لە میدیاکانەوە 03:58 - 17/10/2019 پاتریك كۆكبۆرن

داگیركارییەكەی توركیا بەخێرایی بەزیانی ئەنقەرە شكایەوە

+ -

(سبەی):

پڕۆژەی سەركێشی بەرەو سوریا لە بۆچونی رەجەب تەیب ئەردۆغاندا زۆر بەخێرایی گۆڕانكاری بەسەردا هات و بوە شتێكی بێزراو. بەرەوپێشچونەكانی توركیا بە ئاڕاستەی باكوری رۆژهەڵاتی سوریا بەهێواشی هەنگاو دەنێت، بەڵام بژاردەكانی بەردەم سوپای توركیا تاڕاددەیەكی بەرچاو سنوردار بون بەتایبەت لە كاتێكدا كە سوپای سوریا (كە لەلایەن روسیاوە پشتیوانیی دەكرێن) بەرەو ئەو شار و شارۆچكە كوردییانە جوڵە دەكەن كە پێشتر لەلایەن سوپای توركیاوە كرابونە ئامانج. 

پێناچێت ئەردۆغان روبەڕوی سوپای سوریا ببێتەوە، تەنانەت ئەگەر بێتو ژمارەی ئەو هێزانە لەسەر ئەرزی واقع كەمیش بن، چونكە لەو حاڵەتەدا لەگەڵ هێزەكانی روسیا پێك دادەدەن. لەماوەی ئەو حەوت رۆژەی كە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی توركیا بە ناوی (كانی ئاشتی) دەستی پێكردوە، توركیا لەڕوی دیپلۆماتییەوە زیاتر پەراوێز خراوە وەك لەوەی ئەنقەرە چاوەڕوانیی دەكرد بەتایبەت لەو كاتەی كە ترەمپ گڵۆپی سەوزی بۆ هێرشەكە داگیرساند. 

هەفتەیەك دوای بەدەستهێنانی رەزامەندیی ئەو هێرشە لەلایەن توركیاوە، ترەمپ سزای ئابوریی بەسەر ئەنقەرەدا سەپاند ئەمەش دوای چەند گۆڕانكارییەك لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا كە تەنانەت بەپێی ستانداردەكانی ترەمپیش ئەو گۆڕانكارییانە سەیر و نامۆ بون. 

نزیكەی هەمو جیهان ئیدانەی داگیركارییەكەی توركیا دەكات، پاش هێنانەدیی ئامانجی پاكتاوكردنی كورد لە رۆژئاوا، توركیا روبەڕوی بارگرانیی گەورە دەبێتەوە لە بەدەستهێنانی هەر دەستكەوتێكی زیاتر. 

مەتین گورجان فەرماندەیەكی سەربازیی توركیا نوسیویەتی: "ئێستا كە كورد و دیمەشق گەیشتونەتە رێكككەوتن، پێم وایە كە ئەنقەرە دەترسێت لەوەی بەرەیەكی نوێ بكاتەوە دژبە هێزەكانی ئەسەد"

تەنانەت هەبونی ژمارەی رەمزیی هێزەكانی سوریا لە شارەكانی وەك مەنبەج و كۆبانێ لەنزیك فورات و هەروەها قامیشلۆ و حەسەكە نزیك لە سنوری عێراق، وا دەكات سەربازەكانی توركیا و میلیشیا عەرەبە هاوپەیمانەكانیان لە چوارگۆشەیەكدا گیر بخۆن لەنێوان شارەكانی سەرێكانی و گرێ سپی، كە نزیكەی (20) میل لە باشوری رێگای سەرەكیی (M4) درێژ دەبێتەوە كە ئەمەش رێگایەكی ستراتیژی و سەرەكیی رۆژئاوایە. یەكینەكانی پاراستنی گەل  (یەپەگە) تاڕادەیەكی زۆر روبەڕوبونەوەی قورسیان وەلا ناوە، بەڵام رەنگە ببنە هەڕەشەی زیاتر ئەگەر بێتو لەلایەن تۆپخانە و تانكەكانی سوریاوە پشتیوانی بكرێن. 

هەمو ئەمانە زۆر جیاوازن لە (18) مانگ لەمەوبەر و لەو كاتەی كە سوپای توركیا و میلیشیا عەرەبە هاوپەیمانەكانی شارۆچكەی عەفرینیان داگیر كرد لە باكوری حەڵەب و دواتر دانیشتوانەكەیان راماڵی. 

هیچ كام لەم راستییانە شاراوە نەبون، هەروەها باندەكانی سەربە قاعیدە و ئەو چەكدارە عەرەبانەش كە سەربە داعشن و لەژێر كۆنترۆڵی توركیادا بون، چەندین گرتەی ڤیدیۆیی خۆیان بڵاوكردەوە كە كوردەكانیان لەناو دەبرد و ماڵ و حاڵ و دوكان و بازاڕەكانیان تاڵان دەكردن. گروپە داكۆكیكارەكانی مافی مرۆڤ جەختیان لەوتە كردەوە و تاوانەكانی هێزە داگیركارەكانی توركیایان بڵاوكردەوە، بەڵام پێدەچێت ئەمە كاریگەرییەكی كەمی هەبوبێت لەسەر جیهان. 

میدیای جیهانی تاڕاددەیەكی زۆر لە لابردودا گرنگی دا بە داگیركارییەكی هاوشێوە كە لەلایەن حكومەتی سوریاوە ئەنجامدرا بۆ سەر رۆژهەڵاتی غەوتە لە دیمەشق، بەڵام میدیای جیهانی كاتیان نەبو بۆ روماڵكردنی ئەوەی كە رویدا لە عەفرین. 

لەم قۆناغەی ئێستادا مامەڵەی میدیای جیهانی لەگەڵ داگیركاریی ئێستای توركیا بۆ سەر باكوری سوریا زۆر جیاوازە لەو دۆخی خەمساردییەی كە پیشاندرا لەمیانی ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتون لە شارۆچكەی عەفرین. 

ئێستا فۆكەس لەسەر (160) هەزار ئاوارەی كوردە كە بەهۆی بەرەوپێشچونەكانی سوپای توركیاوە هەڵدێن، هەروەها گرنگی دەدرێت بە كوشتنی دەستگیركراوەكان لەلایەن چەكدارە عەرەبەكانی لایەنگری توركیا، جگە لەوەش بە ئاشكرا باس لە پێشینەی ئەو چەكدارانە دەكرێت كە پێشتر سەربە قاعیدە یاخود داعش بون. 

لەكاتی ئێستادا ئەردۆغان و توركیا لانی كەم بەشار ئەسەد و سوریا وەك سەركردەی بێزلێكراو لەسەر ئاستی جیهان دەبینن. 

خیانەتی ترەمپ لە كورد زۆر توند و ئاشكرا بو كە بوە هۆی هێنانەكایەی شەپۆلێك لە هاوسۆزی بۆ كوردی سوریا كە پێشتر بەهیچ جۆرێك هاوسۆزیی لەو جۆرەیان بەخۆیانەوە نەدیوە. 

كوردەكان وەك پاڵەوانی سەركەوتوی شەڕی داعش وێنا كراون، كە دواتر لەلایەن ترەمپەوە خراونەتە بەردەم گورگەكانی تورك و قاعیدەوە. جگە لەوەش ترسێكی شیاو هەیە لەوەی كە ترەمپ وادەیەكی تر بۆ ژیانەوە بداتە داعش بەتایبەت لە كاتێكدا كە ئەو لە لێواری كۆتایی هاتنی ماوەی خولی دەسەڵاتەكەیدایە. 

لەناكاو، لە هەمو شوێنێك وێنەی دەستگیركراوەكانی داعش بڵاو بوەتەوە كە لە گرتوخانەكانیان هەڵدێن كە لەلایەن كوردەوە پاسەوانی دەكران و لە هەوڵی ئەوە دابون بچنە پاڵ بەرەوپێشچونەكانی توركیاوە. پێشنیارەكەی ترەمپ بۆ دانانی توركیا لەجێی كورد لە پرسی سەركوتكردنی داعشدا، بوە هۆی رەخنەی توند و گاڵتەجاڕی. (ئەمە لە كاتێكدا كە چەند ساڵێك پێش ئێستا توركیا چاوپۆشیی كرد لە چونی چەكدارە بیانییەكانی داعش لە سنورەكانیەوە بۆ خەلافەتەكەی داعش لە سوریا).

پەیوەست بە رای گشتیی ناوخۆیی توركیاوە، تاوەكو ئێستا تیشك لەسەر سەركەوتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی توركیایە، بەڵام لەئێستا بەدواوە، ئەمە هیچ قازانجێكی سیاسیی بۆ ئەردۆغان بەدەست ناهێنێت. دەبێ ئەردۆغان بەبێ هاوپەیمانەكانی ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدات و هەروەها لەلایەن ئەمەریكاو روسیاشەوە فشاری دەخرێتەسەر. هێزەكانی توركیا و چەكدارە هاوپەیمانە عەرەبەكانی هێشتاكە بەرەوپێش دەڕۆن، بەڵام توركیا شەڕی دیپلۆماسی و پڕوپاگەندەی دۆڕاند. لە كۆتاییدا، توركیا هیچ بژاردەیەكی نابێت جگە لە راگەیاندنی سەركەوتن و پاشەكشە. 

نوسینی: پاتریك كۆكبۆرن
لە ئینگلیزییەوە: فەلاح حەسەن
سەرچاوە: ئیندیپێندنت