(سبەی):
کاتێک ھەواڵەکە دەخوێنیتەوە بۆت دەردەکەوێت کە ئەمە تەنیا
لە عێراق رودەدات، ھۆزی سەواعد ناڕەزاییان دەربڕیوە دژی بڕیارێکی فەرماندەی ھێزە چەکدارەکان
عادل عەبدولمەھدی، کە فەرمانی کردوە بە دورخستنەوەی فەریق روکن عەبدولوەھاب ئەلساعیدی
لە سەرۆکایەتی دەزگای دژە تیرۆر، دوای ئەم بڕیارە دەیان کەسی ئەندامی ھەمان ھۆز ناڕەزایان
دەربڕی و ئەم بڕیارەیان رەتکردوە.
لەکاتێکدا ھەزاران کەس لە دانیشتوانی موسڵ تێچوی دانانی
پەیکەرێکیان کۆکردبوەوە بۆ ئەو ژەنەڕاڵەی کە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی
شارەکەیانی کرد لە چنگی داعش، دانانی پەیکەرەکە تەواو بو لە چاوەڕوانی کردنەوەی دا
بو، بەڵام کاتێک سەرلەبەیانی (30)ی سێپتەمبەر دانیشتوانی موسڵ
لە خەو ھەستان ئامێرەکانی حکومەتیان بینی کە پەیکەرەکەیان لە جێگەی خۆی لابردوە، ئەمەش
بە بیانوی ئەوەی ژەنەڕاڵ گوازراوەتەوە بۆ ئەرکێکی کارگێڕی نوێ لە وەزارەتی بەرگری.
کاریگەری کێشەی ژەنەڕاڵ ھەمو لایەنەکانی گرتەوە، لەسەر شێوازی عێراقی، شەقامی بۆ دو
بەرەی راستەقینە و گریمانەیی دابەشکرد، ھەر بەرەیەکیان ئەوی تری بە خیانەتکار و بەکرێگیراو
لەقەڵەم دەدا.. ئەوەیە کە تەنیا لە عێراق رودەدات.
ناوی ژەنەڕاڵ ساعیدی دوای ساڵی (2014) دەرکەوت، ئەویش بەھۆی
بەشداریکردنی لە شەڕی دژی داعش و ئازادکردنی ناوچە داگیرکراوەکان، بەجۆرێک بەشدار
بو لە ئازادکردنی ھەمو شارەکان لە باکورە بۆ رۆژئاوا. سەلماندی ئەفسەرێکی دلێرە، ھەمو
کات لە ریزی پێشەوەی شەڕەکان بو، بەجۆرێک ھەندێ جار پێش سەربازەکانی دەکەوت، ئەمە
لەگەڵ ئەوەی ئەفسەرێکی پیشەیی بو و دور بو لە روحی تایفی، لەگەڵ ئەوەی ساعیدی لە مەزھەبی
شیعەیە، بەڵام دانیشتوانی شارە سوننی نشینەکان رێزیان دەگرت و ھەستیان بە دڵنیایی
دەکرد، کاتێک دەیان بینی، ئەو فەرماندەیی شەڕی رزگارکردن شارەکانیان دەکات لە دەستی
داعش.
لە شەقامی عێراقیش، ھەست بە زیادبونی خواست دەکرێت
بۆ دەرکەوتنی ژەنەڕاڵێکی بەھێز و راماڵینی حیزبە ئیسلامییەکان
دوای دەرکەوتنی ئەستێرەی بەختی ژەنەڕاڵ عەبدولفەتاح سیسی
و ئەنجامدانی کودەتا بەسەر دەسەڵاتەکەی محەمەد مورسی لە ساڵی 2013 ، دواتر لادانی رێکخراوی
ئیخوان موسلمین لە دەسەڵات و پەرلەمان، زاڵبونی دەسەڵاتی سیسی بەسەر ھەمو جومگەکانی
دەوڵەتدا، دوای ئەم رودانە لە شەقامی عێراقیش، ھەست بە زیادبونی خواست دەکرێت بۆ دەرکەوتنی
ژەنەڕاڵێکی بەھێز و راماڵینی حیزبە ئیسلامییەکان و ئەوەی بەرھەمیان ھێناوە لە گەندەڵی
و خراپی بارودۆخی ئاسایش و خزمەتگوزاری، بۆ ئەم مەبەستە چاوەکان زیاتر لەسەر ھێزە
چەکدارە نوخبەوییەکانە لەسەروی ھەمویان دەزگای دژەتیرۆری عێراق و ئەفسەرەکانی. ھەندێک
لە ژەنەڕاڵە شیعیەکانی دەزگای دژەتیرۆر بەوە تۆمەتبار دەکرێن کە پلانیان داناوە بۆ
ئەنجامدانی کودەتایەک بە یارمەتی و کۆمەکی ئەمەریکا، لە پەیوەست بەم تۆمەتەش زیاتر
ناوی ژەنەڕاڵ تالب شەغاتی و ژەنەڕاڵ عەبدولغەنی ئەسەدی و ژەنەڕاڵ عەبدولوەھاب ساعیدی
دەھێنرێت، بەڵام بەشێکی زۆری ئەم دەنگۆیانە ھاوشێوەی باڵۆنەکانی تاقیکردنەوەیە، بەکاردەھێنرێن
بۆ ئاشکراکردنی ئەوەی کە لە واقعی قەیراناوی عێرقدا رودەدات، چونکە بارودۆخی سیاسی
و واقعی رۆژ لە ئێستادا پێمان دەڵێت ھیچ جەنەڕالێک لە توانای دانیە ھەنگاوێکی مەترسیداری
لەم شێوەیە بنێت، لەژێر سایەی دابەشبونی ھێزە چەکدارەکان بۆ چەند بەرەیەکی جیاواز
لەوانە : سوپای رەسمی دەوڵەت، ھێزە چەکدارە نوخبەوییەکان لەوانە دەزگای دژەتیرۆر و
ھێزەکانی سوات ، حەشدی شەعبی و حەشدی عەشایری سوننە، پێشمەرگەی کوردستان کە لەنێوان
پارتی و یەکێتی دابەش بوە، لەگەڵ ئەم پەرش و بڵاوی و نەبونی مەرکەزیەتەو دابەشبونی
ھێزەکان بەسەر جەمسەربەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، کام ژەنەراڵ دەتوانێت رێبەرایەتی
کودەتا بکات و بەیانی ژمارەیەک بڵاوبکاتەوە، لاپەڕەیەکی نوێی دەسەڵات دەستپێبکات؟
ئەمە تەنیا خەیاڵە و لە عێراق ئەگەری رودانی نیە.
ئەم باس و خواستە زیاتر بەھۆی بڕیارێکی عادل عەبدولمەھدی
دەرکەوت، کە بڕیاریدا بە گواستنەوەی عەبدولوەھاب ساعیدی لە فەرماندەیی دەزگای دژە
تیرۆرەوە بۆ وەزارەتی بەرگری، لەبەرامبەر ئەوەشدا ساعیدی ھیچی لە دەست نەھات، جگە
لەوەی بڕیارەکە رەتبکاتەوە و داوای خانەنشینبون بکات، رێگە نەدات زیاتر لە پێگە و
کەسایەتی کەم بکرێتەوە بەھۆی گواستنەوەی بۆ ئەرکێکی کارگێڕی بچوک لە وەزارەتی بەرگری.
شیعەیەک کە باوەڕی بە مەزھەبگەرایی نیە، ئەو
سوننەی خۆشدەوێت، لەبەر ئەوەی وەک عێراقی مامەڵەیان لەگەڵ دەکات نەک وەک خەڵکانێکی جیاواز
گرفتەکە لێرەوە سەریھەڵدا کە دەرکردنی بڕیارەکە و رەتکردنەوەی
لە ژورە داخراوەکان و ھۆڵی کۆبونەوەکان روینەدا، بەڵکو گواسترایەوە بۆ سەر لاپەڕەی
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و شاشەی تیڤییەکان، بوە یەکێکی تر لە ھۆکارە کاریگەرەکانی زیادبونی
ناکۆکی لەنێوان لایەنە نەیارەکاندا. بۆ ئەوەی ھەڵوێستی شەقامی عێراقی سەبارەت بە ژەنەڕاڵ
ساعیدی بزانین، پوختەیەک لە وتاری شرۆڤەکاری عێراقی حارس حەسەن دەخەینەڕو کە بەشێوەیەکی
کامەرامە گرفتە ئالۆزکاوەکەی بە سادەی خستوەتەڕو و نوسیویەتی : ساعیدی کەسێکە کە فەرماندەیی
سەخترین روبەڕوبونەوە سەربازییەکانی کردوە، زۆر جار بێ بونی پۆشاک و راخەر لە زەویدا
دەخەوێت، پاڵەوانێک کە ژیانی لە سادەییدا ھاوشێوەی مرۆڤە ئاساییەکانە، بەڵام خاوەنی
ھێز و توانایەکی ئەفسانەییە، ھەمو کاتێک لەگەڵ گەلەکەی بوە، شیعەیەک کە باوەڕی بە
مەزھەبگەرایی نیە، ئەو سوننەی خۆشدەوێت، نەک لەبەر ئەو رۆڵەی بۆ ڕزگارکردنیان لە دەستی
داعش پێ سپێردراوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی وەک عێراقی مامەڵەیان لەگەڵ دەکات نەک وەک خەڵکانێکی
جیاواز.
ئەفسانەی ساعیدی ئەفسانەی رزگاکەری چاوەڕوانکراوە، ئەو
شۆڕە سوارەی دێت و تۆڵە لە گەندەڵ و تایفی و دزەکان دەکاتەوە، لە خەیاڵدانی خەڵکدا
ساعیدی دەگۆڕێت بۆ رزگارکەر، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ پێویستی بونی ئەم رزگارکەرە بەتایبەت
دوای ئەستەمبونی گۆڕان و لاوازبونی پێگەی ئەوانەی پێشتر وەک رزگارکەر خۆیان نیشان
دەدا.
لێرەدا بڕێکی زۆر لە وەھم و خورافە دەبین سەبارەت بە
ساعیدی و كەسایەتی و ھێزەکەی، بەڵام ھەر چۆنێک بێت ئەو وەھمێک بو کە خەڵکی لە پڕۆسەی
گەڕان لە رزگاری و دەستگرتن بە رزگارکەرەوە پێویستیان بو. بەڵام لە لایەکی ترەوە،
پێویستە بوترێت ژەنەڕاڵ ساعیدی ئەو کەسە بو کە ململانێکانی لە بازنەیەکی سەربازی
داخراوەوە گواستەوە بۆ ڕای گشتی و سەکۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەو لە دیدارە رۆژنامەوانییەکانی
دا ھەمیشە دەیوت: ھەواڵی گواستنەوەی بۆ وەزارەتی بەرگری راستە، لەکاتێکدا ھۆکاری دەرچونی
ئەم بڕیارە لەلایەن فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدرەکان نازانێت، ھەروەھا دەیوت پەیوەندی
بە فەرماندەی ھێزە چەکدارەکانەوە کردوە، بەدیاریکراوی لێی پرسیوە ھیچ کێشەیەکت لەگەڵ
من ھەیە؟ یان تێبینیت لەسەر ئەدا و کارەکانم ھەیە، بە قسەی ساعیدی بێت وەڵامی عادل
عەبدول مەھدی بۆ ھەمو ئەو پرسیارانە نا بوە و وتویەتی کە ئەو ئەفسەرێکی لێھاتوە ئەوەی
رویداوە تەنیا گۆڕانکارییەکی ئاساییە. لەو کاتەوە ھێرشی وتاری ساعیدی بۆ سەر فەرماندەی
گشتی ھێزە چەکدارەکان دەستی پێکرد لە لێدوانەکانی دا ھەمیشە ئەمەی دوبارە دەکردوە
: ئایا ئەوە پاداشتە بۆ ئەو خزمەتە زۆرەی کردویەتی و فەرمانی گواستنەوەکەی وەک جۆرێک
لە سوکایەتی بە پێگە و پلە سەربازییەکی سەریر دەکرد، دەیوت: من پلە سەربازییەکەم لە
شەقام نەدۆزیوەتەوە ، لە ئێستادا ھەمو ئەفسەرەکانی سەرکردایەتی ھێزەکانی ئاسایش لەسەر
دەستی من لە کۆلێژی ئەرکان راھێنان وەردەگرن، فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکان دەسەڵاتی
دەرکردنی ھەمو فەرمانێکی سەربازی ھەیە ، بەڵام دەکرا من خانەنشین بکات و لەو کاتەدا
من دەستبەجێ فەرمانەکەم جێبەجێ دەکرد ، ھەر چی وەزارەتی بەرگرییە لە لایەن حەلبوسی
سەرۆکی پەرلەمانەوە بۆی پێشنیار دەکرێت، بەڵام ساعیدی رەتیکردوە و وتی: ھێشتا شەڕی
دژی داعش کۆتایی نەھاتوە. رەخنەگران لە شێوازی ژەنەڕاڵ ساعیدی لە لای خۆیانەوە وای
دەبینن کە ھەڵسوکەوتی ئەم دواییەی و لێدوانی بۆ ناوەندە میدییایەکان پیشەیانە نەبو،
گونجاو نەبو لەگەڵ پێکھاتە سەربازییەکان و لۆمەی دەکەن دەڵێن: ئەگەر دەتەویست خزمەتی
عێراق بکەی بە دروستی و ڕۆڵی کاریگەرت ھەبێت، بۆچی پۆستی وەزیری بەرگریت رەتکردوە؟
لەگەڵ ئەوەی لە توانات دا بو لەمیانی ئامادەگیت لە وەزارەتی بەرگری ئەوەی لە شەڕەکانی
ئازادکردن دەستت پێکرد تەواوی بکەی.
تۆ وەک ژەنەڕاڵێکی پیشەیی چۆن فەرمانی فەرماندەی گشتی ھێزە
چەکدارەکان جێبەجێ ناکەیت، ئایا نازانیت ئەوە بە ھەڵگەڕانەوە لە فەرمانە سەربازیەکان
دادەنرێت و سزای بە دواوەیە؟ لە لای خۆیەوە سەرۆک وەزیران سوربونی خۆی لەسەر بڕیارەکەی
دەربڕی و وتی: لە بڕیاری گواستنەوەی فەریق ساعیدی پاشەکشە ناکات. ئەوە کە ھەڵەی
کردوە ئەم بابەتەی گواستۆتەوە بۆ راگەیاندنەکان، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ئەو وەک ئەفسەرێک
ھاتوچۆی باڵوێزخانەکانی کردوە، ئەمە بابەتێکی قبوڵ نەکراو و نەکردەیە، ناکرێت دامەزراوەی
سەربازی بۆ ویست و خواستی تاکە کەس جێبھێڵدرێت، ئەفسەر پێگەکەی دیاری ناکات، بەڵکو
فەرمان جێبەجێ دەکات، پەنابردن بۆ راگەیاندنەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ھەڵەیەکی
گەورەیە و قبوڵ ناکرێت.
ساعیدی بە رۆمڵی عێراق ناو دەبەن
ھەندێک دەنگی تر ساعیدی بە رۆمڵی عێراق ناو دەبەن و دەڵێن:
کاتی ئەوە ھاتوە کە پۆشاکە سەربازییەکەی دابنێت و دوای ھەمو ئەو دەستکەوتانەی بەدەستی
ھێناوە، پۆشاکی مدەنیەت بپۆشێت و بەشداری پرڕۆسەی سیاسی بکات، چونکە ناوی بەھۆی سەرکەوتنەکانی
ڕابردو دەدرەوشێتەوە، بێگومان بە ملیۆنان عێراقی لە دەوری پڕۆژە سیاسیەکەی کۆ دەبنەوە.
بەڵام بەشێک لەوانەی بەگومانن و پێداگرن لەسەر پاراستنی ناوبانگی ئەو پیاوە و بە یەکێک
لە پاڵەوانەکانی سەرکەوتن بەسەر داعشدا ھەژمارەی دەکەن، داواکارن کە ساعیدی لە پلە
و پۆست و میراتی بێزراوی دەزگا حکومییەکان دور بکەوێتەوە و تەنیا خۆشەویستی شەقام
ھەڵبژرێت، چونکە ھەر نزیکبونەوەیەک لە دامەزراوە حکومییەکان و پەرلەمان ناوبانگی کەسە
پاک و دلسۆزەکان لەکەدار دەکات لە ئێستادا. کەواتە چارەسەر چیە، ھەزاران گەنج کە بەدوای
دەرچەیەک دەگەڕێن بۆ دەربازبونی عێراق لە گێژاوی قەیرانەکان، دەڕژێنە سەر شەقامەکان
و ھەندێکیان وێنەی ساعیدی بەرزدەکەنەوە، وەک ھێمای ڕزگاریان لە گەندەڵی حکومەت و پەرلەمان
لێ دەڕوانن، داواکارن حکومەتی ڕزگاری نیشتیمانی پێک بھێنێت، دواتر ھێزە چەکدارەکان
لولەی تفنگەکانیان ئاراستەی سنگی لاوە خۆپیشاندەرەکان دەکەن، پرسیاری کۆتایی ئەوەیە
ئایا ھیچ گۆڕانکارییەک دەبینین لەژێر کاریگەری بونی ژەنەڕاڵ دا؟
نوسینی/ سادق ئەلتائی
لە عەرەبیەوە: ئومێد مەحمود
سەرچاوە/ رۆژنامەی القدس