لە میدیاکانەوە 10:33 - 20/10/2019 رۆبن رایت

توركیا، سوریا، كورد و دەستبەرداربونی ترەمپ لە سیاسەتی دەرەوە

+ -

(سبەی):

هەفتەی رابردو زۆرینەی جیهان بە سەرسامییەوە بینەری ئەوە بون كە دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا هەمو بیرۆكەیەكی ژیرانە و بە ئاگاییانەی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەی رەتكردەوە. ترەمپ رێگەی بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا خۆش كرد داگیركاری بۆ سەر خاكی سوریا بكات، هەروەها ترەمپ دەستبەرداری هاوبەشە كوردەكانی بو لەناو هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)، كە لە مانگی ئازاردا كۆتاییان بە خەلافەتەكەی داعش هێنا پاش پێنج ساڵ لە شەڕی بەرخۆدان. (هەسەدە 11 هەزار شەهیدی لە شەڕی داعش لەناوچون بەڵام ئەمەریكا تەنها شەش سەربازی لەناوچو). ئەردۆغان پێی وایە كورد (كە گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەتن لە جیهان) تیرۆریستن ئەویش بەهۆی ئەو هەڵمەتی كە لەلایەن گروپێكی جوداخوازی كوردی لەناوخۆی توركیادا بەرپا بوە. پاش پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەردۆغان، ترەمپ فەرمانی دا بە كشانەوەی هەزار سەربازی ئەمەریكی كە لە رابردودا پشتیوانیی هەسەدەیان كرد، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە شانە نوستوەكانی داعش هێشتاكە ناوبەناو هێرش و پەلامار لە عێراق و سوریا ئەنجام دەدەن. كشانەوەكە زۆر كتوپڕ بو بەجۆرێك كە دەبو ئەمەریكا كۆگایەكی پڕچەك و تەفەمەنی بۆمبباران بكات كە كای تەواوی نەبو بۆ لابرنی. 

پشگوێخستنی جیهان لەلایەن ترەمپەوە هەرگیز وەك ئێستا توند نەبو، بەجۆرێكی تر، بڕیارەكەی ترەمپ هەرگیز لە رابردودا ناڕازیبونی دو پارتە سیاسییەكەی ئەمەریكای بەخۆوە نەبینیوە. ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا بە دەنگی (354) ئەندام ئیدانەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكای كرد لە بەرامبەر دەنگی (60) ئەندام كە لەگەڵ كشانەوە بون. لە ئەنجومەنی پیرانیش، میت رۆمنی ئەندامی كۆمارییەكان و نوێنەری ویلایەتی یوتا بەتوندی ئیدانەی ترەمپی كرد بەوەی كە پەڵەیەكی خوێناوی لە مێژوی ئەمەریكادا بەجێهێشتوە. لەگەڵ ئەوەشدا وادەردەكەوت كە خۆشحاڵ بێت لە بڕیارەكەی بۆ ئەوەی رێگە بە كورد و تورك بدات بجەنگن لەكاتێكدا كە هەردوكیان هاوپەیمانی ئەمەریكا بون. 

ترەمپ لەبەردەم گردبونەوەیەكدا لە داڵاس وتی: "ئەوەی كردم بڕیاریكی ناتەقلیدی بو، شتێك بو كە وەك ئەوەی تۆ رێگە بە دو منداڵ بدەیت شەڕ بكەن و دواتر تر لێكیان جیا بكەیتەوە."

ترەمپ و ئەردۆغان هەردوكیان هاوبەشن لە هەستی خۆبەزلزانی و گەورەیی لەبارەی دەوڵەتە ئاڵۆزەكانی كە لە هەوڵدان بۆ دەستبەرداربون لێیان، بەڵام ئەردۆغان زۆر لێزانانە یاری بە ترەمپ كرد. لە (9)ی تشرینی یەكەم، ترەمپ نامەیەكی زۆر هەرزەكارانەی نارد بۆ سەرۆكی توركیا و هۆشداریی دایە لەوەی كە زیاد نەڕوات. ترەمپ نوسیبوی: "مێژو بۆ هەتاهەتایە وەك شەیتان لەتۆ دەڕوانێت گەر بێتو كارەكان باش نەڕۆن بەڕێوە. گەمژە مەبە" وەك باس دەكەن ئەردۆگان نامەكەی دڕاندوە و خستویەتیە نێو زبڵدان. هەمان رۆژ ئەردۆغان ئۆپەراسیۆنی (كانی ئاشتی) ئەنجامدا بۆ لەناوبردنی هەسەدە. خیانەتەكەی ئەردۆغان مێژوەكەی دەگەڕێتەوە ساڵانێك لەمەوبەر. حكومەتەكەی ئەو رێگەی دا بە هەزاران چەكداری گروپە جیهادییەكان بۆ ئەوەی لە سنورەكانی توركیاوە بپەڕنەوە و بچنە پاڵ خەلافەتەكەی داعش. لەگەڵ ئەوەی توركیا هاوبەشی ئەمەریكا بو، ئیدارەی ئۆباما ملیۆنان دۆری خەرج كرد لە مەشق و راهێنان و پڕچەككردنی عەرەبە سورییەكان بۆ دژایەتیكردنی گروپە جیهادییەكان، ئەو میلیشیا عەرەبانە شكستیان هێنا. ئۆباما لە ساڵی (2017)دا لە دوا بژاردەدا روی كردە كورد. بەدرێژایی ئەو ماوەیە دو هەزار سەربازی سەربە هێزی تایبەت لە سوریا بڵاوەیان پێكرا. ئەردۆغان لەمێژە فشار لە ترەمپ دەكات بۆ ئەوەی ئەو هێزانە لابەرێت. مانگی كانونی یەكەمی ساڵی رابردو ئەردۆغان ترەمپی قایل كرد بەوەی هێزەكانی بكشێنێتەوە، هەرچەندە لەو كاتەدا بەتەواوەتی خەلافەتەكەی داعش نەڕوخێنرابو. وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا داوایكرد كە نیوەی سەربازەكان لەناوچەكە بكشێنرێنەوە. بۆ دامركاندنەوەی داگیركاریییەكە، ئەمەریكا رازی بو بەوەی كە هەسەدە بەدرێژایی نۆ میل لە سنورەكانی توركیاوە بكشێنرێتەوە. مانگی ئابی رابردو هێزەكانی ئەمەریكا چاودێریی ئەوەیان كرد كە كوردەكان كۆگا چەكدارییەكانی خۆیان تێكشكاند كە شەش میل لە سنورەكانەوە دور بون، هاوكات توركیا هێزی زیاتر و چەك و كەرەستەی سەربازیی زیاتری بڵاوەپێكرد. 

هەفتەی رابردو بەرپرسێكی ئەمەریكا رایگەیاند: ئاڵۆزیی دۆخەكە لەوەدایە كە ئێمە بە هەسەدەمان وت نیگەران مەبن و ترستان نەبێت.

وتیشی: "توركیا هەمیشە لە ئامادەكاریدا بوە بۆ داگیركاری. ئێمە ئاسانكاریمان كرد بۆ ئەوان."

چوارشەممەی رابردو مایك پێنسی جێگری سەرۆكی ئەمەریكا پاش گەشتەكەی بۆ ئەنقەرە، ئاگربەستێكی پێنج رۆژەی راگەیاند. بڕگەكانی رێككەوتنەكە بەتەواوەتی هەمان ئەو ئامانجانە بون كە ئەردۆغان دەیویست: توركیا داوا دەكات هەسەدە (20) میل بكشێتەوە بەدرێژایی (300) میل لە سنورەكانی توركیاوە ئەویش لەپێناو بنیاتنانی ناوچەی ئارام بۆ توركیا. ترەمپ جۆرێك لە دڵنیایی ساختەی دا بۆ ئاگربەستەكە. ترەمپ وتی: "ئەوەی ئێستا توركیا بەدەستی بەدەهێنێت ئەوەیە كە ئەوان چیتر پێویست ناكات ملیۆنان كەس بكوژن". لێرەدا كوردەكان بۆ كوێ دەچن یان ئاخۆ هێزەكانی توركیا لەو ناوچەیە دەمێننەوە یان نا، بە نادیاری ماوەتەوە. 

رێككەوتنەكە لەناكاو دەركەوت كە لاوازە. وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند كە توركیا تەنها بەوە رازی بوە كە ئۆپەراسیۆنەكە رابگرێت نەك ئاگربەست. مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی هێزەكانی هەسەدە لە چاوپێكەوتنێكیدا رایگەیاند كە هێزەكانی ئەوان تەنها لەدوریی (60) میل لە سنورەكانی توركیاوە دەكشێنەوە لەو شوێنەی كە توركیا داگیركاریی كردوەتە سەر. دەڵێت كوردەكان دەڵێن كە خاكەكەیان زێدی باو و باپیرانیان جێناهێڵن. برێت مەكگۆرك كە ساڵی رابردو وەك نوێنەری تایبەتی ئەمەریكا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژبە داعش رایگەیاند: پلانی ناوچە ئارام بەتەواوەتی قابیلی جێبەجێ كردن نیە. 

مەكگۆرك وتی: ئەمە سیناریۆی خەیاڵیی ئەردۆغانە و بەنزیكەیی هەمو ناوچەكانی كورد و ئاشوری و كەمینەكانی تر لە سوریا لەخۆ دەگرێت. 

كاریگەریی بڕیارەكانی ترەمپ (لەسەر شەڕی دژبە داعش و هەروەها لەسەر تەرازوی هێز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها لەسەر وێنای ئەمەریكا لەسەر ئاستی جیهان)، ناكرێت پاشەكشەیان لێ بكرێت بەهۆی بەهۆی ئەو گرێبەستەی كە مایك پێنس دانوستانی لەبارەوە كردوە. ریچارد هائاس سەرۆكی ئەنجومەنی پەیوەندییەكانی دەرەوە رایگەیاندوە: "تێناگەم چۆن و بە چ رێگەیەك ئەمەریكا باشترینە لەسەر زەمین."

دەشڵێت: "ئەمە مەسەلەی كاتە، نەك ئەگەر، هێزەكانی ئەمەریكی دەبێ بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكە بۆ شەڕكردن لەگەڵ داعشێكی دوبارە رێكخراو"، هەروەها وەك چۆن ترەمپ دەستبەرداری كاریگەرترین كەمپەین بوە كە تائێستا وێنەی نەبوە لە دژایەتیكردنی گروپە جیهادییەكان، ئەو نزیكەی سێ هەزار سەربازی رەوانەی سعودیە كردوە كە پێگەی سەرهەڵدانی بیری جیهادییە سوننییەكانە بە رێكخراوی قاعیدەشەوە كە لەو كاتەدا سەریهەڵدا كە ئەمەریكا لە میانی شەڕی یەكەمی كەنداودا هێزەكانی خۆی لەوێ جێگیر كرد. 

كورد كە بە گەمارۆدراوی جێهێڵراوە، گەڕانەوە لای حكومەتی سوریا لەپێناو یارمەتیی سەربازی. بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا لە یەك رۆژدا توانی دوبارە كۆنترۆڵی ناوچەیەكی زۆر لە خاكی سوریا بكاتەوە زیاتر لەو ناوچانەی كە بە درێژایی چەندین ساڵی شەڕێ‌ ناوخۆی ئەو وڵاتە بەدەستیەوە بو. هێزەكانی روسیا كە لە رابردودا پشتیوانیی بەهێزی رژێمەكەی سوریایان كرد، بەهەمان شێوە لە جموجۆڵدان. رۆژنامەنوسێكی روسی پۆستێكی ڤیدیۆیی لە بنكەیەكی ستراتیژیی ئەمەریكا لە مەنبەج دانابو كە دەریدەخست خواردن لەسەر مێزەكە بە دەستكارینەكراوی بەجێهێڵرابو لەنێو هۆڵێكی تێكپڕژاودا و هەروەها چەندین قوتوە كۆلا لەنێو سەلاجەكە بەجێهێڵرابو. كشانەوەی ئەمەریكا هاوكات بو لەگەڵ گەیشتنی ڤلادیمێر پوتن بۆ شاری ریازی پایتەختی سعودیە. رۆژی دوشەممەی رابردو شا سەلمان رایگەیاند: "سعودیە پێی باشە روسیا رۆڵێكی كاریگەر بگێڕێت لە ناوچەكە و جیهان" لەماوەی هێرشەكەی توركیادا پوتن ئەردۆغانی بانگهێشت كرد بۆ مۆسكۆ. رێككەوتنەكەی توركیا بۆ راگرتنی شەڕ لە (22)ی ئەم مانگە بەسەر دەچێت، ئەمەش ئەو رۆژەیە كە ئەردۆغان چاوی بە سەرۆكی روسیا دەكەوێت. 

ژەنەراڵ جۆزێف ڤۆتێل كە مانگی ئازاری رابردو خانەنشین بو وەك سەرۆكی فەرماندەی هێزە ناوەندییەكانی ئەمەریكا رایگەیاند: كردەوەكانی ترەمپ پێشتریش گومانەكانیان زیادكردوە سەبارەت بە متمانە و راستگۆیی ئەمەریكا. "هاوبەشی رێگەیەكی سەرەكییە كە ئێمە بنیاتمان ناوە و بە بەهێزی دەمێنێتەوە بەتایبەت كاتێك ئێمە تێدەكۆشین بۆ مانەوەی خەسڵەتی ركابەری لەدژی ركابەرە زلهێزەكانمان. زۆر ئاڵۆزە ببینین چۆن ئەم بڕیارە سیاسییە بەشدار دەبێت لە گەیشتن بەم كۆتاییە." ترەمپ باسی لەوە كرد كە ئەو دەكشێتەوە بۆ ئەوەی لە شەڕێكی تری كۆتانەهاتوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە تێوە نەگلێت. بەڵام ئەو رەنگە بەم بڕیارە ئاسانكاریی كردبێت بۆ شەڕێكی تر. 

نوسینی: رۆبن رایت
لە ئینگلیزییەوە: فەلاح حەسەن
سەرچاوە: نیویۆركەر