لە میدیاکانەوە 12:41 - 10/10/2019 هێمن کۆبانێ

تورکیا دەیەوێت ئێمە لەناوبەرێت، ترەمپیش گڵۆپى سەوزى بۆ هەڵکردوە

+ -

(سبەى):

هێمن کۆبانێ، رێکخەرى هێزەکانى سوریاى دیموکرات لەگەڵ هێزە هاوپەیمانەکاندا دژى چەکدارانى داعش.

ماوەیەکى کەم پێش ئێستا، خەڵکى باکورى رۆژهەڵاتى سوریا هێزەکانى ئەمەریکایان وەک پارێزەرێکى ئێمە سەیر دەکرد، وەک مەشخەڵێک بۆ ئازادى، منداڵەکان لە دەورى ئەمەریکییەکان دەوەستان و دڵخۆشى خۆیان و هیواکانیان بۆ دەردەبڕین کە ئەوان بۆ ئێمە و دواڕۆژى خاکەکەمان هێنابویان، ئێستا هەر هەمان ئەو منداڵانە رەنگە روبەڕوى مەرگ ببنەوە بەهۆى ئەو ناکۆکییانەى لە ئیستادا  دروست بون.

ئەم هەفتەیە، وەک دەزانین دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ هاوتاکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان قسەیان کرد، ئەردۆغان پلانەکانى خۆى لە ناوچەکانى باکورى رۆژهەڵات رونکردبوەوە، ئەو دەیەوێت بە درێژایی (19) میل سنورەکان داگیربکات و دیمۆگرافیاى خۆى بگوازێتەوە بۆ ئەو ناوچانە و دانیشتوانى ئەو ناوچانە بگۆڕێت و کوردەکانى ئەو ناوچەیە بە سێ ملیۆن عەرەبى سوریا و پەنابەرانى سەرانسەرى سوریا ئاڵوگۆڕ پێبکات و ئەو ناوچانە تەعریب بکات، ئێمە پێمانوایە ئەو بڕیارانە لە کۆتاییدا بە رێککەوتنێک لە نێوان روسیا و سوریا کۆتایی دێت تا ناوچەکانمان بە جیهادییەکان پڕ بکەنەوە.

ترەمپ ئەوەى رونکردەوە کە تورکیا رەنگە بەو شێوەیە هەڵسوکەوت بکات کە خۆى دەیەوێت ئیستا هێزە سەربازییەکانى تورکیا سنورەکانیان بڕیوە بۆ سوریا، گولە باران و بۆمب بارانمان دەکەن و ئەم هێرشانەش دەکرێت کارەساتى مرۆیی گەورەى لێبکەوێتەوە.

ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمەریکا لە ئێستادا پشتیان لە کوردەکان و خەڵکانى ئازادى سوریا کردوە، ئەوان بۆچارەنوس و دوژمنەکانیان جێدێڵن، کۆمەڵگەى مەدەنیش لەم کارەدا بێدەنگە و ئەمەش خۆى لە خۆیدا کەوتنێکى تاڵى دیکەیە بۆ خەڵکانى باکورى رۆژهەڵاتى سوریا.

ئێمە ئەمەریکییەکانمان وەک هاوڕێ و برا لە جەنگەکانى دژى داعش "دوژمنە هاوبەشەکەمان" تەماشا دەکرد، ئەوان لە کاتە سەختەکاندا لە پەناى ئێمەوە وەستابون لەگەل ئێمەدا خەڵتانى خوێن دەبون، شاهیدى شەهیدبونى (11,000) ژن و پیاوى ئازاى ئێمە بون کە ژیانى خۆیان بەخت کرد، ئەوان ژیانى هەزاران کەس و هاوڕێى ئێمەیان پاراست کە بریندار بون یاخود لە مردن نزیک ببونەوە.

لە ئەنجامى کار و هەوڵەکانماندا، ئێمە توانیمان کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى لە مەترسى داعش رزگار بکەین، لە کۆتاییشدا توانیمان بە یەکجارى ئەم هێزە لە جەنگى باغۆز کۆتایی پێبێنین لە مانگى ئاداردا، هێزەکانى ئەمەریکا لەو ناوچانەدا مانەوە کە ئیمە رزگارمانکردن و ئازادى و ئارامی و ئاشتىیمان تێدا بەرقەرار کرد.

ئێمە لە بەرەکانى پێشەوەى جەنگ بەیەکەوە دەجەنگاین، چەندین شەو بەیەکەوە ماینەوە و چەندین رۆژى سەختمان بەیەکەوە بەڕێ کرد، ئێمە دەزانین کە ئێوە بەراستى بڕواتان بە دۆزى ئیمە هەیە، پێمانوابو ئێوە تا کۆتایی لەگەڵمان دەمێننەوە، هیوادارین ئەو ئارامى و ئاسایشەى کە ئێمە لەو ناوچەیەدا بەرقەرارمان کردوە بتوانێت ببێتە قەڵایەکى ستراتیژى بۆ تەواوى ناوچەکە، هەماهەنگییەکانى ئێمە ببوە هیوا بۆ هەمو خەڵکانى سیڤیل لە سوریا.

بەداخەوە، جارێکى دیکە، دوژمنەکانى ئیمە لەو هەرێمە پلان دەگێڕن بۆ لەناوبردنى خەڵکانى ئێمە، ئەو تراژیدیایەى کورد کە بۆ چەندین نەوەیە ئازار دەکێشن خەریکە خۆى دوبارە دەکاتەوە.

پێویست ناکات ئێمە دور بڕۆین و تەنها مێژوى ساڵی رابردو پێمان دەڵێت کە روسیا یەکەکانى لە زۆرینەى شارە کوردییەکان کشاندەوە و رێگاى بە تورکەکاندا کە بێنە ناوەوە، تورکەکان کە پشتگیرى چەندین کۆمەڵەى رادیکاڵیان دەکرد، رێگایاندا بە هاوپەیمانەکانیان تا شارەکە داگیر بکەن، نزیکەى (1.500) کەس لە عەفرین کە زۆرینەیان خەڵکی مەدەنی بون کوژران، ئەوانی دیکەش کە (300.000) کەس بون هەمویان بەیەکەوە راگوێزران لە ناوچەکانیان بۆ کامپى ئاوارەکان.

ئێستا وەک ئەنجامێک بۆ ئەو بڕیارە رەشبینانەیە، کوردانى سوریا ئەمەریکا وەک هاوپەیمانێکى ئەردۆغان دەبینن، ئەو دیکتاتۆرەى کە دەیەوێت هەمو ئەو شتانە تیکبشکێنێت کە ئێمە بنیاتمان ناوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئیمە بڕوامان بە پرەنسیپ و نرخ و ئازادى رۆحى ئەمەریکییەکان هەیە،  ئیمە بە تەواوى تێدەگەین ئەم بڕیارە تەنها بڕیارى ترمپە و ئەمە وەک بڕیارى خەڵکى ئەمەریکا تەماشا ناکەین، ئێمە هەمیشە سەربازانى ئەمەریکامان وەک هاوڕی تەماشا کردوە کە هەمیشە هەوڵى پاراستنى ئێمەیانداوە، ئێمە هەمیشە خاوەنى بەڵێنى خۆمان دەبین و بەردەوام دەبین لەم هاوڕێیەتییە.

ئیمە هیوامان لەم کاتە قورسانەدا ئەوەیە دوبارە هاوکارى ئێوە بەدەستبهێنینەوە تا بتوانین چارەنوسمان بگۆڕین، تا خەڵکەکەمان لە جینۆساید و کۆمەڵکوژی بپارێزین، لەبەرئەوەى تورکیا بە بەردەوامى پشتگیرى داعشى کردوە و داعشیش بەردەوام خەڵکى ئێمەیان کوشتوە و رایگواستون، بەڵام کە لەو کارەیاندا سەرکەوتو نەبون ئیستا خۆیان هەوڵدەدەن ئەو کارە بکەن، ئێمە هیواى جیهانێکى ئازاد و سوریایەکى ئازاد دەخوازین.

سەرچاوە: واشنتۆن پۆست

 

نوسینی هێمن کۆبانێ
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە : باڵا ئاکۆ