لە میدیاکانەوە 09:05 - 02/10/2019 دان ساباغ

چەكدارە بیانییەكانی داعش دەبێ روبەڕوی دادگای تاوانی جەنگ ببنەوە

+ -
(سبەی):

بەوتەی بەرپرسانی باڵای ناوخۆیی، چەكدارە بیانییەكانی نێو داعش كە لە گرتوخانە زۆر قەرەباڵغەكان و كەمپە نایاساییەكاندان لە باكوری رۆژئاوای سوریا (كە لەنێویاندا 60 هاوڵاتیی بەریتانی هەن) پێویستە بخرێنە بەردەم دادگایەك لە چوارچێوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ پاككردنەوەی ناوچەكە لە توندڕەوی.

سیاسەتمەداران و شەڕڤانانی رۆژئاوا رایدەگەیەنن كە پێویستیان بە پاڵپشتیی وڵاتانی رۆژئاوایە بۆ چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو دەستگیركراوانە، ئەو پاڵپشتییەش لە دروستكردنی دادگایەكی دانپێدانراوی تایبەت بە تاوانەكانی جەنگدا خۆی دەبینێتەوە، ئەو داوایەش هاوكاتە لەگەڵ هۆشداریدانەكانی كە باس لە دوبارە سەرهەڵدانەوە و خۆبنیاتنانەوەی داعش دەكەن. 

لەم هەفتەیەدا چەند وێنەیەك بڵاوكرانەوە كە دۆخی ناتەندروستی گرتوخانە كاتییەكانیان خستبوەڕو كە تیایدا زیاتر لە (50) كەسی نەتەوە جیاواز خرابونە نێو ژورە قەرەباڵغەكانی نێو گرتوخانەكان و لە هەندێ وێنەشدا زیاتر لە (20) كەس لە ژورێكدا دیل كرابون. هاوكات، سیاسییە نێوخۆییەكانی رۆژئاوا دان بەوەدا دەنێن كە ئەوان كۆنترۆڵیان نەماوە بەسەر كەمپی ئاوارە و بەجێماوەكانی داعش. 

د. عەبدولكەریم عومەر هاوسەرۆكی پەیوەندییەكانی دەرەوەی رۆژئاوا رایگەیاند: "ئێمە داوای پێکهێنانی دادگایەكی نێودەوڵەتی دەكەین بۆ دادگاییكردنی ئەو چەكدارە بەجیماوانە لە ناوچەكەمان."

وتیشی: "ئەو خەڵكانە كە تاوانبارانی سەربە داعشن، لە ناوچەكەی ئێمە تاوانیان ئەنجامداوە لەدژی كۆمەڵگاكەمان. چەندین بەڵگە و شایەتحاڵ لە دژی ئەوان لە ناوچەكەمان بونیان هەیە، بۆیە دەتوانین دادگاییان بكەین."

عەبدولكەریم عومەر لەبەردەم وێنەكانی گرتوخانە نێوخۆییەكانی رۆژئاوا قسەی دەكرد كە لە رۆژنامەی تایمزی بەریتانی بڵاوكرابونەوە و رایگەیاند كە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا لە رابردودا زۆر نەهامەتی چەشتوە بەدەست پاشماوەكانی دوای جەنگەوە. وتیشی ناوچەكە (5%)ی سەرچاوەی یارمەتییە پێویستەكانی لەلایەن كۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە بەدەست گەیشتوە. بەرپرسان بە بەردەوامی باس لەوە دەكەن كە گرتوخانەكان و كەمپەكان وەك "بۆمبێكی تەوقیتكراو"ن. 

خەمڵاندنەكان لەبارەی ژمارەی چەكدارە بەجێماوەكانی داعش لەنێو گرتوخانەكاندا جیاوازن. ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا ژمارەی ئەو چەكدارانە بە شەش هەزار چەكدار دەخەمڵێنێت، لەنێویاندا هەزار چەكداری بیانی، بەڵام هەڵسەنگاندنەكانی تر باس لەوە دەكەن كە ژمارەی راستەقینەی ئەو چەكدارانە بریتییە لە دو هێندە. هەندێ لەو دەستگیركراوانە بۆ ماوەی دو ساڵ یان زیاترە لەنێو گرتوخانەكاندان بەبێ ئەوەی دادگایی بكرێن لەدوای زنجیرە تێكشكانەكانی داعش لە بەرەكانی شەڕ. 

كەمپەكانی پەنابەران زیاتر لە (100) هەزار كەسیان لەخۆ گرتوە كە زۆرینەیان ژن و منداڵن، كەمپی (هەول) گەورەترین كەمپە و زیاتر لە (70) هەزار كەسی لەخۆ گرتوە. 

مانگی ئازاری ئەمساڵ داعش دوایین ناوچەی ژێر كۆنترۆڵی خۆی لەدەستدا و بەپشتیوانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتیی ئەمەریكا، لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)وە تێكشكێنرا كە زۆرینەی ئەو هێزەش كوردن، بەوەش كۆتایی بە شەڕی هەشت ساڵەی سوریا هات كە بوە هۆی كوژرانی (12) هەزار کەس. ئەوەی كە لە سەرەتادا ناوچەیەكی كوردی بو لەسەر سنورەكانی توركیا، بوەتە ناوچەیەكی فرە نەتەوەی پێنج ملیۆن كەسی لە رۆژهەڵاتی روباری فورات و لەو ناوچانە جیا بوەتەوە كە لەژێر كۆنترۆڵی بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریادان. 

سەرچاوە بەریتانییەكان وای دەخەمڵێنن، زیاتر لە (60) كەسی بەریتانی كە ژمارەی ژن و پیاویان وەك یەكە لەنێو گرتوخانەكاندا بەدیل گیراون یاخود لەنێو كەمپەكاندان لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا. بەریتانیا هەوڵێكی كەمی داوە بۆ گەڕانەوەیان. لە دو كەیسی دیاردا، بەریتانیا رەگەزنامەی لە هەریەك لە شەمیمە بیجوم و جاك لێتس سەندەوە. دو كەسی دیكەش كە تۆمەتبار كرابون بە كوشتنی دو دەستگیركراوی رۆژئاوایی بەناوەكانی ئەلیكساندەر كۆی و ئیل شافی ئیلشێخ، رەنگە رادەستی ئەمەریكا بكرێنەوە. 

دو پەرلەمانتاری بەریتانی كە مانگی رابردو بەمەبەستی بەدواداچون سەردانی باكوری رۆژئاوای سوریایان كرد، چونە نێو یەكێك لە كەمپەكانی پەنابەران، ئەو دو پەرلەمانتارە رایانگەیاندوە كە بەریتانیا لەڕوی ئەخلاقییەوە قەرزاری ئەوانەیە كە شەڕی دژبە داعشیان كرد، دەشڵێن، دۆخی نێو گرتوخانە و كەمپەكان زۆر نالەبارە. 

لیۆید راسڵ مویل پەرلەمانتاری پارتی كرێكاران كە رێبەرایەتیی گروپێكی پەرلەمانتاریی دەكرد لە باشوری رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند كە دەسەڵاتدارانی نێوخۆی ناوچەكە پێویستیان بە یارمەتیی رۆژئاوایە: "بۆمبە تەوقیتكراوەكەی چەكدارە دەەستگیركراوەكانی داعش لە نێو گرتوخانەكاندا و هەروەها خێزانە توندڕەوەكانیان لە دەرەوەی توانای ئیدارەی رۆژئاوایە بۆ چارەسەر. شكستهێنان لەوەی ئەو پرسە بكرێتە كاری لەپێشینە دەبێتە هۆی پەراوێزخستنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەپلەی یەكەم."

ئەو پەرلەمانتارانە بەهەمان شێوە رەخنەیان لە حكومەتی بەریتانیا گرت كە لە روی سیاسییەوە ئیدارەی رۆژئاوای نەناساندوە و وەزیرەكانی حكومەتی بەریتانیا رەتیان كردوەتەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی رۆژئاوا كۆببنەوە لەو كاتەی سەردانی لەندەنیان كردبو لە سەرەتای ئەمساڵ.

ئەندامێكی دیكەی شاندەكە كە پەرلەمانتارێكی پارتی پارێزگاران بو بەناوی كریسپین بلەنت رایگەیاند: "تاوەكو ئێستا خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتیی نەتەوەكەمان بوەتە شتێكی زۆر نەنگی."
ئەو پەرلەمانتارە داواشی لە بۆریس جۆنسۆنی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا كرد "بەپەلە بە هەڵوێستی خۆیدا بچێتەوە."

نەبونی كۆنترۆڵی تەواوەتی لە رۆژئاوا بوەتە هۆی زیادبونی ترس و نیگەرانییەكان لە دوبارە سەرهەڵدانەوەی ئەوەی رویدا لە عێراق دوای پڕۆسەی ئازادكردنی ئەو وڵاتە لەلایەن ئەمەریكاوە، كە تیایدا سەركردەكانی داعش لە كەمپی بوكا كۆبونەوە و زیاتر توندڕەو بون. مانگی رابردو، ئەبوبەكر بەغدادی سەركردەی داعش پەیامێكی دەنگیی بڵاوكردەوە و داوای لە چەكدارانی داعش كرد دەستگیركراوەكان ئازاد بكەن لەگەڵ ئەوانەی لەنێو كەمپەكاندا دەژین. 

ئەمەریكا كە هەزار سەربازی لە ناوچەكە هەیە، دژی ئەوەیە كە دادگایەكی تاوانی جەنگ لە ناوخۆی رۆژئاوا دابمەزرێنرێت. ئەمەریكا دەیەوێ چەكدارە بیانییەكان بگەڕێنرێنەوە وڵاتەكانیان و لەوێ دادگایی بكرێن. 

سەرچاوە بەریتانییەكان ئاماژە بە كێشەكانی كۆكردنەوەی بەڵگەكان دەكەن كە دەكرێ لە دادگای بەریتانیا بخرێنەڕو، كێشەكەش لەوەدایە كە تەنها ئەو كەسانە دادگایی دەكرێن كە ئەندامی رێكخراوە قەدەغەكراوەكانن و لانی كەم (10) ساڵ زیندانی دەكرێن. 

كۆنترۆڵی كەمپی ئاوارەكان، وەك كەمپی هۆل، تاڕادەیەكی زۆر لەژێر دەستی ژنە توندڕەوە تونسی و سۆماڵی و روسییەكاندایە. لە سەردانی پێشوتریاندا، پەرلەمانتارانی بەریتانیا گوێبیستی راپۆرتی كارمەندە فریاگوزارییەكان بون كە باسی لەوە دەكرد خەیمەكانیان سوتێنراون و بەشێوەیەكی رێكخراو بەردباران دەكرێن. 

بەوتەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا، (16) خێزانی بەریتانی لەنێو دو هەزار و (700) كەسی دەرەوەی سوریا و عێراقدان و لە كەمپی هۆل دەژین، ئەمە سەرەڕای كەمیی بەڵگە و دیكۆمێنتەكان سەبارەت بە هەر هەوڵێك بۆ زانینی ئەوەی كێ لەناو كەمپەكاندایە. یەكێک لە سیاسەتمەدارە بەریتانییەكان دەڵێت: "ئەوان هیچ پەنجەمۆرێك و هیچ جۆرە ناسنامەیەكیان نیە."

سیستمی یەكپۆشی لەنێو كەمپەكاندا بە توندی پەیڕەو دەكرێت. ئەندامانی هەسەدە كە پاسەوانیی كەمپەكە دەكەن دەڵێن دایكێك بە چەكوش كچەكەی خۆی كوشتوە لەبەرئەوەی نیقابی نەپۆشیوە و هەروەها ئەو دایكە لاشەكەی كچەكەی لەناو كەمپەكەدا بەجێ هێشتوە وەك ئاگاداركردنەوەیەك بۆ ئەوانی دیكە. 

دەسەڵاتدارانی ناوخۆی رۆژئاوا دەڵێن پێویستە بەریتانیا و وڵاتانی دیكە خۆیان ئامادە بكەن بۆ گەڕاندنەوەی ئەو منداڵانەی لە ئەندامانی داعش لەدایكبون ئەمەش لە چوارچێوەی بەرنامەی نەهێشتنی توندڕەوی. 

د. عەبدولكەریم عومەر دەڵێت: "ئەو منداڵانە قوربانین، تاكە تاوانی ئەوان ئەوەیە كە لە دایك و باوكێكن كە سەربە داعش بون."

د. عەبدولكەریم عومەر لە باسی منداڵانی نێو كەمپەكە كە خەڵكی (55) وڵاتی جیاجیای دەرەوەی عێراق و سوریان، دەڵێت: "ئەگەر ئێمە ئەم كێشەیە چارەسەر نەكەین و چاكسازی بۆ هەندێكیان نەكەین، ئەوا پێشبینی دەكەین لە داهاتودا ببنە تیرۆریست."

هەندێك لە وڵاتان، وەك فەرەنسا و بەلجیكا ژمارەیەكی كەم منداڵی بێ دایك و باوكیان وەرگرتوەتەوە، بەڵام پێداچونەوەكانی پێشتری وەزارەتی ناوخۆ باس لەوە دەكەن كە ئەو منداڵانەی لە سوریان و سەربە بەریتانیان، پێویستە لەوێ بهێڵرێنەوە. 

كۆتایی هەفتەی رابردو، ئەوە بڵاوكرایەوە كە بۆریس جۆنسۆنی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا بیری كردوەتەوە لە ئەگەری فەرماندان بە هێزە تایبەتەكانی بەریتانیا بۆ گێڕانەوەی ئەو منداڵانەی لە باوك و دایكی بەریتانی لەدایك بون.

نوسینی: دان ساباغ
لە ئینگلیزییەوە: فەلاح حەسەن
سەرچاوە: زە گاردیان