لە میدیاکانەوە 12:02 - 15/10/2019 عەبدولڕەحمان راشد

ئەردۆغان و رزگاربون لە سورییەکان

+ -

(سبەی):

داگیرکاری تورکیا بۆ سەر سوریا لەلایەن ھەمو دەوڵەتە گەورەکان و زۆربەی دەوڵەتانی ناوچەکە سەرباری جیاوازی ئاراستەی سیاسیان، ئیدانە کراوە.

ئەردۆغان ناچار نەبو ئەم ھەنگاوە شێتانەیە بھاوێژێت، تەنانەت خواستی بۆ لەناوبردنی بزاوتی کوردی لە باکوری سوریا بێ پاساوە.

ھەسەدە یەکێکە لەو دەیان رێکخراوە چەکدارییەی لە جەنگی ناوخۆی سوریا بونی ھەیە، رێکخراوی زۆر مەترسیدارتر ھەیە، وەک میلیشیاکانی سەر بە ئێران کە لە سنورەکانی نزیک تورکیا لە باکوری رۆژئاوای سوریا جێگیر بون.

 

لەبەردەم دۆزێکی فرە رەھەندی مرۆڤانەیی و یاسایی سیاسی مەترسیدارداین لە ناوچەکە

کاتێک رایدەگەیەنێت سوریا داگیر دەکات، دەیەوێت پاکتاوی کوردەکانی سوریا بکات و رزگاری بێت لە ملیۆنان پەنابەری سوری، ئێمە لەبەردەم دۆزێکی فرە رەھەندی مرۆڤانەیی و یاسایی سیاسی مەترسیدارداین لە ناوچەکە.

کاتێک پاساوەکانی راگەیاندنی تورکیا و قەتەر وەک تاکە دەوڵەتی پشتیوانی تورکیا لە ناوچەکە لە بابەتی ڕاگواستنی پەنابەرە سورییەکان، شکستیان ھێنا، ھەوڵدەدات خۆی بەراورد بکات بە ھاوپەیمانی شەڕی یەمەن، بێئاگا لەوەی کە رەوایەتی ئەم ھاوپەیمانێتیە لە دو ژێدەرەوە سەرچاوە دەگرێت، کە تەنیا بونی یەکێکیان بەسە بۆ دەستێوەردانی سەربازیی، ژێدەری یەکەم برتییە لە حکومەتی شەرعی یەمەن، ژێدەری دوەم بریتییە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.

 

تورکیا لەم داگیرکارییەدا پشت ئەستور نیە بە ھیچ رێگەپێدانێکی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان

تورکیا لەم داگیرکارییەدا پشت ئەستور نیە بە ھیچ رێگەپێدانێکی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان، ھەروەھا پشتئەستور نیە بە رەوایەتی مافی بەرگری لەخۆکردن دژی ھێرشی دەرەکی، ئەمەش دەچێتە خانەی دوژمنکاری تەواو بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان.

ئەردۆغان سوپاکەی نارد بۆ داگیرکردنی ناوچەیەکی فراوان، بەدرێژایی پێنج سەد کیلۆمەتر و بەقوڵایی سی کیلۆمەتر، راگواستنی پەنابەرە سورییەکان بۆ ئەو ناوچەییە لە قۆناغی دواتردا.

ئەم ھەوڵەی ئەردۆغان نەھامەتی سورییەکان زیاتر دەکات و ئاسانکارییە بۆ ئەوەی پەنابەران ببن بە ئامانجی ھێرشی ھێزەکانی سوریا و میلیشیا ئیرانییەکان، ئاگری دوبەرەکی نەتەوەیی لەم ناوچەیە ھەڵدەگیرسێنێت، ئەردۆغان دانی بەوەدا ناوە کە دەیەوێت سورییەکان وەک قەلغانی مرۆیی دژی کوردەکان بەکاربھێنێت.

کاتێک حەوت ساڵ پێش ئێستا جیھان تورکیای ھان دەدا بۆ ئەوەی بچێتە سوریا و خوێنڕشتن و وێرانکاری رژێمی سوریا رابگرێت، بەتایبەت لە ناوچە نزیکەکانی سنوری تورکیا وەک حەلەب، لەو کاتەدا ئەردۆغان رەتی کردەوە دەستێوەردان بکات و گوشار لەسەر دیمەشق دروست بکات.

 

ئەم ھەوڵەی ئەردۆغان نەھامەتی سورییەکان زیاتر دەکات و ئاگری دوبەرەکی نەتەوەیی لەم ناوچەیە ھەڵدەگیرسێنێت

ئێرانی و روسەکان رێگایەکی زۆریان بڕی بۆ دەستێوەردان، بەڵام ئەردۆغان رەتی کردوە ھیچ کارێک بکات، لەگەڵ ئەوەی ئەوروپا و زۆربەی وڵاتانی جیھان ئامادەبون لە روی یاساییەوە رەوایەتی پێ بدەن و لە روی لۆجستیشەوە ھاوکاری بکەن.

کوشتاری سامناک بە نزیکیەکی یەکجار زۆر لە سوپای تورکیا روی دا ، ئەو سوپایەی دەڵێت چوارەم سوپای جیھانە.

ئەگەر تورکیا نەگەڕێتەوە و پاشەکشە نەکات، ئەوا سوریا لەناوخۆی وڵاتەی کە زۆربەی لایەنگرەکانی لە دەستداوە، لەڕوی سیاسیەوە بەسەر ئەردۆغاندا زاڵ دەبێت، ھەر دوێنی دەیان رۆژنامەنوسی رەخنەگری ئەردۆغان دەستگیر کران.

ئەو دەنگە بوێرانەی لەناو تورکیا رەخنە لە ئەردۆغان دەگرن، تۆمەتباری دەکەن بەوەی پەنای بردوە بۆ داگیرکاری بۆ ئەوەی لە قەیرانەکانی ناوخۆی تورکیا خۆی بدزێتەوە، بەڵێن بە تورکە رەگەزپەرستەکان بدات روبەڕوی کوردە جوداخوازەکان دەبێتەوە، لە پرسی پەنابەرە سورییەکانیش رزگاریان دەبێت.

بەڵام ئەو ناوچەیەکی تەژی لە نائارامی و پشێوی لەسەر سنوری وڵاتەی دروست دەکات و بەو گومانەی کە ئەو ناوچەیە دەپارێزێت.

 

 

عەبدولڕەحمان راشد
وەرگێران لە عەرەبیەوە: ئومێد مەحمود

سەرچاوە: شرق الاوسط