شیکاریى: سبەى
دوای زیاتر لە
مانگێک خۆپیشاندان و داواکاریى خۆپیشاندەران بۆ دەستلەکارکێشانەوەى عادل
عەبدولمەهدى سەرۆک وەزیرانى عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەى کابینەکەى و ئەنجامدانى
چاکسازیى، بەڵام پیشهات و روداوەکانى چەند سەعاتی رابردو ئەوە نیشاندەدەن کە نەک
حکومەت نیازێکى بۆ هەڵوەشاندنەوە نییە، بەڵکو لەوانەیە بە توندتریش روبەڕوى
خۆپیشاندەرەکان ببێتەوە.
وتەکەى عادل عەبدولمەهدى، دورخستنەوەى ئەگەرى دەستلەکارکێشانەوەى
لەگەڵ ئەوەى خۆپیشاندەران و چاودێران، بەهۆى ئاڵۆزبونى بارودۆخى بەغدا و شارەکانى دیکە و زۆربونى ژمارەى قوربانییەکان چاوەڕێى دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیران بون، بەڵام عادل عەبدولمەهدى بە وتارێکى جیاواز دەرکەوتەوە و جەختى لە کۆنتڕۆڵکردنەوەى بارودۆخەکە و ئەنجامدانى چاکسازیى پێویست کردەوە.
هەرچەندە چەند رۆژێک پێشتر سەرکۆمارى عێراق بەرهەم ساڵح رایگەیاندبو کە سەرۆک وەزیران ئامادەیە دەستلەکاربکێشێتەوە، بەڵام وتەکانى عەبدولمەهدى کۆتایی بەهەمو چاوڕوانییەکان هێنا بۆ دەستلەکارکێشانەوەى ناوبراو.
لەگەڵ دروخستنەوەى گریمانەى دەستلەکارکێشانەوە لەئێستادا و بەپێى لێدوانەکانى چەند سەعاتی رابردو، وا دەردەکەوێت دەسەڵاتى ناوەندیى دەیەوێت لە حاڵەتى بەرگرییەوە بچیتە حاڵەتى هێرش بردنەوە.
سیاسەتى ناشیرینکردنى
خۆپیشاندەران
لە لێدوانى بەرپرسانى
حکومەتى عێراقى و سەکردەکانى حەشدى شەعبى ئەوە دەخوێنرێتەوە کە دەیانەوێت بە تۆمەت
و ناوزڕاندن وێنەیەکى ناشرین لە خۆپیشاندەران بکێشن وەک ئامادە کارییەک بۆ پەلامار
دانیان.
سوتاندن و تێکدانێکى بە بەرنامە هەیە بۆ پایەکانى پردى کۆماریى
لیوا عەبدولکەریم
خەڵەف، وتەبێژ بەناوى عادل عەبدولمەهدى فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان لە لێدوانێکیدا
بە سایتى ئیلاف رایگەیاندوە: سوتاندن و تێکدانێکى بە بەرنامە هەیە بۆ پایەکانى
پردى کۆماریى "کە رێگاى گەیشتنە بەناوچەى سەوز".
لیوا خەڵەف زیاتر
رونى کردوەتەوە کە :" کارە تێکدەرانەکان و هەوڵەکانى سوتاندن هەر لەسەرەتاى
خۆپیشاندانەکانەوە ئەنجامدراوە و ئەوەش بوەتە هۆى لاواز بونى پایە راگرەکانى
پردەکە و ئەگەرى داڕمانى هەیە".
وتەبێژی فەرماندەی
گشتی هێزە چەکدارەکان دەڵێت: خۆپیشاندەران لە رێگایاندا بۆ باڵیۆزخانەى ئێران بە
شوشەى ئاگرین هێرشیان کردوەتە سەر هێزە ئەمنییەکان".
لیوا خەڵەف لە
کۆتایی قسەکانیدا بۆ سایتى ئیلاف هەڕەشە دەکات و دەڵێت: ئەگەر بارودۆخى سەر پردى
کۆماری بەردەوام بێت ئەوا هێزە ئەمنییەکان بەشێوەیەکى دیکە مامەڵە لەگەڵ
خۆپیشاندەراندا دەکەن، چونکە لەناو خۆپیشاندەراندا خەڵکى گێرەشێوێن هەیە و سروشتى
ئاشتییانەى خۆپیشاندانەکانیان تێکداوە".
شەوی رابردو،
لەبەردەم کۆنسوڵخانەی ئێران لە کەربەلا سێ خۆپیشاندەر کوژران و (12)ی دیکە
برینداربون، لەوکاتەی خۆپیشاندەرانى کەربەلا هەوڵیانداوە بچنە ناو باڵیۆزخانەکە و
توانیویانە ئاڵاى عێراق لەسەر باڵەخانەى باڵیۆزخانەکە هەڵبکەن.
هاتنە پێشەوەى
سەرکردەکانى حەشدى شەعبی
لەلایەکى دیکەوە،
مەهدى موهەندیس سەرکردە لە حەشدى شەعبى روبەڕوبونەوەى خۆپیشاندەرانى بە ئەرکێکى
نیشتیمانى ناوبرد و ئەوانى بە هەڵگیرساندنى فیتنە لە عێراق تۆمەتبارکرد.
روبەڕوى داعش بوینەتەوە، هەرکات پێویستى کرد دەتوانین روبەڕوى خۆپیشاندەرانیش ببینەوە
مەهدى موهەندس، دەڵێت
:"روبەڕوى هێزێکى وەک داعش بوینەتەوە بۆیە هەرکات پێویستى کرد ئەوا دەتوانین
روبەڕوى خۆپیشاندەرانیش ببینەوە و ئەوەش ئەرکى ئێمەیە".
لێدوانەکانى مەهدى
موهەندیس بە پیشهاتێکى نوێ دادەنرێن لە ستراتیجى مامەڵە کردن لەگەڵ خۆپیشاندانەکان
و ئەگەر حەشدى شەعبى بخزێنرێتە ناو دۆخەکەوە ئەوا دەرەنجامەکان مەترسیدار دەبن.
قەیس خەزعەلى
سەرۆکى عەسائیبى ئەهلى حەق چەندین لایەنى ناوخۆیی و دەرەکى بە جوڵاندنى
خۆپیشاندانەکان تۆمەتبار کردو رایگەیاند: لە سێ سەرۆکایەتیەکەى عێراق، یەکێکیان لە
رێکخستنى خۆپیشاندانەکانەوە تێوەگلاوە.
خەزعەلى لەکاتێکدا
ئەو قسانەى کرد، ناوى هیچ کەسێکى بەدیاریکراوى نەهێنا، بەڵام جەحتى کردەوە کە "ئەو لە قسەکانى بەرپرسیارە هەرچەندە لێدوانەکەشى
مەترسیدارە".
بەپێى چەند
سەرچاوەیەک، قاسم سولەیمانى کەسایەتى دیارى ئێرانى کە دەسەڵاتێکى زۆرى لەناو
سەرکردەکانى حەشدى شەعبیدا هەیە رایگەیاندوە: ئەگەر پێویست بکات ئەوان دەتوانن کۆتایی
بە خۆپیشاندانەکان بهێنن، لە ئێران ئەزمونیان لەگەڵ ئەو جۆرە حاڵەتانە هەیە.
بە خوێندنەوەى
چاودێران سیاسەتى دەسەڵاتدارانى عێراق بەرەو ئەوە دەچنکە بەتوندتر روبەڕوى
خۆپیشاندانەکان ببنەوە و کۆتایی پێبهێنن.