7)ی نیسانی (2019) سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی داوای لە دەزگای باڵا كرد پوختەی كارەكانی و نەخشەو پلان و ئەوەی كردویانە پێشكەشی ئەنجومەن بكەن تا سەرنج و تێبینی خۆیان لەسەر بدەن، دوای تەواوبونی هەمو ئامادەكارییەكان لە (19)ی ئەم مانگەدا شاندێكی حكومەتی عێراقی بە سەرۆكایەتی مەهدی عەلاق راوێژكاری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردو لەگەڵ دارا رەشید وەزیری پلاندانان و خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم كۆبونەوەو باسی چۆنیەتی ئەنجامدانیان كرد.

دو ساڵە عێراق بە دامەزراوەیی كار بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری دەكات، بەڵام تازە حكومەتی هەرێم مەترسییەكانی خۆی دەردەبڕێت

ئەوەی شایانی باسە لە ماوەی ئەم دو ساڵەدا كە حكومەتی عێراق بە دامەزراوەیی كار بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتیی دەكات و لە هەمو تەوەرەكانەوە هەنگاوی عەمەلی بۆ دەنێ، بەڵام تازە حكومەتی هەرێمی كوردستان مەترسییەكانی خۆی دەردەبڕێت لەسەر ئەم پرۆسەیەو رایدەگەیەنێ لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران لیژنەیەك دروست دەكەن بۆ تاوتوێكردنی!

راگەیاندنەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی ئامادەكارییەكانی سەرژمێری گشتیی لە عێراق، زۆر درەنگەو نیشانەی نەبونی دامودەزگاو بە دامەزراوەیینەكردنە لە هەرێمی كوردستاندا. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ساڵێك ماوەو دەتوانین لەم ماوەیەدا بەشێكی گرنگی ئەو كارانە ئەنجام بدەین كە پەیوەندیان بە ئایندەو چارەنوسی گەلەكەمانەوە هەیە، بەتایبەت لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێم.

هەرچەندە لێرەدا كات و شوێنی ئاماژە پێكردنیان نییە، بەڵام لە روی یاسایی و ئەكادیمی و زانستیەوە، بۆ هەر سەرژمێرییەكی گشتیی، كۆمەڵێك مەرج و بنەما هەیە هەتا جێی باوەڕو دانپیانانی ناوخۆو دەرەوەبێ. ئەگەر ئەو مەرجانەی تێدا نەبێ دانی پێدا نانرێت و بە هەوڵ و تەقەلای لایەنێكی سیاسی دەدرێتە قەڵەم بۆ ئامانجێكی دیاریكراو. بۆیە پرسی سەرژمێری لە عێراقدا یەكێكە لە پرسە هەستیارەكان‌و سەرەتا كۆدەنگی و رێكەوتنی سیاسی پێكهاتە جیاوازەكانی عێراق و پاڵپشتی‌و هاوكاری هەرێمیی و نێودەوڵەتیشی دەوێت.

كورد بۆ پرسی سەرژمێری گشتیی لە عێراقدا هەڵوێستی بەهێزەو دەتوانێ بەشێكی زۆری مەرجەكانی خۆی بسەپێنێ

ئەگەر لە هەمو پرسەكانی تردا كورد لە دوای سێپتەمبەری (2017)ەوە هەڵوێستی لاوازیش بوبێ، بەڵام بۆ پرسێكی وەكو سەرژمێری گشتیی لە عێراقدا هەڵوێستی زۆر بەهێزەو دەتوانێ بەشێكی زۆری مەرجەكانی خۆی بسەپێنێ. چونكە بەبێ رەزامەندی كورد هەرگیز پرۆسەی سەرژمێری گشتیی لە عێراقدا ئەنجام نادرێت و سەركەوتو نابێ. بۆیە پێویستە:
1. كورد لەسەر ئاساییكردنەوەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێم بە هیچ شێوەیەك سازش نەكات، ئەگەر سەرژمێرییەكەش لەلایەن بەغداو دەسەڵاتی ناوەندەوە بەڕێوەچو.
2. بەرپرسە كوردەكانی ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە سەر ئەركەكانی خۆیان و هەمو ئەوانەی داواكراون لە دادگا هەتا زوە ئەستۆپاكی خۆیان بسەلمێنن، ئەگەر هێزی پێشمەرگەش نەگەڕایەوە ئەوان ئامادەییان هەبێ لە تەواوی شارو شارۆچكەو گوندەكانی ئەو ناوچانەدا.
3. كورد داوا لە نەتەوە یەكگرتوەكان یان ئەمەریكاو ئەوروپا یان وڵاتانی هەرێمیی بكات، هاوكاری بكەن بۆ پرۆسەی ئاساییكردنەوەكە، واتە گەڕاندنەوەی خێزانە كوردەكان و ناردنەوەی خێزانە عەرەبەكان وەكو ئەركێكی مرۆیی و بەشێك لە مافەكانی مرۆڤ نەك جیاوازی نەتەوەیی و رەگەزپەرستی لە عێراقدا.
4. تەواوی دەسەڵاتی سیاسی و ئیداریی و كەسایەتییە خاوەن هەژمون و كۆمەڵایەتییەكان لە هەرێمی كوردستان، بە جدی كار بۆ ناردنەوەی ئاوارەكانی ئەو ناوچانە بكەن لەرێی هاندان و پاداشت و ئاسانكاری و دابینكردنی پێداویستیەكانەوە بۆ ئاوەدانكردنەوەو گێڕانەوەی سیما كوردییەكانی ئەو ناوچانە.
5. لیژنەیەكی پسپۆڕو شارەزا لە كەسانی خاوەن ئەزمون لە بواری ئامارو فۆرمی راپرسی و سەرژمێری پێكبهێنرێ و بە وردی بە بڕگەكانی ئەو فۆرمەدا بچنەوە كە بۆ سەرژمێرییەكە ئامادە كراوە. بزانن ئەو پرسیارانە بۆ چ مەبەستێك دانراون و دواتر چۆن سودیان لی وەردەگیرێ؟ بۆ نمونە ئایا هەر فۆرمێك بۆ كەسێكە یان بۆ خێزانێكە بەگشتیی؟ ئەگەر بۆ خێزانێكە، ئایا پرسیاری تێدایە داوای شوێنی لەدایكبون بكات؟ ئەگەر تێیدایە ئایا تەنیا داوای شوێنی لەدایكبونی سەرۆك خێزانەكە دەكات یان هەمو ئەندامانی خێزانەكە؟ ئەگەر هەر سەرۆك خێزانەكەیە ئایا داوای شوێنی لەدایكبونی باوكی دەكات؟ ئەگەر نەخێر ئەمە بۆ رێژەی كورد لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێم مەترسی گەورەی هەیە. چونكە هەمو ئەو خێزانە كوردانەی لە هەشتاكاندا لە كەركوك دەركران و لە ئۆردوگای زۆرەملێ لە هەولێرو سلێمانی نیشتەجێكران، مناڵەكانیان شوێنی لەدایكبونیان كەركوك نییە، ئەمڕۆ پاش سی ساڵ لە ئاوارەیی گەڕاونەتەوە شوێنی باوباپیرانی خۆیان و هاوسەرگیرییان كردوەو چەند مناڵێكیشیان هەیە. بەپێچەوانەوە هەمو ئەو عەرەبانەی لە ناوەڕاست و خواروی عێراقەوە بۆ تەعریبكردنی كەركوك لە هەشتاكانەوە نیشتەجێكرابون، شوێنی لەدایكبونی منداڵەكانیان كەركوكەو ئێستا ئەوانیش خێزاندارن.
6. ئەگەر وەكو چاودێریش بێ كورد لە تەواوی وردەكارییەكانی سەرژمێری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێم ئاگاداربێ، بۆ ئەوەی بەراوردی رێژەی زۆربون و كەمبونەوەی دانیشتوان بكەین و دواتر توێژینەوەی زانستیان لەسەر ئەنجام بدەین.
7. لەم پرۆسەیەدا، ئەگەرچی بۆ یەكلاییكردنەوەی گرفتە سیاسیەكان نییە وەكو راگەیانراوە بۆ گەشەپێدانی مرۆییە لە عێراقدا، بەڵام دەسەڵاتی سیاسی كورد دەبێ مادەی (140) و هەنگاوەكانی لەبەرچاو بێ. ئەگەری هەیە لە ئایندەدا هۆكاری خێربێ بۆ ئەو مادەیەو ئاسانكاریمان بۆ بكات ئەگەر لە ئێستاوە كاری بۆ بكەین.
8. سەركردایەتی سیاسی كورد دەبێ زۆر ئاگاداربێ لە ئێستاوە تا ساڵێكی تر دەیان گرفتی موچەو بودجەو مەلەفی نەوت و گومرگ و هێزی پێشمەرگەو ئەوانەمان بۆ دروست دەبێ و رەنگە ناوەند لە بەرامبەر زۆربەیاندا نەرمی بنوێنێت و بۆ ماوەیەكی دیاریكراو رازی بێ، نابێ بەرامبەر هیچ داواكارییەكی تر دەست لە سەرژمێری شل بكەن .
9. فۆرمێكی تایبەت بۆ هەمو ئەو عێراقیانە دروست بكرێت كە لەكاتی سەرژمێرییەكەدا لە شوێنی نیشتەجێبونی ئاسایی خۆیان نین، هەندێك لە پرسیارەكانی ئەو فۆرمە جیاوازبێ و وەكو فۆرمە گشتییەكە نەبێ. بۆ نمونە هۆكاری جێهێشتنی شوێنی نیشتەجێبون؟ یان مەیلی گەڕانەوە و....هتد.
10. ئەگەر هەر لەسەرەتاوە سەركردایەتی سیاسی كورد بۆی رون بوەوە پرۆسەكە بەپێی یاساو رێساو لەسەر بنەمای زانستی و نیەتی نیشتمانی دەڕوات بەڕێوە، پشتیوانی بكات و هاوكار بێت، بەپێچەوانەوە ئەگەر دەركەوت بۆ مەرامی سیاسیە پێویستە سەركردایەتی سیاسی كورد رەتی بكاتەوەو بەشداری نەكات بەم هەنگاوەش سەرژمێریەكە یەكێك لە مەرجە سەرەكیەكانی لە دەست دەدات كە (گشتگیرییە) ئیتر وەكو سەرژمێرییەكەی ساڵی (1997)ی لێدێت، بێجگە لە بەفیڕۆدانی سامان و هێزی مرۆیی عێراق هیچی تری لێ شین نابێت.



* مامۆستا لە زانكۆی سەڵاحەدین