(سبەى):
لە سلێمانى بە ئامادەبونى ژمارەیەکى زۆر لە نوسەران و شاعیران، چلەى ماتەمینى ژانەڕاڵى پایز بەڕێوەچو.
منم ژەنەراڵی پاییز..
منی ھەرگیز ئۆقرە
نەدیو ژەنەراڵم
ژەنەراڵی ھەزارەھا
داری روت و ملیارەھا گەڵای وەریو...
منم ژەنەراڵی پایز..
کاسکێتەکەی سەرم
ھەورەو
ئەستێرەکانی سەر
شانم
چەن گەڵایەک بە رەنگی
زیو
پاڵتۆی بەرم کزە
بایەو
شمشێرەکەم لقی
درەختێکی ڕزیو...
منم ژەنەراڵی پایز ..
درەختی روت ئەم
نازناوەی خەڵات کردم
منیش نازناوی شەھیدم
دا بە گەڵای ھەڵوەریو و
کردمە تاکە ئازیزم
لە یەک ساتا خۆم
کۆرپەی گەڵاڕێزان و
ھەر خۆشم باوکی
پاییزم...
منم ژەنەراڵی پایز..
خوێنێکی زەرد بە
نێو دەمارما دەگەڕێ و
چاوم ھەروەک ھەور
نمناک
تەنیا من بوم کە
لە تابوتی شوشەدا
چەندین گەڵام
سپارد بە خاک...
منم ژەنەراڵی پایز..
من بووم لەگەڵ
زریانی بیرچونەوەدا
کەوتمە جەنگ و
زۆر گەڵام دەرھێنا
لە چنگ ونبون
شەوی گەڵاکانم
خستە ژێر باڵی
تریقەو ورشەی گزنگ...
منم ژەنەراڵی
پاییز..
پاییز بەبێ من
ھەتیوەو
من بوم وتم بەڵێ
تەرمی نسێی سەوزە
گەڵای وەریوی کۆچ
کردو تەنیا منم کە لە میحرابی پایزا
بۆ گیانی زیندوی
گەڵاکان
نوێژی شەھید
دائەبەستم
ناوی نانێم نوێژی
مردوو...
فۆتۆ؛ بڕیار نامیق